ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

  

یۆڤال نوح هەراری(1976- )، مامۆستا/نوسەرێكی گەنجی ئیسرائیلییە و لەدایكبووی حەیفایە. لە ساڵی 2002دا دكتۆرا لە زانكۆی ئۆكسفۆرد دێنێت. پسپۆڕییەكەشی لە بنەڕەتدا لە مێژووی جیهان و مێژووی سەدەكانی ناوەڕاست و مێژووی سەربازییدایە. لە ویكیپیدیاشدا بە مێژوونوس(historian) ناوی هاتووە، و لە زانكۆی عیبریی ئۆرشەلیم وانەدەڵێتەوە. ئەمە سەرباری ئەو چالاكییانەی بۆ گرووپ و ڕێكخراو و گوێگرەكانی لە جیهاندا ئەنجامیدەدات. لە چوار ساڵی پێشوودا ناوی یۆڤال نوح، لەپاش وەرگێڕانی سێ كتێبی سەرەكیی بۆ زمانی ئینگڵیزی، تەقییەوە. كتێبی یەكەم، سایپێنس(مرۆڤی عەقڵمەند): كورتەمێژووی توخمی مرۆڤ(2014) كە بەپێی سایتەكەی خۆی 10 ملیۆن نوسخەی لێ فرۆشراوە. هۆمۆدیۆس(مرۆڤەخوا): كورتەمێژووی سبەینێ(2016) كە 5 ملیۆن كۆپیی لێ فرۆشراوە و ئەمساڵیش كتێبی «21 وانە بۆ سەدەی 21»ـی بڵاوكردەوە. یۆڤال نوح، بە زمانێكی ڕوون دەنوسێت كە بارگاوییە بە قووڵاییەكی زانستی و فیكری و مێژوویی و سیاسی كە جاروبار تۆنێكی تاڵ و قۆشمەئاساش دەگرێتەخۆی.

گەرچی یۆڤال لای خوێنەران و خەڵكانی زانستی لە جیهاندا پێشوازییەكی زۆری لێ كراوە، بەڵام بۆ هەندێكمان مەسەلەكە ڕاستەوخۆ دیوە زانستییەكەی نیە. بەڵكو ئەو ئاكام و ئاسۆیانەیە كە لەم ڕوانین و ئەگەرە زانستییانەی ئەوەوە دەكەونەوە. بایەخی ئیشەكەی خۆیشی هەر لێرەوە سەرچاوەدەگرێت، بەڵام پێویستی بەوەیە تۆزێك فیكرییتر و تۆختر بخرێتەڕوو. واتە هەر هێندە گرنگ نیە نوسینەكانی وەك فاكتی ڕووت یان وەعزی ئاخرزەمانی بخرێنەڕوو، بەڵكو دەبێت لەم نێوانەدا پشكی فیكر و فەلسەفە ڕوونتر قسەبكات(گەرچی لە ئەنجامگیریی نوسینەكانیدا وا دەردەكەوێت فەلسەفە بە سرووشتە كیسەڵئاساكەی خۆیەوە پێشی خێراییە زانستی و تەكنۆلۆژییەكان ناداتەوە و جێماوە). سەبارەت بەوەش كە مێژوونوسە، پارادۆكسێكی گرنگ لەم تایتڵەدا درووستدەكات: گەر مێژوونوسە، چ كارێكی بەسەر داهاتووەوە هەیە؟ بۆیە دەتوانین لە تایپە باوەكەی «مێژوونوس» دەریبكەین و لە شتێكی وەك «نوسەرەوەی چارەنووسی مرۆڤ» نزیكی بكەینەوە. دیارە ئەمەش بێ كێشە نیە، چونكە ئەو دەیان هەزارساڵ دەگەڕێتەدواوە و ڕیشەی مرۆڤەكەی ئەمڕۆ تاوتوێدەكات، بەڵام بەدەقیقی دڵنیا نیە لەوەی لە 2050دا چی دەگوزەرێت. وەك بڵێی، لە قۆناغێكی وەهادا مێژوو كەم كەم لە ڕیشەی خۆ دەردەچێت و چیدی ڕابردوو وەك ڕابردوو نامێنێتەوە. یان ئەوەی خۆی لە نوسینێكدا دەڵێت چیدی حیكمەت و ئامۆژگاریی پێشینان نامێننەوە و ئەو مەودا زەمەنییە وندەكەین كە كاتیگۆریی «پێشینان» درووستدەكات. 

ئەوەی بۆ لە یۆڤال نوحدا بۆ من گرنگە، گێڕانەوەی مێژوو نیە، تەرحی زانستی و پێشبینیی پەیامبەرانەش نیە، بەڵكو ئەو باگراوەندە ئیتیكی و ئەخلاقییەیە كە لەپشتەوە هەستی پێدەكرێت. كەمن ئەوانەی بپەرژێنە سەر زانست و "ئیتیك"یان لەبیر بێت. یۆڤال لە پێشەكیی هۆمۆدیۆسەكەدا بیرماندەخاتەوە كە: ئەمڕۆ مرۆڤ وەك ڕێژە پتر بەهۆی قەڵەوییەوە دەمرێت نەك برسێتی. بەراورد بەو 850 ملیۆن كەسەی كە بەهۆی كەمخۆراكییەوە دەیانناڵاند كەچی زیاد لە 2.1 ملیار كەس كێشی زیادەیان هەبوو. ساڵی 2010 ملیۆنێك كەس بەهۆی كەمخۆراكییەوە مردن بەڵام هەمان یاڵ سێ ملیۆن كەس بەهۆی قەڵەوییەوە مردن. ساڵی 2012یش نزیكەی 56 ملیۆن مرۆڤ مردن(كە 620 هەزاریان بەهۆی توندوتیژیی مرۆییەوە مردن) بەڵام لەلایەكی ترەوە 800 هەزار كەس خۆیان كوشتووە و پێنج ملیۆن و سەد هەزار كەسیش بەهۆی شەكرەوە مردوون. یۆڤال وتەنی: شەكر لە بارووت ترسناكترە بۆ ئێستای مرۆڤایەتی. بەڵام لەقووڵاییدا پرسەكە سەرووئەخلاقییە: بۆ؟

چونكە گەشەی مرۆڤ، ڕەچاوی ئەخلاق ناكات. مرۆڤ لە ماوەی 4 ملیۆن ساڵ پرۆسەی پەرەسەندن(ئڤۆلەیشن)دا، گەیشتووە بەم فۆرمە ئەندامەی ئێستا كە تەكنۆلۆژیا خەریكە دەیگۆڕێت. مرۆڤ لە ئەمیبیاوە بۆ خشۆكەكانەوە تا شیردەرەكان و دواتریش مرۆڤی عەقڵمەند. تاوتوێكانی یۆڤال لەوێوەیە كە مەرج نیە مرۆڤی عەقڵمەند، دوا وێستگە بێت، واتە ئەم مرۆڤەی كە 70 هەزار ساڵە درووستبووە. واتە گەر پەرەسەندن پرۆسەیەكی هێواش و پلەپلە بووبێت ئەوا لە سەردەمی هۆمۆدیۆس و مرۆڤەخوادا بازێكی خێرا دەدرێت و تەكنیك ئەو ڕیتمە هێواشەی پەرەسەندن دەشێوێنێت. بەتایبەت بایۆ/ئەندازیاری كە چاوەڕێناكات پەرەسەندن فەن و فێڵی خۆی بخاتەڕوو بەڵكو لەشە دێرینەكەی مرۆڤی عەقڵمەند لە كۆمەڵێك خانەی جیناتییدا كۆدڕێژدەكرێتەوە. لەوەش (ترسناكتر؟) بەكارهێنانی ئەندازیاریی سایبۆرگە كە هەنگاوێك لەمەش زیاتر دەڕواتە پێشەوە و ئەندامە زیندووەكان لەگةڵ دەزگای نازیندوودا تێهەڵكێشدەكات. واتە تەكنۆلۆژیا پارچەی نازیندوو بۆ سەر ئۆرگانی مرۆیی زیاددەكات: بۆنمونە دەستی بایۆنیك، چاوی دەستكرد، یاخود ملیۆنان نانۆ ڕۆبات كە سووڕی خوێنمان ئاراستەدەكەن و ناتەواوییەكان دیاریدەكەن و سەرەنجامیش ئەگەری هەیە نانۆتەكنۆلۆژیا بنێردرێتە ناو خوێنەوە نەخۆشییەكان دیاریكەن و میكرۆب و خانە سەرەتانییەكان لەناوببەن. دوا گریمانەی یۆڤالیش ئەوەیە كە تەكنۆلۆژیا مێشكمان بنیات بنێتەوە و مرۆڤی عەقڵمەند وەك تایپێك مرۆڤی ناو مێژوو كۆتایی بێت و پرۆسەیەكی تر دەست پێ بكات كە ئێستا ناتوانین لێی تێبگەین. بەر لەمانەش ئەو توانایانەی كە هەزاران ساڵ وەك پاداشتی ئاسمانی سەیردەكران، ئەمڕۆ كەسێكی ئاسایی دەتوانێت زۆر سادەتر لە خودا دێرینە یۆنانییەكان و هندۆ و ئەفریقییەكان لە مەودای زۆر دوورەوە پەیوەندی درووستبكات و سەفەری شوێنە دوورەكان بكات(لەلایەكی تریشەوە فەزای مەجازی خۆی هەڵگری ئەم ڕەهەندە ئیلاهییەیە كە حزووری وێنە لە هەموو جێیەك هەیە). ئەم شتانە بەر لەوەی ڕووبدەن، گۆڕان لە دونیا ماناییەكەماندا درووستدەكەن: لە چەند دەیەی داهاتوو كۆی دونیای ماناییمان دادەڕووخێت. ماوەیەك پێشتر وشەی ڕۆبۆت-م بە زمانی كوردی سێرچكرد، ئەو هەموو بابەتە لەسەر ڕۆبۆت بۆخۆی ئاماژە بوو كە ڕۆبۆت هاتۆتە ناو دونیای مانایی كوردییەوە(جیا لەوەی كورد بتوانێت ڕۆبۆت درووستبكات یان نا).

