ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە ماوەی 23ی شوباتی ئەمساڵ تا 2ی ئازار، فەرمانگەی ڕۆژئاوای ئاسیا لە کۆمیتەی پەیوەندییەکانی کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی چین، بانگەشەی کۆمەڵێک لایەنی سیاسیی چەپی لە وڵاتانی ڕۆژئاوای ئاسیا و باکووری ئەفریقیای بۆ سەردانی چین کرد. ئەم وڵاتانە پێکهاتبوون لە (مەغریب، تونس، میسر، ئەردەن، فەڵەستین، لوبنان، عێراق و هەرێمی کوردستان). جگە لە بینینی ئەو سەرکەوتنانەی کە لە گشت بوارەکاندا چین ئەنجامی داوە، بەشی سەرەکی بانگەشەکردنی ئەم وەفدە کە لە 19 کەس پێکهاتبوو، بەشداریکردن بوو لەو کۆنفرانسەی کە لە شاری ئۆرومچی کە 700 هەزار موسڵمان لە نەتەوەی ئیغوور تیایدا دەژی و 700 مزگەوت و پەیمانگا و کۆلیژی شەریعەتی ئیسلامی تێدایە، و ئەم شارە پایتەختی ناوچەی ئۆتۆنۆمی شینجینغ، بەسترا.

جگە لە حزبمان 16 وەفدی گەورە و 60 حزب و 43 دەوڵەت بەشداری ئەو کۆنفرانسەی کرد کە لە 26ی شوبات ئەنجام درا، و بابەتی سەرەکی کۆنفرانس دەربارەی سیاسەتی حزبی شیوعی چین و وڵاتی چین بوو سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ مەسەلەی نەتەوەیی و ئاینیی و پێکهاتەکانی خاوەن شوناسی تایبەت، بوو.

هاوڕێیانی چین پەیامێکیان بە سەرجەم وەفدەکان گەیاند کە ئەوان بە شێوازێکی مارکسی لینینی و بە ڕەچاوکردنی بنیاتانی سۆسیالیستی بە تەرز و مۆدێلی چینییەوە مامەڵەی یەکسان و هاوتا لە گەشەپێدان و یەکسانی نێوان سەرجەم نەتەوەکان کە دەگەنە 56 نەتەوە و سەرجەم ئاینەکان، ئەزموونێکی بەیەکەوەژیانی هاوبەش و گونجاویان دروست کردووە، کەچی وڵاتانی ئمپریالیست و کۆنەپەرست و بەشێک لە حزب و ڕێکخراوەکانی ئیسلامی سیاسی پڕوپاگەندە و شاڵاوی دوژمنکارانە ئەنجام دەدەن و هەر بۆ نموونە وەزارەتی دەرەوی تورکیا و ئەردۆگان ناوچەی شینغینغ بە تورکمانساتی ڕۆژهەڵاتی ناودەبەن و ئەو پڕوپاگەندەیە دەکەن کە گوایە مافی ئاینی و نەتەوەی نییە!

وەفدە 19 کەسەکەی ئێمە زۆر خۆشحاڵی خۆیان سەبارەت بە یەکسانی نەتەوەکان و یەکتر قبوڵکردنیان و ژیانی هاوبەش دەڕبڕی و لەسەرووی هەموویانەوە ئەو گەشەپێدانە گەورەیەی کە لە شاری ئۆرومچی دا هەیە.

پاش گەڕنەوەمان بۆ شاری پەکین، وەفدەکەمان بە باشی زانی بەیاننامەیەکی هاوبەشی گشت لایەنەکان سەبارەت بە سەردانەکە و هەلومەرجی سیاسی لە وڵاتە عەرەبییەکان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بڵاوبکەنەوە، و دوو برادەری سەرکردەی سەرەکی لە حزبی گردبوونەوەی نیشتمانیی میسری و حزبی گەلی فەڵەستین کە دووەمیان لە کۆبوونەوەکانی حزبە کۆمۆنیستەکانی جیهان بەشداری دەکەن، ئەرکی نووسینی پرۆژەی بەیاننامەکەیان خستە ئەستۆی خۆیان. کاتێک پرۆژەی بەیاننامەکەیان بۆ من هێنا کە ئیمزای حزبی شیوعی کوردستانی لەسەر دانێم کۆمەڵێک چەک و بابەتی تێکەڵ و پێکەڵی تێدا بوو و جگە لەوەی چەندین جار ئاماژەی بۆ مەسەلەی گەلی فەڵەستین و ململانێی عەرەب و ئیسرائیل، و پاراستنی دەوڵەتی نیشتمانی ناوچەکە و ڕووبەرووبوونەوەی پرۆژەی ئیمپریالیزم بۆ دابەشکردنی ناوچەکە، بەڵام باسی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر کە سەرجەم ناوچەکەی گرتۆتەوە، و باسکردنی مەسەلەی ڕەوای گەلی کوردستان، ئەوا بە هیچ شێوەیەک لەو پرۆژەیەدا نەبوو. کە ڕەشنووسەکەم بینی کارم بۆ کورتکردنەوە و ڕێکخستنی کرد و سێ بابەتی گرنگم خستە سەری. یەکەمیان: پشتگیریکردنی مافی ڕەوای گەلی کوردستان. دووەمیان: ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر. سییەمیان: پشتگیریکردنی داواکاری گەلانی ناوچەکە بۆ ئازادی و دیموکراسی.

