ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دیالۆگ و دانوستانی بزو،تنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانی گەلان لەگەڵ نەیارانیدا بابەتێکی تابۆکراو نەبووە، بەڵام گرنگە ئەو بز،وتنەوەیە کە دەڕبڕی ئیرادەی گەلێکی مافخوراوە، لەسەر چ بنەمایەک دیالۆگ و دانوستان دەکات، و بۆ ئەوەی فرسەتەکان بەفیڕۆ نەدات چۆن مامەڵە لەگەڵ فاکتەری کات دەکات.

بز،وتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانیی کوردستان گفتوگۆی تەنانەت لەگەڵ ڕژێمی دیکاتۆری بەعسی ڕەت نەکردۆتەوە، و ئێستاش دانوستان لەگەڵ حوکمڕانانی نوێی عێراق بەردەوامە. بەڵام بۆ ئەوەی دانوستانەکان بەرهەمداربێت، و نەیارانی گەلەکەمان ئامرازی کات بە مەبەستی چاوەڕێ کردنی ئەو گۆڕانکارییانە نەبێت کە لەسایەیدا ڕەوشی سیاسی بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاربهێنن، و لە بەڵێنەکانیان پەشیمان ببنەوە، لایەنەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانی گەلی کوردستان، بە ڕەچاوکردنی قۆناغی نوێی ئەم بزووتنەوەیە کە لە لایەکدا بەشێکیان لە هەرێمی کوردستان دەسەڵاتە، و لە نێو کۆمەڵگاکەماندا حوکمڕان و حوکمکراو هەن، و لەلایەکی دیکەوە ئەرکی تەواوکردنی ئەرکەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی لەئەستۆی سەرجەم لایەنەکانی بزووتنەوەکە ماوە، پێویستە ئەم لایەنانە بزانن لەسەر چ بنەمایەک دیالۆگ و گفتوگۆ لەگەڵ بەرانبەردا دەکەن، و چۆن ڕیزبەندی هێزە سیاسییەکانی نەتەوەی باڵادەست دەخوێننەوە، و هەڵسەنگاندن بۆ بۆچوون و هەڵوێستەکانیان دەکەن، و بەهەمان شێوە چۆن هەڵوێستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و فاکتەرە کارتێکەرەکان لەسەر دۆزی ڕەوای گەلەکەمان دەخوێننەوە.

هەڵبەت لە هەمووی گرنگتر داڕشتنی هەڵوێستی یەکگرتووی هێز و لایەنە سیاسییەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانیی کوردستانە کە هەموو ئەزموونەکانی کۆن و نوێ پێمان دەڵێن: هەر درز و کەلێنێک لە هەڵوێستی یەکگرتوو بە زیان بە سەر دۆزی ڕەوای گەلەکەمان دەگەڕێتەوە.

حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە هەلومەرجی ئەمڕۆدا میکانیزمی کاری بەکۆمەڵ و گردبوونەوەی هاوبەشیان فەرامۆش کردووە، و بەشێکی زۆری کۆبوونەوەکانیان شێَوازی دانیشتنی دووقۆڵی وەرگرتووە، و هەر ئەمەش وای کردووە کە تا ئێستا عەقڵیەتی پاراستنی بەرژەوەندی حزبایەتی و چۆنێتی بەشبەشێنەی پۆست و پلە و پایە بەسەر ئەم کۆبوونەوانەدا زاڵ بێت.

ڕەوشی سیاسی کوردستان و عێراق و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کارتێکردنی هەژموونی وڵاتە زلهێزەکان و ناوەندەکانی حوکمڕان لە وڵاتە هەرێمایەتییەکاندا، بەردەوام لە گۆڕانکارییەکی خێرادایە. ئەم بابەتە پێویستی بە بیرکردنەوەی هاوبەش و عەقڵی بە کۆمەڵ هەیە، کە دەبێ میکانیزمی گونجاوی بۆ دابڕێژرێت کە ئەویش کۆبوونەوەی هاوبەشی سەرجەم لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانە. کۆبوونەوەی هاوبەش مانای ئەوە نییە کە سەرجەم لایەن و حزبە سیاسییەکان وەک یەک بیردەکەنەوە، بەڵام کۆبوونەوەی هاوبەش بواری نێوان جیاوازییەکان تەسک دەکاتەوە، و لە ئاکامدا خاڵ و بنەمای هاوبەش سەبارەت بە هەڵوێستە جۆراجۆرەکان، دروست دەبێت، و پرۆژەی هاوبەش بۆ مامەڵەکردن سەبارەت بە بابەتە نیشتمانییەکان لەگەڵ بەرانبەردا، دروست دەبێت.

