ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

یاداشتی فەیسەڵی یەكەم پادشای عێراق لە ساڵی 1933دا كە تیایدا نووسیوێتی: (بەدڵگرانییەوە دەڵێم تا ئێستا لە عێراقدا گەلێك نییە ناوی گەلی عێراق بێت، بەڵكو كۆمەڵێك گردبوونەوەی خەڵك "بەشەری" هەیە كە هیچ بیرۆكەیەكی نیشتمانییان تێدا نییە)، كۆمەڵێك كاردانەوەی لە لایەن سیاسەتمەدارانی ئەو سەردەمە و دواتریش لە لایەن توێژەوەرانی بواری سیاسەت و سۆسیۆلوجی ئێستا، دروست كرد.

بەشێك لە نووسەرانی بواری سۆسیۆلوجی هەر لەبەرئەوەی لە یاداشتەكەدا ئاماژە بۆ ئەوە كراوە كە (جیاوازی گەورەی تایفەگەری نێوان موسوڵمانان هەیە... و عەقڵی (بدو) و خێڵایەتی، سەروەری هەیە)، پێیان وایە پادشای عێراق داهێنان و دۆزینەوەیەكی ئێجگار گەورەی كردووە، و ئەو بۆچوونەش نزیكە لە نووسینەكانی عەلی وەردی سەبارەت بە ناكۆكی نێوان عەقڵی بدو و خێڵایەتی و عەقڵیەتی شار. ئەو نووسەرانە ئەوە لە یاد دەكەن كە پادشای ئەو كاتەی عێراق زۆر زاڵمانە باس لە ئاشووری و كلدان و ئێزیدی كردووە و بە پلانگێڕی تۆمەتباریان دەكات. جگە لەمەش فەیسەڵی یەكەم گەلی كورد بە نەزان ناودەبات و باس لە نەبوونی هەلومەرجی گونجاو دەكات كە بۆتە دواكەوتنی شیعە لە عێراق دا.

بەشێك لە توێژەوەران پێیان وایە فەیسەڵ لە سەنگەری تایفەگەری نەبووە، و ئەوەیان لە بیر دەچێت كە ڕێگاچارەی پێشنیازكراو لە لایەن پادشاوە، خۆی لە بەهێزكردنی سوپا و بەكارهێنانی هێز بۆ سەركوتكردنی داواكاریی پێكهاتەكان لەگەڵ كۆمەڵێك هەنگاو كە تایفەگەری قووڵتردەكاتەوە، دەبینێتەوە، و هیچ ئاماژەیەكی بە مافی گەلی كورد تێدا نییە، و بەرجەستەبوونی ئاراستەی جیاكاری و كارە بۆ توناندنەوەی گەلی كورد و نەتەوەكانی دیكەی عێراق و شوناسی پێكهاتە ئاینییەكانە بە مەبەستی دروستكردنی شوناسێك بە ناوی گەلی عێراق كە خودی پادشا گەڵاڵەبوونی بە دژوار دەزانی.

بەشێك لە ناكۆكییەكانی یاداشتەكە لەوەدایە كە پادشا لە بڕگەی سێیەمیدا، دان بەوەدا دەنێت كە حكوومەت عەرەبی سوننەیە، بەڵام لە بڕگەی شەشەمی یاداشتەكەدا ئەم بابەتە بە تەومەتێك دادەنێ كە كورد و شیعە بە مەبەستەوە باسی دەكەن.

لەو یاداشتەدا باس لەوە دەكات كە نابێ حكوومەت لە كارەكانیدا مۆركێكی مەزهەبی یان ئاینی بە خۆبدات، و ئەم بابەتانە بۆ ئەنجوومەنی تایفەگەری بەجێبهێڵێت، و ئەوقافی سونەو و شیعە جیاكرێتەوە و لە بواری باری كەسێتیدا هەركەسێك بۆ فقهی تایفەگەری خۆی بگەڕێتەوە كە ئەمەش بە پێچەوانەی چەمكی هاوڵاتیبوونە، و ئێستاش دەستوری عێراق دانی بە وەدا ناوە.

