ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

عەلمانیبوون سیستەمێکی سیاسییە، بە گژ دیندا ناچێتەوە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە، بە گوێرەی یاسا ئازادیی دینداری بە یەکسانی بۆ هەمووان، بە چاوپۆشین لەوەی سەر بە کام دینن، دابین دەکات. دەوڵەتی دینی، نە دەخوازێت و نە دەتوانێت، ئازادی و یەکسانی دابین بکات، بەڵام دەوڵەتی عەلمانی لە هەمان دوورییەوە سەرنجی هەموو ئایینەکان دەدات و ڕێز لە هەموو ئایینێک دەگرێت، بەبێ ئەوەی هیج کامیان وەک دینی دەوڵەت بناسێنێت. عەلمانیبوون دژی دین نییە، دژی بە سیاسیکردنی دینە، دژی سەپاندنی دینە و دژی بە دینیکردنی دەوڵەتە.

بۆچی ئیسلامی سیاسی، عەلمانیبوون وەک بێدینی لێک دەداتەوە؟ لەبەر ئەوە نییە کە عەلمانییەکان بێ دینن، لەبەر ئەوەیە عەلمانییەکان دژی بازرگانیکردنن بە ئایینەوە، دژی ئەوەن دین بۆ مەرامی سیاسی وەگەڕ بخرێت. ئەوە عەلمانییەکان نیین، دین دەشێوینن، ئەوە ئیسلامییەکانن بەراوەژوو سوود لە دین دەبینن و دینی خۆڕسکی خەڵک کە میانڕۆیە، بەرەو توندڕۆیی دەبەن. عەلمانیبوون بریتییە لەوەی دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری، لەبن هەژموونی کەنیسە دەربهێنرێت و بدرێتە دەست خەڵک. عەلمانیبوون بە مانای دونیایی، هاوزەمانی و حوکمی خەڵک دێت، ئاخر کەنیسە بە ناوی خوا و ئەو دونیاوە حوکمی دەکرد. دونیا وەک چۆن خاڵیی نییە لە دین، هەر وایش بریتی نییە لە دین، عەلمانیبوون هەقی ئەو دونیای نییە، یاسا بۆ ئەم دونیا دادەڕێژێت، بە ڕەچاوکردنی ڕێزگرتن لە ئایین و باوەڕە جیاوازەکان.

عەلمانیبوون و دیموکراتی دوو ڕووی هەمان دراون، بۆیە لە سیستەمی عەلمانیدا مافی هەموو هاووەڵاتییەک، بە چاوپۆشین لەوەی سەر بە کام ئایینە، پارێزراوە. سیستەمێک مافی هاووەڵاتی تێدا پارێزراو بێت، ناچارە عەلمانی بێت، ئاخر ئەوە تەنیا عەلمانیبوونە، مافی یەکسان بۆ هەمووان فەراهەم دەکات. عەلمانیبوون نە لایەنگرتنی دینێکە، نە دژایەتیکردنی هیچ دینێک، بە هەمان چاو سەرنجی هەموو دینەکان دەدات. عەلمانیبوون لە نێوان دینداری و لادینیدا، بێلایەنە، هاووەڵاتی لە دەوڵەتی عەلمانیدا، ئازادە لەوەی دیندارە، یان لادین. (فمن شا‌و فلیٶمن، ومن شا‌و فلیکفر. سوورەتی کەهف، ئایەتی ٢٩) دەستووری سیستەمی عەلمانی نە پشت بە دینێک دەبەستێت، نە دژی هیچ دینێک دەوەستێتەوە. خوێندن لە سیستەمی عەلمانیدا، بێلایەنانە و بە هەمان بایەخەوە ئایینەکان بەسەر دەکاتەوە.

ئەگەر عەلمانی بین، کەسێکی نێونەتەوەییمان لێ دەردەچێت، کەسێک دونیا بە وەڵاتی خۆی بزانێت، کەسێکی گەردوونی، کەسێک بەبێ گوێدانە پاشخانی دینی، ناسنامەی نەتەوەیی، یان ڕەنگی پێست، بە هەمان ڕێزەوە سەرنجی هەموو ئینسانێک بدات. لە سیستەمی عەلمانیدا، هەمووان لەبەردەم یاسادا یەکسانن، ئاخر یاسا بۆ هاووەڵاتی دادەڕێژرێت، ئیدی ئەو هاووەڵاتییە، دیندار بێت، یان لادین، جوولەکە بێت، یان گاور، شیعە بێت، یان سوننە، نێر بێت، یان مێ.

