ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

له‌م نووسینه‌دا‌ باسی زه‌وی بۆ پێشمه‌رگه‌ی دێرینه‌و به‌ هوێ بازرگانی و گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ پێشمه‌رگه‌ی دێرین كراوه‌ به‌ دوو به‌ش، به‌شێكیان بێبه‌شن و زوییان نییه‌و ئه‌و به‌شه‌كه‌ی تریان شانسی هه‌یه‌ له‌ جیاتی یه‌ك پارچه‌ زه‌وی، دوو پارچه‌ی زه‌ویان پێدراوه‌.

كاتێك رۆڵه‌كانی گه‌ڵ وازیان له‌ خۆشی ژیانی لاوێتی و، كارو بژێوی خێزانه‌كانیان هه‌ڵگرت و، روویانكرده‌ شاخه‌ سه‌ركه‌شه‌كانی كوردستان و، بوونه‌ پێشمه‌رگه‌و چه‌كیان دژ به‌ رژیمه‌ دیكتاتۆرییه‌ خوێنمژه‌كان كرده‌ شان، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك بیری ئه‌وه‌یان نه‌كرد پاشه‌رۆژ به‌ بۆنه‌ی ئه‌م چه‌ك هه‌ڵگرتنه‌ ببنه‌ خاوه‌ن موچه‌و زه‌وی و ته‌لارو باخ و تۆتۆمبێل.

پێشمه‌رگه‌: ناوێكی به‌رزو پێرۆزه‌و، هه‌موو كات له‌پێناو بیرو باوه‌رو نیشتمان و گه‌لدا خۆی به‌خت كردووه‌و، دژ به‌ رژێمه‌ دیكتاتۆرییه‌كان و بیری شۆڤه‌نیستی و ره‌گه‌زپه‌رستی ده‌سه‌لاته‌ داگیركه‌ره‌كانی نیشتمان جه‌نگاوه‌و، به‌وه‌ش سه‌ربه‌رزی بۆ خاك و گه‌له‌كه‌ی تۆماركردووه‌و، رۆژانه‌ ناوی پێشمه‌رگه‌ ئه‌بیسترێت و، زۆربه‌ی خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێشی كوردستان و ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ پێناو ئازادی و ئاواته‌ پیرۆزه‌كانی گه‌لدا تێكۆشاون باسی پێشمه‌رگه‌ و رۆژانی سه‌ختی پێشمه‌رگایه‌تی ئه‌كه‌ن و، به‌ چاویرێزو شانازییه‌وه‌ ئه‌رواننه‌ ئه‌و مێژووه‌ پر سه‌روه‌رییه،‌ ئه‌مه‌ له‌ لایه‌كه‌وه‌و، له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ هه‌ندێ له‌ به‌رپرسانی ده‌سه‌لاتی كوردستان پێشمه‌رگه‌یان كردووه‌ته‌ وێردی سه‌ر زبانیان و، له‌ به‌شه‌كانی راگه‌یاندن ئه‌وه‌ ده‌رئه‌‌خه‌ن كه‌ (هه‌موو) داخوازییه‌كانی پێشمه‌رگه‌یان دابینكردووه‌و، هیچی تر نه‌ماوه‌ بۆیان بكه‌ن و، بۆ چه‌واشه‌كردنی جه‌ماوه‌ری گه‌ل و بۆ داپۆشینی تاوان و گه‌نده‌ڵییه‌كانیان، ، ده‌ستئه‌كه‌نه‌ لاف وگه‌زافی درۆو ده‌له‌سه.

لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه‌، تاكه‌ی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان بێده‌نگ بن، تاكه‌ی مافه‌كانیان زه‌وت بكرێن، تاكه‌ی مافه‌كانیان بدرێن به‌ كه‌سانی تر، تاكه‌ی به‌رپرسانی كوردستان ته‌نها خۆیان به‌ پێشمه‌رگه‌ بزانن و مافه‌كانی پێشمه‌رگه ‌پێشێل بكه‌ن و، بۆ خۆیان و كه‌سوكارو خزم و ده‌ستوپه‌یوه‌نده‌كانیان هه‌موو شتێك دابین بكه‌ن و، وه‌ك بڵێت كوردستان ته‌نهاو ته‌نها ولاتی ئه‌وانه‌و، ئه‌بێ هه‌موو (خه‌یرو به‌ركه‌تی) هه‌ر بۆ ئه‌وان بێت، تا كه‌ی گه‌نده‌ڵی ریسوا نه‌كرێت، تاكه‌ی رێزی جاش بگیرێت و، پێشمه‌رگه‌ فه‌رامۆش بكرێت، تاكه‌ی رێز له‌ راپۆرت نووسه‌كانی رژێمی به‌عسی فاشی بگیرێت.

