ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

تۆ مەڵێ کابرا خۆی حەیای نییە؟! چونکە گەر حەیا هەبێت قەت ناچێت! خۆ گەر حەیا بە ئارەقەی نێوچاوان دروست بووبێت، کەس ناتوانێت بۆ خۆی ببات. هەڵبەتە دەبێت بشزانین گشت ئارەقەکردنێکیش ڕەوا نییە. بۆ چما دزیکردن ماندووت ناکا و ئارەقەت پێناکات؟! بەڵێ، لە ڕێگەی دزیکردنێکی ئاقڵانەوە، بچیت خێر بکەیت ڕەنگە خەڵک نەزانن کە داهاتەکە چۆن پەیدا کراوە؟! بۆیە خەڵک دەستە و دوعا ڕادەوەستن، دوعای تەمەندرێژی بۆ کابرای (دزە ئاقڵەکە) دەکەن! بۆیە کەسایەتییەکی کاتی (موزەیەف) پەیدا دەکات و تاکو ئاشکراش دەبێت کابرای بێ حەیا و دز، هەر بە خێرخواز دەناسرێت! خۆ گەر خوانەکا خۆت بخەیتە پاڵ زەلامی (پڕباکراو)، یان بچیتە باخەڵی (زڕباب)یشەوە، لەوانەیە دیسان بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، سەنگ و حەیایەکی ئارایشتکراو بەخۆتەوە ببینی!

لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، ماتۆڕسکیلێکم هەبوو، بۆ چاککردنەوە بردمە لای فیتەرێک، پێمگوت دەمەوێ مەکینەکەی بەتەواوی بگۆڕی و کەرستەی ئەسلی شەریکەی خۆی بۆ ببەستی، گوتی بە چاوان، گوتم چەندت پارە بدەمێ؟ ئەویش نەختێ چاوی هاوێشتە سەر یەکتر و سەری بڵند کرد و گوتی (١٥٠) دینار، منیش گوتم فەرموو... گوتم کەی بێمەوە؟ گوتی فڵان کات، لەکاتی خۆی چووم هێنامەوە و زۆر بە ئەسپایی وەک ئەوەی بەسەر مێروولەدا بڕۆم، هاژۆشتم، هەر لە نیوەی ڕێی گوتی (کرت) شکا و لەکارکەوت، منیش زانیم هۆکارەکە لە خراپی وەستایەکەیە، ئیتر نەمبردەوە لای و چوومە لای فیتەرێکی دیکە و گلەییم کرد و گوتم هەموو شتی ئەسلی شەریکەی خۆیەتی، کەچی دەستبەجێ شکاوەتەوە! ئەویش پاش کردنەوەی مەکینەکە، سەیرێکی (پستنەکە)ی کرد، گوتی نەخێر ئەوە دەستکردە! گوتم نا؟! گوتی بەڵێ لای فڵان فیتەریشت کڕیوە! گوتم بەڵێ.. گوتی ئەوە خۆی پستنەکەی دروستکردووە و بە نرخی شەریکەش بەتۆی فرۆشتووە!

مانگی ڕەمەزان بوو، چاوەنواڕی مەلابانگدان بووین، لە مزگەفت کاتێک بینیم کابرای (فیتەری دز) کارتۆنێکی درێژی بەدەستەوەیە، لەسەری نووسراو بوو (لوقم محشی باللوز)، پێشکەش بە ڕۆژووانانی دەکرد، خەڵکەکەش یەک دەنگ و یەک ڕەنگ، دوعای خێریان بۆ کابرا دەکرد! ئیتر دیار بوو وردە وردە، بەدرێژایی ڕۆژانی ڕەمەزان ئەو کارەی دووبارە دەکردەوە و شوێنی شیاوی خۆی لە دەروونی خەڵکەکە کردەوە، بەبێ ئەوەی بزانن سەرچاوەی پارەی کڕینی لوقمەکە چۆنە؟!

بەڵێ هەر ئەو بابەتە زەلامە (بە حەیایانە)ش بوون، بەدزییەوە پێشمەرگەیان بە کوشتن دەدا و بە ئاشکراش بەپارەی حەقدەستەکە، مەولوودی پێغەمبەریان دەخوێندەوە و قەڵەم جاشیشیان بەکرێدەگرت، تا مەدحی چەشت و زیافەتەکە بنووسێت و لە ڕۆژنامەدا بڵاو بکرێتەوە!

بەڵێ، لەناو خەڵکی بێئاگا، کەسایەتی پڕ لە (حەیای موزەیەف)ی ئارایشتکراو لەناو هەموو چین و توێژەکان دروست دەبێت، بەڵام (حەیایەکە) کاتییە و هینی خۆیان نییە، کاتێک بای حەقیقەت هەڵدەکات، ئیتر پەردە لەسەر کات و شوێن لادەچێت و ڕووی ڕاستەقینە دەردەکەوێت.

جا ئەو بابەتە کەسانەن، بەردەوام لە (حەیایەکە)یان بە گومانن و هەر نەختێ شانیان گەرم ببێت، دەڵێن ماشەڵڵا وەخت بوو حەیامان بچێت!

 

 

  • 1