هێڵە ئیتیكییەكەی یۆڤال دەگاتە سەر ئاژەڵەكان: مرۆڤ بەراورد بە ئاژەڵەكانی تر، دەمێكە بووەتە خودا. واتە هەم خودا ئاوابووە، هەم مرۆڤیش بەنیسبەت بە ئاژەڵەوە ڕۆڵی خودا دەگێڕێت. ئاژەڵەكان لە سرووشتەوە وەردەگەڕێن بۆ ئاژەڵی ماڵی. بۆنمونە 200 هەزار گورگ لەسەر زەوی ماونەتەوە، بەڵام زیاد لە 400 ملیۆن سەگی ماڵی بوونی هەیە. لەبەرامبەر 40 هەزار شێریشدا، 600 ملیۆن پشیلەی ماڵی هەیە(كە هەردووكیان سەر بە یەك پۆڵێنن). دیسان مەترسییەكە لەسەرووی ئەمەوە، ئەوەیە كە دیزاینی سمارت و زیرەك جێی هەڵبژاردنی سرووشتی بگرێتەوە. یۆڤال دەنوسێت: گۆڕانی مرۆڤی عەقڵمەند لەجیاتیی ئەوەی قیامەتێكی هۆڵیودی بێت، پرۆسەیەكی مێژوویی پلەپلەی خێرایە(كە ڕۆژانە ڕوودەدات و مرۆڤە ئاساییەكان دركی ناكەن). زۆرجار لە مشتومڕە زانستییەكاندا دەوترێت كۆمپیوتەرەكان بەسەر مرۆڤدا زاڵدەبن و وەك دوو جەمسەری دژ دەچنە شەڕەوە، بەڵام یۆڤال وردتر كێشەكە دیاریدەكات و دەنوسێت: مرۆڤی عەقڵمەند لەلایەن زەبورزەنگی ڕۆبۆتەكانەوە لەناوناچێت بەڵكو پێدەچێت هەنگاو بە هەنگاو گۆڕان بەسەر خۆیدا بێنێت و لەم پرۆسەیەدا تێهەڵكێشی ڕۆبۆتەكان و كۆمپیوتەرەكان دەبێت. ئەویش تا ئەو جێیەی كە مناڵەكانمان سەیرێكی ڕابردوو بكەن و سەیركەن چیدی ئەو بوونەوەرە نین كە كتێبی پیرۆزی نوسی و دیواری چینی درووستكرد و بە كۆمیدیاكانی چارلی چاپلین پێدەكەنی. ئەمەش لە ماوەی ڕۆژێك و ساڵێكدا ڕوونادات بەڵكو لەڕاستییدا هەر ئێستا لە فۆرمی ژمارەیەكی زۆر ڕەفتاردا لە ڕووداندایە و هەموو ڕۆژێك ملیۆنان مرۆڤ ڕێ بەوە دەدەن مۆبایلە سمارتەكانیان زیاتر كۆنترۆڵی ژیانیان بكات یان دەرمانی دژەخەمۆكیی كاریگەر بەكاربێنن. یۆڤال نوح، لە درێژەدا دەنوسێت مرۆڤەكان هەوڵدەدەن لە گەڕانیاندا لەپێناوی سەلامەتی و بەختەوەری و دەسەڵاتدا یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی خۆیان بگۆڕن، دوای ئەوە تایبەتمەندییەك و پاشان یەكێكی تریش، تا ئەو كاتەی كە ئیدی مرۆڤ نین و لە ماهیەتی مرۆڤ دەردەچن(گەر سەیرێكی سلوكی ڕۆژانەی مرۆڤی ئێستا و چەندساڵێك لەمەوبەر بكەین ئەمە دەبینین. جگە لەوەی دابارین و داهێنانی هەر تەكنۆلۆژیایەك لەسەر زەوی لەسەر حیسابی كەوتنی چەمكەكانی ناو دونیا كلاسیكییەكەیە). كاتێك باسی ئەم وەرچەرخانە نەوعییە گەورانە دەكرێت، مانای ئەوە نیە ڕاستەوخۆ هەمووشت دەوەستێت(و كابینەی 9ی مەسروور بارزانی پێكنایەت)، بەڵكو هەر ڕووداوێكی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی پشكی خۆی بەپێی میكانیزمی خۆی وەردەگرێت. هۆشی دەستكرد یان زیرەك(Artificial Intelligence) چیدی نەبەستراوەتەوە بە ڕۆبۆتەوە بەڵكو هاتۆتە ناو ژیانی ئاسایی مرۆڤەكانەوە و وردەوردە كەرەستەكانی چواردەورمان دەبنە سمارت. بۆیە كەم كەم هاوكێشە كۆنەكانی پەیوەندی و مامەڵە و ستانداردی كۆمەڵایەتی گۆڕانی بەسەردا دێت. لە ئاستی عەقڵی دینییشدا، مەسەلەكە هەر تراومای تیۆرە داروینییەكە نیە كە بەو پێیە مرۆڤ بەرمەبنای هەڵبژاردنی سرووشتی(natural selection) پەرەی سەندووە و بەرەنجامی پرۆسەیەكی هێواشی گۆڕانكاریی ملیۆنان ساڵەیە بەڵكو لە داهاتوودا دیزاینی زیرەك(intelligent design) خێراتر دەستكاریی مرۆڤ دەكات. گەر دیزاینی زیرەكیش جێی پەرەسەندنی زیندەوەران بگرێتەوە ئەوە لانیكەمی ئاكامەكەی ئەوەیە كە مرۆڤی عەقڵمەند وەردەگەڕێت بۆ سوپەرمرۆڤ. بە زمانێكی فەلسەفییش: سوبێكت چیدی پرۆسەكانی بەسوبێكتبوونی خۆی ناپێوێت و لەبنەڕەتەوە ناتوانین بەدەقیقی دیاریی بكەین كە هەر سوبێكتە یان ئۆبێكت یان هیچیان(واتە تێپەڕین لە سایبۆرگیش كە نیوەی مرۆڤ و نیوەی ئەندامی دەستكرد بووە و زۆر نامۆ نیە بە مرۆڤ: ئیدی لە دەست و قاچی دەستكردەوە بیگرە تا گوێ و ددانی تاقم و هتد). هەروەها هاوشان بە گەشەی بایۆتەكنۆلۆژیا(Biotechnology)، كە دەشێت زانستی پزیشكی بەسەر بەكتریا و ڤایرۆسەكاندا زاڵ ببێت بەڵام هاوشان بەمە چەكێكی ترسناك دەخاتە دەستی ئینسانیش. بۆنمونە ئایدۆلۆژیا فاشیستەكان و تیرۆریستەكان و وڵاتانی زێدەكەپیتاڵیست دەتوانن میكرۆبی ئاخیزەمانی درووستبكەن و زۆر لەوە خەڵك لەناوببەن كە مێژوو بە تاعون و سیل و كۆكەڕەشە لەناویبردووە.

