ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە جوغزی سەربەخۆییدا

ئەگەر چاو بخشێنین بەو بابەتانەی کە نووسەرانی عەرەب لە کتێبەکانی کۆنی میژوو و ئەو بابەتانەی کە نووسەرانی هاوچەرخی عەرەب سەبارەت بە کورد و مەسەلەی کورد نووسیویانە، ناهاوسەنگییەک بەدی دەکرێت سەبارەت بە ناوەڕۆک و بنەمای بابەتی ئەو نووسینانە کە هەردەم تای تەرازوو بەلای ئەو بەرهەمانە بووە کە مێژووی کوردیان شێواندووە، و بەناهەق باسی مەسەلەی ڕەوای گەلی کوردستانیان کردووە بە بەراوردکردن لەگەڵ ئەو بابەتانەی کە ڕاستییەکانیان وەک خۆییان دەرخستووە. ئەو نووسینانەی کە پشتگیریان لە کورد کردووە هەردەم کەم بوونە و ئەو نووسەرانەش بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن. لەم میانەدا کۆمەڵێک نووسەری بەناوبانگ و ڕاستگۆی عەرەب هەن کە لە بواری تایبەتمەندی خۆیاندا داهێنەر و لێهاتوو بوونە و هەڵوێستی شۆڕشگێرانەی بەرچاویان هەبووە. لەم لیستەدا لەوانەی کە ژیانیان جێهێشتووە ناوی عەزیز شەریف، شاکیر خسباک، هادی عەلەوی، کە هەرسێکیان لە نووسەرە گەورەکانی عەرەبن. لەهەمان کاتدا نووسەرێکی گەورەی لوبنان کە بە پێی پێویست لە ژیانی کەلتووری کوردستان ناسراو نییە هەرچەندە دکتۆر عەبدولفەتاح بۆتانی بە پێشەکییەکی بەپێزەوە کتێبی ئەو نووسەرەی لە ساڵی 2008 چاپکردەوە، کتێبێکی گرنگی بەناونیشانی (مەسەلەی کورد لە نێوان دوێنی و ئەمرۆ)ی نووسیوە. ئەم نووسەرە لوبنانییە ناوی ئەدیب موعەوەزە.

گرنگی ئەم کتێبە لە چەند خاڵێکدا بەدی دەکرێت، لەوانە: ئەم کتێبە لە ساڵی 1945 چاپکراوە واتە پێشتر لە نووسینەکانی عەزیز شەریف کە لە ساڵی 1950 چاپی کردووە و ئەو کاتەش ناوبراو سەرکردەیەکی سیاسی لایەنێکی چەپ لە عێراقدا بووە، هەروەها نووسینەکەی شاکیر خسباک کە ئەویش خەڵکی عێراقە و بابەتەکەی لە ساڵی 1959 چاپکراوە. ئەمە جگە لەوەی نووسەر خەڵکی لوبنانە و پێش لە نووسەرە عەرەبە عێراقییەکان داکۆکی لە دۆزی ڕەوای کورد کردووە. خاڵێکی دیکەی گرنگی ئەم کتێبە لەوەدایە نووسەر تەنیا باسی دۆزی کورد لە عێراق دا ناکات، بەڵکو ئاماژە بە بوونی کورد لە شارستانییە کۆنەکانی میزۆپۆتامیا و پەرەسەندنە مێژووییەکانی تێکۆشانی گەلی کورد لە سەردەمە جیاوازەکاندا و شارستانی کورد لە سەدەی شانزەهەمدا و پاشتر بوونی میرنشینە کوردییەکان و تا دەگاتە ململانێی میرنشینی سەربەخۆیی ئامەد کە دەوڵەتێکی سەربەخۆ بووە لەگەڵ سوڵتان سەلیمی یەکەمی عوسمانی، و ئەو شارستانییە گەورەیەی کە ئەو میرنشینە پێش ڕووخاندنی دروستی کردووە هەروەکو چۆن مێژوونووس و گەڕیدەی تورک ئەولیا چەلەپی باسی دەکات. 

کتێبی مەسەلەی کورد لە نێوان دوێنی و ئەمرۆ ئاماژە بۆ وەزعی کورد لە سەردەمی کەمالییەکان دەکات و باس لە ڕۆڵی بەرەنگاربوونەوە و تێکۆشانی گەلی کورد لە پێناو ئازادی و سەربەخۆیی دەکات، و ئاماژەیە بە هەلومەرجی نێودەوڵەتیی ئەو کاتە و جەخت لەسەر زیندووبوونی گیانی بەرخودان و موقاوەمەت دەکات.

