ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

نەورۆز ئەو ڕۆژە پیرۆزەیە کە گەلەکەمان هەموو ساڵێک ئاهەنگی بۆ دەگێڕێت. کورد ئەو ڕۆژەی بە ڕۆژێکی مێژوویی و جەژنی نەتەوایەتی خۆی زانیوە و لە ٢١ی ئاداری هەموو ساڵێک لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان ڕۆڵەکانی کورد و نەوەکانی کاوەی ئاسنگەر یادی ئەو ڕۆژە بەرز ڕادەگرن. نەتەوەی کورد گرنگییەکی زۆری بەو ڕۆژە داوە بە ڕۆژی نوێ و مانگی نوێ و ساڵی نوێ و جەژنی ڕزگاری لە زوڵم و ستەم و دیکتاتۆر و زۆرداری ناساندووە وەک لە سەرچاوەی مێژوودا باسی لێوە کراوە. لەگەڵ شۆڕشی کاوەی ئاسنگەر دژ بە زۆرداری و ستەمی زووحاکی خۆینمژ بەرانبەر بەڕۆڵەکانی میلەتی کورد. هەرچەند لە سەردەمی ڕژێمە دیکتاتۆرەکانی پێشوو ئەم جەژنە نەتەوایەتییە قەدەغە کرابوو بەڕاوەدوونان و گرتن و ئەشکەنجەدانی لاوانی کورد، بەڵام ڕۆشنبیران و لاوە چاونەترسەکان بێ گوێدان بە هەڕەشە و سەرکوت کردن ئەو یادەیان کردۆتەوە . بۆیە نەورۆز وەک جەژنێکی نەتەوەیی ساڵ لەدوای ساڵ یادی جوانتر و پڕ شکۆتر دەبێت لەهەمان کاتیشدا یەکەم ڕۆژی بەهار و کۆتا ڕۆژەکانی سارد و سەرما و بوژانەوەی گژوگیا و سەوزبوونی دەشت و دەر و زیندووبوونەوەی سروشت و نوێ بوونەوەی ژیانە. هەر بەو بۆنەوە ئێوارەکەی کچان و کوڕانی شار و شارۆچکەکان بە جلی کوردی ئاڵاوواڵاوە مەراسیمی ئاگرکردنەوە لەسەر شاخ و گردەکان دەکەنەوە بە هەڵپەڕکێ و گۆرانی (ئەمڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوە/ جەژنێکی کۆنی کوردە بە خۆشی و بە هاتەوە). ئیتر بۆ بەیانییەکەشی سەیران ڕێک دەخرێت. دەستە دەستە کەسوکار و هاوڕێ و خۆشەویستان ڕوو لەدەشت و دەر دەکەن، بەخواردن و خواردنەوە و گۆرانی و هەڵپەڕکێ و قسەی خۆش ئەو ڕۆژە بەڕێ دەکەن. دەتوانم بڵێم ئەوە پێناسەیەک بوو بۆ ئەو جەژنە نەتەوایەتییە، بەڵام ئەگەر بە تێروتەسەل باس لە مێژووی نەورۆز بکەین دیارە مێژوویەکی دوور و درێژ و پڕ لە داستان و چیرۆک و ئەفسانەی هەمەچەشنە. وەک چۆن لەناو کۆمەڵە نەتەوەیەکی ڕۆژهەڵاتیش بڵاوبۆتەوە لەئەفغان و چیک و بەلوج و فارس و ئازەر و تورک و ئۆزبەک و مەغۆل و گەلێک لە نەتەوەی تر. دیارە هەر نەتەوە و جۆرە داب و نەریتێک چەشنە ئاهەنگ و خۆشییەکی بۆ گێڕاوە و بردویانەتەوە بۆ ڕەگ و ڕیشەیەکی ئەفسانەیی یان سروشتی بۆ مێژوو.

 

  • 1