ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

پاش بڕیاردانی بودجەی ساڵی 2019 لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە، مووچەخۆران دەنگیان لێ بەرز بووەوە لەلایەکەوە بۆ کۆتایی هێنان بەو پاشەکەوتە زۆرەملێییە، لەلایەکی ترەوە گەڕاندنەوەی ئەو بڕە پارەیەی کە لە ساڵی2014 وە بەناحەق لێیان دەسەندرێ، بەڵام کاربەدەستانی دارایی هەرێم ناوبەناو لە شاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە، جۆرەها بڕوبیانوو دەهێننەوە بۆ سەر کوێرکردن و چەواشەکردنی ئەو جەماوەرە و دەمکوتکردنیان، گوایە ئەو پارەیەی بەغدا دەینێرێ تەنیا بەشی مووچەی کارمەندان دەکات، ئەو قەیرانە داراییە چارەسەر ناکات کە هەرێم تووشی هاتووە.

دەبابزانین داهاتی هەرێم بە پارەکەی بەغدایشەوە لە سەرەتاوە تا ئەمڕۆ چۆن خەرجکراوە ؟

- هەموو ئەو کارمەندانەی سەربەدوو حزبە گەورەکەن بێجگە لە مووچە ڕەسمییەکە، مووچەی تایبەتیشیان هەیە .

- کارمەندی سەرکردە مووچەکەی ئارەزوومەندانە بۆ بڕدراوەتەوە .

- خانەنشینی سادە هەیە و خانەنشینی سەرکردە کە مووچەکەی پێنج ئەوەندەی سادەکەیە ! .

- شەهیدی لابەلا هەیە و شەهیدی سەنگەر هەیە و شەهیدی سەرکردە هەیە کە چەندین ملیۆن وەردەگرێ ! 

- زیندانی سیاسی لاکۆڵان و زیندانی سیاسی سەرکردە هەیە کە مووچەکەی پێنج ئەوەندەی ئەوەکەی ترە ! 

- کەمئەندامی پەڕاگەندە هەیە و کەمئەندامی سەنگەر و سەرکردە هەیە کە مووچەکەیان خەیاڵییە ! . 

- هەزاران کەس بەناحەق کراون بە شەهید، بەکەمئەندام، بەخانەنشینی، بە زیندانی سیاسی، بە پێشمەرگە، بە مەرجێک ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەوە نەبوون ! .

- کادری حزبی ئارەزوومەندانە بە ملیۆنەها مووچەی بۆ بڕدراوەتەوە ! . 

- بەسەدان کەس بە پلەی وەزیر، جێگری وەزیر، بەڕێوەبەری گشتی، بە عەمید و لیوا و جەنەراڵ دامەزراون بەبێ ئەوەی ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەو پیشەیەیان هەبوو بێ!! بە سەدان لەوانە لە دەرەوەی وڵات دەژین و ئاگایان مەگەر هەر لە وەرگرتنی مووچەکەیان بێ !! .

- ماوەیەک لەمەوبەر بڵاوکرایەوە کە 230 هەزار خانەنشینی لە هەرێمدا هەیە و لەوانە (١٠٠) هەزاریان هی یەکێک لەو دوو حزبەیە !! .

ئەمانە بێجگە لەو مووچەیەی کە کاتی هەڵبژاردنەکان بۆ دەنگ کڕین خەرج دەکرێ، لەوانەیە زۆر کون و کەلەبەری تریش هەبێ بۆ پارە خەرجکردن کە تا ئەمڕۆ پێی نەزانراوە ؟! .

هەربۆیە کاتی خۆی ڕاگەیەنرا کە 74%ی داهاتی هەرێم دەدرێ بە مووچە!! .

لەبەر ئەم پاشاگەردانی و بێ سەروبەرییە، ئەو بڕە پارەیەی بەغدا ڕەنگە بەشی مووچەی فەرمانبەران نەکات!! ئیتر چۆن پاشەکەوت کۆتایی دێت و چۆن دەتوانن پارە پاشەکەوتکراوەکە بگێڕنەوە .؟! مەگەر بە تەنیا بە یەک ڕێگا ئەویش بڕیاردانی یاسایەکی هاوچەرخی مرۆڤ دۆستانەی دیموکراسی (یاسای خزمەتکردن لە دەوڵەتدا) کە پلە و پایەی کارمەندانی دەوڵەت و مووچەی هەر پلەیەکی تیا دیاری بکرێ وابەستە بە ئاستی پێداویستییەکانی ژیان، نەک وەکو ئەمڕۆ ئارەزوومەندانە یاسایەک کە هەموو ئەو جیاوازی و فرت و فێڵە و فەرمانە ناحەق و ناجۆرانە هەڵبوەشێنێتەوە ئەمە ئەرکی حکوومەتێکە کە حکوومەتی هاووڵاتییان بێت بەبێ جیاوازی، حکوومەتێکی مرۆڤ دۆست و دیموکراسی بێت. پەرلەمانێک ئەو یاسایە بڕیار دەدات کە بەڕاستی پەرلەمانی هەموو گەل بێت نەک پەرلەمانی حزبەکان !! .

جا تۆ بڵێی ئەم حکوومەتە نوێیە ئەم خواستە جێبەجێ بکات ؟ .

 

  • 1