سیستەمی عەلمانی نە فەزڵی دینێک دەدات بەسەر دینێکی دیکەدا، نە بە چاوی سووک سەرنجی شوێنکەوتووانی هیچ دینێک دەدات. لە ڕوانگەی عەلمانییەکانەوە دیندار و بێدین یەکسانن و وەک یەک هێژان، ئاخر ئایین مەسەلەیەکی تایبەتی و کەسەکییە، پێوەندیی بە ویژدانی تاکەکانەوە هەیە. لە سیستەمی عەلمانیدا، یەکسانی هەر لە بەردەم یاسادا ڕەچاو ناکرێت، بەڵکوو یەکسانی کولتوور و مۆراڵیشە. عەلمانییەکان دژی بەبەردبوونی باوەڕ و دژی توندڕۆیی ئایینی و دژی نایەکسانی و هەڵاوێردنن. لە هیچ ئایینێکدا ژن و پیاو یەکسان نیین، سیستەمی عەلمانی ژنی لەو ستەمە ڕزگار کردووە. سیستەمی عەلمانی هەڕەشەیە بۆ سەر ئیسلامی سیاسی، کە دەقی پیرۆز لە پێناوی دەستکەوتی سیاسیدا وەگەڕ دەخات. عەلمانیبوون دژی ئیسلام نییە، دژی دەوڵەتی دینییە کە خەونی ئیسلامییەکانە. لە سایەی سیستەمی عەلمانیدا، ئیسلام ئازادە، بەڵام ئەوە ڕێگەپێدراو نییە، حیزبێک پرۆژەیەکی سیاسی، بە پشتبەستن بە شەریعەت بەڕێوە ببات.

کە لە ئەورووپا دین لە دەوڵەت جوێ کرایەوە، کەنیسەیەک دانەخرا، ئیدی ڤیکتۆر هۆگۆ (١٨٠٢ - ١٨٨٥) گوتەنی: (دین لە ماڵی خۆی و دەوڵەت لە ماڵی خۆی،) ڕەچاو کرا. لە سایەی دەوڵەتی عەلمانیدا، هاووەڵاتییان وەک ماف و ئەرک یەکسانن، ئایین مەسەلەیەکی کەسەکییە، یاسا دەیپارێزێت، کەسیش مافی ئەوەی نییە دینی خۆی لە ڕێی ترساندن و کافراندن و هەڕەشەی کوشتنەوە، بەسەر ئەوانی دیکەدا بسەپێنێت. عەلمانیبوون دونیاییەکی بەرینە جێی هەمووانی تێدا دەبێتەوە و شکۆی هەمووانی تێدا پارێزراوە.

دەوڵەت دوو جۆر نییە، دەوڵەتی باوەڕدار و دەوڵەتی بێباوەڕ، ئەوە هاووەڵاتییانن هەیانە باوەڕدارە و هەیانە باوەڕی بە هیچ دینێک نییە. دەوڵەت مافی ئەوەی نییە لەبارەی باوەڕەوە لێپرسینەوە لە هاووەڵاتییان بکات، ئەوە ئیشی ئاسمانە. حیزبی ئیسلامی هەوڵی بۆ ئەوەیە، حوکمەکانی شەریعەت جێبەجێ بکات، بەڵام چونکە هەر یەکێک لەو حوکمانە چەندان لێکدانەوە هەڵدەگرێت، بۆیە چۆنییەتی جێبەجێکردنی شەریعەت، ڕەچاوکردنی یەکێکە لەو لێکدانەوانە، کە هیچ مەرج نییە دروست بێت، ئاخر هەر لێکدانەوەیەک بۆچوونی کەسێکە، کە دەشێت بکەوێتە هەڵەوە، چونکە کەس لە هەڵە بەدوور نییە. کەس مافی ئەوەی نییە، بە پشتبەستن بە حوکمەکانی ئیسلام فەرمانڕەوایی بکات، ئاخر تەنیا پەیامهێن (کە نێردراوی ئاسمان بوو،) ئەو مافەی هەبوو. ناکرێت گوتاری سیاسی، پشتی بە پەیامی پیرۆز قایم بێت، چونکە دەسەڵات پێویستە نوێنەری هەڵبژێردراوی چین و توێژەکانی کۆمەڵ بێت، نەک خۆی بە نوێنەری خوا بزانێت.

عەلمانیبوون ئەوە نییە بێیت وەک ئەتاتورک (١٨٨١ - ١٩٣٨) حەرفی (عەرەبی) بگۆڕیت بە لاتینی، ئەوە نییە کوفر بکەیت، یان هەر لەبەر ئەوەی چەپ، یان مۆدێرنیت، ئیدی خۆت بە عەلمانی بزانیت. ئەوەیش پارادۆکسە، دەستوور بە (ئیسلام دینی فەرمیی دەوڵەتە) دەست پێ بکات و زۆرینەی بەندەکانی کۆپیی دەستووری فەرەنسایی بن. ئیسلام دینە، دەوڵەت نییە، ئیسلام پەیامێکی ڕووحییە، نەک سیاسی.