كاردانەوەی سیاسەتمەدارانی ئەوكاتەی دەوڵەت لەسەر یاداشتەكەی پادشا لە بازنەی پشتگیریكردنی بۆچوونەكانی بوو. تۆفیق ئەلسویدی جەخت لەسەر كۆتاهێنانی بە دابەشبوون و كار بۆ دروستكردنی گەلێكی عێراق دەكات كە لە ڕێگای شەراكەت لە حوكم و دامەزراندن لە وەزیفەی حكوومی و لە ئەنجوومەنەكان دوور لە تایفەگەرییەوە، بێت، و حكوومەت بە یەك چاو تەماشای سەرجەم تایفەكان بكات، و ئەوقاف بدرێتە دەستی پیاوی ئاینی و تایفە و مەزهەبەكان.

جەعفەر ئەلعەسكەری لە یاداشتەكانی خۆیدا پشتگیری لە ناوەڕۆكی یاداشتەكەی فەیسەڵی یەكەم دەكات و باس لە یەكسانی لە مامەڵەكردن لەگەڵ سەرجەم نەریت و ڕێوڕەسمی ئاینی سەرجەم عێراقییەكان دەكات و دیسانەوە چارەسەرەكان لە سەربەخۆیی ئەوقاف و جیاكردنەوەی وەقفی شیعە و وەقفی سوننە دەبینێتەوە.

هەر سەبارەت بەو یاداشتە لەلایەن شیعەكانەوە پرۆژەی پەیماننامەی نەجەف ڕاگەیەنرا كە لەلایەن محەمەد حوسێن ئەلكاشف الغگا‌و و كۆمەڵێك مافناسانی شیعە مەزهەبەوە ئامادەكرابوو، كە باس لە دامەزراندنی دادوەری شیعە مەزهەب، و خوێندنی فقەی شیعە لە كۆلیجی مافی عێراق، و نەهێشتنی سیاسەتی جیاكاری تایفەگەری دەكات، و دانانی پاڵێوڕاوانی سوننە لە لیوا شیعەنشینەكان ڕاگیرێت، و هەر لیوایەك بكرێ بە بازنەیەكی هەڵبژاردن هەر وەكو لە قانوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێستای عێراق هاتووە. 

گەر بە وردی بڕوانینە یاداشتی پادشا و كاردانەوەكانی تۆفیق ئەلسویدی و جەعفەر ئەلعەسكەری و محەمەد حوسێن ئەلكاشف، بۆمان دەرەكەوێت كە تێكڕای ئەو بۆچوون و پرۆژانە كە هەندێكیان دوای 2003 لە دەستوری عێراق ئاماژەی پێكراوە، نەك نەبۆتە دروستكردنی گەلێك كە ناوی گەلی عێَراق بێت، بەڵكو قەیرانی دەوڵەتی عێراقی قوڵتر كردۆتەوە، و تایفەگەری و شوناسە هەرە لۆكاڵییەكانی فراوانتر كردووە، ئەمەش لە سایەی گەڕانەوە بۆ فقەی تایفەگەری، و پەنابردنە بەر حوكمی عەشایەری و خانەوادەیی لە چارەسەركردنی كێشە كۆمەڵایەتییەكان بە جۆرێك بوونی دادگا لە ناوەڕاست و باشووری عێراق دەزگایەكی شەكلییە، و لەجیاتی پرۆژەكانی گەشەپێدان و بایەخدان بە كشتوكاڵ و پیشەسازی و جوڵاندنەوەی ڕێڕەوی ئابووری ئاشتییانە، گەندەڵی و پەككەوتنی دارایی و زیادكردنی میلشیایی تایفەگەری و زیادكردنی خەرجی سەربازی ڕواڵەتی سەرەكی بارودۆخی ئێستای دەوڵەتی عێراقە.

تێكڕای یاداشتی پادشا و وەڵامدانەوەكان و كاردانەوەكان بە هیچ شێوەیەك باسی لە مەسەلەی كوردی نەكردووە لە كاتێكدا كۆمەڵێك بەڵێن دوای لكاندنی ویلایەتی مووسڵ بە عێراق، بە كورد درا.

سەڕەڕای ئەم ڕاستییە مێژوویانە سەبارەت بە وەزعی كورد لە سەردمی پاشایەتیدا، ئێستاش هەندێك لە سیاسەتمەداران دوور لەو ڕاستییە مێژوییانە، پێیان وایە وەزعی كورد لە سەردەمی پاشایەتیدا باشتر بووە، و ئەوەیان لە بیرچووە كە كوردستانی باشوور لەو كاتەوەی دەوڵەتی عێراق دروست بووە لە قۆناغی ڕزگاری نیشتمانییە.

 

  • 1