ئه‌مرۆ له‌ سایه‌ی ناوی پێشمه‌رگه‌ چه‌ندان تاقم و ده‌یان هه‌زار كه‌س بوونه‌ته‌ خاوه‌ن موچه‌ی به‌رزو، خاوه‌ن ئه‌رزو كۆشك و ته‌لارو، دیاره‌ ته‌نها پێشمه‌رگه‌ مافی خۆیه‌تی به‌ ناوی پێشمه‌رگه‌ی دێرینه‌وه‌ خانه‌نشینی بكرێت و، زه‌وی وه‌ربگرێت، به‌لام ئه‌مرۆ له‌ سایه‌ی میره‌كانی كوردستان گاڵته‌ به‌ ناوی پیرۆزی پێشمه‌رگه‌وه‌ ئه‌كه‌ن و، پاره‌و ئه‌رزه‌ ئه‌بارێن و ئه‌‌یبه‌خشن و ئه‌یده‌ن به‌ باوك و دایك و خوشك و برا و خزم و، دراوسێی و كاسه‌لێس و ده‌ستوپه‌یونده‌كانیان و،

له‌ كوردستان ژماره‌یه‌ك له‌ پیشمه‌رگه‌ زه‌وی وه‌رگرتووه‌ و، ژماره‌كه‌ی تر چاوه‌روانه‌ به‌ڵام سه‌رۆك جاش و جه‌یش شه‌عبی و موختاری راپۆرت نووس و خاوه‌ن فایله‌كان كه‌ سیخورییان بۆ حزبی به‌عس و رژێمه‌كه‌ی به‌غدا ئه‌كرد زه‌وییان وه‌رده‌گرتووه‌و،

كار به‌وه‌ش نه‌وه‌ستاوه‌ هه‌ندێك له‌و سه‌رۆك جاش و موختار راپۆرت نووسانه‌ بوونه‌ته‌ ده‌مراستی به‌رپرسه‌ گه‌وره‌كان و، سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ بنچینه‌وه‌ زه‌وییان هه‌یه‌، زه‌وی تریشیان وه‌رگرتووه‌، دیاره‌ كوردستان تاپۆی ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌یه‌و، تا سه‌رۆك جاش و خاوه‌ن فایه‌ل ماوه‌ پێشمه‌رگه‌ی دێرین بێ به‌شه.‌.

هێزو پارته‌ كوردستانییه‌كان و حزبی شیوعی پێشمه‌رگه‌یان هه‌بوو، هه‌ریه‌ك له‌مانه‌ له‌ سه‌نگه‌ری گه‌لدا دژ به‌ داگیركه‌رانی كوردستان خه‌باتیان ئه‌‌كردو، هیچ كات به‌رامبه‌ر به‌ دوژمنی دیكتاتوری فاشی سارد نه‌بووه‌و‌، پێشمه‌رگه‌كانی زۆر كارامه‌و گورجوگۆڵ بوون له‌ په‌لامارداندان دژ به‌ دوژمنیان و، ئه‌گه‌ر له‌ پێشمه‌رگه‌ی لایه‌نه‌كانی تریان زۆرتر نه‌كردبێت، قه‌ت كه‌متریان نه‌كردووه‌.

خۆێنی پێشمه‌رگه‌ شیوعییه‌كان له‌ گه‌ڵ خۆێنی پیشمه‌رگه‌ی لایه‌نه‌كانی تری سه‌ر گۆره‌پانی تێكۆشان له‌ چه‌ندان شه‌رو داستاندا ئاوێته‌و تێكلاوی یه‌كتر بوو ، بۆ نموونه‌ له‌ داستانی سۆێله‌میشدا خۆێنی پێشمه‌رگه‌ی حزبی سۆشیالیستی كوردستان تێكلاوی خۆێنی پێشمه‌رگه‌ نه‌مره‌كانی حزبی شیوعی بوو، هه‌روا له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ دلێره‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ گرتنی شارۆچكه‌ی قه‌ره‌داغ و، پێشمه‌رگه‌ ئازاكانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ داكۆكی كردن له‌ خاكی پیرۆزی كوردستان له‌ دێی تازه‌ شارو وئاوایی شێخ حه‌میدو بناری گلدا دژ به‌ پرۆسه‌ی چه‌په‌ڵی ئه‌نفال و، له‌ ده‌یان شه‌رو داستانی تردا.

