ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ماوەیەکی کورت نییە، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە کوردستاندا چالاکییەکی بەرچاویان هەیە، و تاڕادەیەک ئەزمونێکی گرنگیان لەم بوارەدا کەڵەکە کردووە. لە دوای ڕوخاندی ڕژێمی دیکتاتۆری لە 2003دا گۆرانێکی چلۆنایەتی لە کاری ئەو ڕێکخراوانە بەدی دەکرێ، ئەمەش لە ئاستی فراوانبونی پەیوەندییەکانی لە گەڵ ڕێکخراوە بیانییەکان، وبەشداریکردنیان لەو ۆرکشۆپانەی لە دەرەوەی وڵات دەکرێن، و دروست بوونی ڕایەڵی پەیوەندی و کاری هاوبەش لە گەڵ ئەو ڕێکخراوانەی کە لە ئاستی عێراقدا درووست بوون.

زیاد بوونی ئەزمونی ئەم ڕێکخراوانە وبەردەوامبوونیان لە کارەکانیاندا، وا دەخوازی ئاست وڕێژەی ئەرکەکانیان وشێوازی ئەنجامدانی ئەو ئەرکانەش، بە شێوەیەکی پێگەیوتر ڕەنگ بداتەوە، لە ڕوانگە ئەوەی کە مۆرکی کۆمەڵگەی مەدەنی پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی زیندووە لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ئازادانە وخۆبەخشانەی تاک لە کۆمەڵدا لە پەیوەندی وکارکردن، وچالاکی ئەنجامدان لە نێو ئەو ڕێکخراوانەی کە لەدەرەوەی دەسەڵاتدا هەن، بۆ داکۆکیکردن لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە ڕێگای شێوازی کاری مەدەنی وئاشتییانە.

کاتێک ئەو ڕێکخراوانە لە کۆمەڵگەیەکی دیاریکراودا کاردەکەن، پێویستە لە ڕوانگەی تێگەیشتنیان بۆ بنەمای پرۆسەی گورانکاری کۆمەڵایەتی سروشت ومۆرکی ململانییەکانی ئەو کۆمەڵگایە، وئاستی پەرەسەندی پەیوەندییەکان لەبەر چاو بگرن، لە کاتی داڕشتنی بەرنامەو پرۆژەکانیاندا.

لەم بوارەدا، گرنگە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە کوردستاندا، ڕچاوی ئەوە بکەن کە کۆمەڵگەی کوردستان بە گشتی بە قۆناغی گورانکاری بەرەو دیموکراسی تێپەردەبێ. ئەم پرۆسەیە کە مۆرکێکی سیاسی وکۆمەڵایەتی وئابوری وکەلتوری هەیە، پەیوەندییەکانی کۆمەلًگه وڕەهەندی حزبە سیاسییەکانیش دەگرێتەوە، تەنانەت خودی ئەم قۆناغە کار دەکاتە سەر ئاست وتێگەیشتنی چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی وئەرکەکانی، وشێوازی کاری ئەوانەی لە بواری کۆمەڵگای مەدەنیدا کار دەکەن، بەو پێیەی کە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئامرازێکی تێکۆشانن بۆ دیموکراسی.

کاتێک باسی قۆناغی گواستەنەوە بەرو دیموکراسی دەکەین وسروشتی ئەم قۆناغەی کوردستان بەم جۆرە دەستنیشاندەکەین، دەبێ لە یادمان نەچێ کە خودی چەمکی دیموکراسی مۆرکێکی گۆرانکارییانە بە خۆوە دەگرێ، وناکرێ لە دەرەوەی یاساکانی ملمڵانێ مامەڵەی لەگەڵدا بکەین، بەو مانایەی کە هاوکات لە گەڵ بوونی پەراوێزێکی دیاریکراو بۆ ئازادییە دیموکراسییەکان وپەیڕەوکردنی مافە مەدەنی وسیاسی وکۆمەڵایەتییەکان، لە هەمان کاتدا کۆسپ وڕێگرەکانی دیموکراسی لە نێو خودی پرۆسەکە ولە هەمان قۆناغدا دروست دەبێ.

ئێمە پێمان وایە ئەرکی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەوەدا بەرجەستە دەبێ، کە پشتگیری لە خاڵە پۆزەتیفەکان کە لە گەڵ نەریت وبەها دیموکراسیەکاندا دەگونجێ، بکات، و لەهەمان کاتدا دیاردە نەگەتیفەکان کە دژ بە بەها دیموکراسییەکان وبەرژەوەندی خەڵکە، دەستنیشان بکات،و ڕای گشتی لە روبەڕوبوونەوەیدا لە ڕێگای تێکۆشانی مەدەنیانە کۆبکاتەوە،و یارمەتی پەرلەمان وحکومەت بدات وەک بەشدار وچاودێر لە داڕشتنی یاساکان وئەنجامدانی ئەرکەکان. ئەم جۆرە هاوکێشەیەش سەقامگیری بۆ کۆمەڵگە دابین دەکات.

