ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

کە ئەدەب ناشیرینی دەداتە بەر هەتاو، بەوە بانگاشە بۆ هاودژەکەی، بۆ جوانی دەکات، کە باسی ستەمکاری دێنێتە گۆڕێ، بەوە داوای دادپەروەری دەکات، ئەوە ئیشی ئەدەب بووە، بە درێژایی دیرۆک. نووسەر هەیە زوو زوو (ڕۆمان)ی ئەستوور فڕێ دەداتە بازاڕەوە، ڕۆمانێک لە قسەی پووچ و درێژدادڕی، بەبێ ئەوەی پەرەگرافێکی ئەو ڕۆمانە ئەستوورە، بەهایەکی باڵای ئەدەبیی هەبێت. ڕەنگە ڕۆمانەکە بۆ سەر چەندان زمانیش وەربگێڕدرێت، یان تەنانەت بە فیلمیش بکرێت، بەڵام ئەوانە هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕن کە ڕۆمانی وا ناکەوێتە خانەی ئەدەبەوە و بە مەبەستی قازانجی ماددی، بە زمانێکی نزم، بۆ نەوەیەکی نیمچە خوێندەوار دەنووسرێت، دان براون یەکێکە لەو ڕۆماننووسانە کە ڕووی دەمیان لە عەوامە.

ئێستایش مشتومڕ لەبارەی (ئەنتۆنیۆ گرامشی)یەوە (١٨٩١ - ١٩٣٧) درێژەی هەیە. گرامشی کە کریستیانیزمی بە ئایدۆلۆجیا و کەنیسەی بە دەزگایەکی ئایدۆلۆجی دەزانی، یەکێک بوو لەو چەپانەی بە لۆگیکێکی بەردین سەرنجی کۆمەڵی نەدەدا. گرامشی دژی پەیماننامەی نێوان ڤاتیکان و دەسەڵاتی سیاسیی ئیتالیا دەبێت، ئاخر لەو پەیماننامەیەدا، کەنیسە لایەنی فاشیزم دەگرێت و وەک: (پیاوێک کە لەژێر چەتری پارێزگاریی خوادایە،) باسی مۆسۆلینی دەکات، لە بەرانبەر ئەوەدا دەسەڵاتیش، کەنیسە لە هەردوو بواری کولتوور و پەروەردەدا سەرپشک دەکات لەوەی کام سیاسەت دەگرێتە بەر. لە هەر جێیەک دەسەڵاتی سیاسی و دەسەڵاتی دینی بە کۆمەکی یەکتری هەژموونی خۆیان بسەپێنن، لەوێ ستەم سەروەرە.

دیرۆک لە ڕوانگەی گرامشییەوە، (گەشەسەندنێکی چەندایەتیی ئازادە، پێشەکی چوارچێوەی بۆ دیاری نەکراوە.) گرامشی دەیگوت: (شۆڕشی بەلشەفیکەکان، سەرکەوتن بوو بەسەر مارکسیزمی نەریتخوازدا، ئاخر لە وەڵاتێکدا قەوما کە لە ڕووی ئابوورییەوە دواکەوتووبوو، هەرچەندە لە مارکس وابوو، یەکەم شۆڕشی پرۆلیتاریا لە وەڵاتێکی سەرمایەداریی پێشکەوتوودا ڕوو دەدات.) گرامشی دەیگوت: (سەرخان بە شێوەیەکی میکانیکی پاشکۆی ژێرخان نییە، بۆیە کە ژێرخانێک سەردەمی بەسەر دەچێت، فیکر و بەهاکانی ئەو ژێرخانە، کۆتایی بە تەمەنیان نایەت.) ئەوە نییە ئایین کە سەرخانی ژێرخانێکی دێرینە، هێشتا کۆمەڵ لەبن هەژموونی دەربازی نەبووە.

گرامشی خۆرێکە هێشتا بە ئاسمانی ڕۆشنبیرییەوە گەش دەنوێنێت، ئاخر هێشتا تێزەکانی جێگەی سەرنج و گوتوبێژن. گرامشی کە ئایکۆنی یاخیبوونە، لە هەڕەتی لاوییەوە وەک ڕۆژنامەوانێکی هۆشیار دێتە مەیدانی خەباتی چینایەتییەوە. لە ڕۆژنامەی (ئیل گریدۆ - هاوار)ەوە بۆ (ئاڤانتی - بەرەو پێشەوە) و دواتر بۆ (لۆردینی نۆڤۆ - سیستەمی نوێ.) بۆچی گرامشی هێشتا زیندووە؟ چونکە بە دوو باڵ دەفڕی، باڵی خەباتی چینایەتی و باڵی تیۆریی شۆڕشگێڕانە، چونکە ڕۆشنبیریی وەک ئامرازێک بۆ گۆڕانکاری دەخستە گەڕ.

