ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

وەک بڵاوکراوەتەوە زیاتر لە ١٦٥ رۆژ بەسەر هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێم دا تێپەڕیوە. بەڵام تاکو ئێستا حکومەتەکە پێک نەهاتوە. ئەوەبو لە مانگى شوباتى رابوردودا ڕاگەیەنرا کە پارتى و بزوتنەوەى گۆڕان پێک هاتن لەسەر دابەشکردنى بەشەکانیان. هەروەها لە (٢٤) ى ئەم مانگەیش دا یەکێتى و پارتى رێکەوتن لەسەر دابەشکردنى نەک هەر پۆستەکانى حکومەت بەڵکو لەسەر وەرگرتنى سەرکردایەتى هەمو جومگەکانى حکومەت تا ئەگاتە مدیرى ناحیه و موختارەکان!!

بێگومان ئەم بەش بەشێنە یە دەرهاویشتەى بەرژەوەندى حزبایەتى تەسکە, دەرئەنجامى ناکۆکى و بەربەرەکانى چەندین ساڵەى نێوان ئەو حزبانەیە!!

جەماوەرە هەژار و بێکارەکە بەو ڕیکەوتنانە کورد واتەنى ئاهێکیان تێگەڕایەوە و چاوەڕوان بوون ئەم بەزم و ڕەزمە کۆتایى بێـت.

کەچى (١٢, ١٣) ى ئەم مانگە (ئازار) ڕاگەیەنرا کە دیسان (ڕیسەکە بوەتەوە بە خورى) و گەڕاینەوە بۆ خاڵى سفر!!

پرسیارەکە لێرەدایە ئاخۆ تەنها بەرژەوەندى تایبەت بوەتە کۆسپ و تەگەرە یان کۆسپى تریش هەیە؟!

لێرەدا ئەبێ بگەڕێینەوە بۆ ئەم ململانێ قووڵ و بەرینەى کە دەوڵەتە زلهێزەکان ماوەى دە ساڵە لە خۆرهەڵاتى ناوەڕاست بەرپایان کردوە. بە تایبەتى بۆ لێک هەڵوەشاندنەوەى (هیلالى شیعه) وەکو ئەڵێن بەسەرپەرشتى جموریەتى ئیسلامى ئێران. کە عێراق و سوریا بەپلەى یەکەم ئەگرێتەوە و لەبەرنامەى ئەمریکادا بو کە ئەم دو وڵاتە لێک هەڵبوەشێنێت. بۆ چەند وردە دەسەڵاتێکى جیاجیا و دەستکردى خۆیان کە هەرێمى کوردوستانیش لە چوارچێوەى ئەو ستراتیژە دایە. وەکو وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا مانگى ڕابوردو لە قاهیرە ڕایگەیاندبو!

ململانێ ئەمریکاو هاوپەیمانەکانى چ لە ئاستى ناوچەکەو چ لە ئاستى نێو دەوڵەتى. لەگەڵ حکومەتى ئیران دا گەیوەتە ئاستێکى توندو تیژى مەترسیدار. سەرۆکى حکومەتى ئێران ـ حەسەن روحانى ـ لەم ڕۆژانەدا چەندین رێکەوتن نامەى گرنگى جۆراوجۆر لەگەڵ حکومەتى عێراق دا مۆرکرد و سەردانى سەرکردەى (حەشدى شەعبى) کردو ڕۆڵى ئەو هێزەى بەرزنرخاند, لەکاتێک دا کە ئەمریکا ئەم هێزە بە موڵکى حکومەتى ئێران دائەنێ!! و داواى هەڵوەشاندنەوەى ئەکات!! 

لەو لایشەوە واشنگتۆن ئەڵێ:" تاران عێراق بە پارێزگایەکى ئێران دائەنێ" وەک (شەرق ئەلئەوسەت) ١٣/٣ نوسیویەتى. 

بێگومان هەرێم/ ى کوردوستان کە هێشتا بەشێکە لە دەوڵەتى عێراق لایەنێکى گرنگى ئەم کێشمە کێشەیە / یە. چ بەهۆى شوێنى جوگرافیایەوە یان بە هۆى دەوڵەمەندى سامانە سروشتیەکانیەوە. لەبەر ئەم واقعە بمانەوێ و نەمانەوێ هەرێمى کوردوستان کەوتۆتە بەر تەوژمى گوشارى حکومەتەکانى (بەغداد و تاران واشنگتۆن) ەوە. ڕاستەوخۆ بێ یان ناڕاستەوخۆ. چونکە پێک هینانى حکومەتى ئایندەى هەرێم کە چوار ساڵى داهاتو حوکمڕان ئەبێ. دەنگ و سەنگ و ڕۆڵى خۆى ئەبێ لەم ململانێیەدا.

بۆیە ڕەوتى ڕوداوەکان پێمان ئەڵێن کە ئەم هۆکارە دەرەکیە کاریگەرى خۆى هەیە و بەدەر لە خواست و ویستى خۆمان فەرزکراوە بەسەرمان دا و ڕەوتەکە بەپێیى بەرژوەندی ئەو زلهێزانە ئاڕاستە ئەکرێ