ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە جوغزی سەربەخۆییدا

کەلتووری خۆ بەکەم زانین

ململانێی گەلی کوردستان بۆ پاراستنی بوونی خۆی و تێکۆشان بۆ وەدیهێنانی مافەکانی هەردەم بە یەکەوە گرێدراوە. نەیارانی گەلەکەمان و زەوتکەرانی مافەکانی لەم ململانێیەدا هەموو شێوازەکانی ڕکەبەرێ و سەرجەم رێگاکانی سوکایەتی کردن بە گەلەکەمانیان، بەکارهێناوە. ململانێ و ناکۆکی ئەم بوارە و کارکردن بۆ شێواندنی شوناس و کەلتوور و سوکایەتیکردن بە بوون و بە ڕەچەڵەکی گەلی کورد و سەرجەم گەلی کوردستان بە گشت نەتەوە و پێکهاتەکانی دەرەوەی نەتەوەی باڵادەست کارێکی نەخشە بۆ کێشراوی دەسەڵاتدارانی نەتەوە باڵادەستەکان بووە، و بەشێوەیەکی زۆر کاریگەرانە ئەنجامیان داوە. بەشێکی زۆری کتێبەکانی مێژووی کۆن و هاوچەرخ کە لە قۆناغە جۆراجۆرەکاندا تا دەگاتە سەردەمی ئێستا کە لەلایەن نووسەرانی نەتەوەی باڵادەستەوە نووسراوە، هەندێ جار گەلی کوردستانیان بە نەوەی جنۆکە و هەندێ جار بە تورکی شاخ و بەدەیان ناو و ناتۆرەی دیکە، ناوزەند کردووە، و لە فەرهەنگی گاڵتەجاری خۆیاندا کەسایەتی کورد هەردەم بە نەزان و بێ ئاگا و دواکەوتوو، ناوبراوە.

تێکڕای ئەم ئاراستەیە شاڵاوێکی بەردەوام بووە بەو مەبەستەی کە وێنەیەکی شێواو، بەڵام گونجاو لەگەڵ بەرژەوەندی داگیرکەرانی کوردستان سەبارەت بە کەسایەتی تاکی کورد دەستنیشان بکرێت، کە ئەمەش تۆمارکردنی وێنەیەک بۆ کەسایەتییەکی لەرزۆک و لاواز بەو جۆرەی لە ئاستی ئارەزوو و خواست و حەزی داگیرکەران و نەتەوەی باڵادەست بێت. ئەم جۆرە ئاراستەیە لە مامەڵە کردن و وێنەکیشانی تاکی کوردستانی، بەشێکی گرنگی ئەو شەڕە دەروونییە بووە، کە لە تەک شەڕی جینۆساید و قڕکردن و سڕینەوەی بوون بە بەمەبەستی ڕەشکردنەوەی تۆزقالێک گەشبینی لە نێو دەروونی تاکی ئەم کوردستانە لە تێکۆشان بۆ گەیشتن بە ئایندەیەکی گەش کە مافەکانی تێدا بەدیبهێنێت، ئەنجام دراوە.

لەم شەڕە دەروونییە دژوارەدا هەندی جار ئەو کەسایەتییە قوربانییە کە لەلایەن دوژمنانەوە جینۆسایدکراوە، گەیندراوەتەوە ئەو دۆخەی وا لە خۆی حاڵی بێت کە ئەو شایەنی فەوتان و جینۆسایدە بۆیە ئەو شاڵاوەی بە سەردا ئەنجام دەدرێ و لە چارەی نووسراوە، و هیچ دەرفەتێکی دەربازبوونی لەو چارە ڕەشەدا نییە.

مەبەست لەم شەڕە دەرونییە لەگەڵ تاکی کورد، چاندنی تۆوی خۆبەدەستدانەوە و قایل بوون بە ئەمری واقیع بووە، و لەم ڕێگایەشەوە کار بۆ بەرفراوان کردنی بێهودەیی لە ڕیزی کۆمەڵگای کوردستان کراوە.