ئیسلامییەکان سوننە بن یان شیعە، هەوڵیان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی دینییە و ناکۆکییەکانیان لەسەر دەسەڵاتە، نە زادەی لێکدانەوەی جیاوازە بۆ دەق، نە پێوەندیی بە شێوازی فەرمانڕەوایییەوە هەیە. دەوڵەتی دینی لەبەر ڕۆشناییی شەریعەتدا دەستوور دەنووسێتەوە، دەستوورێک دژی تاک و ئازادییە کەسەکییەکانە و هیچ لەگەڵ هاووەڵاتیبوون و مافەکانی مرۆڤدا کۆی ناکاتەوە، بە پێچەوانەی دەوڵەتی عەلمانییەوە کە بە یاسا هەم ماف و ئازادییەکانی تاک دیاری دەکرێن و هەم ئەرکەکانیشی. لە دەوڵەتی دینیدا، نە باسێک لە تاک هەیە، نە لە ئازادییەکانی، ئاخر تاک تێیدا لە بازنەی شەریعەتدا زیندانی دەکرێت. لە دەوڵەتی دینیدا ئازادیی تەفکیر نییە، ئازادیی تەکفیر هەیە، هەر تاکێک سنووری فیکری فەرمیی بەزاند، وەک کافر سەرنج دەدرێت.

لای شیعە پێوەندییەکی ئۆرگانیکی وەها لە نێوان دین و دەوڵەتدا هەیە، کە لە هیچ سیستەمێکی تیۆکراتی دیکەدا نییە، ئاخر شیعە هەر بەوە قایل نەبووە، دین و دەوڵەت پێکەوە گرێ بدات، بەڵکوو دەوڵەتی کردووە بە یەکێک لە پایەکانی دین. ڕێبەری دەوڵەت لای شیعە، ئیمامێکە قەت ناکەوێتە هەڵەوە، هەموو دەسەڵاتێکی هەیە و ڕاستەوخۆ بە ناوی خواوە دەپەیڤێت. مەترسیی گەورەی دەوڵەتی دینی لەوەدایە، لێکدانەوەی تێکستی پیرۆزیشی قۆرخ کردووە کە بەو هۆیەوە سواری سەری ئازادی بووە. جان جاک ڕۆسۆ (١٧١٢ - ١٧٧٨) گوتوویەتی: (کەنیسە ستەمکارترین شێوازی حوکمی پێشکەشی دونیا کرد.)

لە دەوڵەتی دینیدا لێ ناگەڕێن تاک بیر بکاتەوە، ئاخر دەوڵەت لەبری تاک بیر دەکاتەوە، تاک نە شکۆی پارێزراوە، نە هیچ مافێکی دابین کراوە و نە هیچ ئازادییەکی هەیە، ئاخر دەوڵەتی دینی هێشتا ملکەچی ڕێساکانی سەردەمی کۆیلایەتییە. دەوڵەتی دینی، بە پشتبەستن بە شەریعەت، ژنانی ئێزدی بە دیل دەگرێت و وەک کۆیلەی سێکسی مامەڵەیان پێوە دەکات. لە دەوڵەتی دیندا وێڕای دووانەی کۆیلە و ئازاد، کار بە دووانەی نێر و مێ، موسوڵمان و ناموسوڵمانیش دەکرێت، نێر باڵاترە لە مێ و موسوڵمان هێژاترە لە ناموسوڵمان.

لە دەوڵەتی عەلمانیدا، هاووەڵاتیبوون دەکەوێتە سەنتەرەوە، هاووەڵاتییان ماف و ئازادییان هەیە و لەبەردەم یاسادا یەکسانن، بەڵام لە دەوڵەتی دینیدا، هاووەڵاتی بوونی نییە، ڕەعیەت هەیە، کۆمەڵ لە دوو کاتەگۆری پێک دێت، عەوام و خەواس، خەواس بە ناوی ئاسمانەوە حوکمی عەوام دەکات، ئاخر پاشا، خەلیفە، سوڵتان یان میر، خۆیان بە سێبەری خوا دەزانن لەسەر زەوی و دژایەتیکردنیان کوفرە و دەکەوێتە خانەی دژایەتیکردنی خواوە.

عەلمانیبوون سیستەمێکی جێگیر و نەگۆڕ نییە، خۆی لەگەڵ هەموو هەلومەرجێکدا دەگونجێنێت، بزاڤێکی کۆمەڵایەتییە، لەگەڵ واقیع و کاروباری دونیا خەریکە، هەقی بەسەر غەیب و لایەنە ڕووحییەکانەوە نییە. عەلمانیبوون کە دەسەڵات لە دین و پاشا لە پەرستگە، جیا دەکاتەوە، بەوە شکۆی زەوتکراو بۆ تاک دەگەڕێنێتەوە. سپینۆزا (١٦٣٢ - ١٦٧٧) گوتوویەتی: (دەوڵەت بەردەوام لە گۆڕاندایە و پێویستی بە نوێکردنەوە هەیە، بە پێچەوانەی شەریعەتەوە کە ملکەچی یاسای گۆڕان نییە، بۆیە پێویستە دەستوور بە کۆمەکی یاساکانی دادپەروەری و ئازادی و یەکسانی بنووسرێتەوە، نەک لەبەر تیشکی شەریعەتدا.)

