ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

(١)

 بیرمەندانی سەروەختی ڕێنیسانس (ڕۆشنگەران) پێیان وابوو، ئایین زادەی ترسی ئینسانی سەرەتایییە لە سروشت کە هیچی لەبارەی یاساکانییەوە نەزانیوە. دەیانگوت: ئایین وا دەکات، ئینسان بەرانبەر بە دڵڕەقیی سروشت هەست بە دڵنیایی بکات، بەڵام دڵنیایییەکی وەهمی. پێیان وابوو، ئایین زادەی نەفامییە و گەشە بە نەفامی و بە جێگیربوونی دەدات، دەیانگوت: ئایین لەسەر سێ کۆڵکە خۆی ڕاگرتووە: داستان و ئەفسانە و غەیب کە جێی باوەڕ نین، ئاخر هیچ بەڵگەیەک لەسەر ڕاستی و دروستییان نییە و عەقڵ نایانگرێت، بەڵام لەسەر بڕوادار پێویستە، بێ چەندوچوون پەسەندیان بکات، بەمەیش ئینسان تووشی ئیفلیجی فیکری و لەدەستدانی توانای ڕەخنەگرتن دەبێت.

ڕۆشنگەران وای بۆ دەچوون: (لە کاتێکدا زانست لەڕێی تێبنیکردن و لێکدانەوەوە، لە هەوڵی ئەوەدایە بە حەقیقەت بگات، ئایین بۆ گەییشتن بە حەقیقەت، دەگەرێتەوە بۆ کن دەقە پیرۆزەکان، بۆیە ڕەخنەگرتن لە ئایین، ڕێخۆشکەرە بۆ بڵاوبوونەوەی ڕۆشنبیریی زانستی.) دەیانگوت: (ئایین چونکە لەسەر جەهل ڕۆ نراوە، هەر جەهلیش بەرهەم دەهێنیت و هەمیشە بەربەستە لە بەردەم تێفیکرینی عەقڵانیدا و بە گژ مێتۆدی فیکریی زانستییانەدا دەچێتەوە.)

لایەنێکی دیکەی ڕەخنەی ڕۆشنگەران، ڕووی لە ڕۆڵی سیاسیی کەنیسەی کاسۆلیکی و لە مۆراڵی پیاوانی ئایین بوو. ڕۆشنگەران وای بۆ دەچوون: کەنیسە دامەزراوەیەکی کۆنەپەرستانەیە، سەرسەختانە لایەنی ڕژێمی فیودالی دەگرێت، دین لە خزمەتی پتەوکردنی جێپێی پیاوانی ئاییندا بەگەڕ دەخات و خەریکی تۆقاندنی زانا و بیرمەندان و نووسەرانی ئازادە. دەیانگوت: کەنیسە دوژمنی ئازادیی بیروڕا دەربڕێنە و کۆت و پێوەندی غەیب و ئەفسانەی کردووەتە مل و قولی هەوادارانی و ئومێدێکی ساختەی پی بەخشیون، گوایە لەو دونیا لە بەهەشدا دەژین و هیچ پێویست ناکات، بیر لە گۆڕینی هەلومەرجی ژیانی ئەم دونیایان بکەنەوە.

ڕۆشنگەران (وەک نموونە: ڕۆسۆ، ڤۆڵتیر، کانت، دیکارت و مۆنتیسکۆ.) لەوەدا چاکی بۆ چووبوون، کە ئایین چونکە بۆ پرسیارە گەوهەرییەکانی پێوەست بە ژیان و داهاتووی ئینسانەوە، وەڵامی لێوانلێو لە یەقینی پێیە، بۆیە هەمیشە سەرنجی بڕواداران بۆ دواوە، بۆ لای دەقی کۆن، ڕادەکێشێت و بواریان بۆ ناڕەخسێنێت، حەقیقەتی نوێ بدۆزنەوە، بە زانین بگەن و چاو ببڕنە ژیانێکی چاکتر. ئەوە سەیر نییە کە کەنیسە ڕۆڵێکی کۆنەپەرستانە ببینێت، ئاخر ئایین لە هەوڵی جێگیرکردنی ڕەوشی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریی زاڵدایە و کۆمەک بە پتەوکردنی پایەکانی کۆمەڵی فیودالی دەکات، بۆیە ڕۆشنگەران پێیان وابوو، بەرەنگاربوونەوەی تاریکستانی ئایین، مەرجی بنەڕەتیی ئازادکردنی ئینسان و دەستەبەرکردنی پێشکەوتنە.