یۆڤال لە مەسەلەی ئابورییشدا پێی وایە ئابوریی جیهانی لە ئابوریەكی مادییەوە ڕووەو ئابورییەكی ڕۆنراو لەسەر زانیاری و ئای تی ڕۆیشتووە. واتە لە ڕابردوودا سەرچاوە سەرەكییەكانی سامان كانی ئاڵتون و چاڵە نەوت و كێڵگەی گەنم و هتد بوون بەڵام ئەمڕۆ سەرچاوە سەرەكییەكە بریتییە لە زانیاری. گەر بكرێت دەڤەرێكی نەوتی بەهۆی هێزەوە بگریت ئەوا ناتوانیت بە هەمان ڕێگە زانین و ئینفۆرمەیشن كۆنترۆڵبكەیت. لەم ڕووەشەوە جوگرافیای جەنگ لەو ناوچانەدا چڕدەبێتەوە كە ئابوریی مادییان تیایە وەك ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقای ناوەند. یۆڤال وەك نمونەیەكی گریمانەیی دەڵێت: گەر بێتو چین دەست بەسەر كالیفۆرنیاشدا بگرێت بۆ ئەوەی سلیكۆن ڤۆلی(شوێنی كۆمپانیا زەبەلاحەكانی تەكنۆلۆژیای زانیاری لە ئەمریكا) كۆنترۆڵبكات ئەوا شتەكە زۆر عەمەلی ناكەوێتەوە. چونكە لەوێ كان و كانزای سلیكۆنی بەردەست ینە بەڵكو ئەوەی هەیە سۆفتوێر و بەرنامەی بەرهەمهێنانی ئای تییە. لێرەشەوە چەمكی ئاشتی و جەنگ لە دۆخێكی تردان و ئەم "ئاشتییە نوێ"یە، بە مانایەك لە ماناكان ئەگەری مەترسیی زۆرتر بۆ داهاتوو دەچێنێت و دۆخێكی لەباریشە بۆ كۆمپانیا زۆڵەكانی سەرمایە. ئەو چەكانەشی لەسەر زەوی هەن، بە ئەتۆم و دیجیتاڵ و كلاسیكییشەوە، لەدوای جەنگی دووەمی جیهانەوە هەر كۆدەكرێنەوە. واتە مرۆڤایەتی لە "یاسای دارستان"ـی تێكشكاند، بەڵام بەپێی وتەی یۆڤال، "یاسای چیخۆف"یشی تێكشكاندووە: چیخۆفی ئەدیب پێی وابوو چەكێك كە لە پەردەی یەكەمی نمایشێكدا دەردەكەوێت ئەوا لە پەردەی سێهەمدا هەر دەتەقێنرێت و چار نیە. لە جەنگی سارد بەدواوە، كە بۆمب و موشەكی نەهاوێژراو هەڵدەگیرێت، مرۆڤ لە هەردوو یاسای دارستان و چیخۆفیش تێپەڕیوە. ئەمە جگە لەوەی ئەم مەترسییانە بە هەڵپەسێراوی دەمێننەوە، كەچی ئاشتییە ڕواڵەتییەكەش تایپی تازەی مردنی خوڵقاندووە: «كۆكاكۆلا بۆ ئەمریكییەك یان ئەورووپییەكی ئاسایی، مەترسییەكی كوشندەتری لە ئەلقاعیدە هەڵگرتووە». 