گرامشی پێی وابوو، لە وەڵاتانی ئەورووپاییدا، ڕەنجدەران ناتوانن لەڕێی شۆڕشێکی کوتوپڕەوە دەست بەسەر دەسەڵاتدا بگرن، بەڵکوو گۆڕانکاری لە بوارەیلی کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتووریدا، پرۆسەیەکە بەکاوەخۆ ڕوو دەدات، ئەمەیش بە پێجەوانەوەی تێزەکانی (لینین)ەوە بوو کە بانگاشەی بۆ شۆڕشی کرێکاران دەکرد، بە چاوپۆشین لەوەی وەختی هاتووە، یان نا. گرامشی لەبری هەنگاوێکی شۆڕشگێرانەی کاربڕ، داوای پێکهێنانی بەرەیەکی بەرینی دەکرد کە وەڵات لەبن هەژموونی فاشیزم ڕزگار بکات.

گرامشی لە شوباتی ١٩١٦دا لە (ئاڤانتێ - بەرەو پێشەوە)دا دەنووسێت: (دیموکراتی دوژمنی سەرسەختی ئێمەیە، بۆیە هەمیشە ئامادەین دەست بدەینە یەخەی.) ئاخر پێی وابوو: دیموکراتی بەنگێکە ڕەنجدەران فریو دەدات و دەبێتە ڕێگر لەبەردەم ڕەوتی گەشەسەندنی کۆمەڵ و گۆڕانی ڕیشەییدا. گرامشی بڕوای بەوە هەبوو، بەرهەمهێنانی ئایدۆلۆجیا ئەرکی ڕۆشنبیرانە و بۆ دەستگرتن بەسەر جومگەکانی کۆمەڵدا، پێویستمان بە بزاڤێکی ڕۆشنبیری هەیە. پێناسەی ئەو بۆ ڕۆشنبیر، تایبەت بوو بە خۆی، لە پێناسەی کەسی دیکە نەدەچوو، ئاخر پێی وابوو: (هەموو چالاکییەکی ئینسان، پێویستی بەوە هەیە عەقڵی بۆ بخەینە گەڕ. ئینسانی بکەر و ئینسانی زانا، دوو کەسی جیاواز نیین، یەکێکن، چونکە هەموو ئیشێک زادەی بیرکردنەوەیە.) گرامشی دژی ئەوەبوو، ڕەنجدەران بکەین بە دوو بەشەوە: ڕەنجدەرانی بیر و ڕەنجدەرانی بازوو.

مەبەستی گرامشی لە ڕۆشنبیری ئۆرگانێک، کەسێک بوو دەرک بە پێوەندیی نێوان تیوری و پراکتیک، فیکر و واقیع بکات. گرامشی کە باسی لە هەژموون دەکرد، مەبەستی لە هەژموونێک بوو زادەی قایلکردنی ئەوانی دیکە بێت، نەک بە زەبری هێز. گرامشی نە کەیفی بەو ڕۆشنبیرانە دەهات، کە دووی بەرژەوەندیی خۆیان دەکەوتن، نە بەوانەیش کە خۆیان بە بێلایەن و سەربەخۆ لە قەڵەم دەدا. ڕۆشنبیری نەریتخواز لای گرامشی ئەوانە بوون کە گرێدراوی چینە سەردەم بەسەرچووەکان بوون، یان سەر بەو چینانە بوون کە لە گیانەڵڵادان.

ئەرکی ڕۆشنبیر لای گرامشی ئەوەیە، ئایدۆلۆجیایەک یان دونیابینییەک بۆ ئەو چینە بەرهەم بهێنێت کە پێوەندییەکی ئۆرگانیکی پێیەوە هەیە. لەکن گرامشی پیاوانی سەر بە کەنیسە، ئەوانەی لەم یان لەو سەردەمدا هەڵگری ئایدۆلۆجیا و فەلسەفەی کەنیسە بوون، نموونەی ڕۆشنبیری نەریتخوازن. ئەو ڕۆشنبیرانەیشی لە خۆیان وایە، کەسانی بێلایەن و سەربەخۆن، ڕاستییەکەی لە وەهمدا دەژین، ئاخر کە چینێکی کۆمەڵایەتی، جڤاک دەخاتە بن هەژموونی خۆیەوە، هێدی هێدی ڕۆشنبیرانی نەریتخواز و (سەربەخۆ) لەژیر چەتری خۆیدا کۆ دەکاتەوە.

