ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئێستا ئەم دەقەی بەختیار عەلی لە فێسبوکی هاوڕێیه‌کم بەرچاو کەوت:(کۆچ یاخیبوونێکی ڕەمزیی بێئامانجە، جۆرە شۆڕشێکی ناوەکییە کە تاکی ئێمە بەرپایدەکات، نەوەک بەرامبەر چینێک یان توێژێک یان دەسەڵاتێک بەڵکو بەرابەر هەموو کۆمەڵگا. نائومێدیی نییە لە سیاسەت بە تەنیا بەڵکو نائومێدییە لە کۆی ژیانی کۆمەڵایەتی، نائومێدیی نییە لە ئێستای ژیانی کۆمەڵایەتی ئێمە، بەڵکو لە داهاتووشی. بەڵام نائومێدییەکی بێزمانە، نائومێدییەکە کە لە شێوەی ڕقێکی نەپاڵێوراو و نەسازێنراودا دێتەدەرێ. کۆچ بە شێوەیەک لە شێوەکان تەعبیرە لەو بێزمانییەی مرۆڤی ئێمە، لەو ئاستە نزمەی تەعبیرکردن. مرۆڤی ئێمە بەردەوام لە شتێک توڕەیە، دەیەوێت خۆی لە شتێک ڕاپسکێنێت، بەڵام هەرگیز ناتوانێت ئەو ڕقە بخاتە سەر زمانێکی ڕوونی قسەکردن، ناتوانێت بە ڕوونی پاڵنەر و مۆتیڤەکانی دیاریبکات... کۆچ تێکستێکە مرۆڤی ئێمە لەبری دەست بە قاچ دەینوسێت. 

"بەختیار عەلی" له کتێبی فیکریی «ناشوێن»ەوە

لە پەیجی Negative وەرگیراوە 

لێرەدا"عەبقریەتی"رستە بە رستەكه‌ی پیشاندەدەم : 

1 ـ (کۆچ یاخیبوونێکی رەمزی بێئامانجە)

لەراستیدا کۆچ دیاردەیەکی زۆر کۆنە و هەموو گەلانی دونیای گرتۆتەوە و لەکاتی جەنگە جۆراوجۆرەکان و هەژاری و بڵاوبوونی پەتا یان کەم ئاوی یان رەگەزپەرەستی یان...هتد روودەدات و ئامانجی زۆر زەق و دیاری پر لە ئامانجی هەیە، بۆ نموونە وەک: پاراستنی ژیان، ئازادی، دابینکردنی بژێوی. هەروا بۆ نموونە کۆچکردنی ناو وڵات هەیە لە شارێکەوە یان هەرێمێکەوە بۆ شار و هەرێمێکی تر.

2 ـ ( جۆرە شۆڕشێکی ناوەکییە کە تاکی ئێمە بەرپایدەکات، نەوەک بەرامبەر چینێک یان توێژێک یان دەسەڵاتێک بەڵکو بەرابەر هەموو کۆمەڵگا)

هەندێ جار پرسیارکردن پاشترین وەڵامە و لێرە پرسیاردەکەم: لە کوێی دنیا کۆچکردن بە شۆڕِش شوبهێنراوە؟ بۆچی هەر تاکی ئێمە کۆچ دەکات؟. هۆکاری پەنابردن بۆ کۆچکردن لە وڵات دیسان فرە لایەنە و هەیە لەبەرامبەر چینێک یان توێژێک و هەیشە لەبەرامبەر دەسەڵاتێک و کەسانی وایش هەن شێوە ژیانی ئێرەیان پێقبووڵ نیە،بۆیە لەبەرامبەر هەموو کۆمەڵگا رێگای کۆچکردن دەگرنەبەر.

