ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەشی چواردەیەم و کۆتایی

لە ئەنجامدا دەگەینە ئەو باوەڕەی کە پێویستمان بە خوێندنەوەی نوێ هەیە بۆ کۆی گۆڕانە کۆمەڵایەتییەکان و ئاستە پێشکەوتووەکانی فکیریی مرۆڤایەتی و تێکۆشانە سیاسییەکان کە لەم چوارچێوانەدا گرێ بدرێت، لەواقعی کۆمەڵایەتی بکۆڵینەوە بۆ ئەوەی چۆن ئەنجامێکی باشمان دەست بکەوێت کە دواجار مرۆڤ کەمترین زیانی بەربکەوێت و زۆرترین بەرژەوەندییەکانی بپارێزرێت . 

چونکە لە ڕابردوودا دنیای سەرمایەداری و حزبی سیاسی ئیسلامی بە چاوی دوژمنکارانە مامەڵەمان لەتەکدا کردوون و تەنانەت خوێندنەوەی ئەدەبیاتی ئیسلامی و ئەدەبیاتی لاباڵی سەرمایەداری ڕەتکراوەتەوە.

ئەوە بەدیوەکەی ئەوانیشدا بەهەمان چاوی دوژمنکارانە لە ئێمە ڕوانراوە. هەموو گۆڕانکارییەک باجی خۆی هەیە و بە ئاسانی ناتوانین ئەم بیرکردنەوە تازانە ببەینە ئاستێکی باڵاوە، لەناو سیستەمی سیاسی دەوڵەتدا پێویستە دوور نەبین لە حزبی سیاسی ئیسلامی و لە فیکری نیولیبرالیزمی ناوخۆیی و لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا دۆستایەتی دەوڵەتی ئیسلامی و سەرمایەداری بکەین.

ئێمە لەناو خۆدا پێویستمان بەوەیە چ جۆرە سیستەمێکی سیاسی هەڵبژێرین لە نێوان سکۆلاریزم و ئیسلامی ساسی دا، لە نێوان ئەم دوو قوتابخانە جیاوازە فیکریەدا، دەبێت گفتوگۆ بکەین لەم بارەیەوە، ناکرێت ئاستی کۆمەڵگا و گۆڕانە کۆمەڵایەتییەکان لە بەرچاو نەگرین.

بۆ دۆزینەوەی ئەم رێگاچارانە پێویستمان بە گفتوگۆی بەردەوام هەیە لەگەڵ لایەنە ئیسلامییەکان و حزبە لاباڵە نیولیبرالیزمەکە کە لە دواجاردا هەر ئایدیا و فیکرێکمان هەبێت پێویستمان بە چەترێک هەیە بۆ پاراستنی هەموومان ئەویش خۆی دەبینێتەوە لە تێکەڵکردنی سیستەمێکی سیاسی پێشکەوتووخواز ئامادەکراو لەلایەن حزبە سیاسییەکان و ئیسلامی و بۆراژوازییەکان، عیلمانی و شیوعییەکان.

لە کۆتایدا دەمەوێ بڵێم حزبی شیوعی کوردستان لەناو ئەم واقیعە کۆمەڵایەتییەدا بەرەو کوێ بەرین؟ مانەوەمان بەم شێوەیە یان گۆڕانگاری لەڕەگەوە بروام وایە بەم ئالیەتی کارکردنەمان کە ئیستا کاری پێدەکەین کە خۆی دەبینێتەوە لە سەرکردایەتییەکەی ئاراستە و بیرکردنەوەکانی نەخشەی سیاسی و فیکری بە جۆریک داڕێژراوە هەموو شتیک پیرۆزکراوە کە پێویستە ئەم دیدگایە بگۆڕین، گەشتووین بەو ئاستەی سەلەفییانە لە مێژووی حزب و لە مارکس دەڕوانین، تۆ تەماشاکە ئیسلامییەکان بۆ ڕەوایەتی دان بە خۆیان دەقیکی قورئان یان نەسێکی تەفسیر دەهێننەوە.

شیوعییەکانیش بۆ ڕەوایەتی دان بە چەمکی تیکۆشانیان وتەکانی مارکس و لینین و ئەنگڵس دێنینەوە. ئایا ئەمە بە سەلەفی کردنی مارکسیزم نییە.

