ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

بەشی چوارەم

- ڕیفۆرمیزم (ئیسلاحات) یان شۆڕشی کرێکاری –

(ریفۆرمیزم) مانای بنەڕەتی و فەرهەنگی ، بریتییە لە چارەسەرکردنی گۆڕینی ڕووکەشی لەکاروباری ئابوری و سیاسییدا بەبێ ئەوەی پەنا بەرێتە بەر شۆڕش..

ڕیفۆرم لە کارەکاندا مانای هێشتنەوەی دەسەڵاتی سیاسی بۆرجوازاییە وەک خۆی و بەڕوو کەشێکی تریەوە بە مەبەست ریفۆرم خستنە دەستوری کاری کرێکارانەوە،بە لادابردنی کرێکارانە لەسەر ڕەوتە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆی،ئەو کات مانای شۆڕشی نابێت و بە خاتری مانەوەی دەسەڵاتی سیاسی بۆرژوازی دەبێت.

شۆڕشی کرێکاری مانا و پەرەنسیپ و ئەرکر مێژووییە ئەسڵیەکەی خۆی، بناغە مادییەکانی هەڵپێکانی ئەم شۆرشە، بە خاتری مانەوەی دەسەڵاتی سیاسی بۆرژوازی نییە، بەڵکو بۆلێک هەڵوەشاندنەوە و لەناوبردنی سیستەم و دەسەڵاتی سیاسی و ئابوری بۆرژوازییە ، هەڵوەشانەوەو نەمانی خاوەندارێتی تایبەتییە . هەروەها بە جۆرێکی تری ئارایشتکردنەوەی ئەو دەسەڵاتە سیاسییە بۆرژوازییە نیە ، لە پێناو زیادبوونی سەرمایە و مژینی هێزی کاری کرێکاران و قازانجی زیاترو بەردەوامی سەرمایەداری.

بەڵێ "کۆمۆنیزم جیاوازە لە هەموو ئەو بزووتنەوانەی پێش خۆی تا ئێستا کە بناغەی هەموو پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان و هەڵسوکەوتەکانی پێشوو ژێرە و ژوور دەکا ، وە بەهەموو ووشیارییەکەوە چارەسەری دەکا ، بۆ یەکەم جار هەموو مەرجەسروشتییەکانی پێشووی وەریدەچەرخێنێ بۆ دەسەڵاتی تاکە یەکگرتووەکان."[الایدولوجیە الالمانیە/ مارکس – ئەنگلس (وەرگێربۆعربی- د.فواد ێ‌یوب – داردمشق -) ل٧٨] .

ناوەڕۆکی شۆڕشی کرێکاری ناوەڕۆکێکی بایەخدارە کە هەموو پەیوەندیەکی سەرمایەداری لەبەریەک هەڵئەوەشێنێ ، دامەزراندنی دەسەڵاتی سیاسی چینایەتی ڕاگوزەری پرۆلیتاریا ئەبێت بە پیوەستیەکی گۆڕانی بنەڕەتی و لەناوبردنی سیستەمی سەرمایەداری دەبێتە حەتمییەتی مێژوویی و ئەرکی سەرشانی ئەندامەکانی حزبێکی کرێکاری و کۆمۆنیستی کە "کە سەربەخۆی کرێکاران پێویستە و دەبێ بەدی بهێنرێتەوە". (بانگەوازی کۆمیتەی ناوەندی بۆ یەکێتی کۆمۆنیستەکان / مارکس- ئەنگلس ، وەرگێرانی – ناسری حسامی ، ل ١- ٢)

