ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 ئەمڕۆ ئەمریکا سەرقافڵەى دەوڵەتە ئیمپریالیە زلهێزەکانى جیهانە. سەرمایەدارى و ئیمپریالیەتیش لەسەر بنچینەى زەوتکردن و چەوساندنەوە و ڕوتاندنەوەى گەلانى ژێردەستە و هەمو دەسکەوتە زانستیەکانیشى هەر بۆ ئەم مەبەستە تەرخانکردوە. هەر ئەم پیشەییەش بوە بە مایەى مانەوە و تەمەن درێژى دەوڵەتە ئیمپریالیەکان و لەم ڕێگەیەشەوە مامەڵەیان لەگەڵ گەلانى تر کردوە. لەوانە گەلى کورد.

ئەمریکا مسۆگەرى کردبو کە لە دو توێى ئێران و تورکیا و عێراق و سوریادا. بەپێى پێویست کوردوستان ئەڕوتێنێتەوە. لەبەرئەوە هەرگیز لەگەڵ ئەوە نەبو کە کورد لە یەکێک لەو دەوڵەتانە جیا ببێتەوە و قەوارەیەکى سەربەخۆ بۆ خۆى پێک بهێنێ. گەمەپێکردن هەر کاتێک پێویستى پێ بو بێ و پاش جێبەجێبونى مەبەستەکەى پشتى بەردان بۆ ئەوەى دوژمنەکەیان تۆڵەیان لێ بکاتەوە..

ـ ئەمریکا شەریکى عێراق و ئێران بو کە مستەفا بارزانى و سەدان شۆرشگێڕى ترى ناچارکرد کە پەنا بۆ یەکێتى سۆڤیەت بەرێت.

ـ ئەمریکا هاندەرى شاى ئێران و سەدام بو بۆ پێکهاتن لە جەزائیر ٩٧٥ بەمەبەستى ئاش بەتاڵ پێکردنى شۆڕشى کوردى عێراق!!

ـ  ئەمریکا, دواى ئەوەى لە ئازارى ٩٩١ دا کورد کەرکوک/ ى ڕزگارکرد (کانگاى نەوت) ڕێگەى دابە بەهێزترین و دڕندەترین سوپاى (سەدام) کە لەکەرکوک/ەوە هێرشى بۆ ناوچەکانى ترى کوردوستان بهێنێ و بەسەدان هاووڵاتى بێ چەک بە تانک و فڕۆکەى بکوژێ و نزیکەى دو ملیون کورد ئاوارەبکات. چونکە مەبەستى ئەو (نەوت و سەدام) ى لاواز بو.

ـ ئەمریکا کە دواى ڕوخانى ڕژێمى بەعس عێراقى زەوت کرد لە سەردەمى(پریمەر) دا حوکمەزاتیەکەى (سەدام / ى) فەرزکرد بەسەر کوردا و کێشەى ناوچە دابڕێنراوەکانى هێشتەوە بۆ ئەوەى مایەى ناکۆکى بێت لە نێوان کوردو عەرەب دالە عێراق.

ـ ئەمریکا بۆ ئەوەى لە کوردوستان دا خۆى بچەسپێنێ و حکومەتى هەرێمى داخل بەشەڕى داعش بکات. داعش / ى ئاڕاستەى (مەخمور) و هەولێر کردو هەر خۆى ئەو هێرشەى تێک شکاند و کردى بەمنەت بەسەر کوردەوە.

ـ ئەمریکا کە ماوەیەک بۆ پڕوپاگەندە و هاتو هاوارى بۆ دەوڵەتى سەربەخۆى کوردى عێراق ئەکرد. کاتێک کورد (ڕیفراندۆم) ى لە ٢٥/٩/٢٠١٧ ئەنجام دا بو بە پشتیوان و لایەنگرى حکومەتى عێراق و( هێرشى –حەشدى شەعبى) بۆ سەر کوردوستان و فەرزکردنى گەمارۆى ئابورى بەسەر کورددا.

ـ ئەمریکا لەساڵى ٢٠١١ گاڵتە بە کوردى سوریا ئەکات و یەک لەدواى یەک کۆبانێ و عەفرین / ى دواى وێرانکردن و ئاوارەکردنى خەڵکەکەى تەسلیم بە تورکیاى کرد بۆ ئەوەى تورک و عەرەب بێننە شوێنى کوردەکە... ئێستاش مەترسى هێرش لەلایەن تورکیاوە بۆ سەر (مەنبەج) و ڕۆژهەڵاتى فورات لەئان و سەعات دایە .. ئەمریکا بە تورکیاى ڕاگەیاندوە کە یارمەتى دانى کورد لەو شوێنانە کاتى یە. واتە بەم زوانە دەست لەوانیش بەرئەدات بۆ تورکیا یان بۆ سوریاى ئایندە...

بڕیارى (ترەمپ) واتە کشانەوەى هێزەکانى لە سوریا بەتایبەتى (ڕۆژهەڵاتى فورات ـ ڕۆژئاواى کوردوستان) جگە لەوەى کە جێگەى گومانە و هەنگاوى ترى بە دواوەیە لەناوچەکەدا زەبرێکى گەورە لە بزوتنەوەى ڕزگارىخوازى کورد ئەدا لە سوریا ئەمەیش ئەبێ بە دەرز و پەند بۆ گەلى کورد.

 

  • 1