ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ژیانی هاوسەرگیری پرسەیەكی هەروا ئاسان نییە، بەڵكو پێویستی بەكۆمەڵێك ئامادەسازی هەیە پێش و لەكات و دوای هاوسەرگیریش بۆ ئەوەی بتوانرێت وەك كۆڵەگەیەكی پتەو بمێنێتەوە لەكۆمەڵگادا. بەپێی ئەو ئامارانەی كە لە كوردستان و عێراق بڵاودەبنەوە ڕێژەی جیابوونەوەی خێزانەكان زۆربوون. لێرەدا هەوڵدەدەین چەند هۆكارێك بخەینە ڕوو كە كاریگەری نەرێنی لەسەر پڕۆسەی هاوسەرگیری دەكەن:

1- هەڵە کردن لە دەست نیشانکردنی هاوسەر: واتە پێویستە مرۆڤ دانا بێت لە ‌هەڵبژاردنی ‌هاوسەر بەهۆی زانینی ڕێژەی گونجانی نێوان خۆی و هاوسەرەکەی لە ڕووی ڕەفتار و هەڵسوکەوتەوە .

2- بوونی جیاوازی زۆر لە تەمەن: ئەگەر جیاوازییەکی زۆر هەبێت لە تەمەن لە نێوان هاوسەران بە نموونە زیاتر لە ١٠ ساڵ ئەوا ڕێککەوتنی هاوسەریی کەمتر دەبێت بەهۆی کەمی توانای لێک تێگەیشتن لە نێوان هاوسەران.

3- دەستتێوەردانی خزم و کەس لە کاروباری هاوسەران: ئێمە وەک کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات کاریگەری زۆری کۆمەڵایەتی لەسەرمانە، و زۆرجار بەگوێرەی بیرکردنەوەی خەڵک ڕێ دەکەین و نامانەوێت بۆ خۆمان بژین، ئەو کێشانەی تووشمان دەبێت بێ بیرکردنەوە لە ئەنجامەکەی کاری لەسەر دەکەین، بەمەش تووشی هەڵەی ژیان دەبین و کە زۆرجار چاکردنەوەی ئەم هەڵانە مەحاڵە، بۆیە پێویستە لە خاوەن ئەزموونەکان پرسیار بکەین، بەڵام مەرج نییە وەڵامەکان هەمووی ڕاست بن و چارەسەری کێشەکان بن.

4- خاوبوونەوەی خۆشەویستی نێوان هاوسەران بەهۆی ڕۆتینی ڕۆژانەوە: هەروەک چۆن ڕۆتین کاریگەری خراپ و بێزارکەری هەیە لەسەر هەموو شتەکانی ژیانمان بە هەمان شێوەش لەسەر ژیانی هاوسەری کاریگەری هەیە، جا پێویستە بۆ خۆ بەدوور گرتن لەم ڕۆتینە، گۆڕانکاری دروست بکەین لە ژیان وەک گۆڕینی شوێنی خەوتن، هەفتانە دەرچوونە دەرەوە بە مەبەستی گەشت، سەردانی خزم و کەس…..هتد .

5- خراپی پەیوەندی سێکسی نێوان هاوسەران: سێکس بە یەکێ لە بنەما گرنگەکانی پرۆسەی هاوسەرگەری دادەنرێت بۆیە کاریگەری زۆری هەیە لەسەر پەیوەندی نێوان هاوسەران، هەر بۆیە کاتێ مرۆڤ تووشی لاوازی سێکسی دەبێت پێویستە بە زووترین کات هۆکارەکەی بدۆزێتەوە، بایەلۆژیە یاخود دەروونی بەمەبەستی چارەسەرکردنی بە سەردانی پزیشکی پسپۆر لەم بوارەدا، پێویستە ئەو ڕاستییە بزانیت کە کرداری سێکسی بە تەنیا موڵکی تۆ نییە و تێرکردنی هاوسەرەکەشت لە ئەستۆی تۆیە.

6- بێتوانایی لە هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی ژیان: ئەمەش زیاتر لای ئەو کەسانە ڕوودەدات کە پشت بەستوون و توانای هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتیان نییە، بە تایبەت ئەوانەی لە تەمەنی هەرزەکارییەوە ژیانی هاوسەری پێکدەهێنن. پێویستە کاتێ مرۆڤ بڕیاری هاوسەرگەری دەدات کامڵ بێت تەمەنی گونجاو بێ و توانای گرتنە ئەستۆی ئەم بەرپرسیارەتییەی هەبێت. چونکە هاوسەرگیری تەنیا بۆ سێکس نییە.

7- هێشتنەوەی کێشەکانی نێوان ژن و مێرد بەبێ چارەسەر: ژیانی هاوسەری بێ کێشە نابێت، هاوسەری سەرکەوتوو ئەوەیە توانای چارەسەری کێشەکانی هەبێت لە کورتترین ماوەدا، و نەهێڵێ كێشەکە گەورە بێت و کەڵەکە بێت، چونکە بە کەڵەکە بوونی کێشەکان بارەکە ئاڵۆز دەبێت و مێشکی مرۆڤ ماندوو دەبێت، کاتێ کۆمەڵێ کێشەی بۆ دروست دەبێت و مرۆڤ تووشی نائارامی دەروونی دەبێت.

8- دڵ پیسی و گومان: ئەمە دیاردەیەکی دیارە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا کە بۆتە هۆی لەناوچوونی چەندان کەسی بێتاوان بە ناوی شەرەفەوە، ئەمەش بەهۆی کاریگەری کۆمەڵگەوە دەبێت، کاتێ مرۆڤ متمانەی تەواوی لادروست نەبێت نەچێتە ژیانی هاوسەرییەوە باشە، چونکە نەبوونی متمانە لەناوبەری ڕێز و خۆشەویستی و ڕاستگۆییە.

9- فرەژنی لای پیاوان: ئەمەش یەکێکە لە هۆکارەکانی لاوازی پەیوەندی هاوسەری، چونکە ئەگەر پیاو لە یەک ژن زیاتری هەبوو ناتوانێت سۆز و خۆشەویستی بە یەکسانی دابەش بکات بەسەر هاوسەرەکانی، ئەمەش دەبێتە هۆی پشتگوێ خستنی یەکێکیان و توڕە بوون و جیابوونەوە.

10- هاوسەرگیری بە مەبەستی بەدەستهێنانی پارە و سامان: ئەگەر بنەمای هاوسەری لەسەر بەرژەوەندی تایبەت بنیات نرا بەبێ بوونی خۆشەویستی، ئەوا دوای نەمانی بەرژەوەندییەکە جیابوونەوە ڕوودەدات بەهۆی زۆری کێشە و لێک تێنەگەیشتن، چونکە بنا‌‌‌‌غەی هاوسەرگیرییەکە پتەو نییە و لەسەر بنەمای سۆز و خۆشەویستی و ڕێزگرتنی یەکتری بنیات نەنراوه‌.

 

  • 1