ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

"1"

كورد و كوردستان ئەزموونێكی تێكۆشانی ڕەوای هەیە و بە گەیشتن بە دامەزراندنی قەوارەی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆی لەڕووی نەتەوەیی و نیشتمانییەوە بەكۆتا دێت. نەگەیشتن بەو قۆناغە هەمیشە شێواوی لە بونیادی دەسەڵاتدارییەكەی لەنگ دەبێت و بەردەوام بۆ خۆی و ئەوانی دیكەش ناتەواوبووە.

مێژوو پێمان دەڵێت، هەمیشە یەكێك لەسەرەكیترین هۆكارەكانی هەرەسی ئەزموونی ئیمارەتە كوردییەكان لەسەدەكانی ڕابردوو هۆكاری خودیی و ناوخۆیی بووە. هەر لە خراپ بەڕێوەبردنی دەسەڵات و نەبوونی دامەزراوە و بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و كلكایەتی بۆ ئەم و ئەو و هەبوونی گرووپی چەكداری جیاواز و ڕێگەنەدان بە ئازادییە گشتییەكان و ...تد. بێگومان هەمان ئەو هۆكارانەش بنەمای شكستی ئەزموونی حكوومەتەكەی شێخ مەحموود و حوكمی زاتی ساڵانی هەفتاكانی سەدەی ڕابردوو تەنانەت لە ئەزموونی كۆماری كوردستانیش پێشووتر لە مەهابادی ڕۆژهەڵات بوونی هەبووە. دیارە لەتەك هۆكارە دەرەكییەكان دیسان فاكتەری كاریگەربوون لە شكستی دەسەڵاتدارێتی و قەڵەمڕەویی كوردستانی.

"2"

ئەزموونی دوای ڕاپەڕین، یەكێكی دیكەیە لەو ئەزموونە خراپانەی بونیادنانی دەسەڵاتی كوردستانی كە هەر لەسەرەتاوە لەگەڵ خۆیدا ئاژاوە و شەڕێكی خوێناوی لەگەڵ خۆیدا هێنا كە سەدان كەس تیایدا بوونە قوربانی و دەیان ساڵ هەرێمی بۆ دواوە گەڕاندەوە. لەسایەیدا سەرباری لایەنە گەشەكانی، بەڵام بەرتەسككردنەوەی ئازادییە گشتییەكان و ململانێی حزبی و بەحزبیكردنی دەسەڵاتەكان و نەبوونی دامەزراوەیی دەوڵەتی تۆكمە و بڵاوبوونەوەی گەندەڵی لە هەموو جومگە سەرەكییەكانی فەرمانڕەوایی و پەیدابوونی دەیان توێژی مشەخۆری ئابووری و ئەمنی و چەكداری كە لەسەر دەسەڵات بوونەتە بەڵا و هەڕەشەی كوشندە لە خودی مانەوەی دەسەڵاتەكە دەكەن.

هەر بۆیە دەبینین لەهەر وێستگەیەكی پێكهێنانی كابینەكانی حكوومەتدا، نیگەرانی و مەترسی شەڕی ناوخۆ لەلای هاووڵاتییان دووبارە دەبێتەوە. تەنانەت وای لە هاووڵاتییان كردووە زۆر گرنگ نەبێت حكوومەت و بەرنامەكەی چییە و هەر بیانەوێت پێكبهێنرێت و شەڕ و ئاژاوە بەدوای خۆیدا نەهێنێت.

"3"

گرفتی گەورە ئەوەیە ئەگەر بۆ دنیا ئەوە پرۆڤەی كورد بێت لە فەرمانڕەوایی دەوڵەتدا، ئەوە ئەزموونێكمان هەیە ناتوانین بیسەلمێنین بۆ دنیا كە ئێمە دەتوانین فەرمانڕەوایی وڵاتێك بكەین كە بتوانێت لەناوخۆی خۆیدا بەردەوام بێت و بتوانێت بژێت. هەروەها ناتوانێت دڵنەوایی بدات بە دەوروبەر كە دەتوانێت بە ئاشتییانە لەگەڵیان هەڵبكات. هەر بۆیە پێویستە و ئەركی فەرمانڕەوایانی ئەم هەرێمە و حزبەكانی و كەسایەتییە سیاسییەكانی كار بۆ ئەوە بكەن پێداچوونەوەی گشتگیر بكەن بۆ ئەو دۆخە و ئەزموونی فەرمانڕەوایی ڕاست بكەنەوە بەشێوەیەك هیچی دیكە پێكهێنانی كابینە حكوومییەكان زەنگی هەڵگیرسانی شەڕ بە گوێچكەی هاووڵاتییاندا نەدات. هیچی دیكە نوێنەری وڵاتانی جیهان و هەرێمایەتی نەیەن دەستگیریمان بكەن بۆ دابەشكردنی ئەم پۆست و ئەوی دیكە. هیچی دیكە پرسی مافەكانی مرۆڤ و ئازادییەكان نەبنە سەردێڕی پێشێلكارییە جیهانییەكان. هیچی دیكە سەروەت و سامانی نیشتمانی بۆ ئەم گرووپ و ئەوی دیكە بڕوات! پێویستی پڕۆژەی بە دامەزراوەییكردنی هەرێم بگاتە ئامانج، یەك هێزی سەربازی هەبێت. ئاسایش و دامەزراوە ئەمنییەكان، ئاسایش و ئەمنی هاووڵاتییان بپارێزن و پڕۆژەی ئارامیش ئەوەیە كە دەبێت ماف و كار و خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییان دابین بكرێت، هەر بەوەش ئاسایش و ئەمن سەقامگیر دەبێت.

  • 1