ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

چاپی سێیەم

بەشی سێیەم

بەڵێ ، بەڵێ .. یان .. نە‌و ، نە‌و

کاتێک بەڵێ کردن بۆ بوون و ڕاستی مەبەستێک یان هەر شتێکی تری ماددی، خۆی لە خۆیدا بەرجەستە بوونی ئەو ڕاستییەیە و بوونی ئەو ئەسەلمێنێ، جا ئەو بوونە لە شێوەی بیرکردنەوەکەیدا بێت یان لە پێکهاتوویەکی ماددەیەکدا بێت.

وە نە‌و کردن بۆ نەبوونی مەبەستێک یان دەربڕینێک لە بنەڕەتدا پێویستی بە سەلماندنی نەبوونی ئەو مەبەستەیە، بەرجەستەکردن و سەلماندنی نادروستی ئەو مەبەستەیە ، وە هیچ مەبەستێک یا ڕاستیەک نییە لە نێوان ئەم دوو دەربڕینەدا ئەگەر ببێت ئەمە لە ئەنجامدا یەک ئەوی تر هەڵدەوەشێنێتەوە، دان بە ڕاستیدانان بۆ بەڵێ یان نە‌و خۆی لەخۆیدا شەڕ خوازیی نییە، وە ئەو شێوە تێڕوانینە شێوەیەک لە تێڕوانینی میتافیزیکی ئەخاتە ڕوو، لەلای میتافیزیکەکان بێ تێگەیشتن و پەرچەکردارەکان بە شێوەی دوولایەنە وەستاندنیانە لە نێوان بەڵێ بەڵێ ،نە‌و نە‌و ،دا بۆیەک تێڕوانین و یەک مەبەست ووتە و تێڕوانینی پێچاوپێچ وبێ ناوەڕۆک ونادروستیان هەیە لە هەمان کاتدا.

"لای میتافیزیکییەکان ، شتەکان و دەنگدانەوەی زەینییانەی شتەکان ، چەمکەکان لێکدابڕاوە وە پێویستیەک لەدوای یەک و جیا لەیەک سەیریان بکرێت ، ئەمە بابەتێکە بۆ باسکردن و (توێژینەوە) نەگۆڕە ، دەق هەڵهاتووە و جێگیرو بەستووە (جامد) .میتافیزیکییەکان وا بیر دەکەنەوە کە دژەکان بە شێوەیەکی ڕەها (مگلق) دەنگیان لەگەڵ یەکدا نییە بە واتایەکی میتا فیزیکەکان ، میتا فیزیکەکان بە شێوەیەکی ڕەها بیر لە ناکۆکییە لێکدابڕاوەکان دەکەنەوە ناکۆکی ڕەها و بەردەوام بەپێی بیربۆچوونی خۆیان دەبینین کە هیج ناوەندگیرییەک (وسگ)ێکی نییە وەڵامیان ئەمەیە (بەڵێ ، بەڵێ ، نە‌و ، نە‌و) لەبەر ئەوەی هەموو بێجگە لەوە لە شەڕ خوازییەوە دێت، ئەوان وا بۆ شتەکان دەچن کەیان هەیە یان نییە وە هیچ شتێک ناتوانێت لەهەمان کاتدا هەبێت و خۆیشی لە خۆیدا شتێکی تریش ببێت ، موجەب و سالب یەکتری ڕەتدەکەنەوە بە شێوەیەکی ڕەها هەروەها هۆ و سەرئەنجامیش لە جیاوازییەکی توند و بنەبڕدا بەڕەنگاری یەکتربوونەتەوە."

