ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

راپەڕینی ئاداری 1991 یەكێكە لە شانازی‌و سەروەرییە گەورەكانی گەلی كوردستان، بەڵام هەر راپەڕین خۆی حیكایەتی خۆشی‌و ناخۆشیشی هەیە، (11)ی ئادار 1991 بوو ئێمە وەك پێشمەرگە‌و رێكخستنەكانی حزبی شیوعیمان لە هەولێر رۆڵێكی گەورەمان هەبوو لە هێرشكردن بۆ سەر دام‌و دەزگاو مۆڵگەكانی رژێمی بەعس،رۆژێك دوای ئەو رێكەوتە، یەكێك لەو شوێنانەی كە پیاوانی ئەو رژێمە كردبوویانە پێگەی خۆیان (هۆڵی میدیا) بوو لە شاری هەولێر كە راستەوخۆ كەوتبۆوە بەرامبەر بارەگای كۆمیتەی پارێزگای هەولێری حزبمان، ئێمەش بە مەبەستی دەركردنیان لەو شوێنە ژمارەیەك هاوڕێی حزب چووینە ئەو شوێنە، ئەوەبوو دڕەندەكانی بەعس لەوێ‌ بەرگرییەكی زۆریان كرد، ئەگەرچی ژمارەیان كەم بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی دەستیان سوور بوو بە خوێنی رۆڵەكانمان، شەڕی مان‌و نەمانیان دەكرد، بەداخێكی زۆرەوە لەم رووبەڕبوونەوەدا چەند هاوڕێیەكمان لە سەرەتادا بریندار بوون یەكێك لەوانە خۆم بووم‌و ئەوانی تر ئارام‌و محمد و ئەحمەد بوون، لەم رووبەڕبوونەوەیە هاوڕێی نەمر (هادی ئەحمەد باشە) شەهیدبوو.

ئەو هاوڕێیە تا بڵێی كوڕێكی قارەمان‌و دڵسۆزبوو، لاوێكی ئازاو قارەمان‌و كادیرێكی بەتوانای رێكخستنە نهێنییەكانی حزب‌و لە شانە چەكدارییەكانی حزب بوو، لە خانەوادەیەكی تێكۆشەر‌و بوێربوو، هەمیشە ماڵەكەیان لە رۆژانی سەختی دەسەڵاتی بەعس لانكەی كادیر‌و پێشمەرگەكانی حزب بوو، جگە لەوەی بە گیانی خۆی سەركەوتن‌و راپەڕینی شكۆدارتركرد، شەهید هادی باوكیشی شەهیدی حزب‌و گەل بوو، بۆیەش هەموو ساڵێك كە مانگی ئادار دێتەوە، جگە لە یاد‌و یادەوەرییە خۆشەكان، هەروەها شەهید (هادی)یشم بەبیردێتەوە.

هەر شكۆداربێت یادی راپەڕین، یادی سەركەوتنی گەل بەسەر زوڵم‌و زۆردار، بێتەدی ئامانجەكانی راپەڕین، نەمری‌و سەربەرزی بۆ شەهید (هادی كوڕی شەهید ئەحمەد باشە)‌و گشت شەهیدانی كوردستان.

  • 1