یەکێک لە ئەرکەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانی گەلان بە بزووتنەوەی گەلی کوردستانەوە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم جۆرە شاڵاوانە بووە کە بە شێوەیەکی مێژوویی ئەنجام دراوە و تا ئێستاش بەردەوامە. دوژمنانی گەلەکەمان کاتی نسکۆ و کەموکورتی بزووتنەوەی نیشتمانی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان بە هەل دەزانن بۆ ئەوەی هەر نسکۆ و دواکەوتنێک بە هەر هۆیەکەوە بێت بە ئاکامێکی سروشتی و مەنتیقی بزانن، و تەنانەت هەندێ جار ئەوانەی کە لە نێو نەتەوەی باڵادەست خۆیان بە دۆستی گەلەکەمان دەزانن، ئەوانیش هەر جموجۆڵێک و داواکارییەکی یەکلاکەرەوە بە تێپەڕاندنی هێڵە سوورەکان دەدەنێن، و لە باشترین حاڵەتدا قایل نەبوون بە مافەکانی بەرانبەر دەخەنە خانەی مەحالبوونی جێبەجێکردنی داواکارییەکانی گەلەکەمان و بەم جۆرەش ئەو دۆستانەشمان بە تایتڵی "دیموکراسی" و "ئازادیی" و "مەدەنی"یەوە خزمەتی بەرژەوەندی هێزی ڕەگەزپەرستی نەتەوەی باڵادەست دەکەن.

بەشێکی زۆری حاڵەتی بەرانبەر بە کەم زانین و بەسوکایەتی تەماشاکردنی کەسایەتی نەتەوەی چەوساوە لە چوارچێوەی دەوڵەتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەوانەش دەوڵەتی عێراق بۆ نەبوونی چەمکی هاووڵاتیبوون دەگەڕێتەوە، و ئەم چەمکەش پەیوەندی بە قەیرانی دەوڵەت لەم ناوچانەدا هەیە، کە هەر لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەت مۆرک و شوناسی یەک نەتەوە بەو دەوڵەتە دراوە کە ئەوەش شوناسی نەتەوەی باڵادەست بووە.

لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق کە دوای سایکس بیکۆ و ڕێککەتننامەی سیڤەر شوناسی عەرەبی بە هەر سێ دەوڵەتی حیجاز و شام و عێراق دەبەخشێت، جیاوازی نێوان تاکەکان لە سەر بنەمای شوناسی نەتەوەیی دروست بووە و لە عێراقدا شوناسی هاووڵاتیبوون تا حاڵی حازر دروست نەبووە. ئەمەش وای کردووە کە تاکەکان لە سەر بنەمای شوناسی نەتەوەیی و هەندێ جار ئاینی و مەزهەبی دابەشبکرێت و هەردەم پێکهاتەی زۆربە و هەڵگرانی شوناسی نەتەوەی باڵادەست هاووڵاتی پلە یەک بوونە.

کاتێک بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان لە مێژووی تێکۆشاندا بە قۆناغی جۆراجۆری سەرکەوتوو یان نسکۆدا تێپەڕیوە، هەردەم دوو هەڵوێستی ناکۆک و جیا لە یەکتر لە ڕیزەکانیدا پەیدا بووە. یەکەم هەڵوێستی شۆڕشگێرانە کە دەستکەوتەکان بپارێزی و قوڵتری بکاتەوە و هەنگاو بە هەنگاو بەرەو پێشتری ببات. دووەم هەڵوێستی پاشگەزبوونەوە لە کاتی نسکۆکاندا کە بە ڕادەی کەم و نزمی مافەکان قایل بێت، ئەمەش بە بیانووی "هەر ئەوەندەمان پێدەکرێت"، و بەم بۆچوونەش سازشی لەگەڵ نەیارانی گەلەکەمان لەسەر حسابی بەرژەوندی تەواوی گەلی کوردستانیان، کردووە.

مەترسیدارترین دیاردە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا لەوەدا خۆی دەنوێنێ کە ئاراستەی دووەم هەڵوێستەکانی تەنیا خۆبەدەستدان بەرانبەر دوژمنان نییە، بەڵکو جاری وا هەیە لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکانیش بە شەرمەوە داکۆکی لە مافە ڕەواکانی گەلەکەمان دەکرێت.

هاووڵاتی کوردستانی!

لەگەڵ دۆست و نەیارانی گەلەکەمان ناکرێ بە شەرمەوە داکۆکی لە مافی چارەنووسی گەلەکەمان بکەین یان لێی پاشگەز بینەوە. لە خەباتی پێشووماندا بە هەموو شێواز و هەنگاوەکان بۆ دەڕبڕینی ئیرادەی گەلی کوردستان بۆ سەربەخۆیی کاری عەیبە و شەرمەزاری و نابەجێمان نەکردووە. دەبێ بەوپەڕی شانازی و سەربەرزییەوە لە هەموو کۆر و شوێنیک کە باسی مافی بڕیاردانی چارەنووس بێتە پێشەوە بە شانازی و سەربەرزییەوە جەخت لەسەر ئیرادەی گەلەکەمان بۆ سەربەخۆیی نیشتمانی بکەینەوە.

  • 1