لەوانەیە ئەم شێوە بیرکردنەوە لەسەرەتاوە بیرێکی زۆر ڕوناک دێتە پێش چاو، هەڵبەتە لەبەرئەوەی کە ئەم شێوە بیرکردنەوەیە شێوەی بیرکردنەوەی ئەوانەیە کە بەهەستی ساغ(سلیم)ی گشتی ناو دەبڕێت هەرچەندە ئەم هەستی ساغی گشتییە هەتا چوارچێوەی بواری تەسکی دیوارە تایبەتییەکانیدا بێت جێگای ڕێزێکی بێ پایەنە وە هەر کاتێکیش جەربەزەیی (مجازەفە)ی کردوو هەستا بە چوونە دەرەوە بۆ جیهانبینی فراونی پشکنین (توێژینەوە) دەکەوێتە ناو کۆمەڵێ پێکدادانی زۆر سەرسوڕهێنەر ئەو کات ناچارە بەشداری داستانە زۆر سەیرەکان بکات. شێوازی میتافیزیکی لە بیرکردنەوەدا ئەوەیە ڕووکەش و پێویستە لە ژمارەیەک مەودادا کە فراوانییەکەی دەگاتە کەمترین ڕادەی لە دوو گەڕان (پشکنین) پێبەپێ سروشتی مەبەستی تایبەتی (الغرچ المخصوص) جا زوو بێت یا درەنگ دەگاتە ئەو ڕادەیە کە ئەوانەی پشتەوەی یەک لایەنە و تەسک و دیاریکراو و نەگۆڕ و لێکدابڕاو لە ناو بۆتەی ناکۆکییە بێچارەکاندا (دژبەیەکەکاندا) لەبەر ئەوەی لەسەرنجدانی بۆشتەتاکەکان (شتەلێکدابڕاوەکان) ئەو پەیوەندییە هاوبەشەی لەبیر دەچێتەوە کە لە نێوانیاندا هەیە وە بوژانەوە و دەرکەوتن و پوکانەوە (وونبوون)ی لە بیردەچێتەوە لەکاتی سەرنجدانی بونیاندا وە کە سەیری دەکات ڕاوەستاوە جوڵە هەمیشەییکەی لە بیر دەچیتەوە بە مانایەکی تر ئەو بە هۆی دارەکانەوە دارستانەکە نابینێ."[انتی دوهونخ – ئەنگلس- ل٢٧- ٢٨ ]

ئەمە ڕوونکردنەوەیەکی باشی (ئەنگلس) ە ، تێڕوانینە ماددییەکانی خۆی لەبارەی جۆری کار و تێڕوانینی میتا فیزیکییەکان .

منصوری حکمت لە وەڵامی پرسیاری سێهەمدا ئەڵێ (ئەگەر ئەمڕۆمارکس و ئەنکلس زیندوو ببانەوە و دینایان کە چۆن نیوەی کۆمۆنیزم جەدیانە ئیعترازییە شبهە سۆشیالیستیەکانی چینەکانی ترەوە بە دەستەوە گیراوە ، بێگومان فکرێکییان بە حاڵی نێوی مانفێستی کۆمۆنیست و بەگشتی ووشەی کۆمۆنیزم دەکردەوە، ڕەنگە وەک من سیفەتی کرێکارییان لێ زیادکردبا تا بە تەواوەتی ناوەڕۆکی ئەم کتێبە و ئەو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەی کە ئەم کتێبە (بەیان)ی یەکەی بوو بگەیەنی .)[جیاوازییەکانی ئێمە /ل٦ - وەرگێر – محمد میسری]