جگە لە باس کردنی ئابووری کوردستان لەم کتێبەدا کە دەتوانین بڵێین شێوازی نامیلکەیەکی وەرگرتووە، نووسەر باس لە دواڕۆژی مەسەلەی کورد و گرنگی پشتگیریکردنی نەتەوەی عەرەب بۆ دۆزی ڕەوای کورد دەکات، کە ئەم هەڵوێستەش لەو کاتەدا لە ناو عەقڵیەتی سیاسی نەتەوەی عەرەب و لە ناو ڕۆشنبیرانی عەرەب دەگمەن بووە، و هەردەم ئەو نووسەرانە باسی مافی نەتەوەیی عەرەب و یەکبوونی عەرەبیان کردووە لە بارودۆخێکدا کە بیری ناسیۆنالیستی عەرەب زاڵ بووە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک باسی نەتەوەکانی دیکەیان نەکردووە لەوانە کورد کە دراوسێی عەرەب بوونە.

ئەم هەڵوێستەی ئەدیب موعەوز بۆتە هۆی ئەوەی کە لە لایەن بەشێکی زۆری نووسەران و لایەنە ناسیۆنالیستە عەرەبەکان دژایەتی بکرێت، و خودی نووسەر لە نامیلکەکەیدا وەڵامی ئەو بۆچوونانە دەداتەوە. ئەم دژایەتیکردنە تەنیا ئەو لایەنانەی نەگرتۆتەوە، بەڵکو دەسەڵاتی فەرمی حوکمڕان لە دەوڵەتە عەرەبییەکاندا هەمان هەڵوێستیان هەبووە. بۆ نموونە نووسەر پەنجا ژمارە لە کتێبەکەی لە ساڵی 1945 لە لوبنانەوە ڕەوانەی کتێبخانەی (ئەلموتەنەبی) لە بەغدا دەکات، بەڵام حکوومەتی پاشایەتی عێراق بڕیاری دەستبەسەراگرتنی ئەو کتێبە دەدات و دەیانسوتێنیت. پاش ئەمەش نووسەر دژ بە سیاسەتی نوری سەعید سەرۆک وەزیرانی عێراق وەستاوە و پشتگیری خۆی بۆ ڕاپەرینی بارزانی ساڵی 1945، ڕاگەیاندووە.

بەرهەمەکانی نووسەر سەبارەت بە تێکۆشانی گەلی کوردستان لە سنووری ئەم کتێبە نەمایەوە، بەڵکۆ بەرهەمی زیاتر و بەپێزتری نووسی، لەوانە کتێبی (نەتەوەی کورد) کە لە ساڵی 1991 دوای ڕاپەڕینی ئاداری 1991 نووسیویەتی. لە کۆی 12 کتێبی نووسەر سێ کتێبیان سەبارەت بە گەلی کورد بووە. سێیەم کتێب بەناونیشانی (کورد لە سوریا و لوبنان)ە کە لە ساڵی 1994 چاپکراوە.

گرنگی بەرهەمەکانی ئەدیب موعەوەز دەربارەی کورد لەوەدایە کە لە کاتێکدا ئاماژە بە گرنگی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نەتەوە و گەلانی ناوچەکە دەکات، بەهەمان شێوە چەخت لەسەر مافی ڕەوای گەلی کورد و مافی بریاردانی چارەنووس و سەربەخۆیی ئەم گەلە دەکاتەوە، و داوا لە نەتەوەی عەرەب و حکوومەتەکانی دەکات کە پشتگیری گەلی کورد بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی بکەن، و بە ڕوونی پێی وایە کە ئەو داکۆکی لە ئازادی کە گرنگرترین بەهای مرۆڤایەتییە، دەکات.

ئەدیب موعەوز کە خۆی بە عەرەبێکی کرستیانی لوبنانی دادەنا، لە ساڵی 1898 لە گوستا لە دایک دەبێت و لە ساڵی 1995 کۆچی دوایی دەکات. ئەم نووسەرە لە ساڵی 1930دا سەردانی بەغدا دەکات و لەوێدا لە قوتابخانەی (انستاس الکرملی) وانەی عەرەبی و فەرەنسی دەڵێتەوە، و هەرچەندە فەلسەفە و لاهووتی تەواو کردبوو، بەڵام ڕێچکەی عەلمانییەتی گرت و کتێبەکەی (گەشتی عەلمانییەک) دوای کۆچکردنی لە ساڵی 2004 چاپکرا.

  • 1