ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

 ڕەقیب مە‌حموود

بەشی سێیەم

یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاری لە بواری جێبەجێکردندا

بۆچی کارا نەبووە؟ 

لە کاتی کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر یاساکە، و جێبەجێکردنی لێکۆڵینەوە و شیکردنەوەی داتاکانی لێکۆڵینەوە، چەند خاڵێک سەرنجمان ڕادەکێشێت، ئەو خاڵانەش لێرەدا کۆدەکەینەوە:

• حکوومەت کەمتر خەمی بڵاوکردنەوەی یاساکەی لە ناو خەڵک و میدیا و دەزگاکانی خودی حکوومەتیش هەبووە.

• زۆربەی هەرە زۆری دەزگاکان فەرمانبەری تایبەت بە پێدانی زانیارییان نییە.

• ئەگەر دووبارە ئەم شوێنە یاخود ئەو دەزگایە زانیارییەکان بەو کەسانە نەدات کە داوایان کردووە سزاکەیان چۆن دەبێت، دیار نییە. 

• ئەگەر خودی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە کوردستان زانیارییەکان نەدرکێنێت.

• ئیستیغلال کردنی هەندێ لە فەرمانبەر و دەزگاکان و ناڕۆشنبیری و ناهۆشیاری یاسایی لای خەڵک.

• دەسەڵاتی پێدانی زانیاری بە ڕۆژنامەنووسان و توێژەران و تەنانەت کەسانی دیکەش تەنیا لای بەرپرسی یەکەمە.

• لە زۆر شوێن زانیاری و بەڵگە کونەکان نامێنن و فڕێ دەدرێن یان دەسوتێنرێن. 

• نەبوونی شوێنی هەڵگرتنی داتا و زانیارییەکان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن.

• نەبوونی ئەرشیف کردنی ئەلکترۆنی و شارەزایانی بواری IT.

• نەبوونی کارمەندی ئەرشیف کردنی بەڵگە و دۆکیۆمێنتەکان.

• فەرمانبەران وا ڕاهاتوون کە هەموو فایلەکانیان نهێنین و نابێت هیچ کەسێک بیانبینێت تەنانەت هاوڕێیەکانیشیان لە دەزگاکەدا. 

• وشەی زارەکی لە ناو یاساکەدا نەرمی یاساکە نیشان دەدات کە بە زارەکی داوای زانیاری کرد، دەرفەتی زۆری دەبێت کە بەرانبەرەکە ڕەتی بیکاتەوە، یان ئیهمالی بکات. 

• نەبوونی کارمەندی تایبەت بەو یاسایە.

• نەبوونی فۆرم لە زۆربەی هەرە زۆری دەزگاکان، ئەوەی هەشە زۆر لاوازە و کەموکوڕی تیایە. تا ئێستاش فۆڕمێکی یەکگرتوو لە دەستە شوڕ نەبۆتەوە خوارەوە. 

• لاوازی سایتەکانی زۆربەی هەرە زۆری دەزگاکان تا وەکو سایتی دەستە و و رێکخراوەکانیش مادەی شەشەم جێبەجێ نەکراوە.

دادگای ئیداری 

کوردستان پێویستی بە دادگای ئیدارییە کە ئەم دادگایە چارەسەری هەموو ئەو کێشانەی خەڵک لەگەڵ حکوومەت دەکات، بەپێی یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاری سکاڵا دەبێت بە ڕێگەی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ بێت، ئەمەش ڕۆتینیاتی زیاتر دەوێت و کات زیاتر دەڕوات، و ئەو شتەی کە ئێستا هەمانە بە ناوی لیژنەی دادگای ئیداریی، هەر کاتێک کێشەیەک هات بۆ ئەم لیژنەیە ئینجا لیژنەیەکی تایبەت لە ڕێی وەزارەتەوە بەو کێشەیە دروست دەکا، هەر ئەویش کات بە فیڕۆدانە.

مادەکانی دژ بەیەک 

مادەی دژ بەیەک لەناو ئەم یاسایەدا هەیە، و هەروەها لەناو ئەم یاسایە و یاساکانی تر، و لەم یاسایە دیاری نەکراوە کە ئەولەویەت بۆ کام یاسایە. 

"هاودژی لە ناو ئەم یاسایە و دەسەڵاتی فەرمانبەردا هەیە، کە لەگەڵ یاسای ڕێکاری فەرمانبەران ناکۆکن کە هەر فەرمانبەرێک هەر زانیاری یان چۆنیەتی کارکردنی دائیرەک دەربکات ئەو فەرمانبەرە سزا دەدرێت".