ئەو تێزانەی منصوری حکمت لە ژێر ناونیشانی کۆمۆنیزمی کرێکاریدا دەریبڕیوە و باسی لێئەکات منیش ئەڵێم ئەم تێزانەی منصور دیدگای ریفژنیزمی و سەندیکالیستی و ریفورمیستی وە ئیکۆنومیستی تێدا بە شێوەیەکی بەرجەستە نەبینرایە بە تەئکید دەوری گرنگی ئەبوو لە هەموو بزووتنەوەی شۆڕشگێڕێ کرێکاریدا لەبەرئەوەی گۆرانی ناوی کۆمۆنیزم هەر خۆی لە خۆیدا گرنگ نییە، ناوەرۆکی تێزو هزرو تێوری نووسینەکان و بناغەی مادی فکری نوسینەکان و تیڕوانینە کرێکارییەکان لە جۆری نوسینەکاندا بناغەیی و گرنگن ، مارکس ئەوکارەی ئەنجام نەئەدا بەتەنها ناونیشان وناوی شکڵی کۆمۆنیزم بگۆڕێت و سیفەتی کرێکاری بخستایە پاڵ ، بەڵکو ناوەڕۆکی نوسینەکانی هەڵئەوەشاندەوە و ئەیدایە بەر ڕێژنەی ڕەخنەی ماددی کۆمۆنیستی وکرێکاری لەبەرئەوەی مارکس هیچ کاتێک ناونیشانی بایەخ پێنەئەدا، بەجیا لە ناوەڕۆکی تێزو بۆچونەکان لە بارەی خەبات و شۆڕشی کرێکاران . کاتێک کە سۆشیالیزمی خەیاڵی پێش خۆی و سەردەمی خۆی ئەدایە بەرڕێژنەی ڕەخنەیی کۆمۆنیستی زانستی و کرێکاری نەئەهات تەنها بە گۆڕانی ناونیشانەکانەوە کۆتایی بهێنایە و دەستبەرداری هەموو تێزو بۆچونە نەشازو لادەرەکانی نوسین و تێڕوانینەکانی ناو چینی کرێکار وخزمەتگوزاری سەرمایەداری و بۆرژوازی بووایە . سەرتاپای ناوەڕۆکی بۆچون و هزری سۆشیالیزمەکانی پێش خۆی گۆڕی بەناونیشانەکانییانەوە .

مەنصوری حکمت خۆی لەخۆیدا دڵنیا نییە لە کرێکاری بوونی یا کۆمۆنیست بوونی تێڕوانین و تێزەکانی ، بەهەر حاڵ ووشەی (ڕەنگە) ی بەکارنەئەهێنا، چونکە ڕەنگە خۆی لە خۆیدا لەیەک تێڕوانینی میتا فیزکیانەوە سەردەردەهێنێ و خۆی دەردەخات ، بەکارهێنانی ووشەی(ڕەنگە) نیشانەی دڵنیا نەبوونیەتی لە تێزەکان و دەستکارییەکانی، ئەمەش خۆی لە خۆیدا بە مانا ودەلالەتی جۆرێک لە ناڕێکوپێکی و خراپ بادانی تێزەکانیەتی لە باری ناوەڕۆکی کۆمۆنیستی و کرێکارییەوە ، هەروەها جۆرێک لە خۆ دەرخستنی هەوا لەخۆکردنی میزەڵان ئاسا و و فشوفاڵی ئەوانە.ئەوەیە کە ئەڵێت (پشیلە لە لای مشک بە دڕندەترین گیاندار ئەبینرێت )، کاتێک وەک بونی جێگایەک کە لە حیزبی کۆمۆنیستدا هەیەتی وەک ئیمتیازێک کە بە گەورەترین تیوریسنی حیزب ئەبینرێت وە ئەمەش بۆچوونی ناتەواوی کرێکاری و کۆمۆنیستی و تەئکیدبوونی ئەوە (هەڵبەت ئەو بۆچوونە میتا فیزیکییەی ئەوم مەبەستە)

لە شوێنێکی تری وەڵامی پرسیاری دەیەمدا ئەڵێت (ڕەنگە جەدەلی نەزەری جیددی لەگەڵ گرایشەکانی تا ئێستای چەپی غەیرە کرێکاری مەوزوعیەتی خۆی لەدەست بدا و ئێمە ڕێک هاسان بێنینە تەرەفی گرایشە ئەسڵییەکان)

لێرەدا پرسیارێک دێتە گۆڕێ کە ئایا ئەوان بە جیا لە چەپی غەیرە کرێکاری تێزەکانیان ئەخەنە ڕوو ئەگەر وایە ، ئیتر ناونیشانگۆڕین بە خاتری چییە؟؟

