ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ئێستا كه‌ركوك كه‌ركوكی پێش 16ی ئۆكتۆبه‌ر نیه‌ ، كه‌ركوكی ئێستا كه‌ركوكی دوای ئه‌و به‌رواره‌ ره‌شه‌یه‌،

ئێستا كه‌ركوك سیما جوانه‌كه‌ی پێش 16ی ئۆكتۆبه‌ری له‌ ده‌ستداوه‌،سیمای به‌جۆریك گۆڕاوه‌ به‌ ئاسانی ناناسرێته‌وه‌،،

ئێسستا كه‌ركوك پڕه‌ له‌ هێزو گروپی جۆراوجۆری چه‌كداری ونامۆ به‌م شاره‌، روخسارو سه‌رو سیمای چه‌كداره‌كانی ئه‌م گروپانه‌ له‌ روخسارو سیمای خه‌ڵكی ره‌سه‌نی ئه‌م شاره‌ ناچن،هه‌ریه‌ك له‌م هێزانه‌ خۆیان به‌ عه‌نته‌ری دوای شه‌ری داعش ده‌زانن،فره‌ كوێخاییه‌ ،كه‌س كتابی كه‌س ناخوێنێته‌وه‌،هه‌ریه‌كه‌و له‌ ئاوازێك ده‌خوێنن،،

له‌ دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ ئه‌م شاره‌ پڕپڕبووه‌ له‌ ئاڵای مه‌زهه‌بی ،ئاڵای تایه‌فی،ئاڵای گروپی چه‌كداری، ته‌نها ئاڵای كوردستان له‌م شاره‌ یاساغه‌،

له‌ دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ به‌ هه‌زاران خانو به‌ شێوه‌ی زیاده‌رۆیی له‌گه‌ره‌كه‌ عه‌ره‌بیه‌كان له‌لایه‌ن عه‌ره‌بی ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كه‌ دروست ده‌كرێت،،

له‌ به‌رانبه‌ردا له‌ زۆربه‌ی گه‌ره‌كه‌ كوردیه‌كان به‌تایبه‌تی گه‌ره‌كه‌ تازه‌ دروستكراوه‌كان به‌سه‌دان خێزانی كورد دوای نا ئومێدبونیان له‌ باشبونی دۆخی شاره‌كه‌یان و دڵنیابونیان له‌ بێ باكی ده‌سه‌ڵاتدارانی پێش 16ی ئۆكتۆبه‌ر له‌و دۆخه‌ ئاڵۆزه‌ی كه‌ ئه‌وان داهێنه‌ری بون خانوه‌كانیان به‌ عه‌ره‌ب فرۆشتووه‌و شاره‌كه‌یان جێهێشتووه‌،،

ئه‌م شاره‌ هێشتا پڕه‌ له‌ هه‌زاران له‌و خێزانانه‌ی كه‌ گوایه‌ ئاواره‌ی شه‌ری داعشن كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا به‌شی زۆریان پێشتر داڵده‌ده‌ری داعش بونه‌و به‌یعه‌تیان پێدابو،

پارێزگاری دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر گیانی به‌به‌ر به‌عسدا كردۆته‌وه‌،وه‌ك ئه‌وه‌ی میراتگری (ئه‌بوعه‌دای)بێت قۆڵی لێ هه‌ڵماڵیوه‌و ته‌عریبكردنه‌وه‌ی ئه‌م شاره‌ی ‌چڕكردۆته‌وه‌،ئه‌و پێكه‌وه‌ ژیانه‌ی كه‌ له‌ نێوان پێكهاته‌كانی ئه‌م شاره‌دا مێژوویه‌كی دورو درێژی خراوه‌ته‌ به‌رده‌م مه‌ترسی لێكترازان ،

به‌رێوبه‌ره‌ كورده‌كان له‌ فه‌رمانگه‌ حكومیه‌كان و به‌رپرسه‌ كورده‌كان له‌ به‌شه جیاجیاكانی فه‌رمانگه‌كان به‌ فه‌رمانی پارێزگار دوورده‌خرێنه‌وه‌و له‌به‌رانبه‌ردا كه‌سانی عه‌ره‌ب و توركمان له‌ شوێنه‌كانیان داده‌مه‌زرێن،،

بله‌ سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دوای 16ی ئۆكتۆبه‌رفۆرمی خۆراك ونفوسی ‌هه‌زاران خێزانی عه‌ره‌ب گوازراوه‌ته‌وه‌ ئه‌م شاره‌و گواستنه‌وه‌ش به‌رده‌وامه‌و كه‌سیش نیه‌ رێگری لێبكات‌، 

هەرچەندە لە بڕیاری ژمارە چواری ماددەی 140ـی ده‌ستوری عێراقدا لە ساڵی 2007 بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ئەو عەرەبە هاوردانە درا کە له‌سه‌رده‌می حوكمرانی به‌عس زه‌وی جوتیارانی كوردو توركمانیان داگیركردبو‌ بەڵام ئێستا جه‌نابی پارێزگارجارێکی دیکە ده‌ستی كردۆته‌وه‌ به‌ کارپێکردنەوەی هه‌مان ئەو گرێبەستانە‌. 

زه‌وی و زاری جوتیارانی كورد كه‌وتۆته‌وه‌ به‌رده‌م هه‌ره‌شه‌ی داگیركردنه‌وه‌،

ئه‌مساڵ نزیكه‌ی 500 هه‌زار دۆنم زه‌وی كوردو توركمان نه‌چٍندراون و كێشه‌ی بۆ دروستكراوه‌، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ گرژی و كێشه‌ی نێوان جوتیاره‌ كوردو توركمانه‌كان له‌گه‌ڵ عه‌ره‌به‌ هاورده‌كان تا دێت زیاتر ده‌بێت،

- یه‌كێتی و پارتی واتا ده‌سه‌ڵاتدارانی پێش 16ی ئۆكتۆبه‌ری ئه‌م شاره‌ به‌رپرسی سه‌ره‌كین له‌م دۆخه‌ خراپه‌ی كه‌ركوك و ده‌ست واڵاكردنی پارێزگاری كه‌ركوك،چونكه‌ به‌هۆی ململانیه‌ی نێوانیانه‌وه‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك كه‌ زۆرینه‌ی ئه‌ندامه‌كانی پارتین په‌كخراوه‌،،

ئه‌گه‌ر هه‌ردوو حزب مه‌به‌ستیان بێت و خه‌م له‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی كه‌ركوك بخۆن ئه‌وا ده‌توانن له‌رێگه‌ی كاراكردنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاو هه‌ڵبژاردنی پارێزگارێكی كورد رێگه‌ له‌ ته‌عریبكردنه‌وه‌ی شاره‌كه‌ بگرن و بریاره‌ شۆڤینیه‌كان هه‌ڵوه‌شێننه‌وه‌، چونكه‌ بریاره‌كانی نایاسایین و له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگابوونه‌،،

ئه‌وان ئێستا باكیان نیه‌ له‌دۆخی خراپی كه‌ركوك و شڵه‌ژانی ده‌رونی تاكی كوردی ئه‌و شاره‌ی یه‌كێكیان به‌ دڵ و ئه‌وی تریان به‌ قودسی پێناسه‌ ده‌كه‌ن،،

بۆیه‌ ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ری ئه‌م دۆخه‌ی ئێستای ئه‌م شاره‌ نه‌كرێت ئه‌وا به‌جۆرێك سیمای دەگۆڕێت كه‌ هه‌رگیز نه‌ناسرێته‌وه‌،،

  • 1