ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

كابینە دروستكردن

سمكۆ محەمەد 

لەماوەی نزیك بە 28 ساڵە كە ناوبەناو بەهەر بیانوویەك بێت كابینەكان نوێكراونەتەوە، چونكە بەدەگمەن كار بەسیستمی حوكمڕانی یەك ئیدارەیی كراوە، بۆیە نۆ كابینە بەڕێ كراوە و هەریەكەیان بەكۆڵێك كێشەی كەڵەكەبووەوە هەردوو ئیدارەكەی پێشووتری بەجێهێشتووە، هۆكارەكەش ئەوەبووە كە چارەسەرە ڕیشەییەكانیان دواخستووە بۆ كاتێكی نادیار كە نەخۆیان و نەئێمەش سەری لێدەرنەكەین و بەردەوام ڕادەستی قەدەر كراوە، لەحاڵێكیشدا كاروباری خەڵك بەڕێوەچووە كە تەنیا حكوومەتی ڕاستەقینە نەبوو بەمانا مۆدێرنەكەی، بەڵكو حكوومەتی قائم بالاعمال بووە بەناوی حكوومەتەوە لەلایەك و تەنیا گۆڕینی كابینە بووە لەلایەكی تر. 

هەمیشە كە سیاسەت لەنێوان حزبەكان گرژی تێكەوتووە، ڕاستەوخۆ هەم هەڕەشە لەیەكتر و هەم سیمای دوو ئیدارەیی دەركەوتووە، بەڵام بەفەرمی دانیپێدا نەنراوە، بۆیە حكوومەتی كوردی لەم هەرێمەدا لەڕێگەی ڕێككەوتنی سیاسییەوە بووە و بەتایبەتیش یەكێتی و پارتی پێكیان هێناوە، ئەمجارە گرێ سیاسییەكە گرژتر بووەتەوە، ئەویش مەسەلەی ئاسایی نەبوونی نێوان یەكێتی و پارتییە بەپێی تێكچوونی ڕێككەوتننامەی ستراتیژی ڕابردوو كە هەردوولایان دەستكارییان كرد، ئەمە جگە لەوەی هەرجارە بەبیانوویەك ئەو هێزانەی بەناوی ئۆپۆزسیۆنەوە كاری سیاسی دەكەن بوونە بەكێشەی نێوان پارتی و یەكێتی، لەحاڵێكدا بەپێی ئەو ئیدیعایە بێت كە ڕەشنووسی دەستوور بەڕێوەیە بۆ سەرهەڵدانەوەی دەزگای سەرۆكایەتی هەرێم، دەبووایە لەدوای پرۆسەی هەڵبژاردن و دەرەنجامەكان، لەڕێگەی پارلەمانەوە حكوومەت پێكبێت و سەرۆك و جێگری پارلەمان و حكوومەت و وەزارەتەكان دابنرێت، ئەمە سیستماتیك كردنە، نەك ئەوەی كە تەنیا بەقسە ئیدیعای پێشكەوتن بكرێت و حكوومەتیش دەستەمۆی ئیمزای ڕێككەوتنی سیاسی بێت. 

هەموو هێزە سیاسییەكان بەدەسەڵات و بەناو ئۆپۆزسیۆن و دەرەوەی هەردوو بەرەكەش، هێندەی چاویان لەداهات و پۆستی سیادی بڕیوە، نیو هێندە چاویان لەسیستماتیك كردنی حكوومەت و كاروباری خەڵك و یاسا و سیاسەت و ژیانی كۆمەڵایەتی و پەروەردە و تەندروستی نەبڕیوە كە بەشی زۆری ئەو ئیشكالیاتانەی كۆمەڵگەی كوردی دووچاری چەقبەستووی كردووە كێشەی سیاسی نیین، بەڵكو بەشێكی زۆری كێشەی كۆمەڵایەتی و یاسا و تەندروستی و پەروەردەن، ئەم تێگەیشتنە ئەوەمان بۆ ڕوون دەكاتەوە كە هیچ هێزێكی سیاسی و حزبێك نییە بەعیلمانی و ئیسلامییەوە، بیر لەداهاتووی ئەم كۆمەڵگەیە بكەنەوە، مەگەر داهاتووی حزبی و بەرژەوەندییەكانیان، هەر بۆیە كە قسە دێتە سەر سیستماتیك كردنی كاروباری حكومی و باج ئەستاندن و بەرقەراركردنی یاسا لەهەموو بوارێكدا، هەر حزبێك لەلای خۆیەوە شانی خۆی خاڵی دەكاتەوە لەبەرپرسیارێتی لەو كابینەیەی كە دسەڵاتی لەزاخۆوە تاكو كفری هەبێت و هەمووشی وەهمە. 

وادەركەوتووە ئەمجارەیان بەدەر لەجارەكانی پێشوو ئیسلامییەكان بەخۆڕسك بكەونە پەراوێزی حكوومەتی داهاتووەوە، یەكەم لەبەرئەوەی شكستیان هێناوە و دەنگی چەند ساڵی ڕابردوویان نەهێنایەوە، بۆیە ئەو ئیستحقاقەی جارانیان نامێنێ‌، خاڵێكی تر ئەوەیە كە ئیرادەیەكیش هەیە لەنێو دەسەڵات ئەو قودرەتەی جارانیان پێڕەوا نەبینن لەنێو حكوومەت، ئەویتر لەبەرئەوەی لەڕووی سیاسییەوە ئیحراج بوونە لەنێوان ئۆپۆزسیۆن بوون و بەشداری كردن لەدەسەڵات و حكوومەت، كامیان بەباشتر بزانن و هەڵبژێرن، ئەمە فەزایەكی ترە سەریهەڵداوە لەدوای یەكەمین كابینەی هەرێمی كوردستانەوە، بەڵام ئەم فەزایە هیچ لەسیناریۆی كابینەكانی ڕابردوو ناگۆڕێت كە یەكێتی و پارتی حكوومەتیان پێكدەهێنا و ئەوانی دیكەش بەناوی بنكە فراوانەوە لەپەراوێزدا بەشداریان دەكرد، چونكە هێشتا دنیابینی سیاسی حزبی كوردی لەو ستایلەی جاران تەجاوزی نەكردووە، هەروەها هێشتا هەر ئەو دوو هێزە جڵەوی بەڕێوەبردنی حكوومەتیان بەدەستەوەیە، چونكە ئەوان ئەزموونیان هەیە لەكابینە دروستكردن. 

  • 1