ئەگەرئەم حیزبە یا ڕێکخراوە خواستی دەسەڵاتی سیاسی چینایەتی دەبێتە ساتێکی دیاریکراوی ئاڵوگۆڕی تەواوەتی سیستەمی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی سەرمایەداری بۆ سۆشیالیزم نەبێت بۆ چینی کرێکار بێ گومان هەموو ڕێکخراوەی نا کرێکاری و نا کۆمۆنیستین و تێڕوانینی سوشیال – دیموکرات و ئانارشیزم زاڵە بەسەر هەموو لایەنەکانی ئەم ڕێکخراوانەدا . وە هەر ئەم ڕێکخراوو ئینسانانەی کە خۆیان بە کۆمۆنیست ئەزانن "خولیای ئەوەیان لەسەردایە کە فشاری سەرمایەی گەورە لەسەر شانی سەرمایەی بچکولە وفشاری بۆرژوازیگەورە لەسەر شانی ووردە بۆرژوازی لابەن ." (بانگەوازی کۆمیتەی ناوەندی بۆ یەکێتی کۆمۆنیستەکان / مارکس – ئەنگلس / وەڕگێڕ ناصرحسامی ل ٣ ).(چینی – بۆرژوا – ووردە بۆرژوازی )ڕیفرۆمی ئابووری و سیاسی بۆ هێشتنەوەی بنەمای چینایەتی خۆیەتی لەسەر جێ و شوێنی خۆی بە نسبەت بۆرژوازییەوە وە ئەمانە هەر ئەو چینانەن کە ڕیفۆرم بۆ سودو قازانجی خۆیان بەکار ئەهێنن وە ئەم چینانە لە ناوەڕۆکی داواکارییەکانیان دا دەرئەکەوێت کە "داوای سیستەمێکی حوکمەتی محەللی دیموکراتیک دەکەن هەتا بتوانن " بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ دارایی شارەداریەکان و کۆمەڵێک لە دامو دەزگا لۆکاڵیەکان کە ئێستا لە بەردەستی بیرۆکراتەکاندا بخاتە ژێرچاودێری خۆیان ... ئەمە کە خواستی ڕیفرۆم بێت لە دەستوری کاری ووردە بۆرژوا دیموکراتەکاندا بێگومان دەبێ یەک هەڵوێستی پراکتیکی کۆمۆنیستی لە لایەن بزوتنەوەی کۆمۆنیستی چینی کرێکارەوە لەبەرامبەریان پرۆسیس بکرێت بە ئاسۆی دژایەتی کردن و لە ناوبردنیان لە چوارچێوەی هەرحیزبێکدا بێت و خۆی خستبێتە ژێرهەر ناونیشانێکی کرێکاری و کۆمۆنیستی یەوە ، چونکە خۆش حاڵن و هەوڵی مانەوەی نیزامی سەرمایەداری و دەوڵەتەکانیان لەسەر بەڕێوەبردنی بەڕێوبەرایەتییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی کۆمەڵگای بەشەریەت دەدەن .. ئەو هەموو بۆچون و پایەچینایەتییانەی سەرەوە کە باسمان لێوە کردن هەروەها "حزبێک کە ووردە بۆرژوا دیموکراتەکان قازانج و بەرژەوەندی خۆیانی بە شاراوەیی و بە شێوەی نهێنی تێدا بپارێزن پرولیتاریا باسی داخوازی یەکانی خۆی نەکا هەتا کێشەو ئاڵۆزی ساز نەبێ ئەم جۆرە یەکگرتنە تەنیا بە قازانجی ئەوانەو سەرو بەربەزەرەری پرولیتایە ."(بانگەوازی کۆمیتەی ناوەندی بۆ یەکێتی کۆمۆنیستەکان -مارکس – ئەنگلس ، وەڕگێڕ – ناصر حسامی - ل ٦ ) .

