ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە ناوەڕاستی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو، ماڵمان لە گوندی (قەرەچناغە)ی نزیک شاری هەولێر بوو. پایزان هەموو (کا)ی فەلاحەتیمان بەباری گوێدرێژ دەبرد و لە گەڕەکەکانی شاری هەولێر دەمانفرۆشت.

بەڵام پاش ئەوەی (دەڕاسە) پەیدا بوو، (کا) کەم بووەوە و نرخەکەشی زیادی کرد، جا کاتێك ژن و منداڵ دەیانپرسی باری (کا) بە چەندە؟! ئێمەیش دەمانگوت؛ (٢٠) عانە.. ژنیش لە چۆکی خۆیان دەدا و دەیانگوت؛ (دەڕاگوو ماڵی کاول کردین، دەڕاگوو!)، واتە دەراسە!

لە ساڵی ١٩٧٦ ڕێگای هەولێر-کۆیە قیڕتاو کرا، هێڵی گواستنەوەی پاسی بۆ دانرا، کە پێمان دەگوت (ئەمانە)، نەفەر بە چارەگە دینارێک، لە هەولێرەوە دەچووە کۆیە، ئەوکات (٥٠) شوفێرێک لە هێڵی کۆیە-هەولێر کاریان دەکرد، (جێبی ستێشن)یان هەبوو، نەفەر بە (٣) چارەگە دینار دەگەیشتە هەولێر. بەڵام پاش ئەوەی (ئەمانە) کەوتە کارەوە، نەفەر بە چارەگە دینارێک دەگەیشتە هەولێر. ئیتر شوفێرەکان بێکار مانەوە، چونکە خەڵک بە (ئەمانە) سەفەریان دەکرد کە زۆر هەرزانتر و خۆشتر بوو نەک بە جێب.

جا کاتێک بەیانیان زۆربەی شوفێرەکان دەگەیشتنە یەک، لەجیاتی بڵێن بەیانی باش، دەیانگوت؛ (ئەمانەت باش!)، ئیتر دوای ماوەیەک جێبەکانیان گۆڕی بە قەمەرەی (کڕاون) و هەر بە (٣) چارەگە دینار خەڵکیان دەگەیاندە هەولێر، بەڵام خۆشتر و خێراتر بوو، ئیتر گرفتەکە چارەسەر بوو.

خۆ کاتێک (شەفەڵ) گەیشتە شارەکان، پێمەڕە و بێڵ بەدەستەکان و قازمە و خاکەناس کارەکان، بێکار و پیشە مانەوە، دەستکرا بە پڕوپاگەندە کە گوایە تەکنۆلۆژیا کرێکار بەبێ کار دەهێڵێتەوە، بەڵام ئەم پڕوپاگەندە مەبەستێکی سیاسی لە پشتەوە بوو، چونکە لەکاتێکدا بوو کە سەندیکای کرێکاران لە تەواوی دنیا دروست دەکرا و دەگوترا؛ (کرێکارانی جیهان یەکگرن!)، بێگومان پڕوپاگەندەکاران درۆیان دەکرد، تەنیا دەیانویست لە شکۆی سەندیکای کرێکاران کەم بکەنەوە و کرێکاران پەرتەوازە پێبکەن! کە تاکو ئەمڕۆش کەسانێک هەن ئەم دەستەواژەیە دەجوونەوە. خۆ چونکە تەکنۆلۆژیا کرێکار لە کارگە دەرناکات، بەڵکو بێڵ و پێمەڕە و خاکەناس و قولینگیان لێوەردەگرێتەوە و کاری ئاسانتریان بۆ دەدۆزێتەوە!

خۆ کاتێک یەکەم ئۆتۆمبێل گەیشتە شارەکان، خانچییەکانیش کردیانە هەڵڵا! گوتیان تازە نانمان بڕا و ماڵوێران بووین، کار و پیشەمان لە دەست چوو! بەڵام ئەویش درۆ دەرچوو! چونکە خانەکان بوون بە گەراج و پیشانگا و کەسانێکی زۆریش کارییان تێدا دەست کەوت، (ناڵبەندەکان) بوون بە پەنچەرچی و خەڵکێکی زۆر کاری دەستکەوت، (کورتان دروەکان) بوونە بە کوشنچی و کرێکارێکی زۆری خستە کارەوە، جگە لە فیتەر، تەنەکەچی، وایەرمان، بۆیاغچی، خەڵکێکی زۆریان لە دەور کۆبووەوە، ئەو بارە قورسەیان لە کۆڵ مرۆڤ و ئاژەڵیش کردەوە.

بەڵێ سەرمایەدارانی جیهان، دەیانەوێ خاڵ و خوارزا، مام و برازا و دەرو دراوسێ لە یەکتر بەربدەن، تەنیا لەپێناو قازانجی لەرادەبەدەر (ڕیبحی فاحش!). دەیاڕەبئ خوایە، تۆش کارێکی وا بکەیت کە ئەو بابەتە کەسانە، سەروڕیشیان لەجیاتی موو، پەڕ دەربکات! جەستەشیان وەک ماسی پوولەکە دایپۆشێت!

 

  • 1