ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دەربارەی ژنکوشتن یا بەکارهێنانی زەبروزەنگ و سوکایەتی بەرامبەر بە ڕەگەزی مێینە، [نوال سعداوی] هۆکارەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ سێ هۆکاری سەرەکی کە بریتین لە [ ئاین واتە ئاینی ئیسلام، ، دابوونەریتی دواکەوتوو ،دەسەڵات وەک دەزگایەکی کەمتەرخەم و ڕێگە خۆشکەربۆ تووندووتیژی].

ئەم فاکتەرانە تێکڕا بۆ ماوه‌ی نزیکەی {30} ساڵە بوونەتە هۆکار و پاڵنەر بۆ کووشتنی هەزارەها ژنی بێتاوان لە کوردستاندا. 

کەم هەفتە هەیە گوێبیستی کوشتنی ژنێک نەبین ،ئیدی بە خۆسووتاندن ،کووشتن بە فیشەک، خنکاندن و شێوازی دیکە. لەبەر ئەوەی مێینە کووشتن بوەتە دیاردە هەر بۆیەش زۆر بە ئاسانی قەبوڵ کراوەو وەک کارێکی ڕۆتین سەیرکراوە ، پاش یەکدووڕۆژ لە باسکردنی تراژیدیایەکی ژن کووشتن لە میدیاکان و دەربڕینی ناڕەزایی و پرۆتەستی هەندیک لە ڕێکخراوەکانی ژنان و چالاکوانانی ئافرەت ،ئیدی تا ڕوودانی تراژیدیایەکی دیکە دیتە گۆڕێ هێدی هێدی لە یاد دەکرێت.

هۆکاری تەشەنکردنی ئەم دیاردە ترسناکە وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێدا ئەو سێ خاڵەن کە دکتۆرە [نوال سعداوی] بەجوانی دەستی خستوەتە سەریان.

یەکەم فاکتەر کە ئاینە بە تایبەتیش ئاینی ئیسلام ،لە تەکستەکانی قورئانەوە بگرە تا فەرموودەکان و قسەو هەڵوێستی ئەمڕۆی دونیای فوقەهاکانی ئیسلام ، هەموویان بە تووندترین شێوە، ناشیرینترین شیوە، بێبەزەیترین و نا ئینسانیترین شێوە دەربارەی ڕەگەزی مێینە ڕەفتار دەکەن و ئامۆژگاری بە پیاوان دەدەن کە بەپێی بنەماکانی ئیسلام لەگەڵ هاوسەرەکانیاندا بجوڵێنەوە ، لە کۆتایدا ئەم ئامۆژگاریە ژەهراویانە زۆر جار دەبنە هاندەر و پاڵنەر بۆ پیاوان کە بەخواستی مەلاکان و بە پێی فەرمان و عەقیدەی ئیسلامی مامەڵە لەتەک هاوسەر ،خوشک، کچی خۆیاندا بکەن.

مەسەلەی لێدان لە هاوسەر لە ئیسلامدا قەدەغە نیەو تەنانەت پەیامبەر خودی خۆی ئەم کارەی زۆر جار بەرامبەر بە ژنەکانی و بە تایبەت بەرامبەر بە عائیشە کردوە. تەنها مەرج ئەوەبووە کە ئاسەواری لیدانەکە بەجەستەیەوە دیار نەبێت. ئێستاشی لەگەڵدابێت لە کەسایەتیەکی ئیسلامیم نەبیستوە کە دژی لێدانی هاوسەر بێت ،بەڵکو بە ئامانەتەوە پەیڕەوەی دەکەن .ئەوەتا یەکێک لە بانگخوازە ئیسلامیەکانی عەرەب بە نێوی [دکتۆر محمد شحرور] لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا جەخت لەسەر لێدانی ژن دەکاتەەوە دەڵێت : {ان الله كرّم المرأه بعقوبه الضرب} ، 

واتە خوا پاداشتی ژنانی بە سزای لێدان داوەتەوە .پیاوانی ئاینی و بانگخوازەکانی کوردیش بەردەوام لە مینبەری مزگەوتەکانەوە لە شاشەی تێڤێکانەوە لە کۆبوونەوە و بۆنە ئاینیەکاندا ، پیاوان هاندەدەن ئاگایان لە ژن و کچ و خوشکی خۆیان بێت و کۆنترۆڵیان بکەن و ڕێگەیان نەدەن بۆ نمونە :

* بەتەنها بچنەدەرەوە.

* جلی جوان و ڕەنگاو ڕەنگ لەبەر نەکەن .

* دوور کەونەوە لە میکیاج و بۆن لە خۆدان .

*گوی نەگرن لە موزیک .

* لە گەڵ کوڕاندا لە قوتابخانە تێکەڵاو نەبن.

*سەیران و گەشت نەکەن.

بێگومان سەرپێچکەرانی ئەم یاسایانە زۆربەی کات دووچاری تووندووتیژی دەبنەوە ، کە زۆر جار ئەم تووندووتیژیە تەشەنەدەکات بۆ کووشتن یا بۆ ناچارکردنی ژن بە خۆ کووشتن.