کۆمەڵگەیەکی مەدەنی کاریگەر، کۆمەڵێک هۆکاری بابەتی وزاتی گەرەکە. یەکێک لەو هۆکارە بابەتییانە هەستکردنە بە وڵاتیبوون. مانای راستەقینەی وڵاتیبوون لە کۆمەڵێکی فراوان ماف وئەرکدا خۆی دەبینێتەوە کە تاکەکان بێ جیاوازی تایبەتمەندییەکانیان، بە دەوڵەتەوە دەبستێتەوە. لێرەشدا باسی دەوڵەت دەکەین وەک بوونێکی سیاسی پابەند بە دەستورێکی دیموکراسییەوە و ڕێکخەرێکی کاریگەری ناکۆکییەکانی نێو کۆمەڵ. لە حاڵەتی بوون وکاریگەری ئەم جۆرە پەیوەندییە، بەشداری تاکەکان لە مەسەلە گشتییەکاندا زیاتر وکاریگەرتر دەبێ. بۆیە دەبێ سەرنجی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ گرینگیدان بە بەهێز کردنی چەمکی وڵاتیبوون ڕابکێشین، وەک هۆکارێکی گرنگی کاریگەربوونی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەو ڕوانگەی ئەوەی کە تاک بەرپرسارە بەرامبەر بەو مەسەلانەی کە بەمەسەلە گشتییەکانی کۆمەڵ دادەنرێن.

لە نێوان رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی وحکومەتدا خاڵی بەیەکگەیشتن وتێکەڵبوون درووست دەبێ. گرنگە خاڵی بەیەکگەیشتن وکاری هاوبەش دروست بێ، ئەو ڕێکخراوانە لەلایەن حکومەتەوە پشتگیری بکرێن، بەڵام فراوان بوونی ڕووبەری تێکەڵبوون، ودەستێوەردانی حکومەت لە کاری ئەو ڕێکخراوانە سەلبییانە کار دەکاتە سەر سەربەخۆیی کاری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی.

پاراستنی سەربەخۆیی ئەو ڕێکخراوانە ، هۆکاری سەرکی کاریگەربوونێتی،و ئەمەش زیاتر خزمەتی کارەکانی پەرلەمان وحکومەتی کوردستان دەکات. ئێمە بەردەوام پێویستمان بە ڕای ئازاد وسەربەخۆیانەی ئەو ڕێکخراوانە هەیە، نەک ئەو ڕێکخراوانە شێوازێکی دەمامکدراوی حزبە سیاسییەکانی نێو حکومەت وپەرلەمان بن.

بەشێکی زۆری لێژنەکانی پەرلەمان لە ئەنجامدانی کارەکانیان ولە دەوڵەمەندکردنی پرۆژە یاساییەکان پێویستیان بە هەماهەنگی تەواویان لە گەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هەیە. 

پێویستە بەردەوام کار بکرێ بۆ ئەوەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ڕۆڵی بەرچاویان هەبێ لە سەقامگیر کردنی نەریتە دیموکراسییەکان لە نێو کۆمەڵگای کوردستاندا، وبتوانن بە تەواوی ببنە ئەو ڕایەڵەی کە پەیوەندی هاوڵاتی بە دەسەڵاتەوە ببەستێتەوە.

لە ئەنجامدانی ئەم خالەدا گرنگە ئەو ڕێکخراوانە بایەخێکی تەواو بە داواکاری توێژە پەراوێزخراوەکان بدەن وهۆکاری گەیاندنی داواکاری ئەوان بن، بۆ بەردەم دەسەڵات، و ئەو توێژانەش بەرو تێکۆشانی مەدەنیی ئاشتییانە ئاراستە بکەن. لە هەمان کاتدا پێویستە بایەخ بە کاریگەرکردنی بەشداری ناوەندی ژنان ولاوان لەمەسەلە گشیتییەکاندا، بدەن.

ئەرکی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵکەی مەدەنی لە هەلومەرجی ئەمڕۆی کوردستاندا ئەرکێکی قورس وئاڵوزە. تا ئێستا پەیوەندییە تەقلییدییەکانی پێش سەرمایەداری وەک پەیوەندی تایفەگەری وخێڵەکی وبەرتەسکی ئاینی ڕێگا لە درووستکردنی ئەو پەیوەندییانە دەگرن کە لەسەر بنەمای مودرینزمی سەرمایەداری دێتەکایەوە، وبە پەیوەندی مەدەنی ناودەبرێن. بۆیە پێویستە ئەوانەی لەم بوارە کۆمەڵایەتیە گرنگەدا خۆبەخشانەکاردەکەن، لە ئاست زانینی ئەو کۆسپ وتەگەرانە بن کە لە بواری جۆراوجۆردا دێتە بەر ڕێگای کارەکانیان.

  • 1