ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

1

ڕۆژی 14/12/2018 ساڵێك بەسەر كۆچی دوایی هاوڕێ (ئەبو دلشاد)ی نیشتمانپەروەر و شیوعی و مرۆڤدۆست ڕەت بوو، هاوڕێ ئەبو دلشاد لەخێزانێكی شیوعی ناسراوی شاری هەولێر لەدایك ببوو، باوكی ئەبو دلشاد هاوڕێ محەمەد خەلیل شیوعییەكی ناودار و دیاری پارێزگای هەولێر بوو، هەروا لەسەر ئاستی كوردستان و عێراقیش لەلایەن شیوعییەكانەوە ناوێكی درەوشاوە بوو، هاوڕێ محەمەد خەلیل بەهۆی چالاكی و پەیوەندی فراوانی لەگەڵ جەماوەری شاری هەولێر بەردەوام لەژێر چاودێری و لێپرسینەوەی پیاوانی فەرمانگەی ئەمنی هەولێردا بوو، جگە لەوەش زۆر جاریش دەستگیر دەكرا.

هاوڕێ ئەبو دلشاد پەروەردەی دەستی ئەم باوكە تێكۆشەر و ئازا و بە ئەزموونەی كاری حزبی بوو، بۆیە هەر لە منداڵییەوە فرچكی بەناوی حزبی شیوعی و تێكۆشانی شیوعییەكان گرتبوو، و لە تەمەنی هەرزەكاریدا باوكی ڕایهێنابوو كە چۆن نامە و پۆستەی حزبی لەناو شاری هەولێر بەسەر هاوڕێیاندا دابەش بكات، لەتەمەنی 16 ساڵیدا بۆ ئەندامێتی حزب دەپاڵێورێ، هەرچەندە تەمەنی بچووك دەبێت بەڵام بەهۆی وریایی و ئازایەتی و ئامادەیی بۆ ڕاپەڕاندنی ئەركی حزبی، هاوڕێیان بڕیاری پاڵاوتنی دەدەن، دوای ئەوەی ماوەی پاڵاوتن بەسەركەوتوویی تەواو دەكات لەسەرەتای ساڵی 1959 شەرەفی ئەندامێتی حزب وەردەگرێت، بەبێ دابڕان و بەردەوام ئەركەكانی حزب جێبەجێ دەكات و، لەماوەیەكی كورتدا دەبێتە كادیرێكی دیار و بەتوانای یەكێتی گشتی قوتابییان و، لەبواری، حزبیشدا لێهات و زیرەك دەبێ، بۆیە پلەی ئەندامی لیژنەی قاتعی یەكی ناو شاری هەولێری لەساڵی 1962-1963 پێ دەبەخشرێت، ئەوكاتە دوو لیژنەی قاتع لەناو شاری هەولێر هەبوو.

لەكاتی كودەتا شووم و خوێناوییەكەی بەعسییەكان لە 8ی شوباتی 1963دا لەتەك هاوڕێ مام قادر لەناوی شار دەمێنێتەوە و، درێژە بە تێكۆشان و چالاكی حزبی دەدات و، لەخوێندنیش بەردەوام دەبێت، بەهۆی بزێوی و جولە و پەیوەندییەكانی لەگەڵ ڕێكخستنەكانی حزب لەلایەن (فەرمانگەی ئەمنی) هەولێر ئاشكرا دەبێ و فەرمانی گرتنی بۆ دەردەچێت، ئەو دەمە لە پۆلی پێنجەمی ئامادەیی بوو، ماوەیەك بەنهێنی لە ناو شار دەمێنێتەوە و، پاشان لەكۆتایی ساڵی 1964 حزب بڕیار دەدات كە دەبێ بەرەو شاخ و پێشمەرگایەتی بچێت، ئەویش بەبێ دواكەوتن بڕیاری حزب جێبەجێ دەكات و واز لە خوێندن دێنێ و بۆ شاخ دەڕوات و لەناوچەی بەرسرین لەگەڵ هاوڕێیانی پێشمەرگەی حزب شاد دەبێ و پاشان دەبێتە ئەندامی لیژنەی ئازادی كە تایبەت بوو بەكاروباری پێشمەرگەكانی حزب لەناوچەكە و لەشەڕ و داستانی هندرێن بەشدار و ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە.

هاوڕێ ئەبو دلشاد بەهۆی خۆڕاگری و درێژەدانی بە خەبات لەپێناوی سەربەستی و ئازادی گەلەكەی تووشی جۆرەها دەردەسەری و نەبوونی و دەربەدەری و سەرما و گەرما و ئێش و ئازار بوو، بەڵام ئەو هەموو مەینەتییانە كاریگەری نەرێنییان بەهیچ جۆرێك لەسەری نەبوو، بەڵكو بەپێچەوانەوە ساڵ لەدوای ساڵ بڕوا و متمانەی بە حزب و سەركەوتن پتەوتر دەبوو، ئەم هاوڕێ تێكۆشەرە گەلێك توانای جۆراوجۆری لەبواری ڕاگەیاندن و نووسین و وەرگیڕان هەبوو، هەروا وتارخوێنێكی (خگیب)ێكی چاك بوو، لە ئاهەنگەكانی حزب لەبەرسرین سەرپەرشتكارێكی بەئەزموون بوو، هەر خۆشی كاری (عەریفی حەفلەی) لێزانانە دەكرد.

