ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 دیدگه‌لێك سه‌باره‌ت به‌ هێله‌گ زه‌رده‌كان

هه‌وڵێك بۆ تێگه‌شتن له‌ بزووتنه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان

 

هەردی مێد

زانکۆی پاریس

 ماوه‌ی دوو مانگه‌‌ هێله‌گ زه‌رده‌كان له‌ ناڕه‌زایه‌تی و خۆپیشاندانیان به‌رده‌وامن. ئه‌م بزاوته‌ له‌ فه‌ره‌نسا به‌ ئه‌ندازه‌ی ئه‌وه‌ی بۆته‌ ڕۆژه‌ڤ و بازاڕی هه‌واڵی میدیاكان، ئه‌وه‌نده‌ش شوێنی تێفكرین و دێبه‌تی نێوان لێكۆڵه‌وه‌رانی بواری بزووتنه‌وه‌ ناڕه‌زایی و یاخیبووه‌كان. له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه‌، به‌ گرنگم زانی سه‌باره‌ت به‌ هێله‌گ زه‌رده‌كان ئاماژه‌ به‌ چه‌‌ند سه‌رنجێك بكه‌م.

 به‌شی یه‌كه‌م

هێله‌گ‌ زه‌رده‌كان كێن؟

هێله‌گ زه‌رده‌كان له‌ به‌راییدا ته‌نیا به‌كاربه‌ران و شوفێری‌ ئۆتۆمبیل بوون، كه‌ به‌ به‌مه‌به‌ستی سه‌ركۆنه‌كردنی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی به‌نزین ڕژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و ده‌نگیان هه‌ڵبڕی. ده‌وڵه‌ت نرخی به‌نزین به‌رز ده‌كاته‌وه‌ به‌ ئامانجی گوایه‌ ناچاركردنی خه‌ڵك كه‌ ئۆتۆمبیله‌كانیان به‌ كارنه‌هێنن و به‌مه‌ش ژماره‌یان كه‌م بكاته‌وه‌ له‌ پێناو پاراستنی ژینگه‌ و دڕدانی پیسبوونی. وه‌لێ، ئه‌م پێوودانگه‌ كه‌ ئامانجی پاراستنی ژینگه‌ی هه‌یه‌، دواجار ڕه‌چاوی ئه‌وه‌ ناكات كه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی ڕۆژانه‌ ئۆتۆمبێل به‌كارده‌هێنن بۆ یه‌ك مه‌به‌ست و ئامانج به‌كاری ناهێنن. گه‌ر بۆ هه‌ندێكیان له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ كه‌ نایانه‌وێت میترۆ، شه‌مه‌نده‌‌فه‌ر و تراموای بگرن، چونكه‌ نایانه‌وێت تێكه‌ڵی ڕه‌شوڕووت و عه‌وام بن، ئه‌وا بۆ هه‌ندێكی دییان ئۆتۆمبێل وه‌سیله‌ی‌ په‌یداكردنی قوتی ڕۆژانه‌یه‌. هێله‌گ زه‌رده‌كان له‌و ئۆتۆمبیلیستانه‌ن‌ كه‌ ئۆتۆمبیله‌كانیان مه‌رج و ئامرازی كار و گه‌شتنیانه‌ به‌ نانی ڕۆژانه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی پرسیاره‌ ئه‌وه‌یه‌: بۆچی هێله‌گی زه‌رد‌ ده‌بێت به‌ هێمایان؟

