ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دووەم

-جێگر-

جێگر، دەستەواژە و ناونیشانێکە، پلەیەکی کار و پۆستێکە، هیچ کەسێک نییە لە کوردستان نەیزانێ، تەنانەت مرۆڤ دەبینی ناوی "جێگر"یان لێ نراوە و خەڵکیش دەبینی ناوی"ڕێگر"یان لێ نراوە، کە نە ئەویان جێگرە و نە ئەمیشیان ڕێگر و ڕەنگیشە هۆردووکیشیان هەو بن! 

سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی حوکوومەت، سەرۆکی پەرلەمان، وەزیر، لە وەزیر خوارەوەتر، بەڕێوەبەری گشتی، سەرۆکی شارەداری، سەرۆکی دادگە، ئوستاندار، سەرۆکی زانستگە، سەرۆکی تەندروستی شار، بەڕێوەبەری پۆلیس، سەرۆکی یانەیەکی وەرزشی، میراو، سەرۆکی ئەلەکتریک، سەرۆکی فرۆشگە، تەنانەت بەڕێوەبەری خوێندنگەی سەرەتایی و سەرپەرشتیاری چاپخانە و چایخانە و مەیخانە و چێشتخانە و نازانم چی، هەموو جێگریان هەیە و جێگرەکان، جێگریان هەیە و جێگری جێگرەکان، جێگریان هەیە و ئەوانیش سکرتێریان هەیە و سکرتێرەکان، جێگریان هەیە و ئیدی ڕەنگە تا کوێخا(موختار)ی ئاواییش بەردەوام بێت و ئەویش جێگری هەبێت. لە کوردستان لەشکرێک جێگر هەن و ئەوانیش پلەوپایەی خۆیان هەیە و بودجە و تایبەتمەندیی و کەشوفش و بەزمی خۆیان هەیە.

وەڵاتگەلێکی جیهان، کە کارگێڕیی تێیاندا لەسەر بنەمای خزمەتکردن بە هاووڵات و بە مرۆڤ دانراوە، هێندە گرنگیی بە دروستکردنی کورسی و پۆست و پلەوپایە، تەنیا لە پێناوی دروستکردنی کەسێک و پڕکردنەوەی کورسییەکدا، نادرێت. وەڵاتێک، ژیانی دانیشتووانی وەڵاتەکەی، خۆشگوزەرانی ئەوان، پێشکەوتنی ئەوانی مەبەست و ئامانج بێت، هەرگیز پلەوپایە بۆ دەسەڵاتدارانی بە گرنگ نابینێت. لە کوردستان، پلەوپایە، بێ ئەوەی پێویست بن و بێ ئەوەی سوودێک بە هاووڵاتێکی کوردستان بگەیەنن، دادەتاشرێن و مووچە و دەرماڵە و نێوماڵە و پشتماڵە و ژێرماڵە و بانماڵە و دەیان جۆرە پارەی دیکە دەخرێنە خزمەتیانەوە و دەسگە و دامەزراوەی زەلام و قەبەیان بۆ چێدەکرێن و کۆشک و تەلاریان بۆ تەرخان دەکرێن و پاسەوان و ئاژۆر و نۆکەر و چایلێنەر و چێشتلێنەریان بۆ مسۆگەر دەکرێن.

لە وەڵاتی سوێد، کە من بۆ خۆم ساڵانێکە تێیدا دەژیم، سەرۆکی حوکوومەت، جێگری نییە. هەرکاتێک لە دەرێی وەڵات بێت و مانەوەی درێژە بکێشێت، کە هەرگیز ڕوونادات، و لەو کاتەدا لە وەڵات پێشهاتێک بێتە پێشێ و ڕووداوێکی گرنگ بێتە گۆڕێ، کە وەها ڕەوشێکیش هەرگیز نە هاتووەتە پێش و نەش دێتە پێش، ئەودەمی یەکێک لە وەزیرەکانی حوکوومەتەکەی، لەبری ئەو سەرپەرشتیی کارەکانی دەکات. واتە: جێگری سەرۆکی حوکوومەت، کە کاری ئەو تەنێ جێگریی بێت و هیچی دی، وەک کار و پلەیەکی دیاریکراو، هەرگیز نییە. ئیدی لەوێوە وەرە خوارێ تا دەگەیتە بەڕێوەبەری خوێندنگە، کە جێگری نییە. واتە: وەک چۆن کارگوزار(فەڕاش) لە سوێد نین، هەر بەو جۆرەش جێگر نین، ئەگەریش هەبن، یەکجار دەگمەنن. وەک ڕیزپەڕێک لەوانە، سەرۆکی پەرلەمان جێگری هەیە. دیارە ئەو نموونەی سوێدە، وەڵاتانی دیکەی ئەوروپاش دەگرێتەوە و ئەوانیش هەر وەهان. ئێستا لە عیراقیشدا جێگری سەرۆککۆمار و جێگری سەرۆکی حوکوومەت نەماوە. لە باشووری کوردستانیش، کە بە قانوون هێشتا بەشێکە لە عیراق، دەبوو جێگری سەرۆکی هەرێم و جێگری سەرۆکی حوکوومەت نەمابا و وەک عیراقی لێ کرابا.

