ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

رۆژكانی راپه‌رینی باشووری كوردستان ئه‌و چركه‌ ساتانه‌بوون كه‌ به‌ ده‌یان فلیم ته‌واو نابێت ، ئه‌گه‌رچی فلیمه‌كانی هۆلیۆد به‌شێكیان زاده‌ی واقیعن و به‌شێكیشیان هه‌لقوڵاوی بیروبۆچوونی نووسه‌ران و سینارسته‌كانه‌ ، به‌ڵام زۆرجار ده‌مانباته‌وه‌ نێو خه‌یالێكی قولی ئه‌وینداری یان گه‌رانه‌وه‌ بۆ مێژووی مرۆڤایه‌تی به‌تایبه‌تی فلیمه‌ دیكۆمێنتارییه‌كان و مێژووییه‌كان ،

راپه‌رینی ئازاری 1991 ته‌قینه‌وه‌ی رق و كینه‌ی په‌نگ خواردووی جه‌ماوه‌ربوو له‌ به‌رانبه‌ر زولم و زۆرییه‌كانی رژێمی فاشی به‌عس! كه‌چی ساڵانه‌ له‌ یادو بیره‌وه‌ری ئه‌و رۆژانه‌دا به‌ سه‌دان و هه‌زاران (پاڵه‌وان) دروست ده‌بن و ده‌یانكه‌ن به‌ ئه‌ندازیارو رابه‌ری شه‌رو ئازادی كوردستان و جه‌ماوه‌ریش ده‌بن به‌ ئه‌ندازیاری‌ شكسته‌كان وكۆچره‌و، له‌ كاتێكدا قه‌زاو ناحیه‌ی واهه‌بوو دوای ئازاد كردنیشی به‌چه‌ند رۆژێك پێشمه‌رگه‌یه‌كی ( پارتیزان ) به‌میوانیش رێی نه‌كه‌وتۆته‌ ئه‌و شوێنه‌! راسته‌ له‌ (5 )ی ئازاری 1991 شاری رانیه‌ بوو به‌ ده‌روازه‌ی سه‌ركه‌وتنی راپه‌رین ، به‌ڵام له‌ راستیدا ( 5 )ی ئازار یه‌كه‌م رۆژی راپه‌رین نیه‌ ، به‌ڵكو یه‌كه‌م رۆژی راپه‌رین ( 4 )ی ئازاری 1991 له‌و رۆژه‌دا هاوڵاتییانی دانیشتووی قه‌زای ( خه‌بات )ی شاری هه‌ولێر راپه‌رین، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌و راپه‌رینه‌ شكستی هێناو بووه‌ هۆی شه‌هیدكردنی دوو هاوڵاتی به‌ناوه‌كانی ( به‌ختیار عومه‌ر هۆرێوه‌ی )و( محه‌ممه‌د فاروق دیبه‌گه‌یی ) ئه‌وكاته‌ زۆربه‌ی دانیشتووانی (خه‌بات) كه‌ ئۆردووگایه‌كی زه‌ره‌ملێ بوو پێكهاتبوو له‌ ئاواره‌ راگواستراوه‌كانی سنووری قه‌ڵادزێ و دیبه‌گه‌ ، ئه‌مه‌ش شانازییه‌كی تره‌ به‌ر سنووری مه‌خموور كه‌وتووه‌، بۆیه‌ ده‌كرێت مه‌خموورییه‌كان شه‌هید ( محه‌ممه‌د فاروق دیبه‌گه‌یی ) به‌ یه‌كه‌م شه‌هیدی راپه‌رینی 1991ی كوردستان و سنووره‌كه‌شیان به‌تایبه‌تی بزانن، گرنگه‌ ساڵانه‌ له‌ ،( 4 )ی ئازار یادی ئه‌و دوو شه‌هیده‌ بكرێته‌وه‌و له‌ شاره‌دێی دیبه‌گه‌ش ( پاركێك , قوتابخانه‌یه‌ك , شه‌قامێك ) به‌ناوی ئه‌و شه‌هیده‌ بكرێت و له‌ ده‌روازه‌ی شاره‌كه‌ش په‌یكه‌رێكی بۆ دروست بكرێت . 