(ئایین ئەفیوونی گەلانە.) ستەمێکی زۆر لە مارکس دەکەین، ئەگەر هەموو تێڕوانینە قووڵەکانی، لەو دەربڕینەدا چڕ بکەینەوە. خەستکردنەوەی ڕەخنەی مارکس لە ئایین، لەو ڕستەیەدا، هیچ نییە بێجگە لە بە ڕووکەشکردنی فیکری مارکس بەو لاوە. مارکس و ئێنگڵس وەک یەکێک لە سەرچاوەکانی فیکریی خۆیان، سەرنجی بەرهەمی فەیلەسووفە ڕۆشنگەرەکانی فەرەنسایان دەدا و زۆربەی ڕەخنەی ئەوانیان لە ئایین پێ پەسەند بوو، بەڵام ڕەخنەی ئەو دوو فەیلەسووفە ماددییە دیالکتیکییە لە ئایین، لە هی ڕۆشنگەران، هەم قووڵتر و ڕیشەییتر بوو، هەم بە سینگێکی فراوانەتریشەوە بوو. لای ئاییندار ڕێی ڕزگاریی ئینسان ئەوەیە، توند دەستی بە داوێنی ئایینەکەیەوە بگرێت، وەلێ لای ڕۆشنگەری دژەدین، ڕێی ڕزگاریی ئینسان، بە دژایەتیکردنی تاریکستانی ئاییندا تێدەپەڕێت. مارکسیزم هەردوو ڕێگەکە ڕەت دەکاتەوە، چونکە زادەی بەدحاڵیبوونن لە پێوەندیی نێوان ئایین و کۆمەڵ، ئاخر ئایین هێزێکی دیرۆکیی سەربەخۆ نییە، بەڵکوو بەرهەمی کۆمەڵە و ناتوانین بە تەنیا و دوور لە لایەنەکانی دیکەی واقیعی کۆمەڵایەتی هەڵسوکەوتی لەگەڵدا بکەین.

مارکسییەکان لەوەدا لەگەڵ ڕۆشنگەراندا کۆکن کە ئایین زادەی ترس و تێنگەییشتنی ئینسانە لە سروشت و یاساکانی، بەڵام پێیان وایە، ڕەگوڕیشەی ئایین لەوێدایە کە ئینسان هەم لە ئاستی دیاردە سروشتییەکان و هەم بەرانبەر هێزە کۆمەڵایەتییەکان، دەستەوسانە، هەست بە بێدەسەڵاتی دەکات و توانای ئەوەی نییە جڵەویان بکات. مارکسییەکان دەڵێن: (ئینسان کە ناتوانێت ئەو سنوورانەی، جڤاتی چینایەتی بۆی دیاری دەکات، ببەزێنێت، هەست بە نامۆیی دەکات. ئایین بەرهەمی ئەو هەست بە نامۆیی کردنەیە و ئەو فەریادڕەسە وەهمییەیە کە بە ئینسان دەڵێت، چارەنووست لە دەستی خودای مەزندایە، نەک خۆت.)

ئایین کە ڕەنگدانەوەی نامۆیی و بەرهەمی کۆمەڵی چینایەتی بوو، لە هەوڵی ئەوەیشدا دەبێت، نامۆیییەکە چڕ بکاتەوە و پاساویش بۆ جڤاتە چینایەتییەکە ببینێتەوە. ئەوە بۆیە ڕۆڵی سەرەکیی ئایین بریتییە لەوەی تاک بەوە قایل بکات، ئەو پێوەندییە کۆمەڵایەتییانەی لەسەر بناغەی ستەم و چەوساندنەوە ڕۆ نراون، بە ئاسایی بزانێت و بیر لە گۆڕینی جڤاتی چینایەتی نەکاتەوە. بەڵام کێشەکە لەوە ئالۆزترە، ڕۆڵی ئایین تەنیا لەوەدا کورت بکەینەوە کە خزمەت بە واقیعی زاڵ دەکات و هیچی دیکە، ئاخر دەشێت خەڵکی چەوساوە ئاییندار بن و بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانە، ئایین لە خزمەتی ستەملێکراواندا وەگەڕ بخات.

ئایین وەک ئیدیۆلۆژیا، لەناو ململانێی چینایەتیدا، دەتوانێت هێزێکی کاریگەر پێک بهێنێت. ئایین با ڕۆڵی سەرەکیشی پارێزگاریکردن بێت لە ڕەوشی باو، بەڵام دەشێت لە هەندێک هەلومەرجدا، ببێتە هێزێکی شۆڕشگێڕانە، بۆیە پێویستە بە گوێرەی ئەو ڕۆڵەی لەم یان لەو کۆمەڵدا، لەم یان لەو هەلومەرجدا دەیبینێت، سەرنجی بدەین. کریستیانیزم لە سەرەتادا، لە ئیمپراتۆریای ڕۆماندا، لەناو کۆیلە و هەژاراندا، لەناو ئەوانەدا کە لە هەموو مافێک بێبەش بوون، سەری هەڵدا. ڕاستە لە ئەورووپای سەدەکانی ناویندا، ئایینی مەسیح دەبێتە قەڵای فیودال، بەڵام هەر ئەو سەردەمانە، گەلێک یاخیبوونی جووتیاران، مۆرکێکی مەسیحییانەیان هەبووە. ئەم تێبینییە، بۆ ئایینەکانی دیکەیش دروستە.

