ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سێ‌ مانگ زیاترە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێمدا دێت و دەچێت و هەڵدەكشێ‌ و دادەكشێ‌ لە پێناو پێكهێنانی حكوومەتدا، بەڵام نەك هەر پێكنەهات، بەڵكو ئاسۆی حكوومەتێكی یەكگرتوو و سەقامگیر ڕوون نییە!!

بەمەرجێك بە پێی عورف و عادەتی دیموكراتییانە، حكوومەتەكەی كاك نیچیرڤان تەنیا بەڕێوەبەری ئیشوكارە ڕۆتینەكانە، ئەو كەس و كۆمەڵانەی كە بەتەنگ ئەمڕۆ و پاشەڕۆژی ئەم هەرێمەوەن دەپرسن:

تۆ بڵێی گفتوگۆی حزبە كوردستانییەكان لە پێناو ئاوەدانكردنەوە دابێ‌، لە پێناو چارەسەركردنی بێكاری و هەژاری دابێ‌، لە پێناو زامنكردن و پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەكاندابێ‌؟ لە پێناو بوژانەوە و بەرەوپێش بردنی بەروبومە جۆراوجۆرەكانی خۆماڵیدا ؟......هتد.

ئاخۆ مشتومڕ و ناكۆكییەكان لەسەر ئەوە بێ‌ كە بەرنامەكانیان لەو بوارانەدا لە یەكتری جیاوازە؟!

ئەوەندەی كە لە گوتار و دوان و نووسینەكاندا دەخوێندرێتەوە و دەبیسترێت لەسەر ئەوانەی هیچ كامیان نییە!!، بەڵكو هەموو ناكۆكی و شەڕ و بەیەكدانەكان لەیەكەم حكوومەتی هەرێمەوە تا ئەمڕۆ هەر هەمووی لەسەر قۆرخكردنی دەسەڵات و پاوانخوازی و زامنكردنی بەشی شێری داهاتوو و دەستكەوت بووە.

كامیان دەبێ‌ دەسەڵاتی ئیداری و سیاسییان لەوەكەی تر بەهێزتربێ‌!! كامیان زۆرترین و دەوڵەمەندترین سەرچاوەكانی داهات و دەستكەوتیان لەوەكەی تریان زیاتر لەبەردەستدایە و چۆن دەبێ‌ لێی بسەندرێتەوە!!

داهاتی دەروازە سنورییەكانی دەڤەری سلێمانی زۆرترە یان ئەوەكانی سنوری توركیا و سوریا؟!!

لە ڕاستیدا جەوهەری ناكۆكی و كێشەكان لەسەرەتاوە تا ئەمڕۆ هەر ئەمانە بووە و هەر ئەمانەش دەبێ‌َ لە پاشەڕۆژیشدا، تەنانەت ئەگەر سبەی ڕۆژ پێكبێن لەسەر پێكهێنانی حكوومەتەكە، ئەو كێشە و گرفتانە، ئەو بەرژەوەندییە تایبەتییانە(دەسەڵات و داهات) وەك ئاگری ژێركا بە فوویەك بە سروە بایەك گڕ دەسێنێت و دەگەڕێتەوە بۆ خاڵی یەكەم و كورد واتەنی "ڕیسەكەمان دەبێتەوە بە خوری".

 

  • 1