ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

بەشی چوارەم و كۆتایی

ئەنجام

یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاری لە یاسا باشەکانە بە پێی یاداشتنامەی سەنتەری یاسا و دیموکراسی لەگەڵ فیدراسۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان، بەڵام ئەم یاسایە نەیتوانیوە ببێتە ئامراز و دەرگایەک بۆ شەفافیەت و ئازادی ڕادەربڕین، و هەروەها نەبووە هۆکارێک کە هاووڵاتیی کوردستان داوای زانیارییەکان بکات و ئەم هۆشیارییە لەلای دروست نەکراوە.

یاساکە شۆڕنەبووەتە خوارەوە و لە زۆربەی هەرە زۆری دەزگاکان کاری پێناکرێت ئەگەر نەڵێین هەموویان، هەرچەندە "یاسا ئەگەر لە ڕۆژنامەی وەقائیعی کورستان بڵاوبووەوە ئیتر دەبێت جێبەجێ بکرێت و مەرج نییە بە نووسراو شۆڕبێتە خوارەوە" و ئەمەش کەمتەرخەمی حکوومەت نیشاندەدات، چونکە تا ئێستا بەدەنگ نەهاتووە و ڕێنماییەکانی دەرنەکردووە، و لە لایێکی ترەوە لاوازی دەستەی سەربەخوی مافی مرۆڤ نیشاندەدات، چونکە نەتوانیوە ئەو دەسەڵاتانەی ئەم یاسایە پێیداوە بۆ بەرژەوەندی جێبەجێکردنی ئەم یاسایە بەکاریبێنێت.

خەڵک بەم یاسایە ئاشنا نییە و نازانن یاسایەک بەم جۆرە هەیە، تا وەکو زۆرێک لە بەڕێوەبەری فەرمانگەکان و بەرپرسەکان لە بەشی یاسایی فەرمانگەکان نازانن یاسایەکی لەم جۆرە هەیە، نە خەڵک و نە کاربەدەستەکان خۆیان بە یاسای نوێ ئابدێتی ناکەن، لە دوای یاسا و بڕیاری نوێ ناگەڕێن. دەبێت دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی کومەڵی مەدەنی ڕۆڵیان هەبێت هەم بۆ ئاشناکردنی خەڵک و دەزگاکان بەم یاسایە و هەم بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی.

نەحکوومەت و نە دەزگاکانی و تا دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ و تا دەگەینە ڕێکخراوە ناحکوومییەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە جێبەجێ کردنی مادەی شەشەمدا لاوازن، کە یەکەم بڕگەی دەڵێت؛ "هەر دامودەزگایەکی گشتی دەبێ ساڵانە دەلیلێک دەربکات یان لەسەر سایتی ئەلکترۆنی خۆی یان بە ڕاپۆرتێک ئەم زانیارییانەی تێدا بڵاو بکاتەوە بەردەوام ئاپدێتیان بکات" و دوای بە پێنج خاڵ ئەو شتانە ڕیزبەندی دەکات. و نەک تەنیا ئەم بەڵکو سایتەکەشیان ئاپدێت ناکەن و هەواڵەکان و داتاکانی هەندێکیان مانگ و ساڵی بەسەرچووە.

یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاری جێبەجێ ناکرێت وەک یاسا، چونکە شۆڕنەبووەتە خوارەوە، و تا ئێستاش ئەگەر شوێنێک زانیاری بدات یان بدرکێنێت ئەوا بە منەتی دەزانێت، نەک ئەرک و جێبەجێکردنی یاساکە، چونکە هەموو داتا و زانیارییەکان لای کەسی یەکەمە . 

تا ئێستا مەبدەئەکە وایە و فەرمانبەرانیش وا ڕاهاتوون کە نابێت زانیارییەکان بدرکێنن و هەر کەسێک زانیارییەکان بدرکێنێت سزا دەدرێت، چونکە یاساکانی پێش ئێستا بەو جۆرە بوون .

پێشنیاز و ڕاسپاردەکان

- کار بۆ ئەوە بکرێت کە یاساکە هەموار بکرێتەوە، بەڵام پاش دانوستان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و پسپۆڕان.