له‌م چه‌ند ساڵه‌ی رابردوو ده‌وڵه‌ت به سه‌ر هه‌موو شوفێرێكدا، چ گشتی یان تایبه‌ت، شاری یان ده‌ره‌وه‌ی شار، هه‌ڵگرتنی هێله‌گی زه‌ردی سه‌پاندبوو. ئه‌م هێله‌گه‌ چه‌ند به‌ ناوی ئامرازی سه‌لامه‌تی به‌ سه‌ر شوفێراندا سه‌پێنرابوو، ئه‌وه‌نده‌ش نیشانه‌ و ره‌مزی ده‌سه‌ڵات و جه‌به‌ڕووتی ده‌وڵه‌ت بوو. هه‌ر بۆیه‌، شوفێران له‌ یه‌كه‌م هه‌نگاوی خۆپیشاندانیان وه‌ك ره‌مزی یاخیبوون و به‌گژاچوونه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت‌ به‌كاریده‌هێن. به‌ مانایه‌كی دی، شوفێران ده‌یانه‌وێت بڵێین : گه‌ر تۆ ده‌وڵه‌ت به‌م هێله‌گه‌ زه‌رده‌ ده‌سه‌ڵات و هه‌یمه‌نه‌ی خۆت نمایش كرد له‌ رابردوو، ئێمه‌ش ئێستا هه‌ر به‌م هێله‌گه‌ ده‌سه‌ڵاتت ده‌خه‌ینه‌ ژێر لۆمه‌وه‌، هاوكات ده‌یكه‌ن به‌ هێمای به‌تاڵكردنه‌وه‌ی. هه‌ر بۆیه‌، خۆپیشانده‌ران هێله‌گی زه‌رد ده‌كه‌نه‌‌ ره‌مزێك بۆ خۆجیاكردنه‌وه‌ له‌ پانتایی شاردا، هاوتا ئامرازێك بۆ كۆكردنه‌وه‌ و دروستكردنی هه‌ستی هاوبه‌ش له‌ نێوانیاندا.

به‌ هه‌رحاڵ، هێله‌گ زه‌رده‌كان گه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ته‌نیا له‌ شوفێران پێكهاتبوون، ئێستا چه‌نده‌ها پیشه‌مه‌ندی دی بوونه‌ته‌ به‌شێك له‌م بزووتنه‌وه‌ ناره‌زاییه‌. وه‌لێ، هه‌ر خۆپیشانده‌رێك، پیشه‌كه‌ی هه‌ر چیبێت، ده‌بێت هێله‌گی زه‌رد بپۆشێت. واته‌،‌‌ هێله‌گی زه‌رد ده‌بێته‌ مه‌رج و ده‌لاقه‌ی چوونه‌ ژووره‌وه‌ی ناو خۆپیشاندانه‌كان و ئامرازی به‌رهه‌مهێنانی ڕایه‌ڵ و ره‌مزی هه‌ستیێكی هاوبه‌شیی یاخی.