له‌ سلیمانی به‌ هه‌وڵ و كۆششی هاورێیانی حزبی شیوعی و براده‌رانی یه‌كێتی نیشتمانی كۆمه‌ڵه‌ی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان دامه‌زراو دیاره‌ ئه‌و كاره‌ش، كارێكی باش و پۆزه‌تیڤانه‌یه‌ بۆ داكۆكی كردن له‌ مافی ره‌وای پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان و، هه‌وڵیان داوه‌ پێشمه‌رگه‌ی هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌ ده‌وری خۆیاندا كۆ بكه‌نه‌وه‌و، به‌لام خواستیان تا ئێستا نه‌هاتووه‌ته‌ دی و، پێشمه‌رگه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان دووره‌په‌رێزن و، نایانه‌وێ خۆیان به‌و كۆمه‌ڵه‌یه‌ گرێ بده‌ن.

من وه‌ك سه‌دان وهه‌زاران پێشمه‌رگه‌ له‌ ولاته‌كه‌م مافم خوراوه‌و، بستێك (زه‌وی) یم پێنه‌دراوه‌و، زۆربه‌ی ناسیاوه‌كانم باوه‌ر ناكه‌ن و، هه‌ندێكیان سویند به‌خواو به‌ پێغه‌مبه‌رو به‌ (موقه‌ده‌سات) و ته‌لاق ئه‌خۆن كه‌ زه‌ویم وه‌رگرتووه‌و ، بۆیه‌ بێده‌نگم.‌.

من تا ئێستا (یه‌ك بست زه‌وی) یم وه‌رنه‌گرتووه‌و، هیچ كات بێده‌نگ نه‌بووم و، له‌ زۆر بواردا باسم لێیكردووه‌و، هه‌میشه‌ وتوومه‌ ناسیاوه‌كانم (هه‌قیان) ه‌ باوه‌رم پێ ناكه‌ن و، روو به‌ روو پێم ئه‌ڵێن : ئه‌گه‌ر زه‌وی به‌ (تۆ) ی خاوه‌ن تێكۆشانێكی زۆر نه‌درابێت، ئه‌ی به‌ كێ دراوه‌و، به‌ كێی ئه‌ده‌ن؟؟

 

ولامدانه‌وه‌ی ئه‌و به‌رێزانه‌ ئاسان نییه‌و، بگره‌ زۆر سه‌خته‌و، ئه‌بی بڵێم : راسته‌ زه‌وی به‌ به‌شێك پێشمه‌رگه‌ دراوه‌و، ئه‌وه‌ش مافی خۆیانه‌و، جێی دڵخۆشی ئێمه‌ی پێشمه‌رگه‌و ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ دڵسۆزی گه‌ل و نیشتمانن و، من لێره‌دا ناچارم به‌ (راشكاوی) ئاماژه‌ به‌و كه‌سانه‌ بده‌م كه‌ له‌ ریزی به‌عسی دیكتاتۆری كاریان كردووه‌ وه‌ك سیخور، راپۆرت نووس، جاش و موسته‌شارو كارمه‌ندی پایه‌ به‌رزی داموده‌زگاكانی رژێمی گۆر به‌ گۆرو، ئه‌مرۆش هه‌ر ئه‌وان له‌ ریزی پێشه‌وه‌ن و، بوونه‌ته‌ خاوه‌ن ماف له‌ ئه‌رز وه‌رگرتن، مووچه‌ی باش وپله‌وپایه‌ی به‌رزو نایاب و ئه‌ندامی پارله‌مان و موسته‌شاری سه‌روكه‌كان و هتـــــد..

من داوا له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و، وه‌زاره‌تی دارایی ئه‌كه‌م مافی هه‌موو لایه‌ك وه‌ك یه‌ك بپارێزن و، جیاوازی له‌نێوان پێشمه‌رگه‌كانی حزبی شیوعی وپارتی و یه‌كیتی و سۆسیالیست و زه‌حمه‌تكیشان نه‌كرێت و، به‌ یه‌ك چاو سه‌یری هه‌مووان بكرێت و، هه‌وڵبدرێت یارمه‌تی ته‌نها بۆ حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات نه‌بێت و، بچن به‌ هانای پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان كه‌ ساڵانه‌ ژماره‌یه‌كیان كۆچ ئه‌كه‌ن.

20/12/2018