ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

یەكێك لە گرفتە میتۆدییەكان لە بواری مامەڵەكردن لەگەڵ توێژینەوەكانی تایبەت بە گەڵاڵەبوون و پەرەسەندنی شوناس لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە دەتوانین بڵێین لە بەرهەمەكانی سەرجەم نووسەر وتوێژەرانی ئەم بوارە لە گەل و نەتەوە جیاجیاكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدی دەكرێت، ئاماژەكردنە بەوەی كە سەرەتای دروستبوون و گەڵالەبوونی شوناسی نەتەوەیی سەرجەم گەل و نەتەوە و پێكهاتەكان لەو ناوچەیەدا، لە ساڵانی كۆتایی ئیمپراتۆری عوسمانی و بڵاوبوونەوەی بیری نەتەوەیی لە رڕَگای ئەوروپای رۆژئاوادا، دەستی پێكردووە، و شۆڕشە بۆرژواكانی ئەوروپای ڕۆژئاوا و دامەزراندنی ئەزموونی دەوڵەتی نەتەوەیی تیایدا و تێكەڵبوونی چەندین کەسایەتی ڕۆشنبیری ڕۆژهەڵات بە هزر و ئەزموونی ئەوروپای ڕۆژئاوا، و دەستپێكردنی كاری ڕۆژنامەگەری، كارتێكردنی كارای لە دروستبوون و گەڵاڵەبوونی چەمكی شوناس بە ئاراستەی شوناسی نەتەوەیی لە نێو نەتەوەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبووە.

شوناسی نەتەوەیی بەشێكە لە چەمكی شوناسی كەلتووری لە هەر وڵاتێكدا كە بەردەوام لە پەرەسەندن و گۆڕانكاریدایە. بێَگومان هۆكاری دەرەكی و كارتێكردنی گۆڕانكارییەكانی دەوروبەری هەر كۆمەڵگایەك كارتێكردنی لەسەر كۆمەڵگاكانی دیكە هەیە، و نەك تەنیا لە سەردەمی جیهانگیری بەڵكو دەمێكە جیهان كۆمەڵێك دورگەی دابڕاو لە یەكتر نییە، بەڵام شوناس لە كۆتاییدا بەشێكە لە سەرخانی ئابووری و پەیوەندییەكانی بەرهەمهێنان. بۆیە ئەوەی شوناس و شێوازی پەرەسەندنی و ئاراستەكانی دەستنیشان دەكات، بە پلەی یەكەم ئەو هۆكارە ناوخۆیانەیە كە پەیوەندی بە خودی ئەو كۆمەڵگایە و ئاستی پەرەسەندنیدا هەیە.

لە گەڵاڵەبوونی شوناسی نەتەوەیی، زمان و بازار كە یەكەمان سەرخانە و ئەوەی دیكەیان ڕەنگدانەوەی ژێرخانە و ڕۆڵی سەرەكی لە گەڵاڵەبوونی شوناسی نەتەوەیی ناوە بێ ئەوەی شوناسە كۆمەڵایەتییەكانی دیكەی پێش چەمكی نەتەوە كۆتایی پێ بێت.

گرفتی گەورەی توێژینەوەكان لە بواری گەڵاڵەبوونی چەمكی شوناسی نەتەوەیی لە ناوچەكەدا پشتبەستنە بە میتۆدی "ناوەندیبوونی ئەوروپایی"، ئەمەش لەو ڕوانگەیەوە كە مادامەكی شۆڕشی پیشەسازی و پرۆسەی مۆدێرینزم و پەرەسەندنی چەمكی نەتەوەیی و شێوازی دروستبوونی دەوڵَەتی نەتەوەیی لە ئەوروپادا بووە، ئەوا دەبێت ئەم شێوازە لە سەرجەم جیهاندا گشتگیر بكرێت. نووسەرە بۆرژواكانی ئەوروپا بە جۆرێك بانگەشەیان بۆ گشتگیری ئەم چەمكە كردووە كە هەستكردن بە كەمی ولاوازی و دواكەوتوویی مەعریفی لای توێژەرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست بێت، و تەنانەت دەستەواژەی "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" ڕەنگدانەوەی بوونی ئەوروپای ڕۆژئاوایە بە چەق و ناوەندی جیهان. ئەم گشتگیرییە هەڵەیەكی مەعریفی گەورەیە، چونكە دروستبوونی چەمكی نەتەوە و شوناس لە ئەوروپادا لە ژێر كارتێكردنی پەیوەندییەكانی بەرهەمهێنانی تەرزی سەرمایەدارییدا بووە، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە كۆمەڵگەكانی ئاسیادا تەرزی بەرهەمهێنانی ئاسیەوی كە ماركس وەك ژێرخانی ئابووری ئاماژەی پێكردووە، بنەمای دروستبوون و گەڵاڵەبوونی چەمكی شوناسە بە شوناسی نەتەوەیی. 

