ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

جاران لە گەڕەکێک ئەو ماڵانەی کە تەلەفیزیۆنیان هەبوو لە پەنجەی دەست تێپەڕی نەدەکرد، جگەلەوەی کەمتیرن کات سەرقاڵی سەیرکرنی تەلەفیزیۆن دەبوون، ئەوەش بەهۆی کەمبوونی دەرامەتی خەڵك و ئامێرەكان بوو، بەڵام لەگەڵ زۆربوونی و گەشەسەندنی تەکنەلۆژیا، وردە وردە ئەو ماڵانەی کەمێک بارودۆخی ژیان ڕێگای پێدەدان و توانای داراییان بەرەو پێش دەچوو، هەڵدەستان بە كڕینی ئەو ئامێرە! بۆ ئەوەی لە بینینی هەواڵەکان و دراماکان بێبەش نەبن.

لەدوای ڕووخانی ڕژێمەکەی (سەدام حوسێن)، لە باشووری كوردستان ئیدی ئەوانەی كە ئەزموون و شارەزابوون لە دەرهێنانی دراما، خۆیان خزاندە ناو گۆڕەپانەکە و وێنەیەکی جوانی دابونەریتی كوردەوارییان پیشانی كۆمەلًگا دەدا. ڕاستە بەو شێوازەی كە ئێستا هەیە ئەزموونەكە وا نەبوو، بەڵام سەرەتایەكی زۆر باشبوو، کە زۆرن ئەوانەی ئێستاش هەر بەیادی ئەو ڕۆژانە دەژین، چونکە ئەو درامایانە لە ڕێچکەی کولتوور و دابونەریتی کوردەواری لای نەدەدا، بەڵام خەریکە ئەو درامایانە ڕوو لە نشێوی دەكەن، ئەویش لەوانەیە هۆکاری خۆی هەبێت، نەبوونی داهات و پاڵپشتی و خەرجی پێویست، ئەمەش پێویستە حکوومەت پاڵپشتیان بکات بۆ درێژەپێدانیان، بۆ ئەوەی دراما بیانییەكان نەبنە جێگرەوەی ئەوان. 

ئەوەی سەیرە، ئێستا هاووڵاتییان زۆرترین بینەری ئەو دراما بیانییانەن، ئاشنایەتییان لەگەڵیان پەیداكردووە تەنانەت ئەگەر ڕۆژێک نەیبینن، تیونیویەتیان ناشکێت! بگرە لە هەندێك مەجلیسەكانیش كاتی خۆیان دەدەنە گێڕانەوەی ئەو زنجیرانە كە جگە لە زیان هیچ سوودێكی نییە. ئەوەی زیاتر و وەک مێوانێکی ناوەخت کە جگە لە نەهامەتی و ماڵوێرانی و هەڵوەشانەوەی خێزان و پەرەسەندنی کێشە بەردەوامەکان، هیچی تری پێنییە ئەوە دراما (تورکییەکان)ە. كە ئەو درامایانە هەموو هێڵە گشتییەکانی تێپەڕاندووە، وەک نەخۆشییەکی کوشندە کە دەبینین هەر ڕۆژە و هەواڵی کوشتن و خۆسوتاندن و هەڵوەشاندنەوەی خێزان، دەبێتە مانشێتی دەزگاكانی ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیاكان کە بەشێكی ئەوانەی تووشی ئەو ڕووداوانە دەبن سەرچاوەكەی ئەو درامایانەبوون.

ئەو درامایانە وەک قوتابخانەیەکی دۆڕاو كە خەریکە هەموو وانەكانی ژیان بە كولتوورێكی ناشیرین كە ناكۆكە لەگەڵ ئێمە پیشان دەدەن و بەداخەوە خەڵكیش لاساییان دەکەنەوە ئاخر بەرهەمی ئەو درامایانە بریتیین لە( خیانەت، دزیی، قۆڵبڕین، بێڕێزی كردن بە گەورە و بچووك، دەست خستنە ناو ژیانی تایبەتییەوە، تەڵاقدان... هتد) كە ئەمانە بەشێكن لە ڕووداوەكانی ئەم درامایانە. هەربۆیە بەڕاستی جێگای هەڵوەستەیە کە بەردەوامبوونی ئەم دراما توركییانە وەك پەڵە هەورێكی تەمومژاوی کاریگەرییەكی سلبی لەدوای بەجێ دەمێنێت، كە ئەوەش هەڵبەتە جیاوازی ژیانی كولتووری ئەو وڵاتانەیە لەگەڵ ئێمە كە بێڕێزی بەهەموو جوانییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان دەكات كە خۆی كەوتۆتە گۆمێكی قوڵەوە توانای ئەوەی نییە بێتە دەرەوە، ئیدی سنورەكانی خۆی دەبەزێنێت، دەچێتە وڵاتی ترەوە و كە ئەمەش لە ڕێگای ترساندن و تۆقاندن و تۆپبارانكردن و دراماكانیان بەربوونەتە گیانی كۆمەڵگاكەمان. گومان لەوەش نییە ئەو كەناڵانەش كە ڕێگا بەخۆیان دەدەن درامایەكی ئاوا كە هیچ كاتێ لە دابونەریتی كوردەواییەوە نزیك نییە، وەریدەگێڕنە سەرزمانی كوردی و بۆ دەستكەوتنی قازانجێك و زۆربوونی بینەری كەناڵەكەیان! كەواتە توركیا بە دوو شێواز شەڕی خۆی بەردەوام دەكات لەبەرانبەر ئێمە.

یەكەم: چەك، كە هەمیشە گوندەكانمان دەكوتێ.‌ 

دووەم: دراماكانی، كە بەبێ‌ فلتەر دەچێتە ماڵەكانمانەوە.

بۆیە پێویستە هەر درامایەكی بیانی پێش بڵاو كردنەوەی بە فلتەری وەزارەتی ڕۆشنبیری حكوومەتی هەرێمی كوردستان تێپەڕێت، بۆ ئەوەی وردبینی بكرێت كە ئاخۆ گونجاوە بۆ بڵاوكردنەوە یان نا، ئەوەی كە بڕیاری لەسەر دەدات هەر بەڕاستی بەرژەوەندی گشتی بخاتە پێش بەرژەوەندی تایبەتی.

  • 1