هەرکاتێک ئەمە جەوهەری (( ناوەڕۆکی )) ڕیفۆرم بێت لە دەستوری کاری ئەو ئینسانانە دا ئیتر ئەمانە چۆن چۆن بەرژەوەندی یەکی هاوبەشیان دەبێت لەگەڵ چینی کرێکاردا ؟؟ لێرەوە یەک بەش لە ووتەکانی منصور ئەخەمە بەر چاو، کە ئیسلاحاتی پێ باشە بەدیدو بەرژەوەندی پێگەی چینایەتی خۆیی و ووردەبۆرژوازی ، لە وەڵامی پرسیاری یازدە هەمدا منصور دەڵێت ( ئەگەر قبوڵ بکات ئیسلاحات باشە ئەو کات خۆی ناچار دەبینێ کە ئۆپۆزیسیۆنی بۆرجوازی کە گوایە خاوەن ئیمتیازی خەبات بۆ ئیسلاحاتە ، بگرێتە باوەش ئەگەریش بیەوێ دوورە پەرێزی لێ بکا ، ئەگەر بیەوێ لە مەیدانی سیاسی دا هێزێکی سەربەخۆ بێت ئەو جاردەبێ ئیسلاح وەڵامی و ببێتە جەرەیانێکی مالیخولیای بە تاک کەوتەی قەرا‌غ کۆمەڵ و بێ تەئسیر لەسەر ئەو زا‌عی عەینی ) (جیاوازییەکانی ئێمە ل ٣٦ – ٣٧ ) .

حوکمەتی سەرمایە داری لەسەر تا سەری دنیادا ئەمرۆکە بۆ لە دەست نەدانی دەسەڵاتی سیاسی " خۆیان چەند جۆرێک لە ڕیفۆرمی ئابوری و سیاسی و دەستوری بە قازانجی خۆیان بەکار دەهێنن . ئەمەش هەر خۆی لە خۆیدا بەکارهێنانی هێزی کاری کرێکارانە بۆ بەدەست هێنانی سوودو قازانجی زیاترو کەڵەکە بوونی سەرمایە لە بانکەکانی دنیادا . وە هەر ڕیفۆرمێک لە دووباردا بۆرجوازی بەکاری ئەهێنێت . یەکەم :کە فشاری ناڕەزایەتی چینی کرێکار لەسەر بۆرژوازی و دەوڵەتەکەی ئەیگەیەنێتە ئەو ئاستەی کە لەم جۆرە ڕیفۆرمە بەکار بهێنێت ئەویش بە خاتری ئەوەی کە دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی خۆی لە دەست نەدات و ناڕەزایەتی چینی کرێکار بەرامبەر بە بۆرژوازی سەرکوت و شەقار شەقار بکات . دووەم وەک ئەوەی کە بۆرژوازی هەندێ جار ئەم ئیسلاحاتە ئەکات ئەویش بە خاتری چاو بەست کردن لە کرێکاران و ئارایشت دانەوەی دەسەڵات و سیستەمەکەی بە جۆرێکی ترو لە هەمان کاتدا سەرکوتی بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی ئەگەر لەو ناوچەیەدا هەبێت پێی ئەکات . بۆ دواخستنی شۆڕشی کرێکاری و گەیشتن بە ئاکامە سیاسی یەکانی خۆی وە درێژ کردنەوەی تەمەنی دەسەڵاتی خۆی ئەگەر ئەم درێژ کردنەوەیەش بۆ چەند ساڵێک بێت .

ریفرۆم خۆی لە خۆیدا شەرمەزارییە ئەگەربۆ جەڕاندن و پابەندبوونی تەواوی کار و هەڵسوڕان و پەیوەستکردنی هەموو ئینڕێژی ڕێکخراو یا حیزب و خستنە دەستوری کاری کرێکاران لە خەباتی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی خۆیاندا . هەر لەبەرئەوەیە شۆڕشی کرێکاری و کۆمۆنیستی زانستی دەبێت بۆرژوازی " توشی وەزعیەتێک بکەن کە فەرمان ڕەوایی و دەسەڵاتی دیموکراتەبۆرژواکان هەر لە سەرەتاوە گەرای ڕووخان و تێک شکانی تێدا ببەسترێ و بە ڕادەیەکی زۆر ڕێگا بۆ ئەوە خۆش بێت کە لە داهاتودا دەسەڵات بکەوێتە دەست پرۆلیتاریا لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە کرێکاران لە جەرگەی خەباتدا و دەستبەجێ دوای سەرکەوتنی خەباتەکەش تا ئەو جێگایە کە ئیمکانی هەیە لە دژی ئەو هەوڵ و تەقەڵایەی بۆرژواکان کە دەیانەوێ وەزعەکە هێمن و ئارام بکەنەوە ڕاوەستن و دیموکرتەکان ناچار بکەن خۆ لەو شەڕە خوێناوییە نەد زنەوەکە ئیدعای دەکەن . "(مارکس – ئەنگلس ، بانگەوازی کۆمیتەی ناوەندی ، ل ٧ ) .