یەكێك لە كەیسەكانی تر كە یۆڤال نوح و بەگشتی زانستی نوێ لەسەری دەوەستێت، پرسی بەختەوەری و بایۆكیمیاییە. گەر بەختەوەری پێشتر بەسترابێتەوە بە دۆخی ئابوری و كۆمەڵایەتی و سیاسییەوە ئەوا لە سەرەتاكانی سەدەی بیستەوە وەك پرسی زانستی مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت و چیتر چاوەڕێی فەیلەسوفان و ڕاهیب و دەروونناسەكان ناكرێت شیی بكەنەوە، یان خۆی واتەنی: چیتر زانست گوێ لە ئەپیكۆر ناگرێت پێناسەی بەختەوەری بكات. بەپێی زانستە بایۆلۆژییەكان شادی و بەختەوەری و ئازار هیچ نین جگە لە هاوسەنگیی نێوان ئیحساساتی جەستەییەكان. واتە ئێمە هەرگیز كاردانەوە بەڕووی دونیادا نانوێنین بەڵكو وەڵامی ئیحساسە جەستەییەكانی ناو خۆمان دەدەینەوە. كەسێك كە كارەكەی لەدەستداوە یان هاوسەرەكەی، ئەوا لەبەر خودی لەیدەستدانەكە نیە ئازاردەچێژێت بەڵكو كۆمەڵێك هەستی ناخۆشی ناو جەستەی مرۆڤ خۆیین. «هەزار شت مرۆڤ تووڕەدەكات بەڵام تووڕەیی شتێكی پەتی و ئەبستراكت نیە بەڵكو هەمیشە خۆی وەك هەستێكی گەرما و گرژییەك لە لەشدا دەردەخات و لە فۆرمی توڕەییدا خۆی پیشاندەدات». سیستەمی بایۆكیمیایی، بەدرێژایی ژمارەیەكی زۆر نەوەی یەك لەدوای یەك بەجۆرێك ڕێكخراوە كە نەك هەر بڕی بەختەوەری بەڵكو ئیمكانی مانەوە و بەرهەمهێنانەوەشمان زیاتربكات. بەڵام هەر ئیمكانێكی خۆش و بەختەوەرانە، یەكێكە لە فێڵەكانی پەرەسەندن(ئڤۆلوشن) و كاتی و ڕاگوزەرن و شتێك نیە ناوی بەختەوەری بێت. كەم نین ئەو كۆمەڵگایانەی كە باری مادی و خۆشگوزەرانییان بەراورد بە چەند دەیەك پێشتر باشتر بووە، بەڵام كەمتر بەختەوەرن و ڕێژەی خۆكوشتنیش زۆرتر بووە. یۆڤال بۆیە ئەم باسە دێنێتەگۆڕێ تاكو بڵێت زانست ئەو تەماحە دەخاتە بەر هەموان كە زۆر دووتر نەڕۆن بەدوای بەختەوەرییدا و بەختەوەری یەكێكە لە ئەگەرەكانی داهاتووی زانست كە لەڕێگەی بایۆكیمیاییەوە دەیڕەخسێنێت، بەڵام ئەمەش ئەوكات ئیدی بەختەوەری نیە بەڵكو بەركەوتنە بەو بنبەستەی كە بەر لە گەشەی زانستیش بەری كەوتبووین: چونكە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە شتێك كە بە خێرایی شادماندەكات و بە هەمان خێراییش وندەبێت، چ بەهایەكی هەیە(كە مەبەست ساتی بەختەوەربوونە)؟ لێرەشەوەیە چارەسەری بایۆكیمیایی لەوەدایە ژمارەیەك بەرهەم و دەرمان بئافرێنێت كە شەپۆلی درێژخایەنی شادی دابینبكات بەڵام پەرەسەندن جێی ئەم ئەزموونەی لە بونیادی مرۆڤی عەقڵمەنددا نەكردۆتەوە. لە ئاستێكی سەرەتاییشدا ئێستا خەڵكانێكی زۆر لەڕێگەی مۆلكۆلی كیمیاییەوە ئەو شتانە بەدەستدێنن كە خەڵكی تر لەڕێگەی كار و خوێندن و درووستكردنی خێزانەوە بەدەستی دێنن: بۆنمونە مەسرەفكردنی بڕێك مۆلكۆلی كیمیایی، جێی ئەو كردەیە دەگرێتەوە كە بەعەمەلی پرۆسەكە ئەنجامبدەیت چونكە وەڵامی ئیحساسەكانی ناو لەشی خۆتت داوەتەوە. مەسرەفكردنی حەشیش و كۆكایین و ژمارەیەك حەپ و مادەی تر، سەرەتاكانی گەشەی بایۆكیمیایین. لەڕووی فیكرییشەوە، فراوانكردنەوەی ڕووبەری مەجازیی ژیانن كە مرۆڤەكان هێندەی پەنا بۆ ڕووبەرێكی مەجازی دەبەن هێندە خۆیان لە قەرەی واقیع و كردار نادەن. لە بواری پەروەردە و سەربازییشدا بایۆكیمیایی كاری خۆی دەكات: پاش هەزاران ساڵ دەشێت ئیتر كێشەكە لە خودی قوتابی و قوتابخانەدا نەبێت بەڵكو ڕاستەوخۆ سترێس و نمرەی نزم و تەمەڵی و دەبەنگی لەڕێگەی دەرمانەوە چارەبكرێت. وەكچۆن حەپی دژەخەمۆكی و باوەڕبەخۆبوون و بەرگەگرتنی جەنگ لەناو سوپاكان و خەڵكی ئاسایی-شدا ڕوولە زیادبوونە. بەم پێیە بێت زۆرێك لە هاوكێشە كۆنە فەلسەفی و دینی و ئەخلاقییەكان دەشڵەقێن و . ڕەنگە لەگەڵ هەر كارەساتێكدا چ كەلتوری بێت یان سیاسی، ئەو پرسیارە لە خۆمان بكەین كە نوسینەكانی كەسانی وەك "یۆڤال نوح هەراری" چ سودێكی بۆ كۆمەڵگای ئێمە دەبێت؟ بەڵام دەتوانین دەمودەست وەڵامبدەینەوە و بڵێین: زۆر. چونكە بەر لە هەرشت ناسینی زانست و بوونی خۆمان وەك بوونەوەرێك كە ڕەهەندێكی زانستییشی هەیە، شتێك لە كەلتور دەگۆڕێت. هەر ئەوەی كە پێناسەی مرۆڤ لە دەستی دین و كەلتور بسێنینەوە، گۆڕانێك بەسەر جیهانبینیماندا دێت(گەر بێتو وای دابنێین پێناسەی مرۆڤ هێشتاش بەدەستی دین و كەلتورەوەیە). ناتەندرووستیی پەیوەندیی ژن و پیاو و پرسی شەرەف و هتد، بەشێكیان لەوێوە دێن كە ڕوانینی مرۆڤی ئێمە بۆ خۆی، ڕوانینێكی موقەدەس و پێرفێكت و تەمومژاوییە و تەنانەت ئەو كاتەشی كە دەڵێین «مرۆڤ هەڵەدەكات»، هێشتا هەر ڕوانینمان بۆ مرۆڤ میتافیزیكی و كامڵە. بەڵام لە داروین بەدواوە و بەتایبەتیش لەم چەند دەیەی پێشوودا، مرۆڤ هیچ پیرۆزییەكی میتافیزیكیی نیە و ئەو حورمەتەشی هەیەتی حورمەتێكی زەمینی و قەراردادی و ڕەمزییە. واتە مرۆڤ(سوبێكت)، بوونەوەرێكی كامڵ نیە بەڵكو ئەگەرێكی بایۆلۆژی/كۆمەڵایەتییە و دەبێت بەرمەبنای یاسای نەنوسراو و یاسای نوسراو، بڕی ماف و ئەرك و چێژەكانی دیاری بكرێن. بەڵام كاتێك كۆمەڵگای ئێمە خێرا بەر جیهانگیری و تەكنۆلۆژیا دەكەوێت و فریای ئەوە نەكەوتووین ئەو شتانە ڕێكبخەین، چیمان بەسەردێت؟ بەر لە هەرشت پێویستە بزانین مرۆڤ بۆ پیرۆز نیە؟ یان بە دەربڕینێكی تر، دەبێت دیدگامان بۆ مرۆڤ بە فلتەری «لەئاشنایی داماڵین»دا ببەین: لە ئەدەبیات و لای فۆرمالیستە ڕووسەكان، چەمكێك هەیە بەناوی «لە ئاشنایی داماڵین» (Defamiliarization). واتە شیعر و ئەدەبیات بۆ ئەوەی درووست ببێت ئەوا پێویستە كەمێك خۆمان لەو ئاشنابوونە قوتاربكەین كە ژیانی ڕۆژانەی لەسەر هەڵچنراوە. بەسادەیی، بۆ ئەوەی شتێك بكەیت بە شیعر دەبێت لەو بارە ئاشنایەی دەربێنیت كە زمانی ڕۆژانە و پێناسە سەپێنراوەكان بۆیان درووستكردووە و كردوویانە بە دیاردەیەكی زۆر ئاشنا. بۆ ئەوەی مرۆڤیش بەجۆرێكی نائاشنا و بێگانە ببینینەوە ئەوا دەبێت لەم بارە سەپێنراوەی دەربێنین. كەلتور و زمان و دین و ئایدۆلۆژیا جیاجیاكان و خێزان و یاسا و هتد مرۆڤیان وەك شتێكی تەواو ئاشنا لێ كردووە كە پێویستی بە ڕاچەنینێكی زۆر بزانین هەر بەڕاست وایە؟ بەسادەیی و تۆزێكیش كۆمیدی، پێویستمان بەوەیە سەیرێكی چواردەورمان بكەین و ئەو ئاشناییەی سەر زەینمان لاببەین و تێبگەین كە ئەمانەی چواردەورمان كۆمەڵێك گیانەوەرن و هەستاونەتە سەر پێ و وەك فینۆمینەش تۆزێ لە حەیواناتی تر "شیكتر"ن و هیچی تر(سەرەتاكانی كتێبی سایپێنس-ی یۆڤال بەوردی ئەم وێنایەمان بۆ درووستدەكات كە كتێبەكە بە زمانی كوردییش هەیە بەناوی: مێژووی مرۆڤ).

بەپێی تیۆری "پەرەسەندن"، كە یۆڤال نوحیش لە زۆر شوێنی پێویستدا لەسەری دەوەستێت، مرۆڤ لە مەیمونی شەمپانزێوە هاتووە. واتە دەكرێت چیرۆكە ئوستورەییەكان بنكۆڵ بكرێت و چیرۆكە زانستییەكان جێی بگرێتەوە(كە لە نیگای یەكەمدا ئەمیشیان ئوستورەیە بۆ خەڵكانی دینی). یۆڤال دەنوسێت: «بمانەوێت یان نا، ئێمە ئەندامی خێزانێكی گەورە و قەرەباڵخی مەیمونەكانین(ئەیپ)، نزیكترین خزمیشمان شەمپانزێكان و گۆرێلاكان و ئۆرانگوتانەكانن. شەمپانزێكان لەوانیتر نزیكترن لێمانەوە. 6 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر مەیمونێك دوو كچی لێ زا، كە یەكیان بووە داپیرەی شەمپانزێكان و ئەویتریش بووە داپیره‌ی خۆمان». ئەم چیرۆكە زۆر زۆری لەسەر نوسراوە، بەڵام هەر بیستن و بڵاوبوونەوەكەی كاریگەریی خۆی هەیە و شتێك لە پێناسەی مرۆڤ دەگۆڕێت. گەرچی مەسەلە كەلتورییەكان و خاوەندارێتی و جوانی و هتد لە تیۆری پەرەسەندندا جێی خۆیان هەیە و هەڵگری بڕێك لە جەبری درێژخایەنی سرووشتییشن، بەڵام بەئاگاهاتنەوە بەرامبەریان یارمەتیماندەدات بەجۆرێك لە جۆرەكان بیر لە ڕێكخستن و تێپەڕاندنیان بكەینەوە. ئەوەی پێی دەوترێت كەلتور(لە مانا هەرە سادەكانیەوە كە جیایە لە شارستانیەت)، بەپێی یۆڤال نوح، بەرهەمی ئەو تایپە لە مرۆڤە كە پێی دەوترێت عەقڵمەند(Homo sapiens). ئەم مرۆڤەش حەفتا هەزار ساڵێكە تادێت ئەم نەزمە هەرەسادەیەی كەلتور ئاڵۆزتردەكات و ئیشی تیا دەكات. بەم پێیە، مرۆڤ توخمێكە بەرهەمی پەرەسەندنە و پەرەسەندنیش بە مانای گۆڕان دێت و نە مرۆڤی كامڵ درووستدەكات و نە پیرۆزیش. لێرەشەوە مەسەلەیەكی چارەنووسسازی وەك "ڕۆح" پووچەڵدەبێتەوە چونكە بەپێی تیۆری پەرەسەندن ڕۆح لە ڕوانینی دینییدا شتێكە دابەشنابێت و ناگۆڕێت و نەمرە. بەڵام پەرەسەندن هەنگاو بە هەنگاو ئەندامێك درووستدەكات و لە ژمارەیەك بەش و جوزء پێكیهێناوە كە ڕۆح نیەتی. كاتێك بەرازێك و مرۆڤێك لەبەردەم زانستدا، هەڵگری ڕۆح نین، ئیتر ئەگەری جۆرێك لە ڕوانینی دیموكراسییانە و لائیك بۆ مرۆڤ دەكرێتەوە و تێدەگات سەروەری كائینات نیە. بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت مرۆڤێك و ئاژەڵێك یەك نەزمی ژیانیان هەیە، چونكە مرۆڤ سەرباری ئاژەڵبوونەكەی، كەچی خاوەنی پانتاییەكی ڕەمزییە كە مێژووی تیایە و ئەزموون كەڵەكەدەكات و خاوەنی جۆرێك لە ئاگاییە كە گوایا حەیوانات و كۆمپیوتەرەكان نییانە. گەڕانەوە بۆ ڕابردووە حەیوانییەكەمان، گەڕانەوەیەكی دووقاتە، واتە گەڕانەوەشە بەرەو داهاتوومان. یۆڤال دەنوسێت: «هیچ توێژینەوەیەك لەبارەی داهاتووی خوداشێوەمانەوە ناتوانێت ڕابردووە ئاژەڵییەكەمان یان پەیوەندییمان بە ئاژەڵەكانی ترەوە پشتگوێبخات. چونكە پەیوەندیی نێوان مرۆڤەكان و ئاژەڵەكان باشترین سەرمەشقە بۆ پەیوەندییەكانی داهاتووی نێوان مرۆڤەكان و سوپەرمرۆڤەكان: ئاخۆ دەتەوێت بزانیت سایبۆرگە سوپەر/زیرەكەكان دەبێت چۆنچۆنی هەڵسوكەوت لەگەڵ ئەو مرۆڤە ئاساییانەدا بكەن كە لە گۆشت و خوێن درووستبوونە؟ بۆیە باشترە ئەو هەڵسوكەوتە تاوتوێ بكەین كە مرۆڤەكان لەگەڵ خزمە "كەم عەقڵتر"ـەكانی خۆیاندا هەیانە. ئەم چوونیەكی و بەراوردە شتێكی پێرفێكت نیە بەڵام...». لێرەدا وەستان لەسەر پەرەسەندن دیوێكی ناوخۆیی و گەردوونییشی هەیە: دیدمان بۆ مرۆڤ بگۆڕێت لە ئێستا و ناوخۆی كۆمەڵگاكەدا، وەك دیوە گەردوونییەكەش خۆیشمان بۆ تێگەیشتن لەو سوپەرمرۆڤە ئامادەبكەین كە لەسەرووی ئەم مرۆڤە ناچیزەی ئێستاوەیە.

