ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە جوغزی سەربەخۆییدا

لە کاتێکدا کە سەرجەم مرۆڤایەتی بە حزب و لایەنی سیاسی و کەسایەتی و ڕای گشتی بێدەنگی لە ئاست دادگایی کردنی سەرکردە سەربەخۆخوازەکانی هەرێمی کاتالۆنیا کە لە ساڵی 2017 لە ریفراندۆمدا دەنگی بۆ سەربەخۆیی دابوو، هەڵبژاردووە، سەربەخۆخوازانی ئەم هەرێمە لە 17ی ئاداری ئەمساڵدا خۆپیشاندانێکی گەورەیان لە شاری مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا سازکرد و زیاتر لە 18 هەزار کەس کە لە شارەکانی کاتالۆنیاوە بە پاس و شەمەندەفەر هاتبوون و لە گۆڕەپانی سیپیلبس کۆبوونەوە و ئاڵای کاتالۆنیایان بەرزکردەوە و داوای سەربەخۆیی وڵاتەکەیان کرد، و دادگایی کردنی سەرکردە سەربەخۆخوازەکانیان بە گاڵتەجاری ناوزەندکرد.

دەنگی زوڵاڵی خۆپیشاندەران بە هاواری ئازادی بۆ زیندانییە سیاسییەکان لە ژێر دروشمی دادوەریی نییە کە بەرزیان کردبۆوە، تابلۆی سیاسی ئەو گۆڕەپانەی ڕازاندەوە.

دەسەڵاتدارانی ئیسپانیا بەردەوامن لە دادگایی کردنی 20 کەسایەتی نیشتمانی کاتالۆنیا بە تاوانی کارکردنیان بۆ سەربەخۆیی ئەو هەرێمە و تا ئێستا نۆ کەس لەو سەرکردانە زیاتر لە ساڵیک لە بەندیخانەدان و حکوومەتی ئیسپانیا بە کەفالەتیش ئازادیان ناکات. شایانی باسە سەرۆکی پێشووی ئەو هەرێمە کارلس بودجیمون بە ناچاری لە بەلجیکا پەنابەرە و حکوومەتی ئیسپانیا ناتوانێت دادگایی بکات. 

هەرچەندە سەرۆکی دادگای ئیسپانیا باس لەوە دەکات کە ئەو دادگایی کردنە لە سایەی سیستەمی دیموکراسی ئیسپانیا دەکرێت، بەڵام ڕای گشتی کاتالۆنیا بە پێچەوانەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەو دادگایی کردنە سیاسییە و پێشتر حوکمەکان ئامادەکراوە و تاوانی ئاژاوەگێڕی و بەکارهێنانی دارایی گشتی بە شێوەیکی گەندەڵی خراوەتە پاڵ سەرکردە سەربەخۆخوازەکان کە مەبەست لە ئاراستەکردنی ئەو کەیسانە سزادانی ئەو سەرکردانە و بەندکردنیانە بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ.

جەماوەری کاتالۆنیا ئاماژە بۆ ئەو ڕاستییە دەکەن کە ئەو سەرکردانە ناسراون لە بواری دەستپاکی و نیشتمانپەروەری بۆ کاتالۆنیا، و ئەگەر داوای سەربەخۆیی تاوان بێت ئەوا دەبێ سەرجەم گەلی کاتالۆنیا سزا بدرێت کە لە ڕیفراندۆمدا دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دا، و لە کاتێکدا ڕۆڵی ئەو سەرکردانە زەمینەخۆشکەر بوو بۆ ئەوەی گەلی کاتالۆنیا ڕا و هەڵوێستی خۆی بە شێوازێکی دیموکراسییانە دەڕبڕێت. دەنگی خۆپیشاندەران ئەوە بوو کە دەبێ حکوومەتی ئیسپانیا و دامودەزگاکەی سزا بدرێ کە لە ڕۆژی ڕیفراندۆمدا توندوتیژی دژ بە خەڵکی کاتالۆنیا بەکارهێنا و ئازاری جەماوەری دا و پاشان حوکمی ناوەندیی بە پێچەوانەی دەستووری ئیسپانیا بۆ ماوەی حەوت مانگ بە سەر ئەو هەرێمە سەپاند، و ئێستاش سەرکردە نیشتمانپەروەرە کاتالۆنییەکان دادگایی دەکات.