کۆبوونەوەی هاوبەش باشترین و گونجاوترین میکانیزمە بۆ ئەوەی تیایدا پرسیارە ئاڵۆزەکان و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵیاندا و توێژینەوەی ڕەوشە نوێکان، تیایدا ئەنجام بدرێت، و بە هاوبەشی وەڵامی گونجاو بۆ ئەو پرسیارانە هەبێت، و بەڕوونی مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەکانی ڕەوشی سیاسی و گۆڕانکارییەکان بکرێت، و لەسەر ئەم بنەمایەش شێوازی مامەڵەکردن و دیالۆگ لەگەڵ بەرانبەردا بکرێت.

لە جوغزی سەربەخۆییەوە و لە سەر بنەمای باوەڕ بوون بە مافی گەلان بۆ بڕیاردانی چارەنووسیان و کارکردن بۆ جێبەجێکردنی ئیرادەی گەلی کوردستان، کۆمەڵێک پرسیاری گرنگ چاوەڕیی هەڵوێستی هاوبەش دەکات، لەوانەش:

یەکەم: لە ساڵی 2005 کە تا ئێستا دەگاتە چواردە ساڵ بڕیاری دەستوری دەوڵەتی عێراق دراوە، ئایا مادەکانی دەستور عێراق قەیرانی دەوڵەتی لە عێراقدا چارەسەر کردووە، یان لە ئایندەدا چارەسەری دەکات؟!

دووەم: زۆرجار لایەنە دیموکراتیخوازەکان لە سەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا کە باس لە چارەسەری مەسەلەی گەلی کوردستان دەکەن، جەخت لەسەر چارەسەری فیدراڵی لە چوارچێوەی عێراقێکی دیموکراسی مەدەنی دەکەن. لێرەشدا پرسیار ئەوەیە ئایا حکوومەتی عێراق حکوومەتێکی دیموکراسی مەدەنییە کە لە چوارچێوەیدا فیدراڵی زامن بکات، و ئایا دیموکراسیبوونی دەوڵەت تەنیا بەم جۆرە هەڵبژاردنە گاڵتەجارییانەی کە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام دەدرێت، مسۆگەر دەکرێت؟!

سێیەم: لەوانەیە بەشێک لە هێزی دیموکراسیخوازی ناوەوەی عێراق و جیهان لەگەڵ ئێمەدا هاوڕابن کە ئەم دەوڵەتە و ئەم شێوازەی حوکمڕانییە دیموکراتییە نییە. لێرەشدا پرسیار ئەوەیە ئایا گەلی کوردستان بۆ وەدیهێنانی مافە نیشتمانییەکانی تا چەند ساڵی دی چاوەڕوان بێت بۆ ئەوەی دەوڵەتی عێراق ببێت بە دەوڵەتێکی دیموکراسی، و لە دووایشدا بە خێری خۆی مافەکانی گەلەکەمان بدات؟!

چوارەم: لایەنی سیاسی حوکمڕان لە هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی کوردستان لە حکوومەتی عێراق و لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە گفتوگۆ و دانوستانەکان و لە بەشداری سیاسی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراقدا، بابەتی باسەکانیان لەگەڵ بەرانبەردا لە چوارچێوەی بەشی بودجە کە عێراق لە 17% پاشگەزبۆوە، و قەرەبووکردنەوەی ئەم بابەتە بە ناردنی مووچە و لابردنی گومرکی ناوخۆ، کۆکردۆتەوە، کە لە بنەڕەتدا نەدەکرا مووچە ببڕدرێت و گومرگی ناوخۆ لەسەر ئەو کاڵایانەی لە هەرێمی کوردستانەوە دێن، دابنرێت. ئێستاش هەرێمی کوردستان چاوەڕیی مەرحەمەتی ڕینماییەکانی بودجەیە کە بە کۆمەڵێک مەرج بەند کراوە.

لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئایا کێشە هەڵپسێردراوەکانی نێوان دەوڵەتی عێراق و کوردستانی باشوور تەنیا کێشەی بودجە و مووچە و گومرگە؟!

پرسیارەکان لەمانە زیاترن، و لە هەمووی هەنووکەی تر چۆنێتی مامەڵەکردنە لەگەڵ فاکتەری نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی و لەگەڵ حکوومەتی عێراقیش بە پێی بڕیارێکی نیشتمانی سەربەخۆیی کوردستانی، دوور لە دابەشبوون بە سەر جەمسەری نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی و نەیارانی گەلی کوردستان.