دياره‌ تێزى يۆڤال نوح له‌سه‌ر په‌ره‌سه‌ندن نيه، به‌ڵكو له‌سه‌ر تێپه‌ڕاندنى په‌ره‌سه‌ندنه‌ له‌لايه‌ن هۆشى ده‌ستكرد و پێشكه‌وتنى بايۆكيميايى و بايۆجينات و ئه‌ندازياريى جينات و نانۆته‌كنۆلۆژيا و ته‌كنۆلۆژيا به‌گشتييه‌وه(یان بە دیوێكی تردا گرنگیدانە بە چەمكی ئالگۆریتم كە دواتر دێینە سەری). درێژكردنه‌وه‌ى ته‌مه‌ن و نه‌مرى، دوو پرسن كه‌ دابڕان له‌ په‌ره‌سه‌ندندا درووستده‌كه‌ن. به‌پێى ئه‌و توێژينه‌وانه‌ى كه‌ خۆى ئاماژه‌يان بۆ ده‌كات، گه‌ر نه‌مرى له‌ ئه‌گه‌ر و نه‌گه‌ردا بێت بۆ داهاتوو، ئه‌وا درێژكردنه‌وه‌ى ته‌مه‌ن شتێكى مومكينه‌. چۆن سه‌ره‌تاى سه‌ده‌ى پێشوو، ته‌مه‌نى مرۆڤ نيوه‌ى ئێستا بوو ئه‌وا له‌م سه‌ده‌يه‌دا زانست ئه‌و ئيمكانه‌ى ده‌بێت كه‌ ديسان دووقاتى بكاته‌وه‌؛ واته‌ بیخاتە‌ سه‌رووى سه‌د و ئه‌وه‌نده‌ ساڵەوە. ئەو قسه‌ى ناو چاوپێكه‌وتنێكى بيل ماريس له‌ 2015دا دێنێته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت: «گه‌ر ئه‌مڕۆ لێم بپرسن ئاخۆ ڕێى تێده‌چێت پێنج‌سه‌د ساڵ بژيين، ئه‌وا وه‌ڵامه‌كه‌م به‌ڵێ ده‌بێت». ‌گوايا ئه‌م قسه‌يه‌ به‌ته‌نيشت ئه‌و خه‌رجييه‌ى كۆمپانياى گوگڵه‌وه‌ دێت كه‌ %36ـى سه‌روه‌ته‌ دوومليار دۆلارييه‌كه‌ى بۆ "پرۆژه‌ى زانستيى ژيان" ته‌رخانكردووه‌. بيل ماريس سه‌باره‌ت به‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى مه‌رگ، پرۆژەكەی ده‌چوێنيت به‌ تۆپى پێى ئه‌مريكا و ده‌ڵێت: «هه‌وڵى ئێمه‌ بۆ ئه‌وه‌ نيه‌ هه‌ندێ خاڵ و ئيمتياز له‌م پێناوه‌دا به‌ده‌ستبێنين، به‌ڵكو هه‌وڵده‌ده‌ين يارييه‌كه‌ ببه‌ينه‌وه». گه‌رچى يۆڤال نيگه‌رانيى خۆى له‌مه‌ڕ ئاكامه‌كانى ته‌مه‌ندرێژى و نه‌مرى ده‌خاته‌ڕوو كه‌ هيچ به‌خته‌وه‌رييه‌ك ناخه‌نه‌ سه‌ر ژيانى داهاتووى مرۆڤ، به‌ڵام ئاماژه‌ بۆ هه‌ريه‌كه‌ له‌ كورزوێل و دی گرەی دەكات، كە ئەوان گەشبینن و پێیانوایە هەركەس لە 2050دا خاوەنی لەشولارێكی تەندرووست و هەژمارێكی بانكیی سەلامەتی بێت ئەوا ئیمتیازێكی جدیی دەبێت بۆ ژیانێكی پلەپلەی نەمرانە. واتە مرۆڤەكان(وای دابنێین دەرفەت بۆ هەموان ڕەخساوە) كە ساڵانە سەردانی نۆڕینگە بكەن و بخرێنە ژێر چارەی بنیاتنانەوەوە و نەك هەر نەخۆشییەكان چارەبكرێن بەڵكو ڕیشاڵ و شانە مردووەكانی مرۆڤ هەمواربكرێنەوە و دەست و چاو و مێشكیشیان بئافرێنرێتەوە. گەر هەر نۆڕینێك، دە ساڵ مردن دوابخات ئەوا زانستی پزیشكی هێندەی تر پێشدەكەوێت. نەمری لێرەدا دواخستنی مردنە كە چینە باڵاكان ڕیزی بۆ دەبەستن. لەڕواڵەتدا وا دەردەكەوێت وەك بڵێی، زانست(یان غەریبەیەك) لەولاوە دێت و خەونی ئەدەبیات و فەلسەفە و دین و فۆلكلۆر و زۆر كایەی تر دێنێتەدی كە نەمرییە. بەڵام بەشاراوەیی لە بۆچوونەكانی یۆڤالدا دیارە و دەمێكیشە كیركەگارد باسیكردووە كە كارەساتی مرۆڤ مردن نیە بەڵكو ترس لە نەمرییە. ئەم چالاكییەی ناو ژیانیش بەرهەمی ترسە لە نەمری. بەڵام گەر بەپێی فرۆیدیش سەیربكەین ئەوا «پاڵنەری مەرگ» خۆی پاڵنەرێكی نەمرە و هەموو ژیان بەدەوری ئەم پاڵنەرەدا درووستدەبێت. وێناكردنەكانی یۆڤال بۆ ئەم نەمرییە پلەپلەیەی كە شتێكی مومكینە، خاڵی نیە لە ڕەهەندی زۆركۆمیدی/زۆر تراژیدی: كە لە هەردوولاوە ستراكتۆری خێزان و زەواج و پەیوەندیی دایكوباوك و مناڵ دەگۆڕێت. بۆنمونە كەسێك 150 ساڵ تەمەن بكات و لە 40 ساڵیدا زەواجدەكات، ‌كەچی 110 ساڵ تەمەنی ماوە. ئایا ماقووڵە 110 ساڵەكەی تر لەگەڵ هەمان كەسدا بژی؟ بەپێی توانجەكەی ئەو، تەنانەت كاسۆلیكەكانیش بە هەڵوێستی خۆیاندا دەچنەوە لەسەرە زەواج. گەر هەمان كەس لە 40 ساڵییدا ببێتە خاوەنی دوو مناڵ، ئەوا لە 120 ساڵییدا وەك یاردگارییەكی دوور ئەوەی بیردەمێنێت چۆن پەروەردەی كردوون(جگە لەوەی هیچ نیە 40 ساڵێكی تڕۆهاتیان بەینە و دواتر دەبنە هاوڕێ!).

