ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

زۆربەمان چیڕۆکی پاپۆڕەکەی (تایتانیک)مان بیستووە، کە بە چ بابەتە کارەساتێکی دڵتەزێن و چ جۆرە ڕووداوێکی جەرگبڕ نقومی ناو دەریا دەبێت! 

هەڵبەتە لەکاتی نقومبووندا، دوو بەلەمی ڕزگارکەر بەهانایانەوە دێن، دیارە ژنێک دوو منداڵی لەگەڵ دەبێت، لە مشەوەشی و هات و هاواری خەڵک، کە کەس ئاگای لە کەس نامێنێت لەتاو ڕۆحی خۆیان، بۆیە ژنەکە سواری بەلەمێک دەبێت و هەردوو منداڵەکەشی، سواری بەلەمەکەی دیکە دەکرێن... ئیتر منداڵەکانیش دەست دەکەن بە زیڕە زیڕ و بانگی دایکیان دەکەن و هاوار دەکەن دایە تۆ لە کوێی؟! وەرە فریامان کەوە! دایە تۆ چیت بەسەرهات؟!

کچێکیش لە نزیک دایکی منداڵەکان، لەناو بەلەمەکەوە گوێی لە هات و هاواری منداڵەکان دەبێت، داوا لە (کاپتن)ی بەلەمەکە دەکات و دەڵێت؛ با ئەو دوو منداڵانەی ناو ئەو بەلەمە بێنە جێگەی من و لەلای دایکیان دانیشن، "چونکە من نەمنداڵم هەیە و نەمێردیش!"، قەیدی من ناکا، من خۆم دەهاوێمە ناو دەریاوە! هەڵبەتە کچەکە باشیش دەیزانی، کە بەرەو باوەشی مەرگ خۆی فڕێدەدا، ئیتر کچەکە (کاپتن)ی تێگەیاند و یەکسەر خۆی فڕێدایە ناو ئاوەوە! ڕۆیشت و ڕۆحی شادبێت!

جا من دەپرسم ئەوە گەر "مووچڕکی ڕۆشنبیری و تەزووی ویژدان" لە دەروونی ئەو "شێرە کچە" پنگی نەخواردبێتەوە، چما هێز هەیە بتوانێت لەناو بەلەم بیهێنێتە دەرەوە؟! جێگەی خۆی بۆ منداڵی خەڵک چۆڵ بکات؟! ڕێگەی مەرگ هەڵبژێرێت؟!

بەڵێ، دەبێ "ڕۆشنبیر" بەلای کەمەوە، هەردەم ئامادە بێت کە سەرە پەنجەیەکی خۆی، قوربانی قۆڵی کەسێکی دیکە بکات لەکاتی پێویست دا، خۆماوە ئەوەش بڵێین کە (شێرە کچ) نەنەخۆش و سەرشێت بووە، نە نەخۆشی دەروونیشی هەبووە! بەڵکو هاتبووە گەشتوگوزار دنیای ڕوون ببینێت، نەک خۆخنکاندن لە زەریادا!

بەڵێ "ئەو سۆز و تێزە و لەززەتە ڕۆحییەیە...!" کە مرۆڤ لە ئاژەڵ جیا دەکاتەوە، ئایا ئەمڕۆ ئێمە واین؟! زۆر مخابن ئاگام لێیە، لە دوای ڕاپەڕین بە ئەنقەست زۆر تەفسیری چەواشەکاری لە ئاستی (مەیلەو بەرزیش) بۆ ناساندنی کەسی ڕۆشنبیر دەکرێ، بەمەبەستی ئەوەی کە مرۆڤ لە بەها مرۆییەکان داببڕن و بەرژەوەندییە زاتییەکان تاوبدەن و وردە وردە تەگەرە لەبەردەم ستراتیجیەتی سەرمایە تەخت بکەن!

 

 

  • 1