ئەنجامدانی ئەو خۆپیشاندانە گەورەیە دوای ساڵ و نیوێک لە سەر پرۆسەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە کاتالۆنیا ئاماژەکردنە بە چەندین خاڵی گرنگ لەوانە:

ــ ئەو خۆپیشاندانە لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا ئەنجام درا نەک لە کاتالۆنیا و خۆپیشاندەران بە شێوازی جۆراجۆری گواستنەوە و بە کۆمەڵ ڕژانە ناو پایتەختی ئیسپانیا بۆ ئەوەی ناڕەزاییەکانی خۆیان لە ناو جەرگی ئیسپانیا سازبکەن، و سەرلەنوێ پەیامی خۆیان بە سەرجەم خەڵکی ئیسپانیا بگەیەنن.

ــ خۆپیشاندەران بە هوتافی ئازادی و سەربەخۆیی و مافی بریاردانی چارەنووسی هەرێمەکەیان و بە ئاڵای سەربەخۆیی کاتالۆنیا چالاکییەکەیان پەرپاکرد تا بە ڕای گشتی ئیسپانیا و بە گەلانی ئەو دەوڵەتە بڵێن کە گەلی کاتالۆنیا تێکۆشانی بۆ سەربەخۆیی فەرامۆش نەکردووە و جەخت لەسەر مافی بریاردانی چارەنووسی خۆی دەکات و هەموو شێوازی تێکۆشانی جەماوەری بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە ساز دەکات. 

ــ ناڕەزایی خۆپیشاندەران پەیامێکی گەورەیە بۆ یەکێتی ئەوروپا و بۆ ڕای گشتی ئیسپانیا و جیهان و سەرجەم ئەو کەس و لایەنانەی کە خۆیان بە خەمخۆریی دادوەریی و حوکمی یاسا دەزانن، کە پێیان بڵێن ئەو دادگاییکردنە ڕووکەشییە و مۆرکێکی سیاسی بە خۆوەگرتووە و بەشێکە لە تۆڵەسەندنەوە.

ــ ئەنجامدانی ئەو خۆپیشاندانە جارێکی دیکە زەنگی وریاکردنەوە و هۆشداریدانە بە سەرجەم ئەو حزب و لایەنە سیاسییانەی کە ئازادی گەلان و مافی بریاردانی چارەنووس بە پرەنسیپی سەرەکی خۆیان دەزانن و لە بەرنامەکانی خۆیاندا وا دەیخەنە ڕوو کە لە پێناویدا تێدەکۆشن، لە کاتێکدا ئەو حزب و لایەن و بزووتنەوانە لەو کاتەوەی گەلی کاتالۆنیا ڕیفراندۆمی ئەنجام داوە و پاشتریش دوای شاڵاوی حکوومەتی کۆنەپەرستی ئیسپانیا بۆ ئەو هەرێمە و سەپاندنی حوکمرانی ناوەندی بۆ ماوەی حەوت مانگ تیایدا، هەڵویستی بێدەنگییان هەڵبژاردووە.

گومان لەوەدا نییە کە نرخی هەڵبژاردنی هەڵوێستی بێدەنگی بەتایبەتی لەلایەن ئەو گەل و ئەو هێزە سیاسییانەی کە خۆیان لە پێناوی سەربەخۆیی نیشتمانیان تێدەکۆشن، قورستر و دژوارترە، چونکە گەلێک و هێزێکی سیاسی چۆن دەتوانێ داوای پشتگیریکردنی ڕای گشتی و هێز و لایەنی سیاسی دیکەی جیهان بۆ مەسەلەی تێکۆشانی ڕەوای خۆی بکات، لە کاتێکدا ئامادەیی پشتگیریکردنی تیکۆشانی گەلانی دیکە لە پێناوی سەربەخۆیی نەبێت. ئەم هەڵویستە گەورەترە و گوناحبارتر دەبێت بۆ حزبە کۆمۆنیست و چەپەکان ئەگەر هەڵوێست بۆ پشتگیریکردن و پاڵپشتکردنی گەلانی تێکۆشەر بۆ سەربەخۆیی و مافی بریاردانی چارەنووس وەرنەگرن.

جا ئەگەر تێکڕای هەڵوێستی ئەو لایەنانە بە شێوازێک بوو کە تروسکەیەک بۆ پشتگییریکردنی تێکۆشانی ئەو گەلانەی وەک گەلی کوردستان و گەلی کاتالۆنیای تیادا بەدی نەکرێت، ئەوا هیچ بەربەستێک نابێ لەبەردەم کەسایەتی نیشتمانی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و نووسەر و هونەرمەندی گەلی کوردستان کە لە یاداشتێکدا واژۆی خۆیان لە سەر یەک ڕستە دابنێن ئەویش:

ئازادی بۆ سەرکردە سەربەخۆخوازەکانی کاتالۆنیا، و سەربەخۆیی بۆ کاتالۆنییەکان!

 

  • 1