ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە جوغزی سەربەخۆییدا

ئۆپۆزیسیۆن بوون و قۆناغی ڕزگاری نیشتمانی کوردستانی

د. کاوە مەحموود

یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی قۆناغی ڕزگاری نیشتمانی گەلان کۆبوونەوە و کاری هاوبەشی ئەو هێزە کۆمەڵایەتییانەیە کە بەرژەوەندییان لە تێکۆشان و کاری هاوبەشە بۆ تەواوکردنی قۆناغی ڕزگاری نیشتمانی. هەڵبەتە ئەو هێزە کۆمەڵایەتییانە سەر بە چین و توێژی کۆمەڵایەتی جۆراجۆرن کە لە ژیانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیدا بەرژەوەندی چینایەتی جیاواز لە نێوانیاندا دروست دەبێت، و تەنانەت بە شێوەیەکی کردەیی هەندێ جار بەرژەوەندی و بۆچوونی سیاسی جیاواز لە نێو ئەو هێز و لایەنانە دروست دەبیت کە نوێنەری یەک چینی کۆمەڵایەتیین. بەم جۆرە لە تێکۆشانی ڕزگاری نیشتمانی مۆرک و سروشتی چینایەتی تەنانەت لە نێو خودی بزووتنەوەکە هەیە، و ئەمەش لە پلە جۆراجۆرەکانی پەرەسەندی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانی بە پێی واقیعی گۆڕاو دەردەکەوێت.

ئەم بابەتە بە شێوەیەکی زەق لە نێو دوو بزووتنەوەی هاوچەرخ دەرکەوت. بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی فەڵەستین کە دەسەڵاتی نیشتمانی فەڵەستینی لە (رام الله) دروست بوو، و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانیی کوردستان کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروست بوو، بێ ئەوەی ئەرکەکانی قۆناغی ڕزگاری نیشتمانی تەواو بێت کە خۆی لە وەدیهێنانی مافی چارەنووسدا دەبینێتەوە.

کۆمەڵگای هەرێمی کورستان وەک هەر کۆمەڵگایەکی ئەم جیهانە لە دەرەوەی یاسای ململانێی چینایەتی نییە، کە ئەمەش زەمینەیە بۆ گەڵاڵەبوونی چەمکی ئۆپۆزیسیۆن بە هۆی ناکۆکی و ململانێی حزبە سیاسییەکانی نێو کۆمەڵگا.

لە کاتێکدا حزبمان شێوازی تێکۆشانی ئۆپۆزیسیۆنی چەپی دیموکراسیخوازی ڕاگەیاندووە لە بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆدا پێناسەی شوناسی خۆی کردووە کە حزبێکی شیوعییە، و یەکێتییەکی ئارەزوومەندانەی ئەو تێکۆشەرانەیە، کە مارکسیزم ڕێنیشاندەریانە، و سوود لە کەلەپووری پێشکەوتنخوازی گەلی کوردستان، و مرۆڤایەتی وەردەگرن، و هەموو تواناکانیان بۆ گەل و نیشتمان و مافی بڕیاردانی چارەنووس، و دۆزی چینی کرێکار و ڕەنجدەران، و کۆمەڵگەی کوردستان تەرخان دەکەن، و لە پێناو پێشکەوتن و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و سۆشیالیزمدا، تێدەکۆشن.

لەم ڕوانگەیەوە بابەتە نیشتمانییەکان یەکێکە لە گوتاری ئۆپۆزیسیۆنی چەپی دیموکراتیخواز، و جەختکردنەوە لە سەر شوناس و بنەما نیشتمانییەکانی حزب و داکۆکیکردنە لە مەسەلەی نیشتمانیی کوردستانی و مافی بڕیاردانی چارەنووسی گەلی کوردستان، کە حزبمان لێی پەشیمان نەبۆتەوە، و وەک هەندی لایەنی سیاسی بە شەرمەوە داکۆکی لێناکات. ئەم ئاراستە نیشتمانییە لە گوتاری ئۆپۆزیسیۆنی حزب، لە هەڵوێست وەرگرتن و مامەڵەکردنی سیاسی لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق، و سیاسەتی مامەڵەکردن لەگەڵ هۆکاری هەرێمی و نێودەوڵەتی ڕەنگدەداتەوە.