ئالگۆریتم(Algorithm) نەك لۆگاریتم، یەكێكە لە چەمكە سەرەكییەكانی ناو نوسینەكانی یۆڤال نوح. سەرەتا كە بەر وشەی ئالگۆریتم دەكەویت، پێتوایە پێگەی هەندێ چەمكی وەك (گوتار یان دیالەكتیك یان ...)ـی هەیە لە فەلسەفەدا بەڵام لەڕاستییدا ڕووبەرێكی گەورەی زانستی نوێی داگیركردووە. تەنانەت یۆڤال نەك هەر لە كارەكانی خۆیدا بەڵكو ئالگۆریتم بە چەمكی هەرەسەرەكیی سەدەی بیستویەك دادەنێت لە زانستدا. ناونیشانی تەوەرێكی ناو كتێبی هۆمۆدیۆس ئەمەیە: بوونەوەرە زیندووەكان(ئۆرگانیزمەكان) ئالگۆریتمن. ئالگۆریتم كۆمەڵێك خطوە و هەنگاوە بۆ چارەسەركردنی كێشەیەكی ماتماتیكی یان لۆژیكی و ئێستاش كۆمپیوتەری و تەنانەت بایۆلۆژییش. بەرنامەیەكی كۆمپیوتەری، بەپێی كۆمەڵێك خطوەی ناو ئالگۆریتمێك دادەڕێژرێن. مرۆڤ لە ژیانی ڕۆژانەشیدا ئالگۆریتم وەك میتۆدێك بۆ چارەی گرفت و بڕیاردان بەكاردەهێنێت یان ڕەنگە خواردنێك بەپێی ئالگۆریتمی جیاجیا درووستبكات(سەیریش نیە كە حاڵی حازر بێشومار هەنگاوی خواردن درووستكردن پەیدابوونە). ئەو دەنوسێت: «ئالگۆرێتمێك بریتی نیە لە هەژمار و حیساباتێكی تایبەت بەڵكو میتۆدێكە بۆ ئەنجامدامی حیساباتێك». بە دەربڕینێكی تر، ئالگۆریتم ھاوکێشە و پرۆگرامێکی پێ بەپێ و ھەنگاو بەھەنگاوە بۆ شیکاری پرسێک، کە زانای ئێرانی خوارزمی دایهێناوە(ئالگۆریتم = ئالخۆریزم). ئێستاش بە سیستەمی ناوەکیی سۆفتوێر و ھاردوێر کە ھەنگاو بەھەنگاو داتا و فەرمانە ئەلیکتریکییەکان وەردەگرن و شیی دەکەنەوە و بە چۆنیەتیی کارکردنی سۆفتوێر دەوترێت ئالگۆریتم. لەلایەكی تریشەوە زانستی پەرەسەندن ئەوەمان فێردەکات جگە لە ڕۆبۆتی "داتاوەرگر و گۆڕینی بۆ زانیاری" ھیچی تر نین! ئێمەش ئالگۆریتم و سۆفتوێرین! بە سودبینینی تەندرووستانە لە داتاکان دەتوانین یان توانیومانە بەسەر چارەنوس و ژیانی خۆماندا زاڵ ببین [مرۆڤ ئالگۆریتمێكی بایۆلۆژیی پەرەسەندووی ئاڵۆزە کە لەڕێگەی ھەستەکانیەوە دیاردەکانی جیھانی دەوروبەر وەک داتایەک وەردەگرێت و لە ھۆشی خۆیدا دەیانکات بە داتا و زانیاری، بەمەش جیھانی دەوروبەر کۆنترۆڵدەکات[. كاتێك دەوترێت مرۆڤ جۆرێكە لە ئالگۆریتم، ئەوا یەكسەر دەست بۆ هەست و سۆز و هەڵچوونەكانی مرۆڤ دەبرێت تاكو لە تەمومژ دابماڵرێن. «زانایانی بایۆلۆژی لەو چەند دەیەی دواییدا ئەوەیان دەرخستووە كە هەستوسۆزەكان كۆمەڵێك دیاردەی ڕۆحیی تەمومژاوی نین كە تەنیا بەكەڵكی شیعرنوسین و تەسنیفی سەمفۆنیا بێن بەڵكو كۆمەڵێك حیساباتی بایۆكیمیایین كە لە هەموو شیردەرەكاندا هاوبەشە و مانەوە و بەرهەمهێنانەوەیان مسۆگەردەكات». ئالگۆریتم دەروازیەكی ترە بۆ لەئاشنایی داماڵینی مرۆڤ وەك بوونەوەرێكی میتافیزیكی و موقەدەس و دكنەكراو. هەر بڕیارێكی ناو ژیانی مرۆڤ، بە ئالگۆریتم و پرۆسەیەكی حیساباتدا تێدەپەڕێت كە تیاماندا چنراوە و دواتر ناومانناوە عاتیفە و هەستوسۆز.

بەڵام دیارە هێشتا ڕەهەندە مرۆییەكە ئیشی خۆی دەكات و جگە لەوەی مرۆڤ ئالگۆریتمێكی ئاڵۆزترە، شتێك دەمێنێتەوە كە لە حیساباتی زانستی و بابەتی هەڵدێت. نمونەیەكی دەروونشیكاریی باو هەیە: ئەو كاتەی زۆر عاشقیت، پسپۆڕێكی بایۆكیمیایی دێت و پێت دەڵێت هەموو هەستە بەجۆشوخرۆشەكانت تێكڕا بەرهەمی كۆمەڵێك پرۆسەی بایۆكیمیایین لە لەشی تۆدا، من دەتوانم بە جۆرێك لە جۆرەكان وەڵامەكەی خۆی بە ناوچاودا بدەمەوە و بڵێم: «ڕەنگە ئەو شتانەی تۆ دەیڵێیت ڕاست بن، بەڵام سەرەڕای ئەمەش هیچ شتێك ناتوانێت ئەم جۆشوخرۆشە توندەم لێبسێنێتەوە كە ئێستا ئەزموونی دەكەم...». سەرەڕای ئەم دیوە سوبێكتیڤە مرۆییە، پرسی بەئالگۆریتمبوونی مرۆڤ كۆمەڵێك ئیمكان دەداتە زانست كە زۆرئاسان دەستكاریی پێكهاتەی مرۆڤ بكرێت لە داهاتوودا و چەمكەكانی ئیختیار و ئازادی و ڕێكەوت و هتد گۆڕانیان بەسەردا بێت.