لەساڵی 1974 لەسەر داوا و بڕیاری حزب ماڵی بردە بەغدا و بووە یەكێك لە نووسەرەكانی بیری نوێ و، هەروا یەكێك بوو لەبەرپرسەكانی كاروباری ئیدارەی ڕۆژنامەی (گریق الشعب) لە ساڵی 1979 كاتێك كە هێرشی بەعسی بۆ سەر حزبمان دەستی پێ كرد و فراوان بوو، بەشێكی زۆری سەركردایەتی و كادیرانی دیاری حزب شاری بەغدایان بەجێهێشت، هاوڕێ ئەبو دلشاد و هاوڕێ حەیدەر شێخ عەلی ئەركی چارەكردن و لەناوبردنی بەڵگەنامەكانی حزبیان كە لە بارەگای مەكتەبی سیاسی و بارەگای لیژنەی ناوچەی بەغدا هەبوون، بەپێی بڕیاری حزب كەوتە ئەستۆ بەبێ دوو دڵی مانەوە و، هەموو ئەركەكانیان ئەنجامدا و، كەلوپەلەكانی بارەگاكانیشیان فرۆشت و پارەكەی 30 هەزار دیناری ئەوكات بوو، ڕادەستی حزبیان كرد، پاشان لەڕێگای سلێمانی و بەیارمەتی ڕێكخستنەكانی حزب لە زستانی 1979 گەیشتنە ناوچەی ناوزەنگ و دووبارە بۆوە پێشمەرگە و چەك و شاخی بۆ بەردەوامی تێكۆشان هەڵبژارد، هاوڕێی دێرین و كۆچكردوومان، لە بواری حزبی و كاروباری ئیداری پشوودرێژ و وردبین بوو، خاوەن ڕاوبۆچوونی تایبەتی خۆی بوو، لەهەموو كۆڕو كۆبوونەوەیەكی حزبیدا ڕەخنەگرێكی بنیاتنەر بوو، لەڕەخنەگرتن وشیار و ئازا بوو، ئارەزووی زۆری ڕەخنەی لە بەرپرسە باڵاكانی حزب هەبوو.

2

هاوڕێ ئەبو دلشاد كار و ئەركی حزبی و حزبایەتی پیشەی ڕۆژانەی بوون و، ئاوێتەی تەواوی ژیانی خۆی و خانەوادەكەی بوو، لەگەڵ ئەوەی نیو سەدە زیاتر بەردەوام لەكاری حزبی و تێكۆشان و پێشمەرگایەتی بوو، بۆیەك چركەساتیش دانەبڕابوو، تەمەنێكی زۆریشی لە شاخ بەسەر بردبوو، لەگەڵ ئەمانەش لەناخییەوە هەموو شتێكی جوانی خۆشدەویست و لەبەرانبەر هەر جوان و شۆخێك وەكو بەفری بەر هەتاو دەتوایەوە و، تەنیا ئەوەی دەدیت كە لەبەرچاویا بوو، گەلێ جار دەیگوت من مانای ژیان باش دەزانم، بۆیە هەموو بوونەوەرێكی جوان دەپەرستم، لەبەر ئەوەی ژیان تەژی جوانییە، ئارەزووی ژیانێكی خۆش و بێ گیروگرفتی دەكرد، حەزی دەكرد لەژوورێكی پاك و خاوێن و فێنك بژیت، پێخەفی نەرم و گەرمی هەبێ، دانیشتنی شەوان و خواردنەوە نایاب لەگەڵ هاوڕێیان و دۆستان مەبەستی بوو، هەوڵی دەدا باشترین جۆری جگەرە بكێشێ، بەڵام داخی گرانم ئەمانەی هیچی بۆ مەیسەر نەبوو، بەتایبەتی كە پێشمەرگەی شاخ بوو، دەیتوانی بەشەو تاكو بەیانی نەخەوێت، بەڵام خەوی بەیانیانی بەلاوە گرنگ بوو، بۆیە درەنگ لەخەو ڕادەبوو، لەدوای هەموو پێشمەرگەكان نانی دەخوارد، گەلێك ئارەزووی لەخواردنی خۆش و بەچێژ بوو، گەر بۆی بلوایە بەتایبەتی بەیانیان حەزی لە شیشێك تكەی گۆشت یان جگەر بوو، بەكورتی بەشێوەیەكی چاك لەمانای ژیان تێگەیشتبوو، بۆیە ژیانی زۆر خۆش دەویست و دەیزانی چۆن بژیت، بەڵام بەهۆی دژواری ڕۆژانی خەباتی شار و شاخ نەیتوانی بەو جۆرەی مەبەستی بوو بژیت، گەلێ جار پێم دەگوت جەنابت بۆچی بوویتە شیوعی غەڵەتت كردووە، ئەو شێوە ژیانەی تۆ دەتەوێ كەی لای شیوعییەكان مەیسەر دەبێت، لەوەڵامدا دەیگوت كاتێك: هەرزەكار و گەنج بووم بەبێ بیركردنەوە چێژم لەحزبایەتی و كۆڕ و كۆبونەوەكانی حزبی دەبینی، ئێستاكە كە لەناو حزبایەتی و سیاسەت و پێشمەرگایەتی و تێكۆشان بەبێ دابڕان قاڵبوومەتەوە، لە ژیانی ڕۆژانەم بە بڕوایەكی فیكری پتەوەوە ڕووە و ئاسۆ دەڕوانم و تازە بەبێ حزبایەتی و سیاسەت ناتوانم و ناژیم و، گەیشتومەتە ئەو بڕوایەش كە ئەو ڕێگایەی گرتوومەتەبەر كە بەرەو سوشیالیزمان دەبات، ڕاست و دروستە و، مرۆڤ تەنیا لەم ڕێگایەوە لەستەمی مرۆڤ ڕزگاری دەبێت.

