ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەمڕۆ بابەتە ڕەخنەیەکی تێکدەرانەی ناشیرین و بەدحاڵیبوونێکی دژوار لەناو ژیانی گشتی خەڵک لەم هەرێمەی ئێمە سەریهەڵداوە. بۆنی بەدبەختییەکی یەکجار گەورەی لێدێ. بۆ خۆشمان نازانین چیمان لەیەکتر دەوێ؟! بەکورتی وەکو ئەم سووکە داستانەی خوارەوەی لێوە هاتووە؛

برادەرێکی ژیر و ئاقڵ بۆی گێڕامەوە و گوتی؛ لەم ڕۆژانەی دواییدا، بۆ دەستنوێژ شووشتن چوومە مزگەوتی گەورەی ناو بازاڕی هەولێر، نازانم بۆ لەم کاتە سرەی W.C ئاودەست ئەوەندە قەرەباڵغ بوو؟! ئەمەم پێخۆش نەبوو، هەرچەندە دیار بوو کەسی لە من (شڕتر)یشی تێدا بوو، چونکە (تەنگاوبوونیان) بە ئاشکرا لە سیما بەدیدەکرا. ئیتر ناچار لە سرە ڕاوەستام، پاش تاوێک (حەمدەن لیلا) نۆرەم هات و بەپەلە خۆم لە ژوورەوە کوتا، چونکە من چەندی بۆ خۆم بەپەلە بووم، دوو هێندەش دڵم بە خەڵکەکە دەسووتا، کە لە سرەدا بوون، باش دەمزانی حاڵیان چییە! ئیتر دانیشتم زۆر بە سەخاوەت خۆم بۆ شلکرد و، زەغتم لەخۆم کرد ماشەڵا بایەکی هێندە (زل و نائاساییم) لێبەربوو! باوەڕت هەبێ وەک گیسکە نێر پیڕاندی و دەنگی دایەوە!

هەر یەکسەر گوێم لێبوو، لە دەرەوە بووە پرقە پرقی پێکەنینێکی خەست و بڵند، کە دڵم پێی خۆش نەبوو، چونکە من بە چاکە وامکرد و باش دەمزانی لە وڵاتی ئێمە هەر لەم حاڵەتە زۆر قەدری کات دەگرین! ئیتر پێکەنینەکەش هەر لە زیادبوون بوو، منیش بیرم لەوە کردەوە، گەر ڕێگا هەبێ، بەلایەکی دیکەدا بۆی دەرچم وەک ئەوەی کەمینم بۆ دانرابێ ڕێگۆڕی بکەم! بەڵام ڕێگای دیکەم شک نەبرد. ناچار هەر خێرا خۆم پێچایەوە و بەڕوویەکی مەیلە و گرژەوە هاتمە دەرەوە، دیاربوو خەڵکەکە بەپێکەنینەوە سەیری منیان دەکرد! یەکێک گوتی؛ لەجیاتی ئەوەی دڵت خۆشبێت، ئەو بابەتە ئیسراحەت کرد، بۆ وا ڕووت گرژە کابرا؟! ئیتر هێندەی دیکە سەفرام هەڵچوو و، گوتم؛ باشە بۆ چیتان لە من دەوێ؟! یەکێک گوتی؛ دەزانی زۆر ڕەخنەمان لێتە؟! چونکە (بایەکەت) یەکجار گەورە بوو، دەبووایە بە دووجار بەرتبدابووایە! گوتم؛ ڕاستە، بەڵام بەخوا بە سێ جاریش بەرمبدابووایە هەر گەورە دەردەچوو! بۆیە من دڵم بە حاڵی ئێوە سووتا، ویستم تاخیرتان نەکەم، چونکە دەبینم وا نیوەتان لە تەنگاوییان، ئارەقەتان کردووە، خۆتان چەناندۆتەوە! بۆیە منیش پەلەم کرد و بەیەک کەرەت بەڕەڵام کرد! هێشتا ئێوە ئەو بابەتە ڕەخنە غەدارەم لێدەگرن؟! لەجیاتی پیاوەتیم قەرداریشم دەکەنەوە؟! ئینجا یەکێکی دیکەیان گوتی دەباشە بابە با قسەی تۆ بێت، بەڵام دەمانەوێ وێنەیەکت لەگەڵ بچرکێنین! گوتم؛ بەخوا کاتم نییە و ڕۆیشتم.

جا هەروا بیری لێدەکەمەوە، خوایە بۆ دەیانەوێ وێنەم لەگەڵ بگرم؟! ئایا بۆ (فەیسبوک)ە یان دەیانەوێ دیمانەی تەلەفیزیۆنم لەگەڵ بکەن؟! یاخود دەبێ (مۆندیالی باکەناندن ئیبداع کرابێت؟!) بیانەوێ لقێک لێرە دابمەزرێنن و بمکەن بە ئەندامی گرووپ؟!