  پرسی نوێنه‌رایه‌تیكردن و سحری وته‌بێژ

بۆردیۆ وه‌ك یه‌كێك له‌ تیۆرسازه‌كانی "نوێنه‌رایه‌تیكردن" پێی وایه‌ وته‌بێژ رۆڵێكی جه‌وهه‌ری له‌ دروستكردنی ئه‌و گرووپه‌ ده‌بینیت كه‌ ده‌بێته‌ ده‌نگ و نماینده‌یان. به‌ كورتی ئه‌وه‌ وته‌بێژه‌ كه ‌جه‌سته‌ به‌ گرووپێك ده‌به‌خشێت و ده‌یكات به‌ گرووپێكی بینراو، بیستراو و حساب بۆكراو. تا گرووپ وته‌بێژی نه‌بێت كه‌ نوێنه‌رایه‌تی بكات و به‌ ناوی ئه‌وانه‌وه‌‌ داوای مافه‌كانیان بكات، گرووپ له‌ دۆخی نه‌بووندان. لای بۆردیۆ، بوونی گرووپ به‌ بوونی وته‌بێژدا تێده‌په‌ڕێت. ئه‌م بۆچوونه‌ی بۆردیۆ كه‌ بۆتە بنه‌ما و چوارچێوه‌ی دنیایه‌ك له‌ ئه‌ده‌بیات و نووسین له‌ سه‌ر گرووپه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ئه‌مڕۆ له‌ ئاست "هێله‌گ زه‌رده‌كان" هیچ توانایه‌كی شرۆڤه‌كاری و شته‌ڵكاری ئه‌وتۆی نییه‌، چونكه‌ هێله‌گ زه‌رده‌كان تا ئێستا بێ وته‌بێژن و شێلگیرانه‌ كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ هیچ وته‌بێژ، نوێنه‌ر و ده‌مسپییه‌ك سه‌رهه‌ڵنه‌دات و به‌ ناوی ئه‌وانه‌وه‌ بچێته‌ نێو ره‌وتی دانوستاندن و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تدا. ده‌وڵه‌ت زۆر ڕێگه‌ و ئامرازی تاقیكرده‌وه‌‌ بۆ ئه‌وه‌ی وته‌بێژێك بۆ هێله‌گ زه‌رده‌كان دروست بكات و له‌ ڕێگه‌ی ئه‌مه‌وه‌ كۆنتروڵی ره‌وته‌كه‌یان بكات، وه‌لێ هێله‌گ زه‌رده‌كان له‌ پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌وڵه‌ سه‌ركه‌وتوو‌بوون. له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه‌، ئه‌وه‌ی زۆر گرنگه‌ و جێی سه‌رنجه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نه‌بوونی وته‌بێژ و نوێنه‌ر، هیچ كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆی له‌ رێكی، رێكخراوه‌یی، گونجاوی داواكاری، دیاریكردنی كات و شوێنی خۆپیشاندان…تد هێله‌گ زه‌رده‌كان نه‌كردووه‌. هێله‌گ زه‌رده‌كان سه‌ره‌ڕای فره‌یی ناسنامه‌، دنیابینی، ناوچه‌یی… یان و نه‌بوونی وته‌بێژ، له‌حاڵی حازردا وه‌ك ره‌وتێكی پته‌و و یه‌كانه‌ دێنه‌ به‌ردید. ئه‌م گونجاوییه‌ش هه‌م له‌ رێكخستنی كاتی خۆپیشاندانه‌كانیان له‌ سه‌ر ئاستی فه‌ره‌نسا ده‌رده‌كه‌وێت، هه‌م له‌ داواكارییه‌كانیان كه‌ به‌ سه‌ریه‌كه‌وه‌ په‌یوه‌ندیداری یه‌كن و دوورن له‌ هاودژی و ناسازێتی. ڕاسته‌، له‌ نێو هێله‌گ زه‌رده‌كان ڕاستڕه‌وی توندڕه‌و زۆرن، به‌ڵام چه‌پی توندڕه‌وش هه‌ن و ژماره‌یان كه‌م نییه‌.

 

 خه‌بات بۆ پێناسه‌كردن و به‌خشینی ره‌چه‌ڵه‌كی مێژووی

له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدان و هێدی هێدی به‌رفراوانبوونی خۆپیشاندانه‌كان، هه‌م خودی هێله‌گ زه‌رده‌كان، هه‌م ئه‌وانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وان ته‌ماشاكه‌رن كه‌وتنه‌ دۆزینه‌وه‌ی ڕه‌چه‌ڵه‌ك و به‌را‌وركردنی ئه‌م ره‌وته‌ ناره‌زاییه‌ به‌ بزاوت و جوڵانه‌وه‌ ناره‌زاییه‌كانی رابردووی فه‌ره‌نسا. به‌راوردكردن و دۆزینه‌وه‌ی ڕه‌چه‌ڵه‌ك بۆ ئه‌م بزاوته‌، له‌ راستیدا به‌شێكه‌ له‌ خه‌بات بۆ سه‌پاندنی پێناسه‌یه‌ك به‌ سه‌ریاندا. به‌ كورتی، هه‌ندێك به‌ مه‌به‌ستی‌ له‌كه‌داركردنی بزاوته‌كه‌، هه‌ندێكی دیش به‌ ئامانجی به‌خشینی سه‌رمایه‌كی ره‌مزی و قورساییه‌كی مێژووی هه‌وڵ و ته‌قه‌لاكانیانن چڕكردۆته‌وه‌ بۆ سه‌پاندنی پێناسه‌ و چوارچێوه‌یه‌ك به‌ سه‌ر ره‌وته‌كه‌دا.