ئەگەر کۆمۆنیستەکان دژایەتی چینایەتی نێوانی بۆرژوازی و کرێکاران توند و تیژ نەکەنەوە ئیتر لەگەڵ هەر سازکردنەوەیەکی ئەم دژایەتی یە یا خاو کردنەوەی خۆی لە خۆیدا خزمەت کردنە بە بۆرژوازی و سەرمایەداران . لە هەر حیزبێکی کۆمۆنیستیدا ئەمە ئەبێت لە دەستوری کاریاندا بێت ، پراکتیک کردنەوەی تەواوی تیورییەکانی کۆمۆنیزم لەهەر حیزبێکی کۆمۆنیست و پەیوەست بوو بە چینی کرێکارەوە گرنگی زۆری هەیە لە هێنانە پێشەوەی شۆڕشی کرێکارانی کۆمۆنیستی زانستی ."بەڵام کۆمۆنیستەکان تەنیا تاوێکیش ئەوە لەبیر نابەنەوە کە هەتا بکرێ دژایەتی دوژمنانەی نێوان پرۆلیتاریا و بۆرژوازی و ڕۆشنتر بۆ چینی کرێکار روونکەنەوە ." (مانیفێست ، مارکس- ئنگلس ل٧)

کۆمۆنیستەکان تیورییەکانیان دەکرێ لە یەک ڕستەدا بەرجەستە بکرێتەوە ئەویش کۆتایی هێنانە بە خاوەندارێتی تایبەتی، بێگومان ئەمەش قسە لەسەرلە ناوبردنی شەخسیەتی بۆرژوازی وەکو چینێکی کۆمەڵایەتی سەربەخۆیی بۆرژوازی مەبەست دەسەڵاتە و ئازادی بۆرژوازییە ، مەبەست لەمەشیاندا هەڵسوکەوتی بێسنوورو دژایەتی ڕەووتی مێژووە . مەبەست لە ئازادی لە مناسەباتی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری ئێستا "ئازادی بازرگانی" ئازادی کرین و فرۆشتنە ، ئەمانە کە هەر هەمووی یەک تایبەتمەندی بۆرژوازییە ، ئەبێ بە تەواوەتی هەڵبوەشێتەوە، وە بۆهەتا هەتایە بنەبڕبکرێت ، لە جێگای کۆمەڵگای کۆمۆنیستی بە هەموو پێشکەوتنەکانی تەکنەلۆژیا و تەکنیکی لە باری بەرهەمهێنان و هەموو بەشە خزمەتگوزارییەکانی تر بە ئینسان دابمەزرێت ، ئینسانەکان وەک یەک بەهرەمەند بن لێی.

هەر ئەو ریفۆرمەیە کە (منصوری حکمت) بە دڵ و بە گیان ئەیەوێت و ئەبێتە هۆی هێشتنەوە و دەسەڵاتی سیاسی بۆرژوازی و دەوڵەتەکەی ، وە ئەمەش ئەو کردەیەیە کە "بەشێک لە بۆرژوازی هەوڵ ئەدات مەینەتیەکانی کۆمەڵ چارەسەر بکات، بۆ ئەوەی مانەوەی کۆمەڵگای بۆرژوازی بپارێزێت ئیقتصاد زانان ، خێرخوازان ئینساندۆستان ئیسلاح خوازانی حاڵی چینی کرێکار . زماندەرانی خێر و سەدەقە، ئەندامانی جەمعیەتی حمایەتی گیانداران، قەناعەتچیانی کۆنەپەرست، ئیسلاحخوازانی جۆراوجۆر و ڕەنگاوڕەنگ هەموو لەم دەستەیەن ، ئەم شێوە لە سۆشیالیزم ئیتر سیستمێکی تەواو کەمالی لێدەرهاتووە.

