ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ساڵانێكی زۆره‌ ژنان له‌ كۆمه‌ڵگای كوردیدا تیرۆر ده‌كرێن. ژماره‌ی قو‌ربانییان ئه‌وه‌نده‌ زۆر و ترسناكن كه‌ ده‌كرا لەکۆمەڵگا یاسا بکەوێتە سەر ئەژنۆ لەبەردەم تاوانباراندا. زۆر ئاساییە بەڕۆژی ڕووناک، بێترس مرۆڤ بدرێتە بەر دەستڕێژی گوولە بە تایبەت ژنان، چونکە لە کۆمەڵگا وەلانراوە، خاوەنی ئابوورییەکی سەربەخۆ نییە و هەمیشە لەژێر ڕکێفی ڕەگەزێکدایە دەکرێت زیاتر بکرێتە قوربانی دابونەریت لە کۆمەڵگادا.

ئەگەر بەراوردێک بکەین لەنێوان ڕێژەی کوشتینی مرۆڤ بە هەردوو ڕەگەزەوە دەبینین نزیکە لەسەدا نەوەد ‌و نۆی پیاوان بەهۆکاری دوژمنداری و سەرکێشی ژیانیان یان دەستتێوەردان لەسیاسەت لەناو دەچین، بە پێچەوانەوە هەمان ڕێژەی ژن بەهۆی کولتوور و کۆمەڵگا و پیاوسالاری گیان لەدەست دەدەن! تا ئێستاش لەلایەن دەسەڵاتەوە وەک پێویست بەدواداچوونی بۆ نەکراوە، لەکاتێکدا دەیان و سەدان ڕێکخراوی ژنان و داکۆکیکاری ئافرەتان هەیە. 

ئێمە دژ بە پیاوان نین، ناشکرێت هەمیشە ڕووی ناشیرینی بدەینێ و بیخەینە بەردەم لێکۆڵینەوە، چونکە ژیان بە هەردوو ڕەگەزەوە بەردەوامی دەبێت، بەڵام ئەوەی مایەی پرسیارە ئەوەیە بۆچی تا دێت دیاردەی ژنکوشتن زیاد دەبێت، ئەو فاکتەرانە چین؟ کێن ئەوانە؟ چارەنووسیان بە چی دەگات؟ دەبێت هەموومان بەدوای فاکتەرە سەرەکییەکان بگەڕێن تا چیتر نەبینە قوربانی! ده‌بێت كۆبه‌ندی و كاری هاوبه‌ش بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی فشارێک بكرێت بۆ ڕێگه‌گرتن له‌ كوشتنی ئافره‌تان. ئه‌و كۆبه‌ندییانه‌ ناكرێت ته‌نیا وه‌رزی بێت، ده‌بێت كاری به‌رده‌وام بێت و شه‌ووڕۆژ بخرێته‌ سه‌ریه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه‌ له‌و دیارده‌ نامرۆڤانەیە بگیرێت!

ده‌بێت پیاوانی ئازادیخواز بۆ پاڵپشتی بهێنینه‌ پێشه‌وه‌. بۆ ئه‌وه‌ی پێكه‌وه‌ كار له‌سه‌ر به‌تاوانناسینی ئه‌و تیرۆره‌ بكه‌ین، ده‌بێت سزاكان قورستر بكرێن، هوشیاری كۆمه‌ڵگا زیاد بكه‌ین. تا بتوانرێت ڕێگه‌ له‌ كوشتنی مرۆڤ و ئافره‌ت و كۆمه‌ڵگه‌ بگرین!

كۆتایی هێنان به‌ تیرۆری ئافره‌تان ده‌ستپێكێكی گرنگه‌ بۆ په‌ره‌پێدان و خۆشگوزه‌رانی و به‌خته‌وه‌ری تاك و خێزان و كۆمه‌ڵگا.

  • 1