سێیەمین سەرۆکی ئەمریکا، تۆماس جیفەرسۆن (١٧٤٣ – ١٨٢٨) دەڵێت: (زۆرەملێ لە ئاییندا ستەمکارییە، پێویستە ئازادیی ویژدان و بیروباوەڕ بۆ خەڵک دابین بکەین.) عەلمانیبوون ئەوەیە، دەوڵەت ناسنامەیەکی دینی نابێت و هیچ مەرج نییە جومگە گرنگەکانی دەسەڵات، بە دەست ئەوانەوە بن کە سەر بە دینی زۆرینەن. عەلمانیبوون نە ئایدۆلۆجیاییە، نە باوەڕ، شێوازی فەرمانڕەوایییە، شێوازێک کە دین ناکاتە سەرچاوەی داڕشتنی یاسا و دەستوور. عەلمانیبوون دژی دین نییە، ئێستایش لە فەرەنسا، زۆر لە پشووەکان بۆنەی دینین و هێشتا خوێندن لە قوتابخانەی دینیدا، بە پارەی باجدەر بەڕێوە دەچێت.

دەوڵەتی عەلمانی دژی تیۆکراتییە کە دەسەڵات تێیدا لەبن هەژموونی توێژێک لە پیاوانی ئاییندایە، پیاوانێک کە فەرمانڕەوایی بە مافێکی خودایی خۆیان دەزانن و بە پاساوی داکۆکیکردن لە ویستی خوا، ویستی خۆیان بەسەر هەموو جومگەیەکی دەوڵەتدا دەسەپێنن و لێ ناگەڕێن یاساگەلێکی گونجاو لەگەڵ ڕەوتی مێژوودا دابڕێژرێن. عەلمانیبوون ئەوەیە، دین مافی ئەوەی نییە، دەست وەربداتە ژیانی تایبەتی هاووەڵاتییانەوە و ئازادییەکانی تاک بەرتەسک بکاتەوە. سیستەمی عەلمانی وەک چۆن دین لە دەوڵەت جیا دەکاتەوە، ڕێ بە فیکری چەقبەستوویش نادات، دزە بکاتە نێو دەوڵەتەوە. سیستەمی عەلمانی پشت بە ئەزموونی دەوڵەمەندی گەلان و بە زانست دەبەستێت، نەک بە نەریت و بە غەیب.

هەر ئەم یان ئەو کاهین خەو بە خواوە نابینن، (جۆرج بوش)یش کە پەلاماری عێراقی دا، گوتی: خوام لە خەونمدا دیتوە و داوای لێ کردووم، هێرش بکەمە سەر عێراق. بۆچی میری حیزبی ئیسلامی و سەرۆک هاوخەونن؟ چونکە دەسەڵاتی دینی و بەرژەوەندی، یەک گیانن لە دوو جەستەدا. ئەنارشیستە دێرینەکان: پروودۆن (١٨٠٩ - ١٨٦٥) و باکونین (١٨١٤ - ١٨٧٦) دەیانگوت: (دەوڵەت و دین و موڵکی تایبەتی، ستەم بەرهەم دەهێنن، تا خۆمان لەبن هەژموونی ئەو سێکۆچکەیە قوتار نەکەین، نە دیموکراتی سەروەر دەبێت، نە دادپەروەری.) سیکولاریزم ئایین نییە، تا ئایینێکی دیکە ڕەت بکاتەوە، یان بکەوێتە شەڕەوە لەگەڵیدا، سیکولاریزم دژی بە سیاسیکردنی دینە کە لە باشترین دۆخیدا ئیخوان بەرهەم دەهێنێت، ئیخوانێک کە دایکی شەرعیی هەموو بزووتنەوە تیرۆریستییە ئیسلامییەکانە.

دزێوترین تیرۆر و تاوان و جینۆساید بە ناوی دینەوە کراون، بە ناوی دینەوە مۆزە و شوێنەوار و کەلەپووری مرۆڤایەتی تێک دراون. تا دین لە سیاسەت جوێ نەکرێتەوە، تاوانی گەورە هەر درێژەی دەبێت، ئاخر دین و سیاسەت پێکەوە، قاعیدە و تالیبان و داعش بەرهەم دەهێنن. سیکولاریزم کرۆکێکی ئینساندۆستانەی هەیە، ئیشی ئەوە نییە، دین بسڕێتەوە، ئاخر بەگژدا چوونەوەی دین، لەگەڵ دیموکراتیدا نایەتەوە. سیکولاریزم کولتوورێکی گەردوونییە، ئینسانێک بەرهەم دەهێنێت، ڕێز لە بەهاکانی ئەوی دی و لە جیاوازییەکان بگرێت. دین یەکێکە لە پێکهاتە ڕووحی و دەروونییەکانی تاک، سیکولاریزم خوێندنەوەی تایبەتی بۆی هەیە، بەڵام نیازی ئەوەی نییە ڕیشەکێشی بکات.