گرامشی دەیگوت: (هەرچەندە بۆرژوا لە ئیتالیادا لە سەدەی یازدەوە سەری هەڵداوە، بەڵام لەبەر وابەستەیی بە کەنیسەوە، نەیتوانیوە ئەرکە مێژوویییەکانی خۆی جێبەجێ بکات و سەرخانێکی سیاسی و فیکری وا پێک بهێنێت، بکەوێتە خانەی بەرژەوەندییە چینایەتییەکانییەوە.) بزووتنەوەی کوردایەتییش بە درێژایی تەمەنی هەمان کێشەی هەبووە و خۆی لەبن هەژموونی ئایین قوتار نەکردووە. گرامشی پێی وابوو: (دەسەڵات ئەگەر لەڕووی کولتوورییەوە، هەژموونی تایبەت بە خۆی نەسەپێنێت، سەرکەوتنی بە نسیب نابێت.) هێشتا دەسەڵاتی کوردی لەبن هەژموونی کولتووری دینیدایە، هێشتا دەمڕاستی حیزبی کوردی، کە دەپەیڤێت بە قسەی نەستەق و پیرۆزی سەر بە کولتووری داگیرکەر دەست پێ دەکات. ناتوانین لەڕووی سیاسییەوە سەربەخۆ بین، ئەگەر لە ڕووی کولتوورییەوە وابەستە بین.

گرامشی دەیزانی تیۆری و پراکتیک تەواوکەری یەکترین، بیر و کار یەکێکن، تیۆری تا بە کردەوە تاقی نەکرێتەوە، ناتوانین لە ڕاستی و دروستییەکەی دڵنیا ببین. لای گرامشی، پراکسیس: ئەو پێوەندییە دیالێکتیکییەی نێوان تیۆری و پراکتیک بوو. فەلسەفە لای گرامشی، تەنیا لێکدانەوەی دونیا نەبوو، تەنیا دونیابینی نەبوو، کارکردنیش بوو، بۆ گۆڕینی دونیا. پێشتر مارکسیش گوتبووی: (ئەرکی فەلسەفە، لێکدانەوەی دونیا نییە، گۆڕینی دونیایە، گوڕینی تیۆرییە بە پراکتیک، گوڕینی عەقڵە بە واقیع.) گرامشی پێی وابوو، (هەر تیۆرییەک نەبێت بە واقیع، یۆتۆپیایە.) ڕەگەزی سەرەکیی فیکری گرامشی، لە یەکێتیی فەلسەفە و مێژوودا چڕ دەبووەوە.

پێوەندیی نێوان ژێرخان و سەرخان، پێوەندییەکی میکانیکی نییە، لەگەڵ سەرکەوتنی شۆڕشی ڕەنجدەراندا، سەرخانێکی تایبەت بە دونیابینیی ڕەنجدەران نایەتە کایەوە. کە کارگەیەک لەبن دەستی سەرمایەدارانەوە، دێتە بن دەستی کرێکاران، هەر هەمان کاڵا بەرهەم دەهێنێت، بەڵام ئیدی بەرهەمهێنان، لەسەر بناغەی چەوساندنەوەی ئینسان بەڕێوە ناچێت. با گۆڕان بەسەر ژیرخانی کۆمەڵیشدا بێت، بەڵام ئەوە هۆشیاریی چینایەتییە، سەرخانێکی نوێ دێنێتە کایەوە، بۆیە گرامشی دەڵێت: (بەبێ ڕۆڵی گرنگی ڕۆشنبیران، گۆڕانکاریی ڕیشەیی ڕوو نادات.)

سەردەمی گرامشی، ئیتالیا وەڵاتێکی پێشکەوتوو نەبوو، نە خاوەنی یەکێتیی نەتەوەیی بوو، نە یەکێتی ئابووری، لەڕووی ئابوورییەوە، وەک دوو بەشی جیاواز وابوو، باکوور و باشوور، باکووری سەرمایەدار و کرێکار، باشووری خاوەنزەوی و جووتیار. گرامشی لە هەوڵی ئەوەدابوو، ئیتالیا وەک یەکەیەکی ئابووری پێشکەوتووی لێ بێت و ڕۆشنبیرە گوندییە نەریتخوازەکانی باشوور، بە بەرەی ڕۆشنبیرە ئۆرگانیکەکانی باکوورەوە پێوەست ببن.

