ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕۆژی ٢٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٨، بە بۆنەی دامەزراندنی کۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردوغانی سەرۆکی تورکیا بەشێوەیەکی سەرتایی و بۆ پڕوپاگەندە فڕۆکەخانی ئیستەنبۆڵی کردەوە، کە بە دووەم گەورەترین فڕۆکەخانە دادەنرێت لە جیهان، دوای فڕۆکەخانەی ئال-مەکتوم لە دوبەی.

پڕۆژەی فڕۆکەخانەکە یەکێکە لە پڕۆژە زەبەلاحەکانی حکومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتی ئەردوغان، وەکو پڕۆژەی پردی بۆسفۆر و کەناڵی ئیستەنبۆڵ. فڕۆکەخانەکە بڕیار وابوو مانگی دیسێمبەر بکرێتەوە، دوایی لە مانگی یەنایەر وادەیەکی تر دانرا، بەڵام لە ناوەڕاستی مانگی فبرایەر دیسان کردنەوەی فڕۆکەخانەکە دواخرا بۆ مانگی ئەپریل.

هەواڵ و ڕاپۆرتی مەترسیدار لەو بارەیە ئاشکرا کراون. بەشێك لە بەڵێندەران خۆیان بەدوور دەگرن لە پڕۆژەکە و نایانەوێ کاری تیا بکەن، لە لایەکی ترەوە لێکۆڵەران وای بۆدەچن کە حکومەت شکستی هێناوە لە پلانەکانی ژێرخانی ئابووری و پڕۆژەی فڕۆکەخانە کە بڕیار وابوو ناوی بنرێ مۆنومێنتی سەرکەوتن، وا خەریکە دەبێتە مۆنومێنتی کێشە.

ئەندازیارانی لایەنی ئۆپۆزسیۆن لە سەرەتاوە دژی ئەو پڕۆژەیە بوون. پێیان وایە ئەو پڕۆژەیە شکستی هێناوە لەبەر دوو هۆکار، یەکەمیان خراپی پلان دانان، دووەمیان قەیرانی دارایی پڕۆژەکە.

پڕۆژەکە شکستی هێناوە لەبەر هۆکاری ئابووری، ژینگەیی و ژێرخانی. ئەو شوێنەی کە دیاری کراوە شوێنێکی گونجاو نیە، پێشتر کانی دەرهێنانی خەڵووز بووە، زەویەکەی خوار و خێچە، خاکەکەی تەڕە و لە لمی دەریا پێكهاتووە. ئەو پڕۆژەیە لەسەر ٧٥٠ ملیۆن مەتر سێجا بونیاد نراوە.

ئەندازیارانی وەزارەتی گواستنەوە کە نایانەوێ ناوی خۆیان ئاشکرا بکەن، دەڵێن ئەو پڕۆژەیە هیچ مەرجێکی ژینگەیی و ئەندازەیی لێ نایەتە جێ. بێ ڕەچاوکردنی ستانداردە جیهانیەکان بڕیاری لەسەر دراوە، ڕێگە نادەین هیچ ئەندامێکی خێزانەکەمان پێ بخەنە ناو ئەو فڕۆکەخانەیە. زەویەکە جێگیر نیە و لەسەر ناوچەیەکی تەڕ دروستکراوە. بڕی خۆڵی پێویست لە هیچ شوێنێکی جیهان پەیدا ناکرێت بۆ پڕکردنەوەی.

 جگە لەوەش لەو شوێنەدا ڕەشەبای توند هەڵدەکات کە خێراییەکەی دەگاتە ٤٥ کیلۆمەتر لە کاژمێرێکدا. هەروەها ئەو ناوچەیە ڕێگەی گەشتکردنی باڵندەکانە کە لە کاتی گۆڕانی وەرزەکاندا گەشتی پێدا دەکەن. ئەوانەش دوو هۆکارن بۆ دروستکردنی مەترسی بۆ فڕۆکە لە کاتی فڕیندا.

شایانی باسە بڕی بودجەی تەرخان کراو بۆ ئەو پڕۆژەیە بریتیە لە دوو ملیار و نیو یۆرۆ، ئەوەش لەسەر حیسابی هاوڵاتیانی تورکیا.

لە لایەکی ترەوە کرێکارێکی بیناسازی کە ماوەی دووساڵ لەو شوێنە کاری دەکرد، دەڵێ تا ئێستا دیار نیە چەند کرێکار گیانیان لەدەست داوە لەو پڕۆژەیە، چونکە لە هەلومەرجێکی زۆر زەحمەت و بەزۆر کاریان پێ کراوە.

ئەو گڕوپەی کە تەندەرەکانی بردەوە بۆ دروست کردنی ئەو فڕۆکەخانەیە پێی دەگوترێت IGA کە پێنج کۆمپانیای گەورە لەخۆ دەگرێت، ئەوانەن: جەنگیز، لیماك، ماپا/ MNG، کۆلین کۆ، کالیۆ، هەروەها بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ خۆیان فڕۆکەخانەکە بەڕێوە ببەن و قازانجی لێ بکەن. هەر یەکەیان ٢٠٪ پڕۆژەکەیان وەرگرتووە. ئەو کۆمپانیایانە بەهۆی نزیکیانەوە لە حکومەت توانیان ئەو تەندەرە ببەنەوە، جگە لەوە چەندین پڕۆژەی تری گەورەیان لە تورکیا بردۆتەوە.

دوای دواکەوتنی پڕۆژەکە بۆ ماوەی دوو ساڵ، کۆمپانیای کۆڵین کۆ پشکی خۆی فرۆشتەوە کۆمپانیایەکی تر. هەندێک وای بۆدەچن کە ئەوە بریتی بێت لە هەرەس هێنانی پڕۆژەکە بە تەواوی. چونکە هەرچەند پڕۆژەکە زۆرتر دوابکەوێت ئەوەندە قەرزدەری سەرەکی زۆرتر دەبێت کە حکومەتە.

لە ئەگەری تەواو بوونی پڕۆژەکەش، ئەو فڕۆکەخانەیە تا ساڵی ٢٠٤٣ هیچ قازانجێک ناکات. ئەندازیاران و پڕۆفیسۆرانی زانکۆ لە بەشی ژینگە پێیان وایە تورکیا پێویستی بەو فڕۆکەخانەیە نەبووە، ئەوە تەنها بڕیارێکی خێرا و بێ بیرکردنەوە بووە.

لەو لینکەی خوارەوە تەواوی بابەتە بە زمانی ئینگلیزی دەبینن.

نوسەر: Pinar Tremblay

وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە (بە کورتی): ڕێباز جلال احمد نانەکەلی

https://www.al-monitor.com/pulse/originals/2019/03/turkey-erdogan-third-airport-project-may-be-stillborn.html?fbclid=IwAR3ZwIyc_x3-QkYbur0c2PLD12vKn1TdkRAaBi6TMKaCTDE1sNicYGB9sqQ#ixzz5hWbyqn1y

 

  • 1