ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هاوكات لەگەڵ لێدوانەكانی سەرۆكی ئەمریكا لەبارەی پاشەكشەی هێزەكانیان لە ڕۆژئاڤای كوردستان و سەردانە لەناكاوەكەی بۆ عێراق و ئەنجام نەدانی هیچ دیدارێك لەگەڵ بەرپرسانی فەرمی عێراق و كوردستان. بڵاوبوونەوەی وێنەی سەربازانی ئەمریكا و جموجۆڵی هێزەكانیان لە ئەنبار و سەڵاحەدین و بەغدا و مووسڵ و كەركووك چەندین دەنگۆ و لێكدانەوەی جیاجیای بەدوای خۆیدا هێناوە تا ئەو ئاستەی هەندێك لە گومانەكان بۆ ئەوە دەچێت كە مەترسی كودەتا لەعێراق دا ڕووبدات! باشترین گومانیش ئەوەیە كە گوایە ئەمریكا دەیەوێت كەركووك بۆ سەر هەرێمی كوردستان بگەڕێندرێتەوە و لەوبارەیەشەوە بەشێك لە ڕۆژنامەگەری كوردی شیكاری دەكات.

ئەوەش لە كاتێكدایە لەو ماوەیەی پێشوودا كەناڵ و دامەزراوە مەدەنییە ئەمریكاییەكان بە چەندین هەوڵی جیاجیا لە توێژینەوە و لێكۆڵینەوەی جیاجیان لەبارەی ئایندەی ناوچە كێشەلەسەرەكان و وەك دەركەوتووە ئەوان دەیانەوێت بگەنە چەند ڕاسپاردەیەك تا بیخەنە بەردەم كاربەدەستانی وڵاتەكەیان لەبارەی ئەو ناوچە كێشە لەسەرانە، بەڵام دەبێت ئەو ڕاستییە بگوترێت هەموو ئەو وێنە و دەنگۆیانەی كە لەبارەی جموجۆڵی سەربازانی ئەمریكاوە هەیە دەكەوێتە سنووری ناوچە كێشە لەسەرەكان و ناوچە سوونەنشینەكان كە لە ڕاستیدا هەموو ئەو ناوچانە ئێستا كەوتوونەتە بەردەستی شیعەكان و بەهەموو شێوەیەك توخمێكی جیاوازن لەو ناوچەیەدا.بەتایبەتی كە دیمەنی شیعەگەرایی بەسەرتاپای ئەو ناوچانە بڵاوكراوەتەوە و ئاڵا ڕەنگاوڕەنگەكانیان لەهەموو سووچێكی ئەو ناوچانەدا هەیە و بوونەتە دراوسێیەكی باشی ئێران و ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران دا تێكەڵی دەكەنەوە.

تەنانەت ئەوەی لەدوای ڕیفراندۆم ڕوویدا دەرفەتێكی زێڕین بوو بۆ ئێران و هاوپەیمانەكانی لە نزیككردنەوەی سنوورەكانی عێراق لە هەموو ڕوویەكەوە و لەهەموو ناوچەیەكەوە، ئیدی بەشێوەیەك هەموو دەرگاكان بۆ ئێران لە باشوور و ناوەڕاست و باكوور و كوردستانی عێراقەوە بەڕووی ئێران دا كراوەتەوە، تەنانەت دانانی خاڵی گومرگی لەنێوان پارێزگاكانی هەرێم و بەغدا خزمەتی ئەو ستراتیژەی ئێرانی دەكرد بەشێوەیەك كە وایكردبوو جگە لە كاڵای ئێرانی هەموو كاڵای توركی و ئەوانی دیكە لە عێراق دوو بەرانبەر ببێت و ئەوەش وایكردبوو هەندەی دیكە عێراق و كوردستان شوێنی ساغكردنەوەی زیاتری كاڵای ئێرانی بێت و ماوەی هەناسەی زیاتر بدات بە ئێران و خۆی زیاتر بگرێت لەبەردەم ئابڵووقەی ئابووری ئەمریكایی دا!

پێدەچێت لەبەرانبەر ئەو سیاسەتە ئێرانییە و بۆ توندوتۆڵكردنی ئابڵووقەی ئابووری و هەبوونی سنوورێك بۆ مانەوەی ئەمریكا لە سنوورەكانی ئێران ئەو جموجۆڵە سەربازییانە ڕووبدەن. بەشێوەیەك كە ڕێگری بكرێت لە بازرگانی بەقاچاخبردنی نەوت لە كەركووك و هەرێم و ناوچەكانی دیكە بۆ ئێران، نەك لەبەر قازانجی خەڵكی عێراق و كوردستان، بەڵكو لەپێناوی سەرخستنی سیاسەتی ئەمریكا لەناوچەكەدا!

ئەوەی گرنگە لەو نێوەندەدا دەبێت زۆر بەوریایی و بە دیقەتەوە كورد و هێزە كوردستانییەكان كاری خۆیان بكەن بەشێوەیەك كە جارێكی دیكە نەبینە سووتەمەنی شەڕێكی ناڕەوا كە بەداخەوە جارێكی دیكە ناوچەكەمان دەبێتە مەیدانی ئەو ململانێیە. دەبێت هەرچی زووە كورد پەلە بكات لەیەكخستنی تواناكانی لە هەرێم و كەركووك و ناوچە كێشە لەسەرەكان و بەغدا تا بتوانێت بەكەمترین زیان لەو ململانێ هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییە بێتە دەرەوە و نەبینە قوربانی دوژمنانی سەربەخۆیی كورد، كە ئەمریكا و ئێران هەردووكیان، هەریەكێكیان بە شێوەیەك دژ بە ڕیفراندۆم وەستانەوە.

 

  • 1