ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە ڕێککەوتی ٨ی شوباتی ١٩٦٣دا بەعسییە فاشستەکان کودەتایەکی سەربازی خوێناویان لە بەغدا ئەنجامدا، کۆتاییان بەدەسەڵاتی عەبدولکەریم قاسم و شۆڕشی چواردەی تەمموز هێنا، سەرچاوەکان دواتر ئاشکرایان کرد کە حزبی بەعس بە پشتیوانی مخابەراتی مەرکەزی ئەمریکی و کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت ئەم کودەتایەیان ئەنجام دا، بۆ لەناوبردنی ئەو هەنگاوە نیشتمانییانەی شۆڕشی چواردەی تەمموز نابووی بە تایبەتی لە بواری ئابووریدا. عەبدولکەریم قاسمیش لە دوو ساڵی کۆتایی دەسەڵاتیدا لەبری ئەوەی مەسەلەی کورد چارەسەر بکات و پەیوەندی لەگەڵ حزبی شیوعی عێراقی بەهێز بکات، کە دۆست و پشتیوانی ڕاستەقینەی شۆڕشی چواردەی تەمموز بوون، درێژەی بەشەڕ دەدا لە کوردستان و شیوعییەکانیشی زیندانی دەکرد و لە بەرانبەردا قەومی و بەعسییەکانی ئازاد کردووە، تاکو خۆیان ڕێکبخەن و بتوانن کودەتا ئەنجام بدەن کە لە ئاکامیدا ئینقلابچییە فاشیستەکانی بەعس عەبدولکەریم قاسم و هاوڕێکانی خەڵتانی خوێن کرد و بەیاننامەی ژمارە (13)یان دەرکرد بۆ قەتل و عام کردنی شیوعییەکان و دیموکراتخوازەکان. بەعسییەکان دوای سەرکەوتنی کودەتاکە هێزێکی نایاسایی دڕندەیان دروست کرد بە ناوی حەرەس قەومی کە وەکو سەگی هار لە بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق و لە باشووری کوردستان بەربوونە گیانی ئازادیخوازان بە هەزاران کەسی نیشتمانپەروەر و ئازادیخوازیان لە ناوبرد، بەداخەوە لە دوای سەرکەوتنی ئەم کودەتایە شەهید ساڵح یوسفی بەناوی سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلوول برووسکەی پیرۆزبایی بۆ سەرانی کودەتاچییەکان نارد و تیایدا نووسیبووی هەردوو شۆڕشەکە گەیشتنە یەک (وتلاقت الپورتان) !!! مەبەستی شۆڕشی کورد و بەناو شۆڕشی بەعس بوو، سەرکردایەتی شۆڕشی کورد دەستی بە گفتوگۆ کرد لەگەڵ سەرانی کودەتاکە لەسەر ئەو خەیاڵە بوون کە کێشەی کورد چارەسەر دەکەن، بەڵام دوای سێ چوار مانگ کە بەعسییەکان دەسەڵاتی حکوومەت و سوپایان بە تەواوی کۆنتڕۆڵ کرد لە حوزەیرانی 1963دا دڕندانەترین هێرشیان کردە سەر کوردستان و بەدەیان گەنجی کوردی دڵسۆزیان لە سلێمانی و کۆیە لە دار و عەموودەکانی کارەبا بەستنەوە و تیربارانیان کردن. حەرەس قەومی بەسەدان گوندی کوردیان سووتاند و تاڵانیان کردن، شەڕ لە کوردستان دەستی پێکردەوە، بە هاتنی بەعسییەکان بۆ سەر دەسەڵات لە عێراقدا، ڕژێم و سیستەمی فاشی و دیکتاتۆری و ڕەگەزپەرستی هاتە ئاراوە، بەعسییەکان لە هەردوو قۆناغی دەسەڵاتیاندا تاوانی زۆر گەورەیان ئەنجام داوە بە تایبەتی دژ بە گەلی کورد و شیوعییەکان لەم وڵاتە بریندارەدا.

بێگومان هەموو ڕژێمێکی فاشی و دیکتاتۆری لە ئەنجام دەکەوێتە ناو زبڵدانی مێژوو، هەروەکو ڕژێمی نازییەکانی ئەڵمانیا بە ڕابەرایەتی هیتلەر و ڕژێمی بەعسییەکانی عێراق بە ڕابەرایەتی سەدامی شاگردی هیتلەر کەوتنە ناو زبڵدانی مێژوو... هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاکی گشت ئەو شەهید و قوربانییانەی بەدەستی ڕژێمی بەعسی فاشی لە ناوبران هەر لە ساڵی 1963 تاکو نیسانی 2003 . 

  • 1