بەڵێ ئەمانە هەر هەمووی خۆی لە خۆیدا وەڵامی ڕێک و هاسان بە ناوەڕۆکی کۆمۆنیزمی کرێکارییەکەی ئەوان ئەداتەوە ، ئەگەر ئەوان نابنە تەرەفی گرایشە(مەیل) ئەسڵیەکان ناونیشان گۆڕینبە خاتری چییە؟؟

وەڵامی من لێرەدا ئەوەیە لە کۆمەڵگای ئێراندا حیزبی کۆمۆنیستی ئێران تووشی ئەزمەی ئوتۆریتە(نفوس معنوی) کرێکاری و ئەندامێتی کرێکاری بووە لە حیزبدا ، کۆمۆنیزمی کرێکاری خۆی وەک یەک باڵی جیاواز بە هەمان ناوەڕۆکەوە(مەبەست ناوەڕۆکی مارکسیزمی شۆڕشگێڕە) لە ژێر یەک ناونیشانی جیاوازدا خۆی دەرخستبوو، وە حیزبیش وەک یەک حیزبی وەڵام نەدەرەوە بەرامبەر بە هەموو ئەم کەموکوڕیانەی کە هاتبووە بەردەمی حیزب لە چۆنیەتی پەیوەست بوون بە کرێکارانەوە ئیشنەکردنی ڕێکخراوانەی ڕێکخراوکردنی کۆمۆنیستانەی کرێکاران لە ناوەندی کرێکاریدا ، بەهێزنەکردنی بیروبڕوا و بۆچوونی کۆمۆنیستی لە زەین و پراکتیکی ڕابەرانی کۆمۆنیستی هەڵسوڕاو لە هەناوی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی چینی کرێکاردا......

یەک جۆر تێڕوانین و کردەوە ، یان دەستی ووردە بۆرژوازی برەوی بە هەموو ئەم کەموکوڕییانە ئەدات لە پێناوی بەرژەوەندی توێژگەلی ووردەبۆرژوازی و دانەبڕانیان لە پێگەی چینایەتیان ، لەبەرئەوە جەخت لەسەر ئەوە ئەکەمەوە ، هەرچی زووتر و خێراتر دوورخستنەوەی دەست و تێزەکانی ووردە – بۆرژوازی لەناو کرێکاراندا یان لە دەرەوەی کرێکاراندا و وەهاندانی کرێکاران بۆ لەناوچوونی ڕێکخراوەیی یان حیزبی ووردە –بۆرژوازی و دوورخستنەوەیان لە ڕەووتی خەباتی چینایەتی چینی کرێکار و شۆڕشەکەیان کارێکی پێویست و بابەتی (عەینی) کۆمۆنیستەکانە. 

(ڕەنگە) بۆ جیاکردنەوەی باڵی بۆرژوازی لە باڵی کۆمۆنیستی و کرێکاری لە ووشە و تێڕوانین و دیدگای ئینسانە کۆمۆنیستەکان نییە کاتێ کە بەرژەوەندی جیاوازیان لەگەڵیاندا هەبێت . کاتێک ئەم ئینسانانە تەواو ڕاستگۆ بن لەگەڵ کریکاران و بزووتنەوەکەیاندا ، بەڵام ووردەبۆرژوازی و بۆرژوازی لەژێر ناونیشانی جیاوازی جیاوازتری شێوە کرێکارییەکاندا خزمەت بە بۆرژوازی و حکومەت و سیستەم و دەوڵەتەکەیان دەکەن . لەبەرئەوە دەبێت دووربن و هەروەها دوورخستنەوەی ئەم ئیسانە میتافیزیکیانە لە بزووتنەوەی کرێکاری کرێکارانی دنیا کارێکی پێویست و ئەرکی سەرشانی کۆمۆنیستەزانستیەکانە .

٢٤/ ٨ /٩٩١

فارس – (ن . ف . عبداللە ) 

نەجمەدین فارس حەسەن

 

  • 1