له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه‌، هه‌ندێك، كه‌ زیاتر بوروژوا نزیك به‌‌ پارته‌ راستڕه‌وه‌‌ میانڕه‌وه‌كان، ئه‌م بزاوته‌ به‌ راپه‌ڕینی جووتیاره‌كانی سه‌ده‌ی چوارده‌هه‌م كه‌ له‌ دژی به‌رزبوونه‌وه‌ی زه‌ریبه‌ له‌ دژی پاشا راپه‌رین بوون ده‌چوێنن. راپه‌رینی جووتیاره‌كان به‌ "راپه‌رینی جاكری"یه‌كان ناسرابوو، واته‌ به‌ ناوی ئه‌و چاكه‌ته‌ شڕوپڕه‌ كورته‌ی جووتیاره‌كان له‌ پای هه‌ژاری و نه‌داریاندا پۆشیبویان. ئه‌وانه‌ی ئه‌م بزاوته‌ به‌ جاكرییه‌كان به‌راورد ده‌كه‌ن، له‌راستیدا مه‌به‌ستیانه‌ هێله‌گ سه‌رده‌كان به‌رنه‌وه‌ باوه‌شی چاغی ناوه‌ند، كه‌ به‌ چاغی دواكه‌وتیی و تاریكی ناسراوه‌، له‌ پێناو سوكایه‌تیپێكردنیان و تێكشكاندنی ئه‌و به‌رچاوه‌یه‌ی به‌ ده‌ستیان هێناوه‌ له‌ سه‌ره‌تای خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌. هه‌ندێكی ترش، كه‌ زیاتر نزیكن له‌ چه‌پڕه‌وه‌ توندڕه‌وه‌كان و به‌ چاوی گومانه‌وه‌ له‌ هێله‌گ زه‌رده‌كان ده‌ڕوانن، به‌ بزووتنه‌وه‌ی "پۆژادیسته‌كانیان" ده‌چوێنن، ئه‌مه‌ش به‌ ئامانجی ئه‌وه‌ی هێله‌گ زه‌رده‌كان بخه‌نه‌ باوەشی ڕاستڕه‌وه‌ توندڕه‌وه‌كان، چونكه‌ بوژادیسته‌كان بزووتنه‌وه‌یه‌كی پۆپیلیستی راستڕه‌و و ناسیۆنالیست بوون و له‌ بورژوای بازرگان و خاوه‌ن سه‌رمایه‌كان پێكهاتبوون. له‌ په‌نجاكانی سه‌ده‌ی رابردوو داوای پاراستی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان له‌به‌رانبه‌ر كرانه‌وه‌ی ئابووری وڵات به‌رووی ده‌ره‌وه‌دا ده‌كرد. به‌ كورتی خه‌باتیان بۆ داخستنی سنوره‌كانی وڵات ده‌كرد، و دژی یه‌كێتی ئه‌وروپا بوون.

هێله‌گ زه‌رده‌كان ئه‌وان خۆیان به‌ شۆڕشی فه‌رنسی و بزووتنه‌وه‌ی ٦٨ ده‌چوێنن. ده‌یانه‌وێت به‌م به‌راورده‌ وه‌ك هه‌ڵگری په‌یامی دادپه‌روه‌ری، ڕچه‌شكێن و نوێبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ربخه‌ن. به‌ گشتی، پێناسه‌كردنی هێله‌گ زه‌رده‌كان ئاسان نییه‌. به‌ڵام، به‌ گشتی ده‌توانین بڵێین هێله‌گ زه‌رده‌كان هه‌ڵگری په‌یامی كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری نوێگه‌را نین، واته‌ داواكانیان ناچنه‌ خانه‌ی نوێبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و شكاندنی به‌ربه‌سته‌ كولتووری و هێزه‌ دواكه‌وتوو و پارێزگاره‌كان، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ شۆڕشی فه‌ره‌نسی و ساڵی ٦٨ روویدا. ئه‌وان دژی نیزامی باو نین، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ته‌نیا داوای هه‌ندێ چاكسازی ده‌ستگایی، رێكخستنه‌وه‌ی كایه‌ی ئابووری و ئاوه‌ڕدانه‌وه‌ له‌ چینه‌ هه‌ژار و به‌شمه‌ینه‌ته‌كان ده‌كه‌ن.

  • 1