عەلمانیبوونی و ئیلحاد شتێک نییین، دوو شتی تەواو جیاوازن، لە سایەی سیستەمی عەلمانیدا، ئازادین دەچین بۆ پەرستگە یان نا. لە فەرەنسادا کە دەوڵەتێکی عەلمانییە، لە ٢٠٠٨دا ٢٢٦٠ مزگەوت هەبووە. جیاوازیی سەرەکیی نێوان دەوڵەتی دینی و عەلمانی ئەوەیە، یەکەمیان تەنیا ڕێز لە دینی زاڵ دەگرێت و دینەکانی دیکە سەرکوت دەکات، بەڵام لە دووەمیاندا هەموو دینەکان هەمان ڕێز و بایەخیان هەیە. دەوڵەتی عەلمانی، دەوڵەتێکی ئیلحادی نییە، ئاخر لە دەوڵەتی ئیلحادیدا هەموو دینێک قەدەغەیە، بەڵام لە دەوڵەتی عەلمانیدا هەموو دینێک ئازادە. لە دەوڵەتی عەلمانیدا، هاووەڵاتی بە چاوپۆشین لەوەی سەر بەکام ئایین، یان ئایینزایە، هەمان ڕێز و هەمان مافی هەیە. لای عەلمانییەکان، ئیسلام کێشە نییە، حیزبی ئیسلامی کێشەیە، ئیسلام کە وەک بەشێک لە کولتووری لێ هاتووە، سەرچاوەی تیرۆر نییە، ئەوە حیزبی توندڕۆی ئیسلامییە کە سەرچاوەی تیرۆرە. ئەوە ڕەچاوکردنی سیاسەتی کافراندنی ئەوانی دیکەیە، ئەم یان ئەو دین وەک سەرچاوەی تیرۆر پیشان دەدات، نەک عەلمانییەکان. لە ئەورووپا لەمێژە شەڕی نێوان ڕۆشنگەران و تاریکبیران، لە قازانجی بەرەی یەکەم کۆتایی پێ هاتووە، بەڵام لە گەلێک وەڵاتی دونیای ئیسلامدا، هێشتا دین لەژێر چەپۆکی حیزبی ئیسلامیدایە.

عەلمانیبوون ئەوەیە، وەک چۆن پێڕەوی هەر دینێک بکەیت، ئازاد و ڕێزلێگیراویت، هەر وایش ئازاد و ڕێزلێگیراویت، ئەگەر پێڕەوی هیچ دینێکیش نەکەیت. کانت (١٧٢٤ - ١٨٠٤) گوتوویەتی: (دینێک جاڕی شەڕ لەگەڵ عەقڵدا بدات، بە تێپەڕینی کات، ناتوانێت خۆی لە بەردەم عەقڵدا ڕابگرێت.) ئیسلامییەکان چونکە وەک دوژمنی عەقڵ خۆیان بە دونیا ناساندووە، لەسەر ئاستی ئەورووپا و ئەمریکا، دوژمنێکی زۆریان بۆ موسوڵمانان پەیدا کردووە و مەترسیی ئەوە لە ئارادایە، لە ڕوانگەی بەشێکی بەرچاو لە خەڵکەوە، موسوڵمانبوون وەک تۆمەتی لێ بێت. ئەوە ئەرکی ڕۆشنفیکرانە، لێ نەگەڕێن (عەق)یدە بەسەر (عەق)ڵدا زاڵ ببێت. بۆچی ئیبن ڕوشدیان (١١٢٦ - ١١٩٨) کافراند و کتێبخانەکەیان سووتاند؟ چونکە دەیویست بۆ لێکدانەوەی دەق، عەقڵ بەگەڕ بخەین، نەک پشت بە نەقڵ ببەستین و شتی کۆن کاوێژ بکەینەوە.

جۆن لۆک (١٦٣٢ - ١٧٠٤) دەیگوت: (دین بۆ ئەوە دانەهاتووە، سرووتەکانی جێبەجێ بکەین، یان بە هۆیەوە دەست بەسەر دەوڵەتدا بگرین، یان بە ناوییەوە هانا بۆ ستەم ببەین، بۆ ئەوە داهاتووە، ژیانی ئینسان ڕێک بخات و جوانتری بکات.) دین مافی ئەوەی نییە بەسەر عەقڵ و ویژدانمانەوە چاودێر بێت و مافە سەرەتایییەکانمان لێ زەوت بکات. عەلمانیبوون بەها بۆ ئینسان دەگەڕێنێتەوە و پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت، ئەوە ئینسان خۆیەتی، خۆی ڕزگار دەکات، نەک ئەم یان ئەو ئایین. ڤۆلتێر (١٦٩٤ - ١٧٧٨) دەڵێت: (چونکە دەمارگیری زادەی هەمەجیبوونە، بۆیە کەس مافی ئەوەی نییە دەمارگیر بێت. پڵنگی برسی بۆیە نێچیرەکەی لەتوپەت دەکات بۆ ئەوەی بیخوات، بەڵام ئینسانی دەمارگیر، بە حوکمی ئەم یان ئەو دەق، نەیارەکەی سەردەبڕێت!)

