ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

(1)

لەو ماوەیەی دواییدا زۆرجار قسە لەبارەی ئەو ناوچانەوە دەكرێت كە لە دەستی چەكدارە تیرۆریستەكانی داعش ڕزگاركراون، كە لەڕاستیدا جارێكی دیكە ئەو ناوچانە كەوتوونەتە بەردەم دوو دۆخی دیكەوە كە هەر یەكێكیان چەندین لێكدانەوە هەڵدەگرێت. دۆخی یەكەمی ئەو ناوچانە ئەوەیە كە لەڕووی سەربازییەوە ئێستا لەو ناوچانە بەشێوە گشتییەكەی كە ناوچەی سوونەنشینن واتە عەرەبی سوونە تیایدا چەكدارانی شیعە جا چ لەژێر ناوی سوپای عێراق یان دژە تیرۆر یاخود پۆلیستی ئیتیحادی یان بەناوی حەشدی شەعبییەوە بێت. ئەو هێزانەش بیانەوێت یاخود نا لەناوچەیەكن كە بەشێكی زۆری خەڵكەكەی نەگەڕاونەتەوە و لە دۆخی ئاوارەبووندان. ئەوانەشی گەڕاونەتەوە یان هەر لەناوچەكانی خۆیان بوون و لەژێر دەسەڵاتی چەكدارە تیرۆریستییەكانی دەوڵەتی ئیسلامی –داعش- ئەوەی كە كۆكن لەسەری ئەوەیە كە ئەو هێزانە تا دەركردنی داعش ڕزگاركەربوون، بەڵام لە دوای ئەو كاتەوە مانەوەی ئەو هێزانە ڕای جیای دروستكردووە. بەشێك پێیان وایە ئەو هێزانە ئێستا بوونەتە هێزێكی داگیركەر و هەراسانكەر لەو ناوچانە و دەسەڵاتی ڕەهایان هەیە و هەموو دەسەڵاتە ناوخۆییەكانیان پەكخستووە. كەوابێ بەپێی لێكدانەوەی ئەوان ئێستا ناوچەكانی ئەوان لەوكاتەی لەداگیركاری داعش ڕزگاربووە، بەڵام ئێستا داگیركاری شیعە لەناوچەكەیان بوونی هەیە كە تەنانەت ئێستا دەستیان كردووە بە بەرهەمهێنان لە شیعەگەرایی و گەرای شیعەیان بە بڵاوی بڵاوكردۆتەوە بە نموونە لە ناو جەرگەی مووسڵ دیوانی وەقفی شیعە وەبەرهێنان دەكات، لەشوێنێكی وەك شنگال كە بۆتە كەلاوەی دەستی تیرۆریستان، لەنێو ڕووخاوی ماڵی هاووڵاتییان و بازاڕ و دوكانەكانیان و لەنێو ڕووخاوی مەزاری ئێزدییەكان و كڵێسای مەسیحییەكان و تەنانەت ڕووخاوی منارەی مزگەوتی سوونەكان تەنیا شیعە دەستی بردووە بۆ ئاوەدانكردنەوەی شوێنە پیرۆزەكانی خۆیان!

لەتەك ئەو هەستەشدا، لەچەند هەفتەی ڕابردووەوە و لەوەتەی دەنگۆی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا و بڵاوەكردنیان لە ناوچەكانی كەركووك و مووسڵ و تكریت و ئەنبار و دیالە، جارێكی دیكە لەلای بەشێكی دیكەی عێراقییەكان ئەو هەستەی دروستكردۆتەوە كە عێراق لەلای ئەمریكاییەكانەوە داگیردەكرێتەوە. ئەو هەستەش لای هەمووان وەك یەك نییە، چونكە ئەوانەی پێیان وایە كە شیعە ناوچەكانی ئەوانی داگیركردووە ئەوانە ئەمریكا بە داگیركار نازانن بەڵكو بە ڕزگاركەر.

ئەو هەستی داگیركارییە مەترسیدارە، چونكە ناتوانێت ئارامی و سەقامگیری لەناوچەكەدا بەرهەمبهێنێت و بۆی هەیە هەستی دژ لەلای هاووڵاتییان بەرانبەر بەو هێزانە زیاتر بكات و ببێـتە هۆكارێك بۆ پەیدابوونی گرووپی توندڕەوی و سەرهەڵدانی نائارامی لەو ناوچانە جارێكی دیكە. بە گشتی ئەوە پێمان دەڵێت كە ئێمە لەبەردەم چەندین جۆری ڕزگاری و داگیركاری جیاوازداین، بەشێوەیەك كە ئەوەی تۆ پێت وایە ڕزگارییە بۆ خۆی داگیركارییە و ئەوەشی پێت وایە داگیركارییە بۆ ئەوانی دیكە ڕزگارییە!

(2)

لەدوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە، گرووپە چەكدارییەكانی عێراق ئەوانەی سوپا و پۆلیسی ئیتحادی و دژە تیرۆر و حەشدی شەعبی ڕژانە ناو كەركووك و ناوچە جێناكۆكەكانی دیكە هەر لە شنگالەوە تا دەگاتە دووز و خانەقین و جەلەولا و ...تد. هەرچی ئەو هێزانەی كە پێش ئەو ڕێككەوتە لەوێ بوون ئێستا بۆیان نییە لەوێ بن و ئەوەش دۆخێكی دیكەی داگیركاری دروستكردووە. دیارە جارێكی دیكە گیروگازی زاراوەكە هەیە و گشتگیر نییە. چونكە دیارە هێشتا لەو ناوچانە خەڵكێك هەن هێزە تازەكانی دوای 16ی ئۆكتۆبەر، هێزە شیعەكان بە هێزی ڕزگاركەر دەزانێت، لەكاتێكدا زۆرینەكەی دیكە بەداگیركار و خۆسەپێنەر ئەژماری دەكات.

ئەو هەوڵانەی كە لەوبارەیەوە هەیە بۆ چارەكردنی دۆزەكە هێشتا هەوڵی ڕاستەقینە نین و لە ئاستی چارەكردن نییە، چارەكردنێك كە هێزێك بەرهەم بهێنێت هەمووان بەهی خۆیانی بزانن. بتوانێت هەمووان لەدەوروبەری خۆی كۆبكاتەوە و هەستی نەرێنی خەڵك بڕەوێنێتەوە، چونكە ئەوەی كە ئێستا هەیە لەڕاستیدا ناكرێت تا سەر بەردەوام بێت. ئەوەی هەیە زۆر كاتی و بێ ئایندەیە. هەر بۆیە زۆر گرنگە قسەكردن لەسەر كۆتایی هاتن بە داگیركاری، قسەكردن بێت لە بەرهەمهێنانی هێزێك كە ڕزگاركەر بێت پڕ بە پێستی وشەكە.

  • 1