ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

شەوی 2/1ی شوبات 2019، بەشی كوردی ڕادیوێ‌ دەنگی ئەمریكا ڕاپۆرتێكی دەربارەی بارودۆخی ئێستای عێراق بڵاوكردەوە، دواكەوتن و ناسەقامگیری عێراقی لەم خاڵانەدا گرد كردەوە، پوختەكەی :

1. دەستێوەردان و كاریگەری هەردوو دەوڵەتی ئێران و توركیا، لە بوارەكانی سیاسی و ئابووری و سەربازیدا.

2. كێشە و ململانێی تایەفە و عەشرەتگەری .

3. پەرەسەندنی فەساد و گەندەڵی لە بواری ئابووریدا.

4. شەڕی داعش، ماوەی زیاد لە چوار ساڵ.

5. چارەسەرنەكردنی كێشەكان لەگەڵ هەولێردا، بەڵام باسی دەستێوەردانی سیاسی و سەربازی ئەمەریكای نەكرد، بەڵكو ئەوەی بە یارمەتیدان و پشتگیری بۆ عێراق لە قەڵەم دا.

ڕاپۆرتەكە لە وردەكارییەكانی كاریگەری ئەو هۆكارانەی سەرەوە دەگاتە ئەو ئەنجامەی كە هەتا ئەوانە بەردەوام بێ‌ ئەو وڵاتە لەو قاڵبە چەق بەستووە دەرناچێ‌ و ئینجا دەڵێ‌: ((عێراق پێویستی بە یارمەتی و پشتیوانی یەكێك لە دەوڵەتە گەورەكان هەیە كە ئەویش دەوڵەتی ئەمەریكایە و بە كردەوە سەلماندویەتی كە دۆستی عێراقە)).

چارەسەری تێكڕای وەزعی عێراق بە پێی ڕاپۆرتەكە: دەبێ‌ (( سیستەمی سیاسی لە عێراقدا بگۆڕدرێ‌ بەیارمەتی ئەمریكا)).

ئەو هۆكارانەی كە لە ڕاپۆرتەكەدا هاتوون سەبارەت بە دواكەوتنی عێراق دەمێكە هێزە نیشتمانییەكانی ئەم وڵاتە هەستیان پێ‌ كردووە و دەستنیشانیان كردووە و گەیشتوونەتە سەرشەقامی گەلێك لە شارەكانی عێراق..

لە دوو ساڵی ڕابردوو 2017 – 2018 كێشە و ململانێیەكی چڕوپڕ لە كایە سیاسییەكەدایە لە پێناو دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەك دا كە خەڵكی عێراق لە مەینەتییە فرە لایەنە كەڵەكە بووەكان ڕزگار بكات، دوور لە دەستێوەردانی بێگانە هەموو بێگانەیەك..

ماوەی نزیكەی ساڵێكە ژمارەیەكی لە بەرچاوی حزب و بزووتنەوە و كەسایەتییە نیشتمانپەوەرەكانی وڵات لە گردبوونەوە و وتووێژدان بۆ یەكخستنی هەوڵەكانیان و پێكهاتن لەسەر چوارچێوەیەكی ڕێكوپێك و قەوارەیەكی سیاسی بەمەبەستی هێنانە كایەی سیستەمێكی سیاسی نیشتمانپەروەری شارستانییانەی بەدوور لە تایەفە و عەشیرەتگەری و گەندەڵی و مشەخۆری هەروەها دوور لە دەستێوەردانی دەرەكی واتە گۆڕینی سیستەمە سیاسییەكە نەك بەو جۆرەی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی بەنیازن بیكەن و پلانی بۆ دادەڕێژن هەر وەكو لەو ڕاپۆرتەدا پیشانی داوە.

لەبەر ئەوە حكوومەتی ئەمریكا هەموو هەوڵێكی دەخاتە گەڕ بۆ شكستهێنانی ئەو هەوڵ و تەقەلایە نیشتمانی و خۆوڵاتییەی كە ئێستا لە ئارادایە، چونكە گومان لەوەدا نییە كە هەر گۆڕانكارییەكی خۆوڵاتی نیشتمانییانە هەرگیز لە بەروەرژەوەندی ئەمریكادا نابێ‌ ..

گەلانی عێراق لە ساڵی 2003 وە گیرۆدەی ئەو گۆڕانكارییەن كە ئەمریكا پاش ڕووخاندنی (سەدام) لە عێراقدا ئەنجامیدا.

كێشەی تایەفە و مەزهەب و نەتەوایەتی و خێڵایەتی ئەمریكا پلانی بۆ داڕشت لە سەردەمی (ساڵەكەی بریمەر) واتە دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی ئەمریكا دا.

ئەو كاتەیش حزب و لایەن و كەسایەتییە نیشتمانپەروەرەكان زۆریان هاوار كرد (با سەدام خەڵكی عێراق بیڕۆخێنێ‌ . خۆیان گۆڕانكاری بكەن))، بەڵام حزبە دەسەڵاتدارە ئەڵقە لەگوێیەكان جڵەوەكەیان دایەوە دەست ئەمریكا!!.

ئێستایش كە ئەمریكا دەبێ‌: ((سیستەمی سیاسی لە عێراقدا بگۆڕدرێ‌)) بەنیازە سەر لەنوێ‌ بێتەوە و ئەو گۆڕانكارییە بە پێی بەرژەوەندی خۆی جێبەجێی بكات.

ئەوەتا وەك كەناڵەكانی ڕاگەیاندن بڵاوی كردەوە ترەمپ دەڵێ‌: ((بوونی هێزی سەربازی ئەمریكا لە عێراق زۆر پێویستە بۆ چاودێریكردنی ئێران!!)).

 

  • 1