ڕۆشنبیر لای گرامشی کەسێک بوو، وێڕای چالاکیی فیکری، بایەخ بە چالاکیی کۆمەڵایەتییش بدات و ئەوانەی بە ڕۆشنبیر لە قەڵەم نەدەدا، کە هیچ ئەرکێکی کۆمەڵایەتییان ڕانەدەپەڕاند. لای گرامشی ڕۆشنبیر کەسێک بوو، بۆ ڕزگاربوونی کۆمەڵ لە هەژموونی دەوڵەت، ڕۆڵی ڕێبەری دەبینی و لێ نەدەگەرا، دەوڵەت گەمە بە داهات و داهاتووی گەل بکات. فەلسەفەی پراکسیس (Praxis) ئەوەبوو ڕۆشنبیر سەرقاڵی تیۆریزەکردن نەبێت و بەس، بەڵکوو بیروباوەڕ بخاتە گەڕ و بە کردەوەیش بەشداریی لە چالاکیی سیاسیدا بکات. پراکسیس هەم تیۆری بوو، هەم پراکتێک، هەم ڕەخنە بوو، هەم خەبات، پراکسیس مێژووبوو، بەدەم دروستبوونەوە. گرامشی دەیگوت: (بە کۆمەکی پراکسیس، کۆتایی بە تەمەنی دەزگا سەرکوتکەر و ئایدۆلۆجییەکانی دەوڵەت دێت.)

گرامشی کە ١٩٢٦ بە بیست ساڵ زیندانی حوکم دەدرێت، دادوەر کە مەقاشی دەستی مۆسۆلینی دەبێت، پێی دەڵێت: (بۆ ماوەی بیست ساڵ لێ ناگەڕێم بیر بکەیەوە، بۆ ماوەی بیست ساڵ عەقڵت لە کار دەخەم!) بەڵام ئەو تێکۆشەرە مارکسییە عەقڵی سڕ نابێت، زیاتر دەگەشێتەوە و گرنگترین بەرهەمی خۆی لە زینداندا دەنووسێت. گرامشی ١٩١٦ - ١٩٢٦ وەک ڕۆژنامەوانێکی چالاک خەریکی بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی چینایەتی دەبێت، بەڵام ساڵانی زیندان ١٩٢٦ - ١٩٣٧ زیاتر سەرقاڵی نووسینی بابەتگەلی فیکری، ئەدەبی و فەلسەفی دەبێت.

کە ١٩٣٧دا نەخۆشی بڕستی لێ دەبڕێت، ئیدی ئازاد دەکرێت، بەڵام پاش چەند هەفتەیەک گیان لە دەست دەدات. گرامشی لە زینداندا پڕ بە سی دەفتەر تێکستی گرینگ دەنووسێت، لە پاش مەرگی بڵاو دەکرێنەوە و گەورە ڕۆشنبیرانی لە چەشنی میشیل فۆکۆ، ئێدوارد سەعید و ناووم چۆمسکی، سوود لە تێزەکانی دەبینن.

گرامشی لە (دەفتەرەکانی زیندان)یدا گەلێک بابەتی ورووژاندووە، قسەی لەسەر دانتی، کرۆچە، گاریبالدی، مەکیاڤیللی و لویجی براندیللو هەبووە و هەم شیکردنەوەی بۆ تێزەکانیان کردووە و هەم ڕەخنەیشی لێ گرتوون. کە هەڵسەنگاندنی بۆ بەرهەمی ئەدەبی کردووە، وەک ڕەخنەی فیکریی گرتووە، لایەنی هونەریشی فەرامۆش نەکردووە. یەکێک لە دەفتەرەکانی گرامشی، بریتییە لەو نامانەی بۆ دایکی نووسیون:

لە ٢٠ی ١١ی ١٩٢٦دا نامەیەک بۆ دایکی دەنووسێت، وەها دەست پێ دەکات:

دایکە گیان ... تۆ چاک دەزانیت، من کەسێکم حەزم لە قۆشمەیە، ئەمەیش کۆمەکم دەکات، لە زینداندا بتوانم بژیم و هاوسەنگیم تێک نەچێت. کە بیر لەوە دەکەمەوە هەندێک جار وەک پێویست بەرانبەرت دلۆڤان نەبووم، دڵم فرمێسکی تێ دەزێت، ئاخر تۆ شیاوی ئەوە بوویت، هەمیشە لەگەڵتدا دلۆڤان بم.

*

 

(١) عزالدین عنایە، ما الژی تبقی من غرامشی ٢٨ أب ٢٠١٤ الإتحاد الپقافی، أبو ڤبی.

(٢) أنگۆنیو غرامشی، رسائل السجن، رسائل إلی أمە، ترجمە: سعید بوکرامی، منشورات الجمل ٢٠١٤ بیروت.

(٣) أنگونیو غرامشی المپقف العچوی ١ أب ٢٠١٧ الهدف.

 

  • 1