هەیە هیچ شک نابات پێشکەشی مرۆڤایەتیی بکات، غەیری هەندێک دەقی دینی، کە ئینسان بۆ کوشتوبڕ و خوێنڕشتن هان دەدەن. (ئەگەر نەهاتە سەر دینی تۆ، یان سەرانەی نەدا، بیکوژە!) بۆچی ئەو بێتە سەر دینی من؟ بۆچی سەرانەی لێ بسەنم؟ بۆچی بیکوژم؟ ئەوە چۆن یاسایەکە، ئەو مافانە بە من ڕەوا دەبینێت؟ بۆ ئەوەی سنوور بۆ کوشتوبڕ دابنرێت، بۆ ئەوەی بەر بە لافاوی خوێن بگیرێت، بۆ ئەوەی ڕێزگرتن لە جیاوازی، جێی دەمارگیری بگرێتەوە، سیکورلاریزم سەری هەڵدا، کە نەک هەر دژایەتیکردنی ئایین نییە، بەڵکوو لە بەهایەکی دینییەوە کە (لێبوردەیی)یە، دەستی پێ کرد.

بەڵام لێبوردەیی چارەسەر نییە، عەقڵ چارەسەرە، عەقڵ هێژاترە لە دەق، ئاخر ئەوە عەقڵە ئینسان لە زیندانی لاهووت ئازاد دەکات. ئینسان ئەگەر ئازاد نەبێت، ئینسانبوونی خۆی لە دەست دەدات، بۆیە ئامانج، ئینسانی ئازادە. هەموو شتێک پێویستە لە خزمەتی ئینساندا بێت و هیچ شتێک لەسەروو ئینسانەوە نەبێت، ئاخر ئینسان تا ئازاد و ڕێزلێگیراو نەبێت، لە دەست دەمارگیری و وەهم ڕزگاری نابێت. ئەگەر ئەوانەی بازرگانی بە دینەوە دەکەن، لێ بگەڕێن، بێباوەڕ و باوەڕدار، دەتوانن بە ئاشتەوایی پێکەوە بژین.

لە زووەوە گوتراوە: دین هی خوایە، بەڵام وەتەن هی هەمووانە. مەبەست ئەوەیە، ئایین شتێکە تایبەت بەم یان بەو تاک، شتێکە لە نێوان تاک و خوادا، بەڵام سیاسەت گشتییە، تایبەت نییە بەم یان بەو هاووەڵاتی. لە دەوڵەتی تیۆکراتیدا، سەرۆک هەر فەرماندەی سیاسی نییە، باوکی ڕووحیشە، ئەمەیش بە قەدیسکردنی سیاسەتمەدارە. کە (مەسیح)یش گوتوویەتی: بەشی قەیسەر بۆ قەیسەر و بەشی خوایش بۆ خوا، هاوزەمان بەگژ دەمارگیریدا چووەتەوە و تەکەزی لەسەر ئەوەیش کردووە کە قەیسەر نوێنەری خوا نییە لەسەر زەوی.

کە موحەممەد عەبدە (١٨٤٩ - ١٩٠٥) گوتی: با خەلیفە فەرمانڕەوایەکی مەدەنی بێت، لەوە بە دواوە لە میسر، لەبری دەوڵەتی دینی، دەوڵەتی مەدەنی، بوو بە یەکێک لە خواستەکانی میللەت. ساتیع ئەلحوسرەی (١٨٧٩ - ١٩٦٩) کە یەکێکە لە دامەزرێنەرانی عورووبە، دەڵێت: (تەنیا خەڵکی نیمچە دوورگەی عەرەب، سەر بە عورووبە نیین، هەر کەسێک لە وەڵاتێکی عەرەبیدا بژی، سەر بە عورووبەیە. هەر کەسێک بە عەرەبی بپەیڤێت، بە چاوپۆشین لەوەی موسوڵمانە یان نا، سەر بە عورووبەیە.) چونکە دامەزراندنی سیستەمی عەلمانی، لە سەربەخۆیی دوورەدەستترە، بۆیە بۆ کورد و تورکمان و کریستیان، وا باشترە چی زووترە خۆیان لەبن هەژموونی دەوڵەتی عەرەب ڕزگار بکەن. کوردستان تا لەبن هەژموونی عێراقدا بێت، کە دەوڵەتێکی تیۆکراتی شیعە مەزهەبە، نابێتە خاوەنی سیستەمێکی عەلمانی.

