ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

نووسینی: جەلال دەباغ

شەهیدی نەمر (عەبدوڵا تۆفیق قەرەداغی- سەخت ناوشاخان) چقڵی چاوی دەرەبەگ و کۆنەپەرستەکانی قەزای شارباژێڕ- سلێمانی..

چاکم لەیادە کە لە هاوینی ١٩٥٩دا هاوڕێ عەبدوڵای لاوی چالاک کە لە خەستەخانەی گوندی باسنێ مەڵبەندی ناوچەی سیوەیل لە قەزای شارباژێر برینپێچبوو،هاتە چوارتاو بەدیداری هاوڕێ کەریم چنگنیانی بەرپرسی رێکخراوەکانی حیزب لە شارباژێڕ شادبوبوو، هاوڕێ کەریم بەباشی زانیبوو کەمنیش چاوم پێی بکەویت و باسی هەندێ کاروباری حیزبیی لەگەڵ بکەم. کە بەدیداری شادبووم باشترین هەڵسەنگاندنم بۆی هەبوو، وەک لاوێکی شیوعی نەترس و ئازا هاتە پێش چاوم، بەگەشبینییەوە باسی فەلاحەکانی ناوچەکەیکرد کە دڵیان بە دەستکەوتەکانی شۆڕشەکەی ١٤ی تەمووز زۆرخۆشەو ئامادەییان بۆ خەبات لەپێنای پاراستنی شۆڕشەکەو بەرەوپێشچوون زۆرەو، لەهەوڵدایە بۆ فراوانکردنی رێکخراوی حیزبی و بەجێگەیاندنی دروشمەکەی ئەوکاتی حیزب (لەهەر گوندێک شانەیەکی حیزبی).

لە دیدارەدا باسی زۆرشتمانکرد، بەتایبەتی کە بۆتە بەرپرسی ناوچەی سیوەیل و " دەمزانی کە ناوە حیزبیەکەی (سەخت ناوشاخان)ەو، گوتی: لە هەوڵ و کۆششدام بۆ دامەزراندنی چەند شانەیەکی نوێ لە ناوچەکەداو پەیوەندییەکی توندوتۆڵم لەگەڵ جوتیارانی ناوچەکەدا هەیەو هەمیشە لە خزمەتیاندام بۆ سەردانی نەخۆشەکانیان و چارەسەرکردنیان بەو دەرمانانەی لەبەردەستدان و زۆریش کەمن و گوتی داوام لەهاوڕێ کەریم کردووە کە چەند بتواندرێ لەلایەن حیزبەوە بەدەرمان یارمەتییان بدرێت و داوایکرد کە بەزویی هەواڵ و بڵاوکراوە حێزبییەکانیان بۆ بنێرین. ئیتر دوای ئەو دیدارەمان گەڕایەوە بۆباسنێ.

لەڕاستیدا هاوڕێ عەبدوڵا تۆفیق قەرەداغی لاوێکی خوێن گەرم و چالاک بوو، زۆر بەتەنگ ئەنجامدانی ئەرکە پیرزەکانی خۆیەوەبوو وەک برینپێچێک بۆ یارمەتیدانی جوتیاران لەهەر کاتێکدا پێویستیان بەو بوایە، تەنانەت بە شەوانیش کە بانگیاندەکرد دەچوو بۆ ماڵی جوتیارە هەژارەکان و وێڕای چارەسەرکردنی نەخۆشەکانیان قسەو باسی سیاسەتیشی بۆ دەکردن و لەئاست چەوسانەوەو زۆرداریی ئاغاو دەرەبەگ و خاوەن موڵکەکان وشیاری دەکردنەوە، بێگومان بەم هۆیەشەوە ئەو چەوسێنەرانە زۆریان ڕق لەم هاوڕێ دڵسۆزەبوو، بە مەترسییەکیان دەزانی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان لە ناوچەکەداو بە هاندەرێکی جوتیارانیان دەزانی لەدژیان، بۆیە بەیارمەتی فەرمانبەرێکی پۆلیسی کۆنەپەرستی ناوچەکە، بۆ گواستنەوەی یان رزگاربوون بە هەر شێوەیەکبێت لەم تێکۆشەرە نەبەزە بۆیە پیلانێکی تاوانکارانەیان بۆ سازکردبوو. لەنیوەشەوی ٢٣ی کانونی یەکەمی ١٩٥٩دا لەدەرگای چەپەری ماڵەکەیان دابوو، گوتبوویان ئێمە نەخۆشێکمان هەیە لە گوندەکەمان ئەگەر لەگەڵمان بێیت و فرای بکەویت زۆر سوپاست دەکەین. ئەویش دەڵێ: " بەسەرچاو ڕاوەستن هەرئێستا خۆم دەگۆڕم و بەجانتای داوو دەرمانەوە لەگەڵتان دێم". کاتێک دەردەچێتە بەر هەیوانەکە کە قوتیلەیەکی نەوتی لێداگیرسابوو، لەناکاو چەند دەستڕێژێکی لێدەکەن و شەهیدی دەکەن.

کاتێک هاوڕێ کەریم و لێژنەی قەزا بەم کارەساتە ناخۆشەمان زانی چەند کەسێکمان کۆبووینەوەو چووینە نزیک روبارەکەی (کەناروێ). کە نزیکبوونەوە تەماشامانکرد هاوڕێی شەهید دراوە بەسەرپشتی وڵاخێکداو هاوسەرەکەی و دوو منداڵە گچکەکەی و چەند جوتیاریکی هەژار لەگەڵیدان. بەدڵێکی خەمبارەوە پێشوازیمان کردن و تا هەتایە ئەو دیمەنە خەمبارەم لەیاد دەرناچێت، بە سواری ئۆتومبیل گەیاندماننە چوارتاو، لە مەڕاسیمێکی شکۆداردا کە هەزاران هاوڵاتی بەشداربوون، هاوڕێ کەریم چنگنیانی وتارێکی بەسۆزی پێشکەشکردو بێزاری و پڕۆتێستی بەرامبەر بەو تاوانە گەورەیە دەربڕی و بەچەند دێڕێکی چڕوپڕ بەڵام پڕلەمانا تێکۆشانی ئەولاوە جوامێرەی دڵسۆزی جوتیارانی خستەڕوو، ئینجا لە مەراسیمێکی گەورەدا بەرەو شاری سڵێمانی براو لە گردی سەیوان بەخاک سپێردراو، لەو ڕێوڕەسمەدا کە بەهەزاران کەس تێیدا بەشداربوون، نووسەری ئەم بیرەوەرییە وتارێکی بەناوی حیزبەوە پێشکەشکردو هاوڕێیەکیش وتاری سەندیکای کارمەندانی تەندروستی پێشکەشکرد. 

هاورێی شەهید عەبدوڵا تۆفیق قەرەداغی لە ساڵی ١٩٣٦دا لەدایکبووەو لە شەوی ٢٣ی کانونی یەکەمی ١٩٥٩دا بەدەستی دوژمنانی گەل شەهیدکراو چووە ریزی نەمرانەوە..

هەزار سڵاو لەیادی پیرۆزت ئەی شەهیدی کۆمونیست، شەهیدی چینی کرێکارو جوتیارو گەلی کوردستان..!

سەرشۆڕی و مردن بۆ بکوژانت و دوژمنانی چینی کرێکارو گەلە سەربەرزەکەمان..!

  • 1