ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

نزیكەی مانگێكە "سوخمە زەردەكانی پاریس" دەڕژێنە شەقامەكان و خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن. سوخمەی زەرد لەبنەڕەتدا شۆفێرەكانی فەڕەنسا دەبێت هەڵیبگرن، شۆفێرەكانی كە دەبێت لەكاتی پەكەوتنی ئۆتۆمبێلەكانیان لەبەری بكەن و یارمەتی بدرێن، لەشەوانیشدا لەبەری بكەن تا ببینرێن، بەڵام دواجار سوخمەی زەرد بووە ناونیشان و هێمای خۆپیشاندانی كۆتایی ساڵی 2018 و دەیان داخوازییان هەیە!

لەبنەڕەتدا سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەكە پەیوەست بوو بەوەی حكوومەتی ئەو وڵاتە ویستی نرخی گاز و بەنزین زیاد بكات ، بەتایبەتی گاز چونكە حكوومەتی ئەو وڵاتە بەپاساوی پاراستنی ژینكە و ژینگەدۆستی ئەو بڕیارەیان دەركرد، بەڵام دواجار لەبەرئەوەی كاریگەری لەسەر ژیانی هەزاران هاووڵاتی هەژاری وڵاتەكە هەیە، ڕووبەڕووی ناڕەزایی توندی هاووڵاتییان بۆوە، چونكە كۆمەڵگەی فەڕەنسی بەدەست دەیان قەیرانەوە دەناڵێنێت كە بنەچەكەی قەیرانی ئابوورییە، چ ئەوەی پەیوەستە بە جیاوازی چینایەتی و خەڵكی پەراوێزخراوی كۆمەڵگای فەڕەنسی هەروەها جیاوازی نێوان خەڵكی گوند و شارەكانی ئەو وڵاتە، كە پەراوێزخراوە پەناهەندەكان و خەڵكی گوندەكان لەبارودۆخێكی خراپدا ژیان دەگوزەرێنن.

ئەگەرچی لەدوای دوو هەفتە حكوومەتی ئەو وڵاتە و سەرۆكەكەی پاشەكشەی كاتیان كرد لە جێبەجێكردنی گرانكردنی نرخی گاز و بەنزین و دوایان خست بۆ ماوەی شەش مانگ، بەڵام خۆپیشاندانەكان لەشەمەی ڕابردوو زیاتر و زۆرتربوون و گەیشتە ئاستی توندوتیژی. بەشێوەیەك بەرانبەر بە هەشت هەزار خۆپیشاندەر حكوومەتی ئەو وڵاتە تەنیا لەپاریس هەشت هەزار پۆلیسی بڵاوەپێكردبوو! ئەوە جگە لەوەی بەهەزارانی دیكەی لەشارەكانی دیكەی دەرەوەی پاریس بڵاوەپێكردبوو.

ئەو خۆپیشاندانە هەر لەسەرەتاوە خۆڕسكانە سەری هەڵدا و تەشەنەی كرد، خۆپیشاندانێكی ئاسایی و باو نییە، چونكە نە گرووپێك سەركردایەتی دەكات و نە یەك دروشمی سەرەكی هەیە، بەڵكو دەیان سەر و دەیان داخوازی هەیە، تا ئەو ئاستەی كە هەندێكیان داوای ڕووخانی حكوومەتەكەی ماكرۆن دەكەن.

لەهەفتەی دووهەمەوە پاڵپشتی زیاتری بەدەستهێناوە، نەك تەنیا لە ئاستی جەماوەری، بەڵكو لەئاستی پارتە سیاسییەكانیش. ئەوەی جێی تێبینییە، پارتەكانی ئەو سەری ڕاست و ئەوسەری چەپ كۆكن لە پشتگیری خۆپیشاندانەكان هەرچەندە كە ئەوان بەڕێوەی نابەن. ئەوان داوادەكەن كە هەڵبژاردنی پێشوەختە بكرێت و نەگاتە ساڵی 2020! هەچی پارتە چەپ و ڕاستە میانڕەوەكانن هەڵوێستیان ڕوون نییە و لەنێوان حكوومەت و خۆپیشاندەراندا هەڵوێستیان خۆڵەمێشییە و بۆتە جێگەی ڕەخنەی خۆپیشاندەران.

لەبەرانبەردا بڕیار وایە ماكرۆن وتارێك پێشكەش بكات و هەڵوێستی ڕوونی لەوبارەیەوە بخاتە ڕوو. هەرچەندە دەسەڵاتەكەی سەدان خۆپیشاندەری دەستگیر كردووە و توندوتیژی بەرانبەر بەخۆپیشاندەران بەكارهێناوە. بەڵام چاوەڕان دەكرێت هەوڵی ئەوە بدات كە گفتوگۆ لەگەڵ خۆپیشاندەراندا بكات! هەرچەندە یەكێك لەسیماكانی ئەم خۆپیشاندانە ئەوەیە كە سەركردایەتییەكی ڕوونی نییە كە گفتوگۆیان لەگەڵ بكات، بەڵام دەنگی بەرز ئەوەیە كە دەبێت ماكرۆن بەسیاسەتی ئابووری و ژینگەییدا بڕواتەوە و تەنانەت ئاستی ماكرۆن زۆر لەدابەزیندایە لەماوەی ئەم مانگەدا.

یەكێكی دیكە لەسیمای خۆپیشاندانی سوخمە زەردەكان ئەوەیە كە سنووری وڵاتەكەی بەزاندووە و هەر زوو پەڕیەوە بۆ وڵاتەكانی بەلجیكا و هۆڵەندا. بەلجیكاش یەكێکە لەو وڵاتانەی ئەوروپا كە بەدەست جیاوازی چینەكان و بەتایبەتی ژیانی پەراوێزخراوانەوە دەناڵێنێت، لە هەفتەی ڕابردووش پریشكی سوخمە زەردەكان لە بەسرای عێراق كەوتەوە، بەڵام هەر زوو دەسەڵاتدارانی شار خۆپیشاندەرانیان خەڵتانی خوێن كرد.

 

  • 1