هه‌رچه‌نده‌ من له‌ یه‌كه‌م رۆژی ئازادكردنی مه‌خموور كه‌ ده‌كاته‌ 12 / 3 / 1991 له‌ ناو مه‌خموور نه‌بووم، چونكه‌ له‌ ساڵی 1988 خانووه‌كه‌ی ئێمه‌یان له‌ مه‌خموور به‌ تی ئێن تی ته‌قانده‌وه‌و دوای ئازاد كردنمان له‌ زیندان ئێمه‌یان راگواسته‌وه‌ بۆ ئۆردوگای زۆره‌ملێی ( جدیده‌زاب ) له‌ ده‌شتی به‌رانه‌تیان، منیش وه‌ك به‌شداربوێكی راپه‌رینی شاری هه‌ولێرو ئۆردوگای جدیده‌ له‌ 11 / 3 / 1991 یه‌كێ بووم له‌و ( 17 ) برینداره‌ له‌ هه‌مانكاتدا ( 5 ) شه‌هیدی هاوڵاتی ( 23 ) ئه‌من كوژران، دوای هه‌فته‌یه‌ك له‌ برینداربوونم فشارێکی زۆرم له‌ ( نوره‌دینی برام ، هاورێ بورهان مه‌خمووری )ی كرد كه‌ ئه‌وكاته‌ یه‌كێ بوو له‌ به‌رپرسه‌كانی باره‌گای مه‌خمووری حیزبی شیوعی عێراق، هه‌رچۆنێك بێت له‌گه‌ڵ خۆی بمباته‌ مه‌خموور، دوای گه‌یشتنم بۆ ئه‌و شاره‌ی كه‌ ته‌نها خه‌م و ناسۆری بووه‌ بۆ بنه‌ماڵه‌كه‌مان! له‌ به‌رده‌م قوتابخانه‌ی قه‌راج دابه‌زیم ، كه‌ ئه‌وكاته‌ باره‌گای حیزبی شیوعی بوو، ته‌زویه‌كی گه‌رم و شۆرشگێری سه‌رتاپای له‌شمی داگیركرد، چونكه‌ ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ ته‌نها شۆسته‌یه‌ك و شه‌قامێكی چه‌ند مه‌تری له‌ خانووه‌ رووخاوه‌كه‌ی ئێمه‌ دوور بوو، منی به‌ دوودار شه‌قه‌و قاچێکی شكاوو كلاشنكۆفێكی قۆنداغ دار, وامده‌زانی باڵام به‌قه‌د باڵای قوتابخانه‌كه‌ به‌رزه‌، ئه‌وه‌نده‌ شانازیم به‌ خۆم ده‌كرد كه‌ خوێنم بۆ ئه‌و خاكه‌ پیرۆزه‌ رشتووه‌، هه‌ر له‌و كاته‌دا به‌ بڵندگۆیه‌ك كه‌ له‌سه‌ر باره‌گاكه‌بوو ئاگاداری هاورێیه‌كیان كرده‌وه‌ كه‌ به‌كاری پێویست بگاته‌وه‌ باره‌گا، دوای مانه‌وه‌م زانیم كه‌ ئه‌و بلندگۆیه‌ له‌ شوێنی رادیۆ به‌كاریان ده‌هێناو رۆژانه‌ ( سروودی سیاسی و نه‌ته‌وه‌ی و شیعری شۆرشگێری .. هتد ) ده‌خوێندرایه‌وه‌و له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو ( دڵزار یاسین مه‌خمووری ) سه‌رپه‌رشتی ده‌كراو هه‌ریه‌ك له‌ ( فاروق هه‌ژارو یوسف خالید )و چه‌ند كه‌سێكی تریش له‌و لیژنه‌یه‌ی راگه‌یاندن بوون، ئیتر له‌ هه‌موولایه‌ك خۆشی و شادی و زه‌رده ‌خه‌نه‌ به‌ رووی هاوڵاتیاندا ده‌بیندرا ئه‌وكاته‌ مه‌خموور ته‌نها باره‌گای شیوعی و یه‌كێتی و پارتی تێدابوو، گه‌ر به‌هه‌ڵه‌ دانه‌چووبم (25 )ی ئازاربوو فرۆكه‌یه‌كی كۆپته‌ری جه‌نگی بچووكه‌كان له‌ نێوان مه‌خمووره‌ گچکه‌له‌و باقرت به‌ ئاسمانی ئه‌و ناوه‌دا ده‌خولایه‌وه‌ كه‌ دوای ده‌ركه‌وت ئه‌و كۆپته‌ره‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری وهه‌واڵگری بووه‌ له‌ سه‌ر هێزی پێشمه‌رگه‌، ئه‌وكاته‌ له‌سه‌ر قوتابخانه‌ی قه‌راج دۆشكه‌یه‌كی لێ بوو مامۆستا( یاسین سمایل خه‌لیفه‌ ) و هاوڕێ( عەلی شیوعی ) كوڕی شەهید مەحمەد حاجی سیاوی به‌و دۆشكه‌ ته‌قه‌یان لێ ده‌كرد، به‌ڵام بێ سوودبوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ماوه‌كه‌ی زۆر دوور بوو، هه‌رچه‌نده‌ من هیچ شتێكم له‌ پلانی سه‌ربازی نه‌ده‌زانی، به‌ڵام به‌ روونی هه‌ست به‌وه‌ ده‌كرا هێزی پێشمه‌رگه‌ یان باشتر بڵێم هاوڵاتیانی چه‌كدار جگه‌ له‌ باره‌گای حزبه‌كان له‌ هیچ شوێنێکی تر نه‌بوون بۆ پاراستنی ئاسایشی شاره‌كه‌ ، به‌داخه‌وه‌ ئه‌وخۆشی و هه‌ناسه‌ی ئازادیه‌ زۆری نه‌خایاند ، نه‌ك هه‌ر مه‌خموور به‌ڵكو ته‌واوی كوردستان كه‌وته‌وه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی رژێمی به‌عس له‌ رێكه‌وتی 31 / 3 / 1991 به‌یانیه‌كه‌ی له‌ ناو مه‌خموور ده‌نگۆی ئه‌وه‌ بڵاوبۆوه‌ كه‌ له‌ بازگه‌ی بازارگه‌ چوار ئه‌فسه‌ری هه‌واڵگری به‌عس گیراون و دانیان به‌وه‌ داناوه‌ كه‌ ئه‌وان به‌نیازبوونه‌ وه‌ك ره‌سه‌د بێنه‌ نێو شاری مه‌خموور، جگه‌ له‌مه‌ش ده‌نگۆی ئه‌وه‌ بڵاوبۆوه‌ كه‌ زریپۆش ( ده‌بابه‌)ی رژێم له‌ رێگای گوێره‌وه‌ گه‌یشتونه‌ته‌ نزیك كارگه‌ی گه‌چی مه‌خموور، بۆیه‌ زۆربه‌ی هێزی چه‌كدار رووه‌و ده‌رگای بازارگه‌ رۆیشتن! له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی ئۆتۆمبیلیان هه‌بوو ژن و منداڵه‌كانیان سه‌رخست و به‌ره‌و هه‌ولێر چوون، كه‌چی به‌پێچه‌وانه‌وه‌ سوپاو عه‌ره‌به‌ چه‌كداره‌ به‌عسی و شۆڤێنیه‌كان له‌لای قه‌ڵات و رێگای گه‌یاره‌ به‌ره‌و ناو مه‌خموور هاتن، ئه‌وكاته‌ ته‌نها منی بریندارو هاورێ ( زیره‌كه‌ شه‌ل ) یادی به‌خێر له‌ ژیاندا نه‌ماوه‌ له‌ نێو باره‌گای حیزبی شیوعی مابووینه‌وه‌ هاورێیانی تر له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ر بۆ به‌رگریكردن رۆیشتبوون ، له‌وكاته‌دا ده‌نگی كۆپته‌ری جه‌نگی گه‌وره‌كان هات، ئه‌و كۆپته‌ره‌ی كه‌ سه‌ربازو كه‌ل و په‌لی جه‌نگی ده‌گوازێته‌وه‌، كاتێك چوومه‌ سه‌ربانی قوتابخانه‌ی قه‌راج ئه‌و كۆپته‌رانه‌ له‌لای قه‌ڵاتی مه‌خموور سوپای داداده‌به‌زاندو ژماره‌ی سوپاكه‌ چه‌ند بوو ده‌ جار به‌قه‌د سوپاكه‌ ئۆتۆمبێلی مه‌ده‌نی و عاره‌ب به‌ دشداشه‌وه‌ به‌ره‌و مه‌خموور ده‌هاتن ، هه‌ر له‌لای قه‌ڵاته‌وه‌ ده‌ستیان كرد به‌ ته‌قه‌كردن و هاوه‌ن هاوێشتن، كاتێك ئه‌و هه‌واڵه‌م به‌ هاورێ زیره‌ك راگه‌یاند ووتی : هه‌رچۆنێك بێت خۆت بگه‌یێنه‌ چیای قه‌ره‌چووغ، ئیتر له‌وكاته‌وه‌ من و هاورێ زیره‌ك له‌ یه‌كتر جیابووینه‌وه‌و خۆم گه‌یانده‌ سه‌رووی كێلگه‌ كشتوكاڵییه‌كه‌ی (ئازاد ره‌فیق)و سوپاو عه‌ره‌به‌ شۆڤێنیه‌كانیش گه‌یشتنه‌ شه‌قامی (60) مه‌تری ئێستاو له‌وشوێنه‌وه‌ به‌ ( قه‌ناس ) گوله‌یان ئاراسته‌ی ئه‌و هاوڵاتیانه‌ ده‌كرد كه‌ به‌ره‌و چیاكه‌ رایان ده‌كرد، له‌وكاته‌دا دیمه‌نێكی زۆر ناخۆشم بینی كورێكی گه‌نج ده‌ستی (مام مستەفا حه‌یرانبێژی ) گرتبوو كه‌ هه‌ردوو چاوی نابینابوو له‌به‌ر ده‌نگی گوله‌ی قه‌ناس كه‌ به‌ملاو به‌ولامان ده‌كه‌وت كوره‌ گه‌نجه‌كه‌ ناچار زۆری له‌ ( مام مسته‌فا ) ده‌كردو ئه‌ویش ‌چه‌ند جارێك زۆر به‌خراپی به‌ربۆوه‌( که‌وت )، دوای گه‌یشتنمان به‌ باوه‌شی نزیكترین دۆستمان كه‌ چیا سه‌ركه‌شه‌كه‌ی قه‌ره‌چووغ بوو نزیكه‌ی سه‌د كه‌سێك ده‌بووین به‌ره‌و گوندی( لاوه‌رو خدرجیجه‌ )به‌رێ ده‌كه‌وتین بۆ ئه‌وه‌ی به‌ره‌و هه‌ولێر بچین، به‌ڵام له‌سه‌ر رێگای سه‌ره‌كی مه‌خموور ئۆتۆمبێلی سه‌ربازی هاتووچۆیان ده‌كرد، بریارماندا كه‌ شه‌و به‌ره‌و هه‌ولێر به‌رێ بكه‌وین، به‌ڵام گروپه‌كه‌ بووین به‌ دوو به‌ش، هه‌ندێكیان پێیانباش بوو هه‌ر له‌شاخ بمێنینه‌وه‌ چونكه‌ چاره‌نووسی هه‌ولێر نه‌ده‌زاندرا، بۆیه‌ ئه‌و به‌شه‌یان به‌ره‌و گوندی( ئازیكه‌ند) به‌رێ كه‌وتینه‌وه‌ كه‌ له‌ په‌نجا كه‌س زیاتر بووین ترس و تێنوێتی و برسیه‌ته‌تی و سه‌رما تینمانی له‌به‌ر بری، رۆژی یه‌كه‌م تا به‌ره‌به‌یان له‌ دیوی لای خدرجیجه‌ به‌ره‌و گوندی ئازیكه‌ند هاتین شه‌و خانووێكی ئاژه‌ڵانمان دۆزیه‌وه‌و له‌سه‌رمان خۆمان خزانده‌ ژووره‌وه‌ ، به‌وشه‌وه‌ بوو به‌ده‌نگه‌ ده‌نگ و گوشێکی (گونیه‌) پر په‌لكه‌نانیان دۆزیه‌وه‌و هه‌ر كه‌سه‌و مشتێك نانی ره‌قی وردكراویان داینێ، به‌یانی كه‌ رۆژهه‌ڵات هه‌ر له‌وشوێنه‌ بزنێكی قاچ شكاو به‌جێ مابوو ئێستاش نازانم چۆن به‌ پارچه‌ شوشه‌یه‌ك ئه‌و بزنه‌یان سه‌ربری و به‌بێ خوێ خستیانه‌ نێو ته‌نه‌كه‌یه‌كی ژه‌نگاوی و به‌نیوه‌كوڵاوی خواردمان! پاشان به‌رێ كه‌وتین بۆگوندی ئازیكه‌ند، له‌وگونده‌ ته‌نها مه‌ردارێكی لێ بوو، دوو شه‌و دوو رۆژ ته‌نها تۆركه‌ ( تۆڵه‌كه‌)ی خاومان خواردوو له ‌ده‌ره‌وه‌ش ده‌خه‌وتین، داوتر ناچاربووین به‌ره‌و مه‌خموور هاتینه‌وه‌و رژێم بازگه‌یه‌كی له‌ سه‌ره‌تای بینای ( میكانیك ) دانابوو دوای پشكنینمان ئێمه‌یان ده‌ست به‌سه‌ركردوو به‌ره‌و باره‌گای ( فرقه‌) كه‌ له‌ شوێنی باره‌گا ته‌قیوه‌كه‌ی لقی پارتی بوو له‌و شوێنه‌ش خه‌ڵكێكی زۆری لێ بوو، وتیان به‌شێكیان گواستونه‌ته‌وه‌ بۆ موسڵ ، به‌ڵام ئێواره‌كه‌ی ده‌رگای هۆڵه‌كه‌یان كرده‌وه‌و هه‌موومانیان ئازاد كرد، كاتێك به‌نێو بازاری مه‌خموور داهاتم ئه‌و بازاره‌ بۆنی خوێن و باروت و سوتانی لێده‌هات، ده‌رگای ته‌واوی دوكانه‌كان شكاندرابوو، كه‌ل و په‌له‌ به‌هاداره‌كانیان بردبوو، ئه‌وانه‌ی تریشیان سوتاندبوو، ئه‌و دیمه‌نه‌ له‌ كۆڵانه‌كانیش ده‌بیندراو ده‌رگای هه‌موو ماڵه‌كان كرابونه‌وه‌و كه‌ل و په‌له‌كانیان بردبوو ، له‌ كۆتاییدا هیوادارم ئه‌و هاوڵاتییانه‌ی گه‌واهیده‌ری ئه‌و رۆژانه‌بوون رووداوه‌كان وه‌ك خۆی بخه‌نه‌ سه‌ر رووپه‌ری رۆژنامه‌کان‌ ، بۆ ئه‌وه‌ی خۆراگری و قوربانیدانی ئه‌و شاره‌ له‌ یاد نه‌كه‌ین .

* ئه‌م ووتاره‌ له‌ ژماره‌( 53 )ی 15 / 3 / 2013 رۆژنامه‌ی ده‌نگی مه‌خموور و کتێبی ( ده‌نگێک له‌ پێناو مه‌خموور ) بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ .

  • 1