مارکس دەبێت وەک خۆی بناسین، نەک وەکو ئیسلام چۆن محەمەد دەناسێ.

یەکەم: پێویستە حزبی شیوعی کار بۆ گۆڕینی ناوی خۆی بکات کە ئەمە هەلومەرجە کۆمەڵایەتییەکە وا دەخوازێ کە ئەم گۆڕانکارییە بە هەند وەربگرین و کاری لەسەر بکەین.

دووەم: سیاسەتی هاوپەیمانێتیمان بەپێی ئەم قۆناغە هەڵبگرین لە پێناو وەرگرتنی دەسەڵاتدا تێکۆشان بکەین کێ دەمانگەیەنێت بەدەسەڵات دەبێ لەوێ بین.

سێیەم: سیاسەتمان لەبەرانبەر سۆشیالیزمدا چەمکێکی باوەربوونمانە لەم قۆناغەدا دەبێت هەڵیپەسێرین و کار بۆ چەمکە نوێیەکە بکەین کە ئەویش یاریکردن لە سیاسەتدا و دۆزینەوەی ئەو ڕێگایانەی دەمانباتە ناو لوتکەی هەرەمەکانەوە، سکۆلاریزم وازلێبێنین نە بەرهەمی سۆشیالیزم و نە ئامانجی سۆشیالیزمە سیستەمی سیاسی سۆسیالیزمی لە ئێستادا بەرهەم نایەت و وەکو گوتمان سکۆلاریزم بەرهەمی سەرمایەدارییە و لەسەر ئاستی کۆمەڵگای ئێمەش ڕەت دەکرێتەوە، بۆیە ئەو سیستەمە سیاسییەی دەمانەوێت پێویستە بە ڕێککەوتن لەگەڵ هەموو لایەکدا بەرهەم بێت، تێکەڵەیەک بێت لە ئایدیای نیولیبرالیزم و ئیسلامیزم دروست بکەین.

چوارەم: خۆپاراستنمان لە گوتاری زەقی دژبە کەرتی تایبەت، چونکە ئێستا داخوازییەکانی کۆمەڵگا پێشکەوتووەکان، وەڵام بەم هەموو ئەگەرانە دەدەنەوە.

پێنجەم: بەم ئالیەتی سەرکردایەتییەی حزبمان، بەم هێزە عەقایدەوە، ناتوانین گۆڕانکاری گەورە بەرهەم بهێنین، بۆیە دەبێت نەترسبین لە بەرانبەر هەموو ئەو چەمکانەی گۆرانکاریان پێویستە.

تەنانەت بگەینە ئەو ڕایەی تا چەنێک ڕاستە ئێمە درێژە بە ئەم تێکۆشانە بدەین کە ڕۆژ بە ڕۆژ لەلایەن کۆمەڵگاوە پەراوێز دەخرێین و ژمارەکانمان کەم دەبێتەوە و ناتوانین پێشبکەوین تەنیا گۆڕستانەکان پڕدەکەین لە تەرمەکانمان.

پێویستە هیچ شتێک بە پیرۆز سەیر نەکەین لەبەرانبەر گۆڕانکارییدا، چونکە ئەو گۆڕانە دەمانباتە قۆناغێکی نوێوە، مانەومان بەم شێوەیە بەم ئالیەتی کارکردنە دژ بە ئیسلامی سیاسی بین و دژبە دنیای سەرماداریی بین، دژ بەم سیستەمە سیاسییەبین پەیوەندیمان لەگەڵ دەوڵەتی ئیران دا نەبێت، پەیوەندیمان لەگەڵ تورکیادا نەبێت، پەیوەندمان لەگەڵ حکوومەتی بەغدا نەبێت، دژبە حکوومەتی هەریمی کوردستان بین و دەنگ بە سەرۆکایەتی پەرلەمان نەدەین و دەنگ بەکابینەکەی نەدەین، ئەری پێم ناڵێن بەکام هێزی ئیقلیمی و هێزی نێودەوڵەتی ئەم هەڕەشانە دەکەین، بەکام هێزی جەماوەرییمان بەکام سەرچاوەی داراییمان، هەرچەند دەکەین ڕۆژنامەیەکمان بەباشی پێدەرناچێت، کەناڵە ئاسمانییەکەمان دادەخەین لەبەر نەبوونی سەرچاوەی دارایی.

 

  • 1