کە مارکس گوتوویەتی: ئایین ئەفیوونی گەلانە، لای کەم دوو لێکدانەوە هەڵدەگرێت، هەم چەوساوەکانی سڕ کردووە، تا لەبەردەم لافاوی کوێرەوەریدا ئارام بگرن و بیر لە سەرکێشی نەکەنەوە، هەم دەشێت مەستبوون بە ئەفیوون، خەیاڵی ئینسان بۆ یاخیبوون لە ستەم ببزوێنێت، بەڵام ئەفیوون لە هەردوو بارەکەدا، بەدحاڵیبوون لە واقیعی لێ دەکەوێتەوە. هەر لەو پەرەگرافەدا کە ئایین ئەفیوونی گەلانەی تێدایە، مارکس دەبێژێت: (کوێرەوەریی ئایینی، یاخیبوونە لە کوێرەوەریی واقیعی.) دەشێت ئەم لێکدانەوەیە، پڕ بە پێستی کەسانی سۆفی بێت، ئەوانەی لەڕێی خەیاڵی ئایینییەوە، بیریان لە داد و یەکسانی کردووەتەوە. 

هەڵوێستی مارکسییەکان بەرانبەر بە ئایین، بە بەراورد لەگەڵ هەڵوێستی بیرمەندانی سەردەمی ڕێنیسانسدا، هەم هۆشیارانەتر بوو، هەم لێبوردەتر، ئاخر ململانێی سەرەکیی مارکسییەکان لەگەڵ ئاییندا نەبوو، لەگەڵ ستەمی کۆمەڵایەتیدا بوو، وایشی بۆ دەچوون، ڕێ دەکەوێت ئایین ڕۆڵێکی شۆڕشگێرانە وازی بکات. نابێت ئەوەیش لە بیر بکەین، هەندێک لە ڕۆشنگەران نەک هەر بێدین نەبوون، بەڵکوو باوەڕداریش بوون، بەڵام مارکسییەکان دەیانگوت: ئەوە ئینسانە، خودای خوڵقاندووە نەک بە پێچەوانەوە. ئێنگڵس دەینووسی: (بە گوێرەی تێگەییشتنی ئێمە لە گەردوون، بوارێک نییە بۆ هەبوونی دەسەڵاتێک لەسەروو سروشتەوە.)

ئەگەر مارکسییەکان دەسەڵات بگرنە دەست، ئایین بە تەواوی لە سیاسەت جودا دەکەنەوە، بێلایەن دەبن لە ئاستی ئاییندا و لە هەمان دوورییەوە، سەرنجی هەموو ئایینەکان دەدەن، ئەمەیش بەو مانایە دێت، ئینسان بە شێوەیەکی ڕەها، ئازاد دەبێت لەوەی بڕوای بە کام ئایین دەبێت، یان هەر بڕوای بە هیچ ئایینێک نابێت، بەڵام مارکسییەکان خەبات لە دژی بڵاوکردنەوەی ئەفسانەی ئایینی بە ئەرکی سەرشانی خۆیان دەزانن و بوار بۆ هیچ ئایینێک ناڕەخسێنن، ڕۆڵی لە گەوجاندنی خەڵکدا هەبێت.

لینین لەگەڵ ئەوەدا نەبوو، حیزب دەستبەرداری خەباتی فیکری لە دژی ئایین ببێت و ئەوەیشی پەسەند نەدەکرد، جاڕی شەڕ لە دژی ئایین بدرێت و دژایەتیکردنی ئایین بکرێتە ئامانجێکی سیاسیی حیزب. لینین پێی وابوو: ململانێی مارکسییەکان لەگەڵ ئاییندا، ململانێیەکی ئیدیۆلۆژییە و ملکەچی خەباتی چینایەتییە. لە ڕوانگەی وییەوە، ئەگەر کۆمەڵێک کرێکار مانیان گرت، بە چاوپۆشین لەوەی سەر بە کام ئایینن، پێویستە حیزب پشتیان بگرێت، چونکە سەرکەوتنی مانگرتنەکە و یەکڕیزیی کرێکاران، گرنگترن لەوەی بە گژ ئاییندا بچینەوە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە، دەست لە ململانێی فیکری لەگەڵ ئاییندا هەڵبگرین. لینین دەیگوت: مارکسی پێویستە مادییەکی دیالێکتیکی بێت، واتا لە قازانجی خەباتی چینایەتی و لە پێناوی ئازادیدا بە گژ ئاییندا بچێتەوە.