نەئەم بۆرژوا- سۆشیالیستانە خوازیاری هەموو دەسکەوتەکانی موناسەباتی کۆمەڵایەتی نوێن ، بەبێ ئەو موبارەزاتە و ئەو مەترسیانە پێویستە و لێی دەوەشێتەوە، ئەوان دەیانەوێ وەزعی ئێستای کۆمەڵ هەروا بمێنێ بە بێ عنصرە- شۆرشگێرە تێکدەرەکانی .

جۆریکی دووەم و زیاتر عەمەلی ، بەڵام ،کەمتر سیستماتیک ، لەم سۆشیالیزمە تێکۆشاوە بەو بیانووە کە گوایە ریفۆرمی سیاسی نە‌و بەڵکو تەنیا ئاڵوگۆر لە هەل و مەرجی ماددی ژیاندا، لە بارودۆخی ئیقتیصادیدا، دەتوانێ کەلەبەرێکی پرۆلیتاریا بگرێ، هەموو بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێرانە لە پێش چاوی چینی کرێکار بخات مەبەستی ئەم نەوعە سۆشیالیزمە لە گۆرانی بارودۆخی ماددی ژیانیش ، قەد نابوودکردنی پەیوەندە- بۆرژواییەکانی بەرهەمهێنانی لێناوەشێتەوە- کە تەنیا لە ئاکامی شۆرشێکدادێتە دی، بەڵکو مەبەستی هەندێ ریفۆرمی ئیدارییە لەسەر بناغەی مانەوەی ئەم موناسەبای هەندێ ریفۆرمی ئیدارییە لە سەر بناغەی مانەوەی ئەم موناسەباتی ئێستا ڕیفۆرمی وا کە دیارە ، لە هیچ بارێکەوە کار ناکاتە سەر پەیوەندی نێوان سەرمایە و کار، بەڵکو لە باشترین حاڵەتیدا دەبێتە هۆی کەم خەرجبوون و سادەبوونەوەی کار و باری ئیداری حکومەتی بۆرژوازی ." (مانیفێست ، مارکس- ئنگلس ل،٦٨_٦٧)

بەلێ ئەم جۆرە لە سۆشیالیزم هەموو کارێکیان خستۆتە پێناوی بەرژەوەندی بۆرژوازی و دەسەڵاتەکەیان ، وە ئەمانە هەر بەمەوە ناوەستن بەڵکو داواکاری بازرگانی ئازاد، بە قازانجی چینی کرێکار!حمایەتی گومرگی بە قازانجی چینی کرێکار!ئیسلاحاتی زیندان ،بە قازانجی چینی کرێکار! ئاوایە ئاخر قسە و تەنیا قسەی جیددی و پڕ مانای سۆشیالیزمی بۆرژوازی، وە لە کۆتایی قسەکانیاندا بریتییە لەم دەسەواژە پڕوپووچە "بۆرژوا" بۆرژوایە بە قازانجی چینی کرێکار.