تاکە مەرجی منیش وەک حزبی شیوعی کوردستان بۆ دانانی ئیمزای حزب لە سەر ئەم بەیاننامەیە ئەوە بوو ئەگەر ئاماژە بە تێکۆشانی گەلی کوردستان لە پێناوی مافەکانیدا نەکرێ، ئەوا ئیمزای حزب لەسەر ئەو بەیاننامەیە ناکەم. چوار لایەنی سیاسی پشتگیری منیان کرد، و مەبەستی سەرەکیم لەم هەڵوێستە ئەو تابۆیە بشکێنم کە هێزە سیاسییەکانی گەلانی عەرەب لە هەڵوێست سەبارەت گەلی کوردستان، دایان ناوە. ئەوانەی بەیاننامەکەیان دادەڕشتەوە بەڵێنی ئەوەیان دا کە تێبینییەکانی من وەربگرن پاشان بەیاننامەکە بۆ گرووپی وەفدەکە دەنێردرێت و دوای قایلبوون بە فەرمی بڵاودەکرێتەوە.

کاتێک لە گرووپی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی وەفدەکە لە ئینتەرنێت، دەقی نوێی پرۆژەکەم بینی، تێکڕای تێبینییەکانی منیان وەرگرت بوو تەنیا یەک تێبینی نەبێت ئەویش: (پشتگیریکردنی تێکۆشانی گەلی کوردستان لە پێناوی مافە ڕەواکانیدا).

بێگومان منیش ڕاستەوخۆ داوام کرد کە ناوی حزبمان لەسەر بەیاننامەکە نەبێ و گلەییەکی زۆرم لە سەرجەم وەفەکە کرد و گوتم: دیارە بە پێچەوانەوە سوودتان لە ئەزموونی هاوڕێیانی حزبی شیوعی چینی وەرگرتووە!

سەرلەنوێ بەڵێنییان دا کە ئەو داواکارییەی من جێبەجێ دەکەن، و ئەو ڕستەیەی داوام کردبوو دایدەنێن.

کاتێک لە سایتی حزبی گەلی فەلەستین بەیاننامەکەم خوێندەوە بینیم ڕەشنووسی یەکەمی پرۆژەی بەیاننامەکەیان بڵاوکردۆتەوە. پێش ئەوەی نوێنەری حزبی گەلی فەڵەستین بگاتەوە شوێنی خۆی، نامەم بۆ نارد و پێم ڕاگەیاند کە بڵاوکردنەوەی ئەو بەیاننامەیە بەو جۆرە لە مامەڵەکردنی سیاسییدا شەرمەزارییە بۆ ئێوە. ئەو داوای لێبوردنی کرد و پێی ڕاگەیاندم کە بە هەڵە بڵاویان کردۆتەوە و دەیگۆڕن.

لە سەرەتای بینینی یەکە بە یەکە لە ئەندامانی وەفدەکە کە باسی وەزعی کوردستان بە هەرچوار پارچەکەیەوە بۆم دەکردن، پێم گوتن: ئێوە هەمووتان داوا لە ئێمە دەکەن کە پشتگیری خەباتی گەلی ئێوە بکەین، بەڵام هیچ کەس لە حزبەکانی ئێوە ئامادە نین نەک پشتگیریمان بکەن تەنانەت ئامادەنین هاوسۆزی سەبارەت بەو نەهامەتییانەی کە دووچاری گەلەکەمان بۆتەوە دەڕبڕن، جا نازانم چۆن ڕووتان دێ داوا لە ئێمە دەکەن کە پشتگیریتان بکەین!

ئەوەی شایانی گوتنە گەلی کوردستان بە بەردەوامی پشتگیری لە تێکۆشانی گەلانی جیهان کردووە، بەڵام هەڵویستی پشتگیری و هاوکاری یەک لایەنە تا کەی؟!

 

  • 1