- زیادکردنی مادەیەکی نوێ بۆ پرۆژەی دەستوری هەرێمی کوردستان کە تیایدا بەڕاشکاوانە مافی بەدەستهێنانی زانیاری بۆ هەموو کەسێک بەرجەستە بکات.

- پشتیوانیکردنی مادی و مەعنەوی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان لەسەر سێکتەری مافی مرۆڤ و بە تایبەتیش بەدەستهێنانی زانیاری.

- بەیاننامەیەک لەو شوێنانەی کە لەم یاسایەدا ناویان هاتووە و مەعنین بە یاساکە ئەویش حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە کوردستان دەربچێت کە تیایدا داوای لێبوردن لە خەڵک بکەن کە نەیانتوانیوە ئەم یاسایە جێبەجێ بکەن، هۆکارەکانی جێبەجێنەکردنیشی دیاری بکەن.

- دەبێت پێوەرەکان بۆ ئستیسنائەکان و بەدەرەکان هەبێت، و دیار و بەرچاو بێت یان یاسای تایبەتی بۆ دەربچێت یان لە دەستوردا مادەی هەبێت. 

- زیادکردنی مادەیێک هەر کەسێک بە فایلەکانی تایبەتی خۆیان بگات لە هەموو دامودەزگاکاندا. 

- نەهێشتنی پێدانی زانیاری لەسەر بنەمای ناسیاری و حزبایەتی و ناوچەیی. 

- ئەکادیمیای کوردستان ڕۆڵی هەبێت لە دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگی کوردی بە زاراوەکان و بە تایبەتیش زاراوەکانی یاسایی.

- هەڵمەتێکی نیشتمانی بکرێت بۆ ناساندنی مادە و بڕگەکانی ئەم یاسایە بە خەڵک و بە ڕێگە جیاوازەکان .

- دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بە بەرژەوەندی گشتی و ئەمنی نیشتمانی تا ڕێگری لە مەتاتیەت بیگرێت لە ناو یاساکاندا و ئەو شوێنەش دیاری بکرێت کە کێ بڕیار لەسەر ئەوە دەدات کە بەرژەوەندی چییە، و کێ دیاری دەکات کە ئەوە بەرژەوەندی گشتییە، ئایا دادگا یان دەستەیێکی تایبەت یاخود حکوومەت.

- دەرکردن و بڵاوکردنەوەی ڕەشنووسی ڕێنماییەکان کە لە لای دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە کوردستان هەڵگیراون، بۆ ڕای گشتی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و چالاکانی مەدەنی.

- بە زووترین کات فۆرمی یەکخراو دابەزێت، و تا ئەم فۆرمەش دادەبەزێت نابێت دابەزینی فۆرمەکە یان نەبوونی فۆرمەکە ببێت بە ڕێگر لە بەردەم پێنەدانی زانیاری.

- هۆشیارکردنەوەی دادگاکان، دامودەزگاکان، داواکاری گشتی و میدیاکان لەسەر ناوەڕۆکی یاساکە. 

- پۆلێنکردن و کۆکردنەوەی زانیاری لە بانکی زانیاری دا. 

- دەوڵەمەندکردنی سایتی دەزگاکان و وەزارەتەکان بەتایبەت سایتی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، کە لەو سایتەوەش هەر کەس بتوانێت داوای زانیاری بکات.

- کردنەوەی خوولی تایبەت لەسەر کۆمپیوتەر و ئەرشیفکردنی ئەلیکترۆنی بۆ فەرمانبەران. 

- هەوڵدان بۆ بە ئەلیکترۆنی کردنی فەرماناگە و دەزگاکان کە ببێتە دەروازەیەک بۆ جێبەجێکردنی حکوومەتی ئەلیکترۆنی. 

- هێڵێکی پەیوەندی کراوە هەبێت کە هاووڵاتییان لەهەر کاتێک بتوانن پەیوەندی بە دەستەوە بکەن، سکاڵا و تێبینییەکانیان بگەیەنن.

  • 1