3

لەگەڵ هاوڕێ ئەبو دلشاد ماوەیەكی دوور و درێژ هاوڕێ و برادەر و دۆست بووین، ورد و درشتی ژیانی ڕۆژانەیم دەزانی، گەلێك جار باسی ژیانی تایبەتی خۆمان دەكرد، شتێك نەبوو بۆمی باس نەكات، توانای شاردنەوەی نهێنییەكانی نەبوو، هەر چۆنێك بووایە باسێكی هەر بۆ دەكردم، بەڵام لەم ڕۆژانە شتێكم لەژیانی هاوڕێ (ئەبو دلشاد) زانی، تەواو پێچەوانەی ئەوانەی سەرەوە بوو، كاتێك هاوڕێ (د. محێدین) هاتە لام و گوتی شتێك هەیە دەربارەی هاوڕێ (ئەبو دلشاد) پێشتر نەمزانیوە، ئێستاكە زانیم و هاوڕێم گەلێك لەلا مەزنتر و باڵا بەرزتر بووە، پێشتر وام نەناسی بوو، ئەوەی زانیومە ئەوەیە لەم ڕۆژانە چاوم بە هاوڕێ (شێخە) ئەندام مەكتەبی كۆمیتەی پارێزگای هەولێر كەوت و هەندێ باسی هاوڕێ ئەبو دلشادمان كرد، هاوڕێ (شێخە) گوتی هاوڕێی كۆچكردوومان زۆر جار دەهاتە لام و داوای ناوی چەند هاوڕێیەكی دەكرد كە پێویستیان بە یارمەتیدان هەبێ، بۆ ئەوەی شەهیدانەی هاوڕێ (ڕزگار)ی برای بەسەریاندا دابەش بكات، ئایا تۆ ئەمەت زانیوە؟ ئەم هەواڵە لەلای من گەلێك گرنگ و كاریگەر و بایەخدار بوو لەبەر ئەوەی لەخانەوادەی هاوڕێ ئەبو دلشاد خۆشك و براو كەسی وا هەیە كە پێویستیان بە یارمەتی هەبێت، بەڵام ئەو یارمەتیدانی هاوڕێیانی لا گرنگرتر بووە، خاڵی تر ئەوەیە چەندان جار بەیەكەوە باسی هاوڕێ شەهید (ڕزگار)مان دەكرد و دەربارەی هەواڵی خێزانی و (ئانای) كچە بچكۆڵەكەی شەهید (ڕزگار)م دەپرسی كە لەڕووسیا دەژین، لەبەر ئەوەی هاوسەرەكەی ڕووسییە هەروا باسی شەهیدانەی (ڕزگار)م لێ پرسیوە، بەڵام بەهیچ جۆرێك ڕۆژێ لەڕۆژان باسی ئەوەی نەكردووە كە شەهیدانەكەی بەسەر هاوڕێیان دابەش دەكات، ئێستاكە سەرسامم بە گەورەیی و مرۆڤدۆستی ئەم هاوڕێیەم و، چەند گرنگە مرۆڤ دوای مردنی نهێنی جوان و كاریگەری ئەرێنی لەسەر دەوروبەر و هاوڕێ و دۆستان بزانرێت، لەوانەیە نهێنی چاكتر و جوانتری هەبێت، بەڵكو لەدواڕۆژدا بزانرێت، نەمری بۆ هاوڕێ ئەبو دلشادی تێكۆشەر و مرۆڤدۆست.

رەوەند

18/12/2018

هەولێر

  • 1