فاکتەری دووەم کە دابو نەریتی دواکەوتووە زۆربەی پیاوەکان بەتووندی پابەندن پییانەوە ،ناتوانن یا ناخوازن فەرامۆشیان بکەن ،جا دەبینین کە دابو نەریت بەهیچ جۆریک لە بەرژەوەندی ڕەگەزی مێینە نیەو ئازادیەکانی زەوت دەکات ، زۆر جار دابونەریت و ئاین ئاوێتەی یەکتر دەبن و پێکەوە هارمۆنیایەکی نەشاز پێکدەهێنن و کاری خۆیان لەسەر هێشتنەوەی ژن بە دواکەوتویی دەکەن ،لە ئەنجامدا مێیینە هیچ فەزایەکی ئازادی بۆ نامێنێتەوە ، جا دەمێک هەوڵی دەربازبوون لەو دۆخە سەپێنراوە دەدات و دەخوازێت ئەوکۆت و بەندە بشکێنێت ، بە ناوی پیرۆزیەکانی دابونەریتەوە لەمپەری بۆ دروست دەبیت.

فاکتەری سێیەم دەسەڵاتە ، یەکێک لە ئەرکەکانی دەسەڵات لە هەر وڵاتێکدا دابینکردنی سەلامەتی ژیانی خەڵکە ،تەنانەت بەرپرسە لە ژیانی ئاژەڵەکانیش. حبیب بورقێبە سەرۆک کۆماری کۆچکردووی تونس لەسەرتای دەسەڵاتیدا {1957} هەستا بە دەرکردنی کۆمەڵێک یاسای باری شارستانی لە بەرژەوەندی ڕەگەزی مێ ،بۆ نمونە[قەدەغکردنی فرەژنی، بەرزکردنەوەی تەمەنی هاوسەرگیری بۆ 20 سال قەدەغەکردنی تووندووتیژی بەرامبەر بە ڕەگەزی مێینە، قەدەغەکردنی سەرپۆش و کۆمەڵێک یاسای شارستانی دیکە]. بەهۆی ئەم یاسایانەوە لە ماوەی دەسەڵاتیدا کەمترین تووندووتیژی دەرهەق بە ژنان تۆمارکران ،تا ئیستاش کاریگەری ئەو یاسایانە بەسەر کۆمەڵگای تونسیەوە ماونەتەوە و خەڵکی تونس بە شارستانیترین خەڵک ناسروان لە دەڤەرەکەدا.

ئەو کۆمەڵە یاسایانە بە دوو ئاکار کارییگەریان هەبوو ، یەکەم بوونە هۆی هۆشیارکردنەوەی خەڵک و تێگەشتن لە گرنگی ڕێزگرتن لە ڕەگەزی مێ ، دووەم ترس لە سزا قورسەکانی هەر تووندووتیژیەک بەرامبەر بە ژنان.

دەسەڵاتی هەرێم تا سەر ئێسقان بەرپرسە لە کوشتنی هەر ژنێک کە لە هەرێم ڕوودەدات. دەسەڵاتداران زۆر زۆر کەمتەرخەم و خەمساردن بەرامبەر بە تاوانباران. بۆنمونە پیاوێک لەسەر دەمەقاڵەیەک یا گومانێک یا لەسەر هێنانی ژنی دووەم هاوسەرەکەی خۆی دەکوژێت ، بە پێی پێوست و ئیستحقاقاتی یاسا مامەڵە لەگەڵ تاوانبارەکەدا ناکرێت. یاخود ڕوویداوە هەندێک جار تاوانبارێک پاش بەسەر بردنی ماوەیەکی کەم لە زینداندا بەهانەیەکی بۆ دەدۆزنەوەو ئازادی دەکەن، یا بەرپرسێکی حیزبی بە فشار بۆسەر حاکم ناچاری دەکات بکوژ ئازاد بکات، یاخود زۆر جار تاوانبار دەستگیر ناکرێت وئازادانە دەسوڕێتەوە ،ئەوەش بە پشتیوانی کەسێکی پلەداری یەکیتی یا پارتی . یاخود پاش بەسەربردنی یەکدووساڵ تاوانباران بەر لێبووردنی مەسعود بارزانی دەکەون.

دەرکەوتووە ئەوانەی بەدەوام تاوان دەکەن ئەوانەن کە پێشتر کەیسیان لە دادگا هەبووەو تاوانیان کردووە پاشان ئازاد کراون.

زۆربەمان لە یادمانە ساڵی [2010] کەسێکی چەکدار و پشتقایم بە یەکێتی ،بە ناوی [سالە مزەلی] دووخوشکی بە ناوەکانی میدیاو جوانە پاش ئەوەی دەستدریژی کردبوویە سەریان کووشتنی . ئەم کابرا دڕندەیە دەبوو دەموودەست لە سێدارە بدرایە ،چونکە مام جەلال هاتبوویە سەرخەت و ئەو بڕیارەی دەرکردبوو.