لە هەلومەرجی ئەمڕۆدا شوناس و ناسنامەی كەلتووری لە رڕَگای تەرەفگیری یان لایەنگیری كەلتووری ڕۆڵی بنەڕەتی لە گەڵاڵەبوونی شوناسی نەتەوەیی و تێكۆشان بۆ بنیاتنانی دەوڵەت دەبینێت. لایەنگیری كەلتووری بریتییە لە هەموو نەریت و بۆچوونە هاوبەشەكان و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان كە تاكەكان لە كۆمەڵگەدا بەیەكتر دەبەستێتەوە، و شێواز و ڕیتمی ژیانی كۆمەڵگا دەستنیشان دەكات.

شوناسی كەلتووری بریتییە: لە پێكهاتەیەكی مەعریفە و بۆچوون و هونەر و ڕەوشت و قانوون و عورف و نەریت و عاداتی كۆمەڵایەتی كە مرۆڤ وەك ئەندامێك لە كۆمەڵگایەكدا وەریدەگرێت. ئەم پێناسەیە لایەنی پێكهاتەی رۆحی و پێكهاتەی مادییش لە كۆمەڵگادا دەگرێتەوە، و تایبەتمەندییەك بە هەر كۆمەڵگایەك دەبەخشێت و لە كۆمەڵگایەكی دیكە جیایدەكاتەوە. بۆیە كەلتوور بریتییە لە تەواوی ژیانی كۆمەڵگا بە نەریتە مادی و ڕەفتار و ئەو شێوازانەی كە خەڵكی كۆدەكاتەوە و لەسەر ئەم بنەمایەش پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و بیروبۆچوون و نەریت و بەهاكان ئەنجام دەدرێن.

كاتێك كە باس لە شوناسی كەلتووری دەكەین مەبەستمان تەنیا شوناسی كەلتووری و نەتەوەیی تەنیا گەلی كورد نییە، بەڵكو مەبەستمان سەرجەم شوناسە نەتەوەییە كەلتوورییەكانە لەوانە: كلدان ئاشوری سریان، توركمان، عەرەب.. هتد. بەڵام گرنگە تێكڕای ئەم شوناسانە لە دۆخی متی و چەقبەستوویی تەماشا نەكرێت، چونكە شوناس هەردەم بە پێی پەرەسەندن و گۆڕانكاری لە پەیوەندییەكانی بەرهەمهێنان و دۆخی ئابووری ـ كۆمەڵایەتی لە گۆڕانكاریدایە.

پێداویستییەكانی گەڵاڵەكردنی شوناس و ناسنامەی كوردستانی خۆی لە بنیاتنانی سیستمی دیموكراتی و بەرهەمهێنانی كەلتوورێكی سیاسی مەدەنی هاوسەنگ دەبینێتەوە، كە تیكڕای ئاراستەكان بگرێتە خۆی، چونكە تیئۆری كەلتووری تیئۆری هاوسەنگی هەمەلایەنییە و بوار و كۆششی چۆنیەتی هەڵبژاردنی خەڵكە بۆ تەرزی ژیانی كۆمەڵایەتییان.

ئەم ئاراستەیە پێویستی بە كاروانێكی تێكۆشانە كە پشت بە فرەیی و هەمەجۆریی ناوخۆیی شوناسی كوردستانی ببەستێت، بە جۆرێك فراوانترین ئازادی بەردەم پەرەسەندنی تێكڕای شوناسە ناوخۆییەكانی نیشتمان (كوردستان) مسۆگەر بكات كە ئەمەش هەوێنی شوناسێكی نیشتمانیی كوردستانی كارایە و بنەمای سەرەكی و پێویستی سەربەخۆییە.

بنیاتنان و پەرەپێدانی ئەم شوناسە لەلایەكەوە ئەركی حكوومەتە كە دەبێ لە سەرجەم كاری دامەزراوەكانیدا ڕەنگ بداتەوە، و لە ئەجێندەی بەرنامەكانیدا بەرجەستە بێت و پشت بە لاوان كە هێزی كارای كۆمەڵگان بۆ ئەنجامدانی، ببەستێت، بە هەمان شێوە ئەركی لایەن و حزبە سیاسییە كوردستانییەكانە ئەوانەی كە خەمخۆری سەربەخۆیین.

 

  • 1