پرسیارێكی ناوەخت دێتەپێشێ: ئایا كۆمەڵگای ئێمە هیچ فڕی بەسەر ئەم مەسەلانەوە هەیە؟ دیارە هەیەتی بەڵام بە شێوەی پێچاوپێچ و ناڕاستەوخۆ. گەر بڵێین كۆمەڵگای ئێمە نەگۆڕاوە، كێشەدارە؛ چونكە لەڕووی كاتەوە هاوكاتی جیهانین و بەشێكین لە جیهانگیری. گەر بشڵێین، وەك بەشداری و بەها بەشێكی ئۆرگانیین لە گەشەی جیهان ئەوا دیسان هەر كێشەدار و خۆشخەیاڵییە. هێندە هەیە گۆڕانكارییەكان شتانێك بۆسەر دیاردەكانی كۆمەڵگای ئێمە زیاددەكەن، چونكە ئێمەش لەناو كۆپەیوەندییە دیجیتاڵی و مەجازییەكانی جیهاندا دەژیین. دەشێت دیاردەیەكی پێشمۆدێرن و دواكەوتوو خۆی قوتبكاتەوە، بەڵام لە هەمان دیاردەدا ڕەهەندێك هەیە یونیڤێرساڵە و تەواو لۆكاڵی و خۆماڵی نیە. بۆنمونە ژنكوشتنێك لەئێستادا سەرباری عەقڵی كۆمەڵایەتی، خاڵییش نیە لە پاڵنەری سەردەمەكە. بۆنمونە ناتوانین حاشا لەو یەكتربڕینە بكەین كە لەنێوان عەقڵی خێڵ و پۆڕنۆدا درووستدەبێت: كاتێك هەفتەكانی پێشوو سەرۆكی بەشە ناوخۆییەكانی زانكۆی سلێمانی بە كچەكانی وت «قەحبە»، ئەوا ئەم وشەیە تەنیا گوزارشت نەبوو لە ئەدەبیاتی خێڵ و حیزب بەڵكو نواندنەوەی حەساسیەتەكانی پیاویش بوو بە ڕووی كۆمەڵگای نمایش و پۆڕنۆدا: وەكچۆن لە جووڵانەوەكانی ئەمڕۆدا ڕەهەندێك لە «پۆڕنۆ و نمایش» دەبینرێت. یان مەلا عومەر چنگیانی دوو هەفتەی پێشوو باسی ئەوەی كرد كە خەڵك چیتر ترسی لە وەعز و خوا نەماوە و شت دەدزن و لەناو مزگەوتدا جگەرە دەكێشن و هتد، واتە خودا چیتر ڕۆڵی ئەو سانسۆری ناوەكییە ناگێڕێت كە هەیبوو: مەلا عومەر دەڵێت لەو كاتەوە كە كامێرام داناوە ڕێژەی ئەم شتانە كەمیكردووە. لێرەدا دەتوانین سێ جۆر گەشە بیری خۆمان بخەینەوە: گەشەی سرووشتییانەی داروینی، گەشەی مێژووییانەی ماركسی، گەشەی خێرای تەكنۆلۆژی. گەر یەكەمیان زۆر خاو بووبێت ئەوا دووەمیان تۆزێك خێراترە بۆ بینینی جووڵەی كۆمەڵگاكان و سێهەمیشیان تەواو خێرایە و هەموو جۆرە كۆمەڵگاكان تەیدەكات و دەیخاتە ژێر كاریگەریی خۆیەوە. بۆیە ناكرێت بڵێین مادام كۆمەڵگای ئێمە وەكو خۆیەتی و عەقڵێكی ڕۆشنگەر نایجووڵێنێت ئەوا ئیتر وەستاوە، بەڵكو خێرایی تەكنۆلۆژی دێت و هەموو تەناقوز و ناكۆكییە كۆمەڵایەتییەكان هەڵدەداتەوە و چاوەڕێی لارولەنجەی مێژوو ناكات. بۆیە باسی تەكنۆلۆژیا بەگشتی دەكەین چونكە گەردوونییە، ئەمە لەكاتێكدا ئەگەر بێتو ئەو كایە زانستییانەی تر فەرامۆشبكەین كە نوخبەوییە و چەند دەوڵەتێكی بەهێز پێوەی خەریكن و یۆڤال نوح بەوردی تاوتوێی كردوون.

یۆڤال نوح بەبێ پەروا بەرگری لە لیبراڵیزم دەكات، بەڵام نەك وەك ئینتیمایەكی سیاسیی ڕووت، بەڵكو وەك یەكێك لەو حەكایەتانەی كە حاڵی حازر بەدەستی مرۆڤەوە ماوەتەوە و هێشتاش هەر كۆمەڵێك دیوی ئەرێنیی پێیە بۆمان. بەم پێیە «دیموكراسی» وەك كۆڵەكەیەكی لیبراڵیزم، لە خراپترین حاڵەتی خۆیدا یەكێكە لەو شتانەی كە دەتوانێت چیرۆكی هاوبەش بۆ مرۆڤ درووستبكات و مرۆڤەكان نەبنە ئەو شتەی كە كورد لە ئیدیۆمێكدا پێی دەڵێت "ئاردی بن دڕك". كۆمۆنیزم و لیبراڵیزم و فاشیزم و ناسیۆنالیزم و دین و هتد لەو چەند حەكایەتە گەورانەی ناو مێژوون كە توانیویانە مرۆڤ لە دەوری یەكتر كۆبكەنەوە و مێژوو ببزوێنن، بەڵام لەگەڵ داهێنان و سەرەڕۆییەكانی مرۆڤدا نازانین ناوەڕۆكی چیرۆكە هاوبەشەكانی داهاتوو چۆن دەبن. ئەوەی لەئێستادا ڕوونە ئەوەیە كە دەست بەو چیرۆكانەوە بگرین كە ڕەبتی مەعنەوی لە كۆمەڵگادا درووستدەكات و وا دەكات لەڕووی هاوپشتییەوە تۆزێك سەرنجمان بچێتە سەر یەكتر. ڕەنگە لێرەشەوە بێت كە ژیژەك پێش ماوەیەك لە وتاری (ئەوەی پێویستە چەپ لە ترەمپەوە فێری ببێت)دا پەرەگرافێك لە كتێبی هۆمۆدیۆس-ی یۆڤال نوح وەردەگرێت كە ناواخنەكەی بەم جۆرەیە: "مرۆڤ گەر هەڵقەیەكی هاوبەشی پێكەوە نەمێنێت لەگەڵ دەنگدەرەكانی تردا ئەوا دیموكراسییش مانای نامێنێت و هەڵبژاردن دەبێتە سرووتێكی بەتاڵ و فۆرماڵ. گەر ئەزموونی خەڵكە دەنگدەرەكەی تر بۆ من ئەزموونێكی نامۆ بێت و هەستبكەم لە ئیحساساتی من تێناگەن و تەنیام و بەرژەوەندییە بنچینەییەكانی منیان پێ گرنگ نیە ئەوا لە دەنگداندا سەد بەرامبەر بە یەكیش بدۆڕێم هێشتا هەر بیانوویەكم پێ نیە ئەنجامەكە قبوڵبكەم...كاتێ وەك ڕەبتی مرۆیی و مەعنەوی دۆڕاوین، ئیدی دۆڕانی ئەنجامەكە چ نرخێكی هەیە...". واتە دیموكراسی بەر لەوەی تەركیز بێت لە سەر ئەنجامێكی خواوەكیلی، ئەوا دەبێت سرووتێكی دەستەجەمعی بێت بۆ ئەوەی كە مرۆڤ هێشتاش لینكی بەیەكترەوە ماوە. ئەمەش دیسان وەفایەكە بۆ مێژوویەكی درێژ كە مرۆڤ چیرۆكی هاوبەشی داهێناوە و مانای لەو چیرۆكەوە وەرگرتووە. بۆیە یۆڤال پێی وایە ناكرێت مرۆڤەكان كورتبكرێنەوە بۆ هۆرمۆن و نیورۆن و بەیەكجاری شەق لە چیرۆكە هاوبەشەكان هەڵدەین. بەڵام مەترسییەكەش ئەوەیە كە دیموكراسی وەك سرووتێكی بەكۆمەڵ، لە داهاتوویەكی دوور تا نزیكدا لەبەردەم مەترسیی نەماندایە. ئەم نەمانەش پەیوەندیی بەوەوە هەیە ڕەبتە مرۆییەكانمان بیربچنەوە و وەك یادگارییەكی مێژوویی جێی بهێڵین. وەكچۆن ئێستا گاڵتەمان بە جەنگی خاچپەرستەكان و شەڕی سارد و زۆر شتی تر دێت و پێمانوایە جێمان هێشتوون. خۆی دەنوسێت: دیموكراسی بەم فۆرمەی ئێستا ناتوانێت لەپاش لێكهەڵوەشانەوەی بایۆتەكنۆلۆژیا و داتاتەكنۆلۆژیا بەسەلامەتی دەرچێت. دیموكراسی یان سەردەكەوێت خۆی لە قاڵبێكی تەواو جیاوازدا بنیاتبنێتەوە یاخود مرۆڤەكان دەكەونە ناو دیكتاتۆریەتی ژمارەكانەوە.