مەخابن نەک هەر لە سێدارە نەدرا بەڵکە ئەوشوینەی کەتێیدا بەندکرا بوو وەک هۆتێل وابوو، هەموو جۆرە پێداویستیەکانی تیدابوو ، بەردەوام چەندکەسێک لەسەرانی یەکێتی [کە پێدەچێت لەو ڕووه‌وە خزمەتی ئەوانیشی کردبێت] سەردانیان دەکردو بەڵێنی ئازاد کردنیان پێدەدا. هەرواش دەرچوو ،نە مامە بەڵێنەکەی خۆی بردەسەرو نە دادگاش سوربوو لەسەر بڕیارەکەی. لە ئاکامدا باوکی دووکچەکەیان ناچار کرد بە بڕێک پارەو بە سوڵحی عەشایەری دەمکووت بکەن.

جا لەدوای ئەو سکەنداڵەوە مەترسی مەزن ڕووی کردە میینە و کوردستان بووە دۆزەخی ژنان و بکوژەکانیش دەستیان کراوەتر بوو ،چونکە دڵنیابوون لەوەی هیچ سزایەکی ئەوتۆ نایانگرێتەوە.

جا گەر کاتی خۆی سالە مزەلی لەسێدارە بدرایە ئەوە دەبوو پەندو وانەو ژنکوشتنیش زۆر زۆر کەم دەبوویەوە ،چونکە ئەو سزا قورسە ترسی دەخستە دڵی هەر پیاوێكەوە بەر لەوەی تاوانەکە ئەنجام بدات بیر لە سزاکەی بکاتەوە.

ویرای ئەم خاڵانە ،بەداخەوە بڕێک لە دادوەرەکانیش بە هۆی بیرکردنەوە وتێروانینی ئاینیانەوە بە پێی یاسا سزای تاوانباران نادەن و زۆر جار پشتگیری لە پیاوەکان دەکەن ،ئەمەش نائومێدی لای ڕەگەزی مێینە درووست کردووەو و پاڵنەر بووە بۆ بڕیاری خۆ کووشتن یا هەر کارێکی نەخوازراو.

سەبارەت بە تاوانبار ،مێردی کۆچکردوو سێوە ، هەموو ئاماژەو بەڵگەکان دەیسەلمێنن کە ئەو هەستاوە بەو کارە قێزەوەنە ،چیتر پێوست بەکنەو پشکنین و گەڕان بەدووی بەڵگەدا ناکات ،مەزنترین و گرنگترین بەڵگە قسەکانی سێوە خانە بەر لە مردنی ،کە با ئاشکرا گووتی[ مێردەکەم ئەو کارەی کردووە و لێی خۆشنابم] ،ئەمەش وامان لێدەکات ئەو دڕندەیە بە [تاوانبار ]بناسێنین نەک تۆمەتبار.

لە ئێستادا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک شەپۆلێک ناڕەزایی لەوبارەوە لە ئارادایە ،هاوکات کەمپینێک پەیدا بووە بۆ داواکاری لەسێدارەدانی تاوانبار.

من بەش بەحاڵی خۆم لەگەڵ کوشتنی کەسدا نیم ،بەڵام ئەم حاڵەتە ئەم تاوانە هێندە گەورەیە هێندە بەئازارە هێندە پڕ تراژیدیایە، مرۆڤی خاوەن ویژدان ناتوانێت لە ئاستیدا بێ هەڵوێست بێت. بەڕای من گونجاوترین هەڵوێستیش داواکاری لەسێدارەدانە . ئەمەش بۆ ئەوەی چیتر ئەم تراژیدیای ژن کوشتنە بەردەوام نەبێت ،بۆ ئەوەی چیتر کەس پەنا بۆ کوشتن نەبات، بۆ ئەوەی لەوەزیاتر ناوبانگی هەرێم بە هەرێمی ژنکوژ ناشیرینتر نەکرێت ، بۆ ئەوەی کەرامەت و ژیانی ژن پارێزراوبێت و لە ترس و دۆزەخی بەردەوامدا نەژی .

هاوکات لەسێدارەدانی ئەم کەسە هەنگاوێکە بۆ بۆ ئەوەی ببێتە پەندو عیبرەت و چاو ترسێن بۆ ئەو پیاوە دڕندانەی کە ڕەفتاریان لەگەڵ هاوژینەکانیاندا ، لەگەڵ خوشک و کچەکانیاندا خراپە ، تا هەرگیز بیر لە کووشتنی ئەو کەسانە نەکەنەوە .منیش داوای خۆم دەخەمە پاڵ دواکاری ئەو کەمپینەی فەیسبووک و هەر کەسێک کە بەتەنگ ژیانی ئینسانەکانەوەیە ،با ئەو دڕندەیە بە لە سێدارەدان سزا بدرێت و سزاکەشی لەبەرچاوی خەڵکی باژێڕی چەمچەماڵ جێ بەجێ بکرێت.

بەڵێ بۆ لە سێدارەدانی تاوانباری بکوژی سێوەخان و سێ منداڵەکەی.

  • 1