وشەی موبالەغەی تیایە وەک لە مادەی چوارەمدا هاتووە؛ "هەموو کەسێک ..." لە هەمان مادەشدا هاتووە؛ "چەند دانەیێک" بە دیاریکراو باشترە، "دەبێت تەحدید بکرێت و باشتر دەبوو ئەگەر گوترابا بۆ ڕۆژنامەنووسان و توێژەران بێت یان بۆ خوێندکارێکی ماستەر یا دکتۆرا ".

مەتاتیەت 

لەناو ئەم یاسایەدا وشەی مەتاتی دیارە، لە مادەی ١٤ بڕگەی یەکەمدا باس لە بەرژەوەندی گشتی دەکات کە لەم یاسایەدا و نەک لە یاسایێکی تایبەت دا نەهاتووە کە بەرژەوەندی گشتی مانای چییە. 

لە زۆر لە وشەکان ئەگەر پێش ئێستا بە یاسا پێناسە نەکرابێت ئەوا دەتوانن بە مەتاتیەت بەکاربهێنرێن، وەک وشەکانی عەسکەری، ئاسایش، هەواڵگریی، دەتوانرێت بۆ هەندێ مەرام بەکاریان بێنن، وەک نموونە ئەگەر هەواڵێک بڵاو بکەینەوە و بڵێین کوردستان پێویستی بە پانزە هەزار تۆن پەتاتەیە، ئەو کاتە ئەو وڵاتانەی کە پەتاتەیان لێ هاوردە دەکەین لەسەرمان گران دەکات، ئەوکات دەتوانن بڵێین ئەمە مەترسییە لەسەر ئاسایشی خۆراک و ئاسایشی نەتەوەیی، دەتوانین بڵێین ئەمە ئازادی ڕۆژنامەنووسی و مافی بەدەستهێنانی زانیارییە. 

لە جێبەجێکردنیشدا بە مەتاتی کراوە، "ئەو پەرەگرافانەی لە بەرژەوەندی دەزگاکەدایە یان لە بەرژەوەندی حکوومەتە بە زۆریی جێبەجێ دەکەن و ئەوانەی لە بەرژەوەندیان دا نییە ئیهمالی دەکەن یان دەڵێن تا وەکو ڕێنماییەکان دەربچن ئەو کاتە جێبەجێی دەکەین" .

بوونی دەستەی سەربەخوی مافەکانی مرۆڤ 

لە مادەی یەکەمی بڕگەی سێیەمدا هاتووە "دەستە: دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان" کە دەبێت یاسای مافی بەدستهێنانی زانیاری پەیوەست بێت بە دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ، بەڵام لە مادەی سێیەم بڕگەی یەکەم ئەرکێکی قورسی داوەتە دەستە ئەویش "بەدواداچوونی جێبەجێ کردنی حوکمەکانی ئەم یاسایە و چاودێری کردنی سەرپێچییەکان و ئەو کۆسپانەی دێنە ڕێگەی جێبەجێکردنی یاساکە و دەرکردنی ڕاسپاردەی پێویست".

لەو کێشانە کە پەیوەندی بە دەستەی سەربەخوی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان هەیە ئەوەیە کە "پرس بە خاوەنی یاساکە نەکراوە کە دەستەی سەربەخوی مافی مرۆڤە لە کوردستان، و یاساکە دەستەی سەربەخوی مافی مرۆڤ لە کوردستان ڕایسپاردووە، بەڵام حکوومەت خەرجی بۆ دابین نەکردووە، هەروەها گوێپێنەدانی لایەن و دەزگاکانی ناو حکوومەت بۆ داواکارییەکانی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە کوردستان".

جیاوازی پێدانی زانیاری 

بێجگە لە نەدانی زانیاری و جێبەجێ نەکردنی ئەم یاسایە، بەڵام چونکە زانیارییەکان بەدەست کەسی یەکەمی دەزگاکەیە، بەمەزاجی خۆی هەندێ زانیاری بەهەندێ کەس یاخود دەزگای ڕاگەیاندن دەدات کە خۆی بیەوێ نەک بە یاسا دەستنیشانکرابێت. ئەم هەڵسوکەوتەش لە بەرەکانی شەڕی دژبە داعش بەدی کرا، کە هەندێ شوێن بۆ هەندێ دەزگای میدیایی تەرخانکراون، و بۆ هەندێ دەزگایش نەبوو لەو شوێنانە نزیک ببنەوە. 

وەک لە مادەی هەژدەم بڕگەی یەکەمدا هاتووە، سزادان بە غەرامەکردنی ٢٥٠٠٠٠ تا ٥٠٠٠٠٠٠ ملیۆن مەبلەغێکی کەمە، بۆ هەندێ کەس ئەم پارەیە دەدەن، بەڵام زانیارییەکان نادرکێنن.

  • 1