دانانی جێگر لە کوردستان، داتاشینی پۆستێکە، بۆ ڕازیکردنی ئەم حیزب و ئەو حیزب و ئەو باڵ و ئەم باڵە، نەک بەهرە و کارایی و شارەزایی ئەو جێگرانە. نەبوونی ئەو جێگرانە، چ بۆشاییەک ناهێنێتە گۆڕێ، ڕێک بەپێچەوانەوە، بارسووکییەکە بۆ سەرۆکی حوکوومەت و سەرۆکی هەرێم، چون دەستیان دەکاتەوە و لە کارەکانیاندا سەرپشک دەبن و ئازادانە و ئاسانتر، دەتوانن بیربکەنەوە و کار و ئەرکەکانی خۆیان ئەنجام بدەن. گەلێ جار جێگر، ئیدی جێگری هەرکێ بووبێت، بەهۆی ئەوەی سەربە حیزبێکی جیاواز بووە لەوەی سەرۆکەکەی، بووەتە ڕێگر و بەربەست، لەبەردەم جووڵانەوە و چالاکی و کارایی ئەو کارگێڕییەی کاری تێدا کردووە. 

ئەگەر بڕیارە و هەر دەبێ جێگر بۆ سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حوکوومەت و سەرۆکی پەرلەمان هەبن، ئەوا هیچ پێویست ناکات جێگری سەرۆکی هەرێم و جێگری سەرۆکی حوکوومەت بدرێن بە یەکیەتی یا گۆڕان، کە هەردوو ئەو حیزبانە، کون بە کون وەدووی وەدەستهێنانی ئەو پۆستانەوەن، نەک هەر ئەو دوو حیزبە، بە من پێویست ناکات بدرێن بە هیچ حیزبێکی دیکەی کوردی. باشترین و ڕاستترین هەڵبژادەیەک بۆ جێگرانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حوکوومەت ئەوەیە، کەسێک لە نەتەوەی تورکمان و کەسێک لە کریستیانەکان بن. دیارە پۆستی کێهە لەو جێگرانە، جێگری سەرۆکی هەرێم یا جێگری سەرۆکی حوکوومەت گرنگترە، بدرێ بە نوێنەری تورکمان و بێجگە لەو جێگرە، چەند وەزارەتیکیش بدرێن بە تورکمان. بەشی تورکمان لە هەموو دەسگە و کارگێڕییەکاندا، تەنانەت لە ڕیزی لەشکر و پۆلیسیشدا دابین بکرێ، چون تورکمان لە کوردستاندا نەتەوەی دووەمن. مرۆڤ، کاتێک باس لە تورکمان دەکات، گەرەکە جیۆگرافیای باشووری کوردستان لەبەرچاو بگرێت و تەلعەفەر، هەولێر، پردێ،کەرکووک، تاوغ، خورماتوو، کفری، قەرەتەپپە، جەلەولا(قەرەخان)، خانەقین، قزڕەبات و مەندەلی لە یاد بێت و بخوێنێتەوە، کە خەڵکی نەتەوەی تورکمانی تێدان، دیارە کریستیانیش هەر بەو جۆرە، لە دەڤەری بادینان، هەولێر، کەرکووک و سلێمانی هەن و ئەوانیش لە پاش تورکمان دەبنە پێکهاتەی سێیەم، چون کریستیانەکان وەک ئایین، هەموو یەک ئایینیان هەیە، لێ وەک نەتەوە، چەند نەتەوەیەکن. بە هۆردوویانەوە، تورکمان و کریستیان، دوو پێکهاتەی سەرەکی کوردستانن. 