زۆربەی ئەوانەی مارکسیزم پەسەند دەکەن و نزیکەی هەموو ئەوانەیشی دژی دەوەستنەوە، پێیان وایە، کرۆکی تێڕوانینی مارکسیزم لەبارەی ئایینەوە، بریتییە لە: دین ئەفیوونی گەلانە، هەرچەندە پێش مارکس، هەمان بۆچوون بە دەربڕینی دیکە، لای کانت و فیورباخ و هەنریش هاینە هەبووە. مارکس ١٨٤٤ ئەو ڕستەیەی گوتووە، کە هێشتا لەژێر هەژموونی فەلسەفەی فیورباخ و هیگڵدا بووە، بۆیە ئەو تێگەییشتنەی لە ئایین، هی وەختێکی ئەوە کە مارکسی نەبووە. لێکۆڵینەوەی مارکسییانە لە ئایین، دواتر لە (ئیدیۆلۆژیای ئەڵمانی ١٨٤٦)یەوە دەست پێ دەکات.

بە گوێرەی ئیدیۆلۆژیای ئەڵمانی، ئایین شێوەیەکە لە شێوە زۆروزەبەندەکانی ئیدیۆلۆژیا کە وابەستەی بەرهەمهێنانی ماددی و پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە. ئێنگلس (کە زیاتر لە مارکس قسەی لەسەر ئایین کردووە، بە پێچەوانەی فیورباخەوە کە پێی وابوو، ئایین زەمان ناناسێت،) دەیگوت: ئایین وەک فۆرمێک لە کولتوور، بە گوێرەی سەردەمە دیرۆکییە جیاوازەکان، گۆڕانی بەسەردا دێت و وەک ئیدیۆلۆژیایەکیش توانای خۆگونجاندنی لەگەڵ جڤاتی بۆرژووادا هەیە. کریستیانیزم سەرەتا وەک ئایینی کۆیلەکان هاتە ئاراوە، دواتر بوو بە بەشێکی گرنگ لە فیکری فیودال و لەگەڵ کۆمەڵی سەرمایەداریشدا خۆی گونجاند.

ئێنگڵس دەیگوت: (هەر چینێک لە ئایینێکی گونجاو دەگەڕێت، تا لە قازانجی خۆی سوودی لێ ببینێت و ئەوە هیچ بایەخی نییە خەڵکانی سەر بە چینەکە، بڕوایان بە ئایینەکەیان هەیە یان نا، ئاخر ئایین ماسکێکە بۆ شاردنەوەی بەرژەوەندیی چیانەیەتی.) لە دیدی ئێنگڵسەوە، مەرج نییە هەموو کاتێک، ململانێی نێوان مەتریالیزم و ئایین، بریتی بێت لە ململانێی نێوان شۆڕشگێڕان و کۆنەخوازان، وەک نموونە: لە ئینگلستانی سەدەی هەژدەیەمدا، تۆماس هۆبز کە نوێنەری مەتریالیزم بوو، داکۆکیی لە دەسەڵاتی ڕەهای پاشا دەکرد، بەڵام پرۆتستانتەکان، لەژێر ئاڵای ئاییندا، پێشەنگی خەباتی شۆڕشگێڕانە بوون، لە دژی بنەماڵەی فەرمانڕەوا.

ئێنگڵس دەیگوت: لە هەندێک وەرچەرخانی مێژووییدا، کەنیسەیش بەپێی پێکهاتە چینایەتییەکەی دابەش دەبێت. لە سەروەختی ڕیفۆرمدا، پیاوانی دەسەڵاتداری کەنیسە و فیودالە دەوڵەمەندەکان دەکەوتنە بەرەیەکەوە و بەرەکەی دیکەیش لە ڕیفورمخوازان، پیاوانی بێدەسەڵاتی کەنیسە و جووتیارانی شۆڕشگێر پێک دەهات. ئێنگڵس هەرچەندە مەتریالیستێکی بێدین و دوژمنێکی سەرسەختی ئایین بوو، بەڵام دەرکی بەوە کردبوو، دیاردەی ئایین شمشێرێکی دوودەمە، وەک چۆن دەشێت داکۆکی لە دەسەڵاتی ستەمکار بکات، هەر وایش دەگونجێت ڕۆڵێکی شۆڕشگێڕانە وازی بکات.