دیكتاتۆریەتی ژمارە و داتاكان شتێكە لەڕواڵەتدا وەك درێژەی دیموكراسییە كلاسیكەكە خۆی دەردەخات بەڵام لەڕاستیدا پێچەوانەیەتی. ئەمڕۆ دەرخستنی زانیاری هێمای دیموكراسی نیە، چونكە زیاد لەڕادە داتا و زانیاری و ئامار دەخرێتەڕوو. بەحوكمی ئەوەی تۆڕە دیجیتاڵییەكان كۆنترۆڵ ناكرێت و لە دەستی دەسەڵاتەكان دەرچووە، ئەوا هیچ دەسەڵاتێك ناتوانێت وەك جاران سانسۆر لەسەر زانیارییەكان درووستبكات. بۆیە لە دۆخێكی وادا هەر دەسەڵاتێك لەجیاتیی سانسۆركردنی زانیاری، دێت زانیاریی هەڵە بڵاودەكاتەوە. یان بە شێوەیەكی تر، سەر لە خەڵك دەشێوێنێت و سەرچاوەكانی هەواڵ و داتا تەمومژدەكات. دیارە ئەمە بۆ ژیانی سیاسیی كۆمەڵگای ئێمە ترسناكترە، چونكە دەزگای دیموكراسی و عەقڵانییمان نەبووە و كاتێكیش بەر تەكنۆلۆژیای گەیاندن دەكەویت ئیتر زووتر فێڵەكانی سەرلێشێواندن فێردەبین. خاڵێكی فیكری لێرەدا ئەوەیە كە: پاش فیچقەكردنی زانیاری و بیستراو و بینراو، جیهان گەورەتر دەبێتەوە بەڵام تەمومژاویتریش دەبێت. كاتێك میزاجت ناهێڵن داتا درووست و نادرووستەكان لێك جیابكەیتەوە ئیدی ناچاریت پێوەری تر بۆ حەقیقەت هەڵبژێریت: بەتایبەت لەم كۆمەڵگایانەی وەك ئێمەدا كە دەبێت هێز بەڕوونی بكرێتەوە بە پێوەری حەقیقەت. نمونەیەكی ڕوون لەم هەفتەیەدا هەردوو سایتی "باس" و "میللەت" بوو. ئاشكرایە ئەم دوو سایتە شەڕێكی مەجازی دژی یەكتر دەبەنەڕێوە بۆ ئەوەی سود لەو دیكتاتۆریەتەی داتا وەرگرن كە دونیای تەكنۆلۆژیای تەنیوە. كاتێك یەكێكیان هەواڵێبك دژ بە حیزبەكەی ئەویتریان دادەنێت، ئیتر ئەمیان دەبێت هەواڵێكی تر دانێت بۆ شكاندنی هەوڵەكەی ئەویتر. واتە هەواڵەكە پەیوەندیی بە ڕاست و درۆوە نەماوە بەڵكو پەیوەندیی بە هێزەوە هەیە. تەنانەت بەشێكی زۆری لایككەرەكانیش دەزانن كە هەواڵەكان درۆیە بەڵام دەبێت هێزی خۆیان لەم دیكتاتۆریەتە مەجازییەدا دەربخەن و پاڵپشتی یەكێك لەو دوو لایەنە بكەن. گەر یەكێكیان 3000 لایك بۆ هەواڵەكەی كۆبكاتەوە، ئیتر دەبێت ئەویتریان ئەم 3000ـە تێپەڕێنێت. واتە مەرجەعەكە ڕاستی و ناڕاستی نیە وەك سەلماندن بەڵكو لۆژیكی هێزە كە لایك ڕۆڵەكەی دەبینێت. بەكورتییەكەی، دیموكراسیەتە لیبراڵییەكەش لەبەردەم جۆرێك دیكتاتۆریەتی داتای نادرووستدایە كە پێناچێت وا بەئاسانی كۆنترۆڵبكرێت. لەڕووی چینایەتی و نایەكسانییشەوە، ئەم مێژوونوسە بەراوردی سەردەمەكان دەكات بەیەكتر و پێی وایە بەهۆی جیهانگیری و تەكنیك و ئەنتەرنێتەوە سەدەی بیست و یەك لەبەردەم ئەو ئەگەرەدایە كە چینایەتی بگاتە قووڵترین ئاستەكانی خۆی. هەروەها پێی وایە گەرچی بەهۆی ئەم دیاردە تازانەوە مرۆڤایەتی ڕووەو جۆرێك لە یەكێتی و یەكڕەنگی دەڕوات، بەڵام لە هەناوی خۆیدا پارچەی زیاتری لێ دەكەوێتەوە و وەردەگەڕێت بۆ كاست و چینی جیاجیا كە گەر بێتو لەڕووی بایۆلۆژیاوە دەستی تێ وەربدرێت ئەوا بۆ ئەبەد ناتوانین درزە چینایەتییەكان داخەینەوە. بە مانایەكی تر، مامەڵەكردن بە داتاوە ستراتیژی بەشێك لە دەوڵەت و نەزمە سیاسییەكان دیاریدەكات. یۆڤال نوح پێی وایە یەكێك لەو هۆكارانەی كە كۆمۆنیزمی سەدەی بیستی ڕووخاند، چڕبوونەوەی داتا بوو بە شێوەیەكی سەنتراڵ و مەركەزی لە مۆسكۆ. كە بەپێچەوانەوە ئەمریكا مامەڵەیەكی درووستتری بە داتاوە كرد و لەگەڵ ڕیتمی مێژوودا خۆی گونجاند.

یەكێكی تر لەو هەستانەی كە ڕۆژانە داماندەگرێت و جۆرێكە لە نامۆبوون، دابڕانی پەیوەندییمانە بە جەستەمانەوە. لێرەشەوەیە ئەم مێژوونوسە پێی وایە بەشێكی زۆر لە پشپۆڕان بەهەڵەدا دەچن و نامۆبوونەكە بەتەواوی بۆ ئاوابوونی هاوپشتیی دینی و نەتەوەیی دەگەڕێننەوە. چونكە پێی وایە جەستە نزیكترین سامانە كە لە مرۆڤ خۆیەوە نزیك بێت و تادێت لێی دووردەكەوێتەوە و لە داهاتووی دوورتریشدا لە پارچەی نائۆرگانی و ئەركی نائۆرگانی دەئاخنرێت. بەر لە هەرشت ئەمە بەهۆی پەیوەندیی دوور یان ئەو شتەوە ڕوودەدات كە پێی دەوترێت: تێلە ئۆبێكتیڤ. لە یەكێك لەو كۆڕانەدا كە ڕاستەوخۆ و دووراودوور لەڕێی شاشەیەكەوە بەشداری دەكات دەڵێت: تۆزێك كۆمیدییە، چونكە نوسیبووم مرۆڤەكان دیجیتاڵی دەبنەوە؛ بەڵام پێم وانەبوو هێندە خێرا ڕووبدات و بۆ خۆیشم ڕووبدات. بەڵام ئیتر ئەوە منم و لە شێوەی ئاڤاتارێكی دیجیتاڵییدا قسەتان بۆ دەكەم. ئەم جەستەیە دەركێت جەستەی ئۆرگانە گەورەكانیش بگرێتەوە كە لە تاكەكەس زیاترن. بۆنمونە، جەستەی دەوڵەت لەكوێیە؟ جەستەی ڕێكخراوە تیرۆریستییەكان لەكوێ دەبن؟ چونكە تیرۆریستەكان بەبێ ئەوەی سوپایەكیان هەبێت لە هەوڵدان هاوسەنگیی سیاسی بشێوێنن و ملیۆنان مرۆڤ لە جیهاندا وەك تارمایی بتۆقێنن.

بەو جۆرەی كە یۆڤال و كۆمەڵێك زانا و بیرمەندی تر باسیدەكەن، زۆربوونی داتا و زانیاری دەبێتەهۆی كۆمەڵێك گۆڕانكاریی بونیادی. یەك لەوانە دەكرێت مەرگی مامۆستا بێت، كە شتێكە دەتوانین بیخەینە پاڵ مەرگی نوسەر كە ڕۆلان بارت پێش چەند دەیەیەك وەك تێزێك خستبوویەڕوو. زانیاری، بەر لە هەموان مامۆستا دەكوژێت. پێگە سەنتراڵەكەی لێ دەسێنێتەوە. ئەمە جگە لەوەی مامۆستا خۆیشی لە جێی دیكی دەتوانێت ببێتە قوتابی و خۆی لەو پێگە مەركەزییە داڕنێت. پرسیارێك لێرەدا نائاگایانە یەخەمان دەگرێت ئەوەیە كە: دۆخی دەروونیی مرۆڤ چیی لێدێت؟ یۆڤال لە گفتوگۆیەكی گاردیاندا دەڵێت: "دەبێت چاوەڕێ بین و بزانین چی دەبێت. ترسەكەی من پتر دەروونییە. ئەوەی كە لەڕووی دەروونییەوە بەرگەی ئەم ئاستە لە گۆڕانكاری دەگرین یان نا....داپیرم 93 ساڵ تەمەنیەتی و وەزعی باشە. كەواتە دەتوانین بەردەوام بین بەڵام ئاخۆ دەتوانین هەر بەم شێوەیە بەردەوام بین یان نا گەرەنتییەك لەئارادا نیە".

 

  • 1