لە حاڵێکدا سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حوکوومەت، جێگریان هەبوون و جێگرەکان دران بە تورکمان و کریستیان، ئەگەر جێگرەکانی سەرۆکی پەرلەمان، بدرێن بەو حیزبە کوردییانەی، پارتی لەگەڵیاندا پێکدێت، ئیدی یەکیەتی، گۆڕان، ئیسلامی یا هەر لایەنێکی دیکەیە، ڕەنگە ئەوە چارەسەرێک بێت بۆ قایلکردنی ئەوان، لێ ئەگەر سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حوکوومەت جێگریان نەبوو، ئەوا جێگرەکانی سەرۆکی پەرلەمان بدرێن بە تورکمان و کریستیانەکان، ئەوەش باشترین هەڵبژاردەیەکە، کە دەبێ بکرێ و هیچ پێویست ناکات حیزبێکی کوردی ئەو جێگرییە وەرگرێ. 

کە مرۆڤ باس لە تورکمان دەکات، هیچ گومانێک لەوەدا نییە، ئەگەر ژمارەی تورکمانی هاووڵات و دانیشتووانی کوردستان ڕەچاو بکرێن، ئەوا بە هەموو پێوەرێک لە حیزبی یەکیەتی و گۆڕان زیاترن، ئیدی بۆ ئەوان مافی وەرگرتنی ئەو جێگرانەیان نەبێت و یەکێتی و گۆڕان هەیانبێت! ئەوانەی لە 16ی ئۆکتۆبەری 2017ەدا بە ڕادەستکردنی کەرکووک و دۆڕاندنی لەنیوەزێتری خاکی باشووری کوردستان و گێڕانەوەی پرسی کوردستان بۆ خانەی یەکەم و تەواوی ئەو نەگبەتی و بەدبەختییەی بەسەر کوردستانیاندا هێنا، هەرگیز تورکمان نەبوون، بەڵکە یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان بوو، کەچی "چەرمی ڕووی هێند قایمە شمشێری میسری نایبڕێ..."، هێشتا ئەوانن ناز دەکەن و دەیانەوێ مەرج و پێشمەرج و خواست و داواکانی خۆیان بەسەر حوکوومەتی زۆرینەدا بسەپێنن! 

لەنێو جڤاکی کوردستاندا، تەنانەت لەنێو کوردەکەیشیدا، هەندێ بەشی خەڵکی کورد هەن، تایبەتمەندیی ئایینییان هەیە، کە بێگومان لەبەرچاوگرتنیان و گرنگیدان پێیان، بەهێزکردن و سەقامگیری و یەکگرتنێکی پتری جڤاکی کوردستان و دڵنیاییەکی زیاتر و مەزنترە بۆ ئەو خەڵکانە، نموونەکانیشیان: کوردانی فەیلی(کە لە خوارووی کوردستان و بەغدا دەژین و لە ڕووی ئایینزایشەوە شیعەن)، ئێزدییەکان(چ ئەوانەی خۆ بە کورد نازانن و چ ئەوانەیشی خۆ بە کورد دەزانن) و کوردانی یارسان(کاکەیی).

سیاسەتی ڕاست و دروست ئەوەیە، بەرژەوەندی کوردستان و خەڵکەکەی لەبەرچاو بگیرێت و دانیشتووانی وەڵات بێ جیاوازی، وەک هاووڵات سەیر بکرێن. ئەڵبەت پێوەری یەکەم بۆ پێشاندانی ڕەسین و پێگەیشتن و پێشکەوتن و ئاستی ئەخلاقی و شارستانەتی هەر جڤاکێکیش، چۆنیەتی مامەڵە و بەرخوردی ئەو جڤاکەیە، لەگەڵ نەتەوەکانی دووەم و سێیەم و کەمینە و گرۆ و خەڵکانێک، کە خودان تایبەتمەندییەکی بڕێک جیاوازن لە زۆرینە، 

2019 – 01–13

  • 1