ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

نووسینى: د.چواس حسن

 (هەموو رۆژێک پێشمەرگە بەگیانى خۆیان شکۆى ئاڵاى کوردستانیان بەرز ڕاگرتووە، سڵاو لەگیانفیداى و بەخشندەییان)

ئاڵا و هێز دوانه‌يه‌كى له‌يه‌كدى دانه‌بڕاون. هه‌ميشه‌ به‌ته‌نيشت يه‌كتره‌وه‌ن، ته‌ريبن به‌يه‌كترى، تا ئه‌وه‌ى ناكرێت ئاڵا بێ هێز هه‌ڵبدرێت، هه‌ر ئاڵاشه‌ نوێنه‌ر و ناسنامه‌ و به‌رجه‌سته‌كه‌رى هێزه‌.

گه‌شتى دوانه‌يى ئاڵا و هێز زۆر كۆنه‌، به‌رده‌وامه‌، بێ كۆتايه‌. قه‌ت له‌يه‌كترى جيانه‌بوونه‌ته‌وه‌ و نابنه‌وه‌. هه‌ڵكردنى ئاڵا هه‌ميشه‌ دواى به‌كارهێنانى هێز دێت، بۆيه‌ يه‌كه‌م كارى هێزى سه‌ركه‌وتوو هه‌ڵكردنى ئاڵاكه‌يه‌تى. كاتێك هێز سه‌رده‌كه‌وێت، ئاڵاكه‌ى به‌سه‌ر قه‌ڵه‌مڕه‌ويه‌كه‌يدا ده‌شه‌كێته‌وه‌. كاتێكيش ئاڵا ده‌شه‌كێته‌وه‌ ده‌زانين هێزى كێ گه‌يشته‌ كوێ. قه‌ت نه‌بووه‌ و نابێت ئاڵا به‌بێ هێز هه‌ڵبدرێت. قه‌ت نه‌بووه‌ و نابێت ئاڵا به‌بێ هێز به‌رده‌وام بێت.

ئه‌وه‌ ئاڵايه‌ سیمبوڵی هێزه‌، به‌رجه‌سته‌ى هێزه‌. تيژ تيژ ده‌چێته‌ چاوى هه‌ركه‌سێك و به‌توندى پێى ده‌ڵێت: چ هێزێك لێره‌ سه‌روه‌ره‌، فه‌رمانڕه‌وه‌. ئاڵا سنورى نێوان هێزه‌كان ديارى ده‌كات.

ڕێزى ئاڵاكان له‌ ده‌ره‌وه‌ى قه‌ڵه‌مڕه‌وى هێزه‌كانياندا زۆر گرنگ نيه‌، به‌ڵكو گرنگه‌ له‌چوارچێوه‌ى قه‌ڵه‌مڕه‌وى خۆیاندا، چه‌ند شكۆدار‌بن؟ یان چه‌ند به‌به‌هابن‌؟

به‌هاى ئاڵاكان له‌ ڕێزى دوژمن و نه‌يارانيه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ناگرێت، به‌ڵكو له‌ ڕێز و خۆشه‌ويستى و ئينتماى لايه‌نگرانى دايه‌ بۆ ئه‌و هێزه‌ى ئاڵاكه‌ سیمبوڵیەتی.

گرنگ نيه‌ نه‌يارانمان ئاڵاكه‌مان ده‌سووتێنن، گرنگ ئه‌وه‌يه‌ ئێمه‌ چه‌ند له‌ژێر په‌رچه‌مى ئه‌و ئاڵايه‌دا يه‌كڕيزين؟ چه‌ند بۆ ئه‌و هه‌رێم و نه‌ته‌وه‌يه‌ى، ئه‌و ئاڵايه‌ نوێنه‌رايه‌تى ده‌كات، دڵسۆزين؟ چه‌ند به‌شه‌كاوه‌يى ده‌يهێڵينه‌وه‌ و تا كوێى ده‌گه‌يه‌نين؟

بۆيه‌ وه‌ڵامى هه‌ره‌ كه‌مه‌رشكێن بۆ دوژمنانی ئاڵاكه‌مان، خۆشه‌ويستى پترى ئێمه‌يه‌ بۆ ئه‌و هێزه‌ى ئاڵاكه‌مان نوێنه‌رايه‌تى ده‌كات (كوردستان) .

كه‌واته‌ پره‌نسيپه‌كه‌ ئه‌وه‌يه‌:

من (هێز) لێره‌م كه‌واته‌ ئاڵاكه‌م لێره‌يه‌... ئاڵاكه‌م لێره‌يه‌ كه‌واته‌ من لێره‌ به‌هێزم.

 

  • 1