لە ئەورووپا لە سەدەی هەژدەیەم بەدواوە، شێوازێکی نوێی فەرمانڕەوایی هاتە ئاراوە، شێوازێکی نادینی، کە نوێنەرایەتیی خوای نەدەکرد و فەرمانڕەوا خۆی بە سێبەری خوا نەدەزانی، سیستەمی عەلمانی بۆ ئەو سەردەمە دەگەڕێتەوە. نە عەلمانی، مولحیدە و نە عەلمانیبوون، ئیلحاد، لە سەرهەڵدانییەوە تا هەنووکە، سیکولاریزم دژی دین نەبووە و ئازادیی بیر و باوەڕی بۆ هەموو هاووەڵاتییان بە یەکسانی دابین کردووە. لە سایەی سیکولاریزمدا، نە دین دەست وەردەداتە سیاسەت، نە سیاسەت سواری سەری دین دەبێت. گەوهەری سیکولاریزم ئەوەیە کە جیاوازی لە نێوان فەزای گشتی و فەزای تایبەتیدا دەکات، هەر ئەمەیشە جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت. دەوڵەتی عەلمانی ڕەنگدانەوەی خواستی ئازادی خەڵکە، بە تۆپزی بەسەریاندا نەسپێندراوە. فەزای گشتی، گرێبەستێکی کۆمەڵایەتییە کە هاووەڵاتییانی خۆویستانە پێکەوە گرێ داوە. فەزای تایبەتی، ژیانی ڕووحی تاکەکانە کە دەسەڵات مافی ئەوەی نییە، دەستی تێ وەربدات. ئەوە ئەتککردنی فەزای تایبەتییە کە واعیزێک جۆری خۆراک و پۆشاک، بۆ هاووەڵاتییان دیاری بکات، یان لێخوڕینی ئۆتۆمۆبیل بۆ ژن بە تابوو لە قەڵەم دەدات.

سەپاندنی دەسەڵات بە ناوی دین و دابونەریتەوە و بە میراتی مانەوەی دەسەڵات لە باوکەوە بۆ کوڕ، مۆدێلی حوکمی سەدەکانی ناوەڕاست بوون، لە سایەی سیستەمی عەلمانیدا، ئەوە هاووەڵاتییانن متمانە بە دەسەڵات دەبەخشن، یان لێی وەردەگرنەوە. ئەوە نسکۆی سیستەمی عەلمانییە، ئەگەر دەسەڵات شەرعیبوونی خۆی لە کوودەتا یان شۆڕشەوە وەرگرتبێت، یان بەهۆی جاڕدانی باری نائاساییەوە، درێژە بە حوکم بدات. لە دەوڵەتی عەلمانیدا دەستاودەستکردنی دەسەڵات، ئاشتییانە ڕوو دەدات، ئینسان سەرکوت ناکرێت و زەبروزەنگی شۆڕشگێڕانە لە ئارادا نییە. سپینۆزا (١٦٣٢ - ١٦٧٧) گوتوویەتی: (مەبەست لە ڕۆنانی دەوڵەت، بە کۆیلەکردن و ئامێراندنی هاووەڵاتییان نییە، بەڵکوو ئازادکردنی وزە شاراوەکانیانە و هاندانیانە بۆ ئەوەی بە ئازادی بیروڕای خۆیان دەرببڕن.) مەترسیی گەورەی دەوڵەتی ستەمکار، کوشتنی تاکی ناڕازی نییە، بەڵکوو بە مێگەلکردن و مل پێ کەچکردنی خەڵکە. لە دەوڵەتی عەلمانیدا عەقڵێکی ڕەخنەگرانە سەروەرە کە بەردەوام کۆمەڵ بەرەو پێشەوە دەبات.

دەمارگیریی دینی کە دوژمنە سەرسەختەکەی سیکولاریزمە، ئیش لەسەر شێواندنی ویژدان و دەروون دەکات. هەر دەوڵەتێک دین بکات بە ئایدۆلۆجیا و شەرعیبوونی خۆی لە دینەوە وەربگرێت، خۆی بە پیرۆز و نەیارانی بە دژەدین لە قەڵەم دەدات. دەوڵەتی وا فەزای گشتی بە دینی دەکات، ئیدی هەر لە حیزب و سەندیکاوە، تا زانکۆ و شانۆ. دەوڵەتی عەلمانی بە کۆمەکی کاوێژکردنەوەی کەلەپوور و وەڵامە دێرینەکان دانامەزرێت، لەڕێی ورووژاندنی پرسیاری نوێ و داهێنانەوە دێتە ئاراوە. سیکولاریزم، مامەڵەکردنێکی واقعییە لەگەڵ ئینسان و کاروبارە دونیایییەکاندا، مامەڵەکردنێکی بەدەر لە هەژموونی دین، بەڵام کێشەکە ئەوەیە، دینداری دەمارگیر، بڕوای بەوە نییە، شتێک هەبێت نەکەوێتە ژێر چەتری لێکدانەوەی خۆیەوە بۆ دین.