3 ـ (بەڵام نائومێدییەکی بێزمانە، نائومێدییەکە کە لە شێوەی ڕقێکی نەپاڵێوراو و نەسازێنراودا دێتەدەرێ)

دیاردەی کۆچکردن پەیوەندی نیە بە ئومێد و نائومێد و،(کەم تەختەییە) یەکێک هۆکار جیوپۆلەتیک و کۆمەڵایەتییەکانی پشتگوێ بخات. زۆربە بەخۆیان دەرفەتی هەڵبژاردنیان لەبەردەست نیە، بەڵکو هێزێک لە دەرەوەی ئیرادەی تاکەکان خۆی دەسەپێنێت، بۆ نموونە داعش موسلی داگیرکرد و لە ئەنجامیدا، دەیان هەزار کەس پەنایان برد بۆ کۆچکردن بەرو شار یان وڵاتەکانی تر. زۆرێک لە دانیشتوانی باشووری ئیتالیا یان وڵاتانی ئەمریکای لاتین بەهۆی بێکاری کۆچیان کرد بۆ و لاتانی تر. 

4 ـ (کۆچ بە شێوەیەک لە شێوەکان تەعبیرە لەو بێزمانییەی مرۆڤی)

نەخێر کۆچکردن تەعبیرە لە هیوای مرۆڤ بۆ خۆدەربازکردن لە مەرگ، برسێتی، (سەبی)کردن، بێکاری، وێرانی ژینگە و قڕکردن و هەیشە لە پێناو هەلێکی باشتر بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامە یان پاش(خۆشەویستی بە رێگای تۆرە کۆمەڵایەتییەکان)وە بۆ گەیشتن بە خۆشەویست یان لە پێناو سەرمایەگوزاری.

5 ـ (.مرۆڤی ئێمە بەردەوام لە شتێک توڕِەیە، دەیەوێت خۆی لە شتێک ڕاپسکێنێت)

رستەیەکی زۆر پێکەنیناویە... پەیوەندی نێوان کۆچکردنی ئێزدیەک و توڕەیی چییە؟ پەیوەندی نێوان تورەیی و کۆچکردنی سریلانکییەکان چییە؟ پەیوەندی نێوان توڕەیی و کۆچکردنی زۆرێک لە گەنجە بەدبەختەکانی خانەقین یان خورماتو و کەرکوک چییە؟ 

مرۆڤی ئێمە یەعنی چی؟ ئاخر هەزاران جۆری مرۆڤی مرۆڤ هەیە بە تێڕوانینی جۆربەجۆر کە هەر یەکەیان مۆتیڤی تایبەتی هەس، ئاخر بە چ پێوەرێکی زانستی هەرهەمووی بە یەک چاو سەیر دەکرێت؟ 

6 ـ (ناتوانێت بە ڕوونی پاڵنەر و مۆتیڤەکانی دیاریبکات)

مناڵیکیش ئەم قسەیە ناکات و خۆی بەدرۆ دەخاتەوە. خۆی نووسیویەتی(کۆچ یاخیبوونێکی ڕەمزیی بێئامانجە، جۆرە شۆڕشێکی ناوەکییە کە تاکی ئێمە بەرپایدەکات)..پرسیار لە هەر کۆچبەرێک بکەیت هەزار یەک پاڵنەرت بۆ دەهۆنێتەوە. بۆ ئاگاداریتان(پاڵنەر واتە مۆتیڤ) بەڵام بلیمەتەکە هەردووکی بەکارهێناوە وەک بڵێی مانای جیاوازیان هەیە!.. کاتی خۆی زۆر زۆر وشەی بیانی بەکاردەهێنا بەڵام زۆربەیان یان هەڵە و لە وتارێکدا بەسەر یەک بە یەکیان چوومەتەوە.

7 ـ (کۆچ تێکستێکە مرۆڤی ئێمە لەبری دەست بە قاچ دەینوسێت)

وەک دەبینن، بەختیار خۆی تێکستەکەی بە قاچ نووسیوە و سەلماندی شایانی زۆرترین پەیگەرە و بەخێر بمێنن!

  • 1