(٢)

زۆر لە لێکۆڵینەوەکانی ئێنگڵس لەبارەی ئایینەوە، تایبەت بوون بە کریستیانیزمی سەرەتایی، کە وەک ئایینی هەژاران، نەفرەتلێکراوان، سووکایەتیپێکراوان، چەوساوە و ستەملێکراوان سەری هەڵدا، ئاخر لە سەرەتاوە، ئەوانەی دەچوونە سەر دینی مەسیح، کۆیلە و ستەمدیدە و ئەو جووتیارە هەژارانە بوون کە کەوتبوونە ژێر باری گرانی قەرزەوە. ئێنگڵس پێی وابوو، کریستیانیزمی سەرەتایی و سۆسیالیزمی نوێ، لەو دوو بوارەدا کە پێکهاتەی هەردوو بزاڤەکە خەڵکی هەژار بوون و خەباتیان بۆ ڕزگارکردنی ئینسان بووە لە ستەم و کۆیلایەتی، لە یەک دەچن، بەڵام جیاوازیی سەرەکی نێوانیان لەوەدا چڕ دەبێتەوە کە مەسیحییەکان ڕزگارکردنی ئینسانیان هەڵگرتووە بۆ ئەو دونیا، بەڵام سۆسیالیستەکان لەم دونیا ئەو ئەرکە جێبەجێ دەکەن.

مارکس گوتوویەتی: ئەوە هۆشیاریی خەڵک نییە، پێگەی کۆمەڵایەتییان دیاری دەکات، بەڵکوو ئەوە پێگەی کۆمەڵایەتییانە، هۆشیارییان دیاری دەکات. ئەم تێزە بۆ ئایینیش دروستە، ئاخر (هۆشیاریی ئایینی)یش بنەمایەکی کۆمەڵایەتیی هەیە، کە لە سەرەتاوە، هەژاران بە مەسیحەوە پێوەست دەبوون، زادەی ئەو نادادپەروەرییە کۆمەڵایەتییە بوو، کە زەبری کوشندەی لێ وەشاندبوون. جۆن مۆلینۆ کە مارکسییەکی ئینگلیزە، دەڵێت: بیروباوەڕی ئایینییش، وەک هەر فیکرێکی دیکە، ئینسان دایهێناوە و بنەمایەکی کۆمەڵایەتیی هەیە، بەڵام ئەوە دروست نییە بڵێین: ئایین وەهمە و هیچی تر. ئەوەیش زوڵمە ئەگەر بە هەمان چاوەوە، سەرنجی بیروڕای ئایینی لە وەڵاتێکی ژێردەستە و وەڵاتێکی داگیرکاردا بدەین، چونکە دەشێت ئایین ڕۆڵی لە جۆشدانی خەباتی ڕزگاریخوازیدا هەبێت.

لە ڕوانگەی مارکسەوە، هەر ئینسانێک بگریت، خودی خۆی هەم دەوڵەتە و هەم جڤات، ئەوە ئەو دەوڵەت و جڤاتەن، ئایین بەرهەم دەهێنن کە بریتییە لە  لۆگیکێکی میللی و تێگەییشتنێکی بەراوەژوو لە دونیا. مارکس گوتوویەتی: (ئایین هه‌ناسه‌ی ساردی که‌سانی چه‌وساوه‌یه‌، دڵی دونیایەکی بێ دڵه، ڕۆحی هه‌لومه‌رجێکی بێ ڕۆحه‌ و ئه‌فیوونی گه‌لانه‌.)لە کاتێکدا ئینسان لە واقیع بێزار و بێئومێد دەبێت، ئایین ئەو وەهمەیە کە بە هانایەوە دەچێت، بۆیە کە لە دژی دین دەوەستینەوە، وەک ئەوە وایە، بە گژ ڕۆحی ئینسانی دینداردا بچینەوە. (ئێنگڵس)یش دەیگوت: (لە دوای هەر بانگەشە کردنێکەەوە بۆ هەر ئایینێک، بەرژەوەندیی ماددی هەیە،) ئێمەیش ئەو کاتانە ڕەخنە لە ئایین دەگرین، کە ڕەخنەکەمان لە قازانجی چەوساوەکان بکەوێتەوە.