کە وەڵاتێکی وەک یەکێتیی سۆڤیەتی جاران، ئازادیی لەبەردەم ئەم یان ئەو دیندا بەرتەسک دەکردەوە، لە عەلمانیبوونییەوە نەبوو، لە سۆنگەی ئەوەوەبوو، ئەوسا لەوێ یەک گوتار زاڵبوو، یەک کولتوور سەروەربوو، پەرستنی یەک کەسیش باوبوو. جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت، بەردی بناغەی دامەزراندنی سیستەمی عەلمانییە، بەڵام بە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندیی وەڵاتانەوە. لە سایەی سیستەمی عەلمانیدا ڕێز لە هەموو دینێک دەگیرێت و کەس ناچار ناکرێت بچێتە سەر دینێکی دیکە، بەڵام دەوڵەتی دینی، ئەو شێوازی ژیانە بەسەر خەڵکدا دەسەپێنێت کە بانگاشەی بۆ دەکات و ڕێ لە هەموو دەنگێکی جیاواز دەگرێت، تەنانەت ئەگەر دەنگێکی ڕیفۆرمخوازی سەر بە دینی فەرمییش بێت. عەلمانیبوون جاڕدانی جەنگ نییە لە دژی دین، قەبووڵکردنی ئەوی دیکەیە، سەر بە هەر ئایین و کولتوورێک بێت. عەلمانیبوون دیالۆگێکی هەمە لایەنەیە، لە گۆشەنیگا جیاوازەکانەوە، بە مەبەستی شکاندنی ئەو تابووانەی جەهل بەرهەمی هێناون و عەقڵی خەڵکانێکی زۆریان سڕ کردووە.

دەقی پیرۆز سیستەمێکی دیاری نەکردووە تا دەوڵەت پابەندی بێت، بەڵکوو موسوڵمانانی سەرپشک کردووە، ئەو سیستەمە ڕەچاو بکەن کە لەگەڵ هەلومەرجیاندا دەگونجێت. گرنگ ئەوەیە سیستەمەکە دادپەروەر بێت، ئازادی و یەکسانی لەبەر چاو بگرێت، نە سیاسەت بکات بە دین و نە دین بکات بە سیاسەت. دەوڵەتی عەلمانی شەرعیبوونی خۆی لە پیاوانی ئایینەوە وەرناگرێت، لەڕێی هەڵبژاردنەوە لە هاووەڵاتییانی وەردەگرێت. لە سیستەمی عەلمانیدا، نە دەوڵەت دەست وەردەداتە کاروباری ئایینەوە، نە ئایین دەست لە بینی دەوڵەت گیر دەکات.

سیستەمی عەلمانی نە گوێڕایەڵی ئەو جیهادیستانە دەبێت کە لە دەستی عەدالەت هەڵاتوون، نە ملکەچی ئەو ئیسلامیستانەی لە پەرلەمانەوە بەگژ نیشتماندا دەچنەوە و نە ڕێز لەو واعیزانە دەگرێت کە مزگەوتیان وەکوو کارگەی بەرهەمهێنانی داعش لێ کردووە. ناکرێت خۆمان بە عەلمانی بزانین و لافی دیموکراتی لێ بدەین، کەچی گوتاری ئایینێک بەسەر فەزای گشتیدا زاڵ بێت. دەوڵەتی دینی بۆیە لەسەر ئاستی دونیا شکستی هێناوە، چونکە ڕێز لە بەها ئینسانییەکان ناگرێت.

*

سەرچاوەکان

 

١- علی مبروک، العلمانیە ژات جوهر إنسانی، الملحق الپقافی لجریدە الإتحاد ١٠ أب ٢٠١٧ أبوڤبی.

٢- د. ألفە یوسف، الدولن الدینیە خارج العصر، الملحق الپقافی لجریدە الإتحاد ١٠ أب ٢٠١٧ أبوڤبی .

٣-حنا عبود، الخروج علی اڵایدولوجیا، الملحق الپقافی لجریدە الإتحاد١٠ أب ٢٠١٧ أبوڤبی. 

٤- أحمد فرحات، حرکە تحریر من عمی التعصب الدینی، الملحق الپقافی لجریدە الإتحاد١٠ أب ٢٠١٧ أبوڤبی.

٥-أم الزین بنشیخە المسکینی، کانت ونقد التعصب، الملحق الپقافی لجریدە الإتحاد ١٠ أب ٢٠١٧ أبوڤبی.

٦- هاشم صالح، هژه هی العلمانیە، الملحق الپقافی لجریدە الإتحاد ١٠ أب ٢٠١٧ أبوڤبی .

٧- الفاهم محمد، الفکر العلمانی، الملحق الپقافی لجریدە الإتحاد ١٠ أب ٢٠١٧ أبوڤبی.

٨- محمود عبداللە، صحافە تنویریە، الملحق الپقافی لجریدە الإتحاد ١٧ أب ٢٠١٧ أبوڤبی.

٩- أمین مسعود، الڤلمە والدیاجیر، الملحق الپقافی لجریدە الإتحاد ١٧ أب ٢٠١٧ أبوڤبی.