بەرنامەی ئۆپۆزیسیۆنی چەپی دیموکرات بەرجەستەبوونی ئەرکەکانی قۆناغی تێکۆشانی نیشتمانی و چینایەتی و دیموکراتییە کە حزبمان پێی وایە لە هەلومەرجی ئێستادا و لە سایەی ڕیزبەندی سیاسی لە دوا پرۆسەی هەڵبژاردندا، دەتوانێ لە پێگەیەکی ئۆپۆزیسیۆنەوە زیاتر خزمەت بە قۆناغی ڕزگاری نیشتمانی و پاراستنی مافی کرێکاران و جووتیاران و سەرجەم زەحمەتکێشانی گەلەکەمان، بکات و ڕووبەڕووی سیاسەتی لیبرالیزمی نوێ، و ئابووری بەرخۆر و دیاردەکانی گەندەڵی و ئاراستەی بەتایبەتکردنی بوارەکانی بەهەمهێنان و خزمەتگوزاری، ببێتەوە. ئەم ئاراستەیە ناکۆک نییە لەگەڵ شوناسی کۆمۆنیستانە، و پشتبەستن بە سەرچاوە فیکرییەکانی حزبمان لە سەرووی هەموویانەوە مارکسیزم کە ڕێپیشاندەرێکی مەعریفییە بۆ هەڵسەنگاندنی قۆناغی ئێستای تێکۆشانمان، و بەهەمان شێوە مارکسیزم بنەمایە کە خۆمان لە ئۆپۆزیسیۆنی ئیسلامی و ڕاستڕەوی پۆپۆلیستی، و ئاراستەی سەرمایەداری و نیولیبرالی دەسەڵات و دەرەوەی دەسەڵات کە لە خزمەتی بۆرژوای مشەخۆر و بیروکراتە، لەهەڵوێست و چالاکی سیاسی لە پەرلەمان و لە نێو جەماوەردا، جیادەکاتەوە. 

بنەمای فیکری هەڵوێستی ئۆپۆزیسیۆنی چەپی دیموکراتی حزب بۆ کەڵەکەبوونی کێشە ناوخۆییەکانی هەرێم بەهۆی کەمتەرخەمی دەسەڵات، و خۆرسکی و ڕەمەکی لەچارەسەرکردنی کێشەکان، و کەمتەرخەمی لە بنیاتنانی دامەزراوەکان، و بەردەوامبوونی بەرژەوەندی حزبی بەرتەسک و خراپی مامەڵەکردنی لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی عێراق، کراوە.

حزبمان پێی وایە کە حکوومەتی ئایندەی هەرێم لە ڕوانگەی بەرنامەی هەڵبژاردنی لایەنە بەشداربووەکان لە کابینەی نوێدا پشت بە ئابووری بەرخۆرە(الریعی) و گرتنەبەری ئابووری بازاڕی بەربەڕەڵا و، هەنگاونان بەرەو بەتایبەتی کردنی ڕەهای سەرجەم چالاکی ئابووری بەپێی نموونەی لیبراڵی نوێ، و مەرجەکانی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی، دەبەستێت، کە ئەمانەش هاوکات بوو لەگەڵ بڵاوبوونی گەندەڵی لەسیاسەتی کارگێڕی و دارایی، و نەبوونی شەفافیەت لە بواری سیاسەتی نەوت و گاز، و بوونی حزبە حوکمڕانەکان بە پێکهاتەی ئابووری گەورە بەشێوەیەک چالاکی ئابوورییان قۆرخکردووە و دەستیان بەسەر سامانی گشتیدا گرتووە، بۆیە سروشتی چینایەتی دەسەڵات دەڕبڕی سەرمایەداری دواکەوتووە و پاشکۆ، و وابەستە بە ئابووری بەرخۆرە، و لە خزمەتی بۆرژوای بیرۆکرات و مشەخۆرە.

لەم ڕێگایەوە هەڵوێستەکانمان پشتگیرییە بۆ بزووتنەوە جەماوەرییەکان، و دەڕبڕینی ناڕەزایی بۆ قەیرانی ئابووری کوردستانە کە بە هۆی بێ توانایی حکوومەت و پێنەدانی مووچەی فەرمانبەر و زیادبوونی ڕێژەی بێکاری و هەڵکشانی کێشەکانی ڕۆژانەی جەماوەر، هاوکات لەگەڵ دیاردەکانی گەندەڵی کارگێڕی و ڕەفتارەکانی حزبایەتی تەسک لەبواری سیاسەتی دامەزراندن و بەڕێوەبردنی فەرمانگەکان، دەردەکەوێت. لەم بوارەشدا حزبمان جەخت لەسەر سیمای مەدەنی و دیموکراسی و ئاشتییانەی سەرجەم شێوازەکانی بزووتنەوەی جەماوەری دەکاتەوە وەک بنەمایەک بۆ درێژەدان بەتێکۆشان و بەدەستهێنانی دەستکەوتی چلۆنایەتی بەرچاو بۆ زامنکردن و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و دابینکردنی مووچە و پێداویستییە سەرەکییەکانی جەماوەر.

هەڵوێستەکانی حزب لە پەرلەماندا لەسەر بنەمای بۆچوونمانە بۆ گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی لەسەر بنەماکانی دیموکراسی و شارستانی و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و یەکسانی جەندەری، و ڕەوایی نەدان بەتوندوتیژی، و مافی سەرجەم ڕەنجدەرانی بیر و بازوو. ئەمە بنەمای مامەڵەکردنە لەگەڵ سەرجەم پرۆژەکان چ لەلایەن دەسەڵاتەوە یان لە لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنەوە بخرێتە ڕوو.

  • 1