ئەوە ڕاست نییە گوایە مارکسییەکان ئەگەر دەسەڵات بگرنە دەست، ئایین قەدەغە دەکەن، ڕاستییەکەی ئەوان دژی قەدەغەکردنی دینن، ئاخر پێیان وایە ئایین مەسەلەیەکی کەسەکییە و دەوڵەت مافی ئەوەی نییە، دەست وەربداتە ژیانی تایبەتیی کەسەکانەوە. ئازادیی ئایین چۆن لە سایەی سەرمایەداریدا پارێزراوە، لە سایەی سۆسیالیزمیشدا هەر پارێزراو دەبێت. لینین بە ڕوونی لەو بارەیەوە قسەی کردووە، ئەوەتا لە ساڵی ١٩٠٥دا لە (سۆسیالیزم و ئایین)دا دەڵێت: (نابێت دەوڵەت پێوەندیی بە ئایینەوە هەبێت، نابێت گرووپە ئایینییەکان خۆیان لە کاروباری دەسەڵات هەلبقورتێنن. هەموو تاکێک ئازادە سەر بە کام ئایین دەبێت، یان سەر بە هیچ ئایینێک نابێت، واتا وەک زۆربەی سۆسیالیستەکان بێدین دەبێت.)

مارکسییەکان وای بۆ دەچن، ئایین هێدی هێدی دەپووکێتەوە و لەنێو دەچێت، نەک لەڕێی قەدەغەکردن و سەرکوتکردنەوە، بەڵکوو ئەو کاتەی بنەما کۆمەڵایەتییەکانی لەنێو دەچن. مارکسییەکان بە هەمان چاو سەیری هەموو ئایینەکان دەکەن، ناچن بە پاساوی ئەوەی ئەم ئایین لەوەی دیکە پێشکەوتنخوازترە، فەزڵی ئەم ئایین بەسەر ئەو ئاییندا بدەن. ئەوەی بەلای مارکسییەکانەوە گرنگە، بیروباوەڕی ئایینەکە نییە، بنکە کۆمەڵایەتییەکەیەتی لە هەلومەجێکی دیاریکراودا. لای مارکسییەکان جیاکاری لەسەر بنەمای ئایین، رێگەپێدراو نییە، نابێت لە ناسنامەدا ئاماژەیەک بۆ ئایینی کەسەکان هەبێت و دەوڵەت وەک چۆن هیچ گوشارێک ناخاتە سەر دامەزراوە ئایینییەکان، لە هیچ ڕوویەکیشەوە کۆمەکیان ناکات.

گۆڕانکاری و شۆڕش لەسەر دەستی کرێکاران و جەماوەری دیکەدا ڕوو دەدەن، لەو وەڵاتانەی هەستی ئایینی زاڵە، مارکسییەکان دەزانن، خەڵک بە گوتوبێژی فیکری و نامیلکە و کتێب نا،  بە بەشداریکردن لە خەبات و گۆڕانکاریدا، لە وەهمی ئایین ڕزگاریان دەبێت. ئەمە هەرگیز بەو مانایە نییە، مارکسییەکان لە ستراتیژدا، یان تەنانەت لە تاکتیکیشدا، بکەونە ژێر هەژموونی ئایینەوە، وەک گرووپێکی ئایینی هەڵسوکەوت بکەن و دەستبەرداری لێکدانەوەی ماددییانەی خۆیان ببن. مارکسییەکان لە پێناوی سەرخستنی ئازادیدا، دەوڵەت و فێرگە لە کەنیسە جیا دەکەنەوە، ڕێگە بە هەبوونی هیچ پێوەندییەک لە نێوان پۆلیس و دامەزراوە ئایینییەکاندا نادەن، کارێک دەکەن ئایین بە تەواوی مەسەلەیەکی کەسەکی بێت و وای بۆ دەچن، ئەوی بەو ڕێسایانە قایل نەبێت، هێشتا دیلی دەستی دابونەریتی دادگاکانی پشکنینی سەدەکانی ناوینە.

مارکسییەکان پێیان وایە، ئایین شێوەیەکیشە لە شێوەکانی سەرکوتکردنی ڕۆحی کە گەل بە دەستییەوە گیری خواردووە، ئاخر ئەو کۆمەڵە ئەرکەی دین بەسەر ئینسانیدا دەسەپێنێت، تاقەتپڕووکێنن. وەک چۆن بێدەسەڵاتیی ئینسانی سەرەتایی لە بەرانبەر سرووشتدا، ناچاری دەکرد هانا بۆ هێزێکی (بانسرووشتی) ببات، بێدەسەڵاتیی ئینسان بەرانبەر بە چەوسێنەرانیش، بەوە کۆتایی دەهات، بیر لە ژیانێکی چاکتری دوای مردن بکاتەوە. ئەوانەی بە درێژایی ژیانیان لە کوێرەوەریدا دەژین، لە ئایینەوە ئەوە فێر دەبن، لەم دونیا ئارام بگرن و مل کەچ بکەن، بەو ئومێدەی لەو دونیا لە لایەن خواوە پاداشت بدرێنەوە. ئەوانەیشی لەسەر خواردنی بەری ڕەنج و ئیشی کەسانی دیکە دەژین و دەوڵەمەند دەبن، ئایین فێریان دەکات، لەم دونیا دەستی خێر و چاکە بۆ هەژاران درێژ بکەن، تا لەو دونیا خوا قەرەبوویان بکاتەوە.

