ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەشی دووەم

 

لە پراكتیكی سیاسییدا، پێش شاڵاوەكانی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی بەسەر كوردستان دا، ئەمریكا و بەشێك لە وڵاتانی ئەوروپا جۆرێك لە تێكەڵكردنی چەمكی دژایەتیكردنی تیرۆر، و مەسەلەی مافی گەلان بۆ دەستنیشانكردنی چارەنووسی خۆیان لە بۆچوونەكانیان، دیاربوو. پەیوەندی نێوان دەوڵەتە حوكمڕانەكان و بزووتنەوەكانی ڕزگاریخوازی گەلەكەمان لەلایەن كۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە، تەنیا لە ڕێگای بوونی زەبروزەنگی هەردوولاوە تەماشا دەكرا، بێ ئەوەی پاشخانی كێشە و ململانێیەكانیان لە بەرچاو بێت، یان مێژووی تێكۆشانی گەلی كوردستان لە پێناوی ئازادی و سەربەخۆیی بە نیسبەت ئەوانەوە، بابەتێكی گرنگ و بەهادار بێت، و لە كاتی ئێستاشدا كە مامەڵە لەگەڵ ململانێ و كێشەكان دەكەن، سەرجەم تاوانە مێژووییەكانی حوكمڕانانی دەوڵەتی عێراق لە بیر دەكەن، و بەم جۆرە جەلاد و قوربانییەكان لە تای تەرازووی تەنیا نەهێشتنی توندوتیژییەوە دادەنرێت.

لەمەشدا زۆرجار بە بیانووی پاراستنی ئاسایشی ناوخۆ شەرعیەت بە دەوڵەتە چەوسێنەرەكان درا، و پەلەكانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان دەخرانە خانەی تیرۆرەوە. تا ئێستاش تێكۆشانی هەندی لایەنی سیاسی لە كوردستانی توركیا بە كاری تیرۆریستی لە قەڵەم دەدرێت، و چەندین ڕێكخراوی سیاسیی كوردستانی خراونەتە لیستی بزووتنەوە تیرۆریستییەكانەوە، لە كاتێكدا بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەكان تێكۆشانی گەلان بۆ دەستنیشانكردنی چارەنووس و ڕزگاری نیشتمانییان بە مەسەلەیەكی ڕەوا دادەنێت. ئێستا دەوڵەتی توركیا دژایەتی تێكۆشانی گەلی كوردستان لە ڕۆژئاوادا دەكات كە لە بواری نێودەوڵەتییەوە لە سنووری دەوڵەتی سوریایە، و سەرۆك كۆماری توركیا تێكۆشانی گەلی كوردستان لە ڕۆژئاوا بە زەلكاو دادەنێت و دەڵی: ناهێڵین زەلكاوێك وەك ئەوەی لە باكووری عێراق دا دروست بووە (مەبەستی هەرێمی كوردستانە كە لە دەستوری عێراقدا دانیپێنراوە)، لە سوریادا دروست بێت. بەم جۆرە حوكمڕانەكانی نەتەوەی سەردەست نیشتمانی ئێمە كە كوردستانە و مەڵبەندی شۆڕشگیری و بەهەشتی شۆڕشگێڕان و قەبوڵ كردنی سەرجەم پێكهاتە و نەتەوەكان بووە، بە زەلكاو دادەنێن، و هەر ئەم هەڵوێستەش بوو كە لە ساڵی 2017دا حوكمڕانانی دەوڵەتی ئێران و توركیا و بەهەماهەنگی لەگەڵ حوكمڕانانی دەوڵەتی عێراق هەڵوێستی دژایەتیكردنی ڕیفراندۆمیان وەرگرت، و ئابلۆقە و بلۆكیان لە سەر گەلەكەمان لە كوردستانی باشووردا دانا.

ئەمڕۆ بەهۆی شێوازی نوێی تیرۆر لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی كە گرووپە تیرۆریست و میلشیا تایفەگەرییەكان ئەنجامی دەدەن، و هەڕەشە لە سەر ئاشتی و سەقامگیری جیهان و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێك دەهێنێت، حالەتێكی نوێ هاتۆتەكایەوە و بە شێوازێكی پراكتیكی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان لە لایەكەوە بۆ مافی ڕەوای نیشتمانیی و سەربەخۆیی، تێدەكۆشێت، و دژ بە تیرۆری دەوڵەتی حوكمڕانە، لە هەمان كاتدا ڕووبەڕووی تیرۆری نێودەوڵەتی داعش و میلشیا تیرۆریستەكان، دەبێتەوە، و تەنانەت تاكە هێزی كاریگەر و سەرەكییە لە سەر زەمینەی واقیعی جوگرافی، مقاوەمەت دەكات. ئەمەش حاڵەتێكی نوێیە لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئاكامەكەشی دەبووایە فراوانبوونی پشتگیری نێودەوڵەتی بۆ دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان، بێت.