وەک ئەرکێکی سەرشانی کۆمۆنیستەکان ئەبێت ئەوە ڕوون بکرێتەوە ، ڕیفۆرم ئەم ئامانجەی سەرەوەی هەیە، کە لە ناوەڕۆکدا دژ بە ناوەڕۆکی خەباتی پرۆلیتاریایە و بدرێتە بەر ڕەخنەی کۆمۆنیستانەی خۆیان ، هەروەها حکومەتی سەرمایە و کەڵەکەبوونی خێرای دەبێت لەلایەکەوە بە بەر تەسککردنەوەی مافی "وراپت" و لە لایەکی تریشەوە بەوە کە دەوڵەت ژمارەیەکی هەرچی زیاتر لە ئەفراد بەرێتە سەرکار، پێشی پێبگیرێ ، بەڵام لە بابەت کرێکارانەوە مەسەلەیەک هەیە کە هەر لە ئێستاوە ڕوون و ئاشکرایە کرێکاران لە ڕابووردوودا چۆن کرێ گرتەبوون هەر وا دەمێننەوە ، ووردە بۆرژوا دیموکراتەکان داواکاری کرێ و بیمەی زیاترن بۆ کرێکاران و هیوادارن بە زیادبوونی شوغڵە دەوڵەتیەکان بە تەئمین بوونی ئیمکاناتی ریفاه و ئاسایش بۆ کرێکاران ئەمە وەدی بێت بەکورتی ئەمانە دەیانەوێ بەم خێر و بێرە دەمی کرێکاران چەور بکەن و چاری نیمچە ژیانێکیان بۆ دابین بکەن کە دەنگیان دەرنەیەت ، هەتا بەم جۆرە هیزی شۆڕشگێرانەیان تێکبشکێنن، ئەم داخوازانەی دیموکراسی ووردە بۆرژوازی دیموکراتەوە بە تێکرا و یەک جێ داواناکرێت و تەنیا ژمارەیەکی کەم لە پەیڕەوانی ئەم ڕێبازە بە ڕاشکاوی وەدیهێنانی هەموو ئەم داخوازیانەیان بە ئامانجی خۆیان داناوە.

هەرچی کەسان و دەستە و تاقمە ووردە بۆرژواکان بەرەو پێشتر دەچن بەشێکی زیاتری ئەم داخوازیانە بە ڕاشکاوی بەیان دەکەن ، ئەو ژمارە کەمەش کە لایان وایە ئەو داخوازیانەی لەسەرەوە باسیان کرا لە بەرنامەکەیاندا هەن ، ڕەنگە پێیان وابێ داوای هەموو ئەو شتانەیان کردووە کە دەکرێ لە شۆرشی داوا بکرێن.

بەڵام ئەو داخوازیانە ئەوە نین کە حیزبی کرێکاران رازی بکەن ، لە حاڵەتیکدا کە ووردە بۆرژوا و دیموکراتەکان دەیانەوێ هەرچی زووتر کۆتایی بە شۆرش بێنن و ئەو پەڕەکەی بەو داخوازانە بگەن کە لەسەرەوە باسیان کرا ، بەرژەوەندمان لەوەدایە و ئەرکی سەر شانمان ئەوەیە کە هەتا کاتێک کە هەموو چینە کەم تا زۆرداراکان دەسەڵایتان لێبستێندرێ، هەتا کاتێک کە پڕۆلیتاریا نەک تەنیا لە یەک ووڵات بەڵکو لە هەموو ووڵاتانی پێشکەوتوی جیهان بەڕادەیەک پتەو بێت کە کێشە و ناتابایی لە نێو کرێکاراندا نەمێنێ لانیکەم هێزە بەرهەمهێنەرە سەرەکییەکان بکەونە بەردەستی کرێکاران ، ئەم شۆرشە بێ وچان درێژە پێ بدەین، ئامانجی ئێمە ئەوە نیە کە شکڵی مالیکییەتی خسوسی(خاوەندارێتی تایبەتی) بگۆڕین بەڵکو دەمانەوێ بە تەواوەتی ڕیشەکێشی کەین و دەمانەوێ هیچ چینێک نەمێنێ نامانەوێ ئەم کۆمەڵگایەی ئێستا بڕازێنینەوە و دڵ بە ئاڵوگۆڕی بچوک خۆش بکەین ، بەڵکو دەمانەوێ کۆمەڵێکی نوێ دابمەزرێنین."(بانگەوازی کۆمیتەی ناوەندی ل ٥-٦) دەبێ ئەم بۆچونانە ، بۆچوون و تاکتیکی یەک حیزبی کۆمۆنیستی زانستی و کرێکاری بێت ، نەوەکوبە شێوەی تێڕوانینی ڕاسیونالیستی "ئەقڵ خوازانە"ی ووردە بۆرژووایییەکان بۆ شۆڕشی کۆمۆنیستی و کرێکاری چینی کرێکار بڕوانین. 

٢٤/ ٨ /٩٩١

فارس – (ن . ف . عبداللە ) 

نەجمەدین فارس حەسەن

  • 1