کاوتسکی دەیگوت: دەزانین لەناو توێکڵی ئاییندا، کرۆکێکی کۆمەڵایەتی خۆی حەشار داوە، بەڵام شەڕ دژی ئیدیۆلۆگیای ئایینی، دەبێت ملکەچی خەباتی چینایەتی بێت کە پێویستی بە یەکێتییی نێوان کرێکارانی بێدین و دیندار هەیە. (لینین)یش پێی وابوو: نابێت ئیلحاد بەشێک بێت لە پرۆگرامی حیزب، چونکە یەکڕیزیی خەباتی شۆڕشگێڕانەی چەوساوەکان، لە پێناوی ڕۆنانی بەهەشتی سەر زەویندا، گرنگترە لە یەکێتیی بیروڕایان لەبارەی بەهەشتی ئاسمانەوە. ڕۆزا لۆکسمبورگ هەرچەندە بێدین بوو، وەلێ ڕەخنەی وی زیاتر لە کەنیسە بوو، نەک لە ئایین و دەیگوت: سۆسیالیستە شۆڕشگێڕە نوێخوازەکان بۆ پرەنسیپە ڕەسەنەکانی کریستیانیزم، دڵسۆزترن لە پیاوە ئایینییە هاوچەرخە کۆنەسەرڤاتیڤەکان.

(ئینسان چی بۆ خۆی دەخوازێت، دەبێت هەمان شتیشی بۆ دراوسێیەکەی بوێت.) چونکە سۆسیالیستەکان لە پێناوی یەکسانی و ئازادی و برایەتیدا خەبات دەکەن، بۆیە قەشەکان ئەگەر پێبەندی ئەو پرەنسیپەی کریستیانیزم بن، دەبێت  پێشوازی لە بزووتنەوەی سۆسیالیزم بکەن. (ئەگەر پیاوانی ئایین لایەنی دەوڵەمەندان بگرن، بەوە لەگەڵ ڕێنوێنییەکانی مەسیحدا دەکەونە ناکۆکییەوە. بانگخوازانی کریستیانیزمی سەرەتایی دژی ستەمی کۆمەڵایەتی بوون، هەنووکە سۆسیالیستەکان ئەو ئاڵایەیان بڵند راگرتووە.) ڕۆزا لۆکسمبورگ لەبری ئەوەی بە ناوی مەتریالیزمەوە، شەڕێکی فەلسەفی لەگەڵ کریستیانیزمدا بکات، دێت کەلەپووری ئەو ئایینە لە قازانجی بزاڤی کرێکاران دەخاتە گەڕ. کۆمۆنیستەکانی سەرەتای سەدەی بیست پێیان وابوو، ئەگەر کریستیانێک هاتە ناویانەوە، ئەوە بەڵگەیە بۆ دەستبەردانی لە میتافیزیک، هەر بەو پاساوە، قەشەیەکی پرۆتستانتی سویسرایی، گەییشتە سەرکردایەتیی کۆمێنترن.

گرامشی دەڵێت: گەورەترین میتافیزیک لە مێژوودا، ئایینە، ئاخر گەورەترین هەوڵە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی (ئەفسانە)یی، تەبایی لە نێوان ناکۆکییە (واقیع)ییەکاندا بهێنێتە ئاراوە. جیاوازییەکانی نێوان باڵەکانی ناو ئایینێک، زادەی جیاوازیی نێوان توێژ و چینە کۆمەڵایەتییەکانە، ئەوە بۆیە لە کولتووری کاسۆلیکدا، هەم ڕەوتی توندئاژۆ هەیە، هەم ڕەوتی لیبراڵ. سەرنجی هەر ئایینێک بدەین، لە چەند دینێکی جیاواز و لەگەڵ یەکدا ناکۆک دەچێت. کاسۆلیکیزمی جووتیاران جیاوازە لە هی بۆرژووای بچووک و کرێکاران، هی ژنان جیاوازە لە هی ڕۆشنبیران. ئایینزاکانی ناو دوو ئایینە ئاسمانییە گەورەکە، لە زۆر ڕووەوە هێندە لە یەکەوە دوورن، هەر ئایینزایەکیان لە ئایینێکی سەربەخۆ دەچێت.