لە سەر ئاستی ناوخۆییدا، ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە هەلومەرجی ئەمڕۆدا، پێویستی بە نەخشە و پلانێكی نیشتمانی سەرانسەری بۆ قەڵاچۆكردنی هەیە. پێویستە ئەم نەخشەیە بواری ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسی گشتی بگرێتەوە.

تیرۆر وەك دیاردەیەك لە سەر ئاستی جیهانی و ناوخۆییدا، هۆكاری ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسی هەیە. لە سەر ئاستی ناوخۆیی هەر وڵاتێكدا، بوونی بارگرژی كۆمەڵایەتی و پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ و تەسككردنەوەی ئازادییە سیاسییەكان، و ئاڵۆزی باری گوزەرانی خەڵك كۆمەڵێك فاكتەرن كە زەمینەیەكی لەبار بۆ چالاكی گرووپە تیرۆریستەكان لە نێو خەڵكدا دروست دەكەن. بەڵام هۆكاری سەرەكی تیرۆری هاوچەرخ و بنەماكانی لە كوردستان و لە ناوچەكەماندا لە ئاكامی بەكارهێنانی ئاینە بۆ شیكردنەوە و پەیڕەوكردنی كاری سیاسی و گەڕان بە دوای توندترین شیكردنەوەی ئاینی دیاردەكان و تەكفیركردنی بەرانبەر و قەبوڵ نەكردنی پێكهاتەی نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبی جیاواز و ڕەتكردنەوەی كەسان و گرووپێك كە بە شێوازی ئایدیۆلۆژی جیاواز بیركردنەوە و خوێندنەوەی واقیعیان، هەیە. هاوكات، زاڵبوونی ناسنامە لۆكاڵییەكان و پەروەردە نەكردن بە چەمكی هاووڵاتی كوردستانی و لاوازی نەریتە مەدەنییەكان و بڵاوبونەوەی كەلتووری توندوتیژی لە كۆمەڵدا، هۆكارن بۆ تەشەنەكردنی دیاردەی تیرۆر. سەرەڕای ئەو هۆكارانەش هێزە هەرێمایەتییەكان و دەستێوەردانە دەرەكییەكان، هۆكارن بۆ تەشەنەكردن و بڵاوبوونەوەی دیاردەی تیرۆر.

لە هەرێمی كوردستاندا، بوونی قانوونی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر كارێكی پێویستە، بەڵام ئەوەی لە هاوكێشەكەدا ونە ئەوەیە كە قانوونەكە تەنیا ئاماژە بۆ كۆمەڵێك ڕێوشوێنی سزاكارانە دەدا، بێ ئەوەی دەزگایەكی نیشتمانی كوردستانی بۆ دژایەتی تیرۆر، دابمەزرێنێت، كە ئەركی دانانی ڕێوشوێن و پلانی گونجاوبێت بۆ كارتێكردنە سەر كۆمەڵگا، بە جۆرێك دژایەتی كردنی تیرۆر ئەركێكی كۆمەڵگایی ژمارە یەك بێت و كارتێكردنی لە سەر ڕەفتاری تاك لە كۆمەڵدا هەبێت، بەمەبەستی هەڵتەكاندنی سەرچاوە كۆمەڵایەتییەكانی تیرۆر و بڵاوكردنەوەی كەلتووری بەیەكەوەژیان و قبوڵكردنی بەرانبەر.

بۆیە كاتی ئەوە هاتووە كە دەزگایەكی نیشتمانی بۆ هاووڵاتیبوونی كوردستانی لە نوێنەرانی وەزارەتی ناوخۆ و داد و ئەوقاف و كاروباری ئاینی و ڕۆشنبیری و پەروەردە و پێشمەرگە و دارایی و دەستەی گشتی ئاسایشی هەرێم پێك بهێنرێت، بۆ ئەوەی یەكێك لە كارەكانی لە ئاستی كۆمەڵایەتیدا بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی تیرۆر بێت.

لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیش بوونی سیستمێكی نێودەوڵەتی نوێ و ڕەوا دوور لە تاكە جەمسەری، و ماوەنەدان بە كۆمەڵكوژی و پاكتاوی نەژادی، و زامنكردنی ڕێزگرتن و ڕەچاوكردنی تێكڕای تایبەتمەندییە كەلتوورییە ناوخۆییەكان، و نەهێشتنی چاوگەی بارگرژییە هەرێمایەتییەكان لەسەر بنەمای جێبەجێكردنی مافی چارەنووسی گەلان، ڕێگای نەهێشتنی زەبروزەنگ و تیرۆرە، و بەم جۆرەش كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەتوانێت سنورێك بۆ تیرۆری دەوڵەت دابنێت.

 

 

 

  • 1