ئێڕنست بلۆخ دەیگوت: لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، کریستیانیزم دوو ئایینی دژ بە یەکە، ئایینی کەنیسەی ڕەسمیی تیۆکرات کە ئەفیوونی گەلانە، کە دامەزراوەیەکی فریودەرە و لە خزمەتی دەسەڵاتداراندایە،  ئایینێکی تریش کە لە سەنگەری هەژاراندایە و بانگخوازانی بە تۆمەتی بێدینی سزا دەدرێن. ئاخۆ ئەوە ڕەوایە، پێمان وابێت حەلاج و بکوژەکانی هاوئایین بوون؟ یان قەیسەر و تۆلستۆی سەر بە هەمان دین بوون؟ بلۆخ دەیگوت: ئایین کە لە شێوەی دەربڕینی ناڕەزایی و یاخیبووندا خۆی نمایش دەکات، بڵندترین جۆری هۆشیاریی یۆتۆپیایییە و بە دەوڵەمەندترین دەربڕین، ئومێد زیندوو ڕادەگرێت. لە روانگەی بلۆخەوە، ئینجیل کتێبی پیرۆزی هەژارانە و سەرپشکمان دەکات، لە نێوان مەسیح و قەیسەردا، یەکێکیان هەڵببژێرین. بلۆخ پێی وابوو، تەنیا مولحید دەتوانێت ببێتە مەسیحییەکی چاک و تەنیا کریستیانی چاکیش دەتوانێت ببێتە مولحید. (ئەوە بەشێکە لە ڕابردوو کە ئایین ڕۆڵێکی ڕەخنەگرانەی وازی دەکرد.) ڕەنگە ئەوە دوا قسەی کۆمۆنیستەکان بێت لەبارەی دینەوە کە هەم بڕوایان بە ئازادیی ئایین هەیە، هەم ئازادیی ڕەخنەگرتن لە ئایین.

ئەو جەنگەی ئەمریکا لە دژی تیرۆر جاڕی داوە، هێندەی جەنگێکە بەرانبەر بە ئیسلامی میللی، ئەوەندە جەنگێک نییە دژی ئیسلامی فەرمی یان جیهادی، ئاخر ئەوەندەی بە زیان بۆ موسڵمانانی خۆرئاوا کەوتووەتەوە، نیو هێندە زیانی بە ئیسلامییە سەلەفی و جیهادییەکان نەگەیاندووە. ئەو سووکایەتییەی داعش بە ژنی دەکات، هەر هەمان ئەو سووکایەتییەیە لە سعوودستان بە فەرمی بە ژن دەکرێت، کەچی ئەمریکا دوژمنی سەرسەختی ئەمیانە و دۆستی گیانی بە گیانی ئەویان! چەپ و کۆمونیستەکان وەک چۆن دژی ئیسلامن کە ژن بچەوسێنێتەوە، هەر وایش دژی ئەوەن، ستەم لە موسڵمانان بکرێت.

جیاوازیی نێوان سەلەفی و جیهادی ئەوەیە، ئەمیان بە هێزی لۆگیک دەمانباتەوە بۆ سەردەمی دێرین، ئەویان بە لۆگیکی هێز، دەقە دێرینەکانمان بەسەردا جێبەجێ دەکات. سەلەفی دۆستی بە ئەمەکی دەسەڵاتی ستەمکاری کۆنەخوازە، ئیدی کۆنەخواز، فیودال بێت، یان بۆرژووا. جیهادیست دۆستی مەرگە، لەسەر زەوین ژیانمان لێ دەکات بە دۆزەخ، تا بە بەهەشتی ئاسمان شاد ببین. بە هەڵەدا دەچین ئەگەر پێمان وابێت، هەر بزووتنەوەیەکی ئیسلامی دژی ئەمریکا بوو، پێشکەوتنخواز و شۆڕشگێرانەیە، ئاخر ئەگەر بزووتنەوەیەکی ئیسلامی نیازی ئەوەی هەبێت، هەمان مۆدێلی فەرمانڕەواییی نیمچە دوورگەی عەرەبیی سەدەی حەوتەمی زایینی دووبارە بکاتەوە، ئیدی دژایەتیکردنی دەبێتە ئەرکێکی ئینسانی.

*

(١) غیاث نعیسة،الموقف المارکسي من الظاهرة الدینیة.

(٢) المارکسیة والدین، الشرارة، ینایر ١٩٩٨جماعة تحریر العمل.

(٣) مایکل لوفی، المارکسیة والدین، ترجمة: بشیر السباعي.

(4) V.I. Lenin, Socialism och